یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان دیداری هەولێر بۆ پێكەوە ژیانی ئاشتییانە ڕێكدەخات

یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان  دیداری هەولێر بۆ پێكەوە ژیانی ئاشتییانە ڕێكدەخات

 

 

یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان بە هاوبەشیی سەنتەری ڕۆشنبیریی زین و بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێكخراوی خزمەتكاری پیرۆز بۆ نەهێشتنی هەژاری، بە بەشداریی پسپۆڕ و مامۆستایانی زانكۆكانی عێراق لە ڕێكەوتی 6 ی حوزەیران (دیداری هەولێر بۆ پێكەوە ژیانی ئاشتییانە)ی ڕێكخست.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

بەڕێوەچوونی دیداری هەولێر بۆ پێكەوە ژیانی ئاشتییانە بە ئامادەبوونی دكتۆر جەبار قادر بەرپرسی ڕێكخراوە جەماوەرییەكان، بارزان ئەكرەم بەرپرسی فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكوومییەكان و ئامادەبوونی نوێنەرانی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی هەرێمی كوردستان، خانم مەیان خەیری بەگ، یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، ناوەندی ڕۆشنبیریی زین و ڕێكخراوی خزمەتكاری پیرۆز بۆ نەهێشتنی هەژاری ساز درا.

سەرەتای دیدارەكە د. ڤیان سلێمان سكرتێری یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان وتەیەكی پێشكەش كرد و لە وتەكەیدا خۆشحاڵی خۆی بە دیدارەكە دەربڕی و ئاماژەی بە گرنگیی ئەو جۆرە كۆبوونەوانە كرد، كە ئامانج لێی بەهێزكردنی بنەما و ڕایەڵەكانی پێكەوە ژیانە لە نێوان پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان لە كوردستان و عێراق، هاوكات گوتی: «پێویستە پەیامی پێكەوە ژیان و یەكتر قبووڵكردن لە لایەن هەر تاكێكی كۆمەڵگە رەنگ بداتەوە، ئەو شێوازی یەكتر قبووڵكردنەش بە شێوازێكی مۆدێرن كاری لەسەر بكرێت. ئەو پێگەیەی كە هەرێمی كوردستانی پێ ناسراوە سەبارەت بە پێكەوە ژیانی ئاشتییانەی هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەكان پتەوتر بكرێت و هەرێمی كوردستان ببێتە نموونەی بەرزی پێكەوە ژیان و یەكتر قبوڵكردن، یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان گرنگییەكی زۆر بە مەسەلەی پێكهاتە و ئایینە جیاوازەكان و نەتەوە جیاوازەكان دەدات، هەر لەم ڕۆئیایەوە ئەو دیدارەمان ساز كرد».

هەروەها دكتۆر پەرێز یاسین سەرۆكی ڕێكخراوی خزمەتكاری پیرۆز بۆ نەهێشتنی هەژاری وتارێكی پێشكەش كرد.

پانێڵێك و بڕگەیەكی هونەری و ڕێزلێنانی پانێڵستان بڕگەكانی دیدارەكە بوون.

 

Top