تاقیكردنه‌وه‌كان به‌رپرسیاریه‌تى و ئه‌سپارده‌ى ویژدان و كۆمه‌ڵگه‌یه‌

تاقیكردنه‌وه‌كان به‌رپرسیاریه‌تى و ئه‌سپارده‌ى ویژدان و كۆمه‌ڵگه‌یه‌



پێغه‌مبه‌ری ئیسلام و خۆشه‌ویستى خودا محه‌مه‌د(د.خ) ده‌فه‌رموێ "من غشنا فلیس منا" ئه‌وه‌ى فێلمان لێ ده‌كات له‌ ئێمه‌ نییه‌.
دیارده‌ى گزی كردن له‌ تاقیكردنه‌وه‌كان دیارده‌یه‌كى قیزه‌وه‌ن و ناشیرین و نه‌رێنییه‌ له‌ قوتابخانه‌كان و، گه‌وره‌ترین گیروگرفته‌ له‌ پێش پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێركردن به‌ گشتیى، له‌ هه‌مان كاتیش كاریگه‌رