خەنسا مەجید: زۆر جار شكاومەتەوە، بەڵام هەر شكانەوەیەك بۆ من هەستانەوەیەك

خەنسا مەجید:  زۆر جار شكاومەتەوە، بەڵام هەر شكانەوەیەك بۆ من هەستانەوەیەك

 

 

كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت، ئەگەرچی لە ڕووی جەستەوە گرفتیان هەیە، بەڵام زۆربەیان خاوەن ئیرادەیەكی پۆڵایینن و لە گشت قۆناغەكانی ژیاندا سەركەوتوو بوون. خەنسا مەجید یەكێك لەو كەسانەیە و لەم دەیمانەیەیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باسی كۆسپ و تەگەرەكانی بەردەمی ژیانی و چۆنیەتی زاڵبوون بە سەریاندا دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

خەنسا مەجید ناسراو بە «خەندە»، لە دایكبوو‌ی 28/7/1990 و وەك خۆیشی باسی كرد، خاوەن پێداویستیی تایبەتە لە جۆری شەلەل، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بڕوانامەی فریاكەوتنی خێرای هەیە، هەروەها خاوەنی نەمامگەی گوڵی سرووشتییە، هاوكات كارمەندی گرێبەستی ڕێكخراوی «Giz»ی ئەڵمانییە.

خەندە دانیشتووی هەڵەبجەی شەهیدە و بەمجۆرە باسی ژیانی خۆی دەكات: «من بە ڕووداوی ئۆتۆمبێل شەلەل بووم. منداڵ بووم، تەمەنم پێنج ساڵ بوو كە دەچوومە خوێندن، بەڵام هەمیشە ناچار بووم داوای مۆڵەت بكەم، بە حوكمی ئەوەی پێویستم بە چارەسەری پزیشكی هەبوو. قۆناغی سەرەتایی بۆ من زۆر سەخت بوو، كە چوومە چواری سەرەتایی سەردانی ڕاهێنانی منداڵانی سلێمانیم دەكرد. دكتۆرەكەم خۆی دەهاتە قوتابخانەكەم و لە بارودۆخی منی دەپرسی. بۆ من خوێندن زۆر ئاسان بوو، تاوەكو شەشی سەرەتایی كەسێكی زۆر سەركەوتوو بووم، هەرچەندە زۆر جار كەسانی دەوروبەرم دەیانوت تۆ خوێندنت بۆ چییە، خۆ تۆ خاوەن پێداویستیی تایبەتی. بەڵام من گوێم بەو شتانە نەدا، چونكە خەونی گەورەم ئەوە بوو، خوێندن تەواو بكەم».

ئەو خاتوونە لە درێژەی وتەكانیدا جەختی لەوە كردەوە كە هەر لە منداڵییەوە خولیای فێربوونی شتی تازە بووە. هەر لەو بارەیەوە گوتی: «لە پۆلی چواری سەرەتاییەوە لە یەكەم منداڵەكانی خوێندنگەكانی كوردستان بووم لە كاری شێوەكاری، كە ساڵانە لەلایەن خوێندنگەكان و (هاندی كاپ)ـەوە دەكرایەوە، تا سێی ناوەندی هەموو ساڵێك بەشدار دەبووم و شوكر بۆ خوای گەورە بە پلەی یەكەم سەردەكەوتم».

كاتێك پەیامنێری گوڵان لە خەندە دەپرسێت چ بیرەوەرییەكی ناخۆش و تاڵ لە ژیانتدا ئازاری داوی؟ گوتی: «لە پۆلی شەشی سەرەتایی بووم، قسەی مامۆستایەكم زۆر ڕووخاندمی، چونكە دارشەقم پێ بوو، كە دەچوومە سەر تەختە، زۆر جار دەیویت شەلەل ئاخر تۆ خوێندنت بۆ چییە؟ ئەوە وای لێكردم، حەزم لە خوێندن نەما، چونكە لەناو هاوپۆلەكانم دەیشكاندمەوە. بەڵام دواتر من لە پشووەكان دەمخوێند و كۆڵم نەدا. هەمیشە هەوڵم دەدا بۆ فێربوون، لە چواری بنەڕەتی بڕوانامەی دروومانم بە پلەی یەكەم بە دەست هێنا، ئەوە جێی سەڕسوڕمانی ستافی خولەكە بوو، بەوەی كە بە تەمەنێكی بچووك و بە كەمئەندامییەكەم سەركەوتووش بووم. من یەكەم بچووك و كەم تەمەنی ناو خولەكە بووم. لە پێنجی بنەڕەتییەوە دیسان بە هۆی نەشتەرگەری لە خوێندن دابڕام، ساڵێك لەسەر جێگا بووم، لە خوێندن دابڕام، بەڵام لە چالاكییەكانی دیكەم دانەبڕام، لەسەر جێگاكەم كاری دەستیی زەنگیانە و موورووم دەكرد.

دوای ساڵێك گەڕامەوە بۆ خوێندن تاوەكو سێی ناوەندی، بەڵام دیسان نەشتەرگەریم بۆ كرا. دایكم زۆر هاوكارم بوو مۆڵەتی ساڵێكی لە پەروەردە بۆ وەرگرتم. ناڕەحەتیی زۆرم بەسەر هاتوووە، زۆر جار شكاومەتەوە، بەڵام هەر شكانەوەیەك بۆ من هەستانەوەیەك بووە. زۆر جار هاوڕێكانم یارییان لەگەڵ نەدەكردم، دەیانوت تۆ شەلەلی، یان هەموو منداڵێك ئاواتی دەرسی وەرزش بوو، من دوژمنم بوو، چونكە تەنیا من نەمدەتوانی یاری بكەم. بەدەر لەناو هاوڕێكان، لەناو خزم و كەسیش دەشكامەوە و پێیان دەگوتم شەل و شێت، بەڵام بەو هەموو موعاناتەمەوە لەسەر پێی خۆم وەستام و هەمیشە هەوڵم داوە خزمەتی كۆمەڵگە و دەوربەرەكەم بكەم. كەسێكی زۆر چالاك بووم. تەندوورم لە گڵ دروست كردووە. نانم كردووە بۆ ماڵان و كاری شیرینی و خواردن دروستكردنیشم كردووە و وازم لە خوێندنیش نەهێناوە.»

هەر سەبارەت بە چالاكییەكانی خەندە دەڵێت: «لە سێی ناوەندییەوە لە ڕێكخراوی ئەهلی خوێندوومە و شەهادەی نێودەوڵەتیم لە فریاكەوتنی خێرا هەیە. ئەندامی كارام لە ڕێكخراوی هیوای كەمئەندامانی كوردستان، هاوكات كاری گوڵفرۆشی دەكەم، كاری هەڵپاچین و دیزانی باخچە دەكەم. سوپاسنامە و دەستخۆشیی سەرۆكی شارەوانیی هەڵەبجەم بۆ هاتووەتەوە. بۆ ماوی 60 ڕۆژ وەك سەرپەرشتیاری سەربە ڕێكخراوی (Giz) لە خوێندنگەكانی هەڵەبجە كارم كردووە. بۆ ماوەی 40 ڕۆژ كرێكاری (ڕیچ) بووم لە باخچەكانی هەڵەبجەی شەهید و دیزاین و هەڵپاچینی باخچەكانم كرد، ماوەی  80 ڕۆژیشە كرێكاری 5000 زەیتوونەكەی هەڵەبجەی شەهیدم و لە لایەن ڕێكخراوی ڕیجەوە دووبارە بانگهێشت كراوم بۆ كاری ئاودان و دیزان و هەڵپاچینی باخچەكان.»

 خەندە لە بەشێك لە وتەكانیدا بەرامبەر بە كاری گوڵفرۆشییەكی دڵخۆشیی خۆی بەمجۆرە دەخاتەڕوو: «شوكر بۆ خوا حەوشەكەمان گەورەیە و گوڵی جۆراوجۆری تێدا دەچێنم و بە ئۆنلاین دەیفرۆشم. هەندێك لە نەمامگەكانی هەولێر و مووسڵیش لای من گوڵ دەبەن. لە هۆڵەنداوە گوڵ دێنم و گوڵیشم ڕۆیشتووەتەوە بۆ هۆڵەندا كە ئەو وڵاتە زۆرترین ڕێژەی گوڵی تێدایە».

لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە بۆ داهاتوو چ پڕۆژە، یان خەونێكت هەیە؟ خەندە گوتی: «یەكەم: ئێستا لە هەوڵدام كار بكەم بۆ كچان و كوڕانی خاوەن پێداویستیی تایبەت كە لە ماڵەوە نەمێننەوە و بتوانن ئەوانیش كار و داهاتی خۆیان هەبیت، هەرنا، خۆیان بە شتێكی بەسوودەوە سەرقاڵ بكەن. دووەم: زۆر حەزم لە خوێندنە و خوای گەورە دەرفەتم بدات، دەست بە خوێندن بكەمەوە. سێیەم:  نەمامگەی گەورەم هەبێت، كە ببێتە هۆی ڕەخساندنی كار بۆ كەسانی دیكە و بەرهەمهێنی گەورە بین».

 

Top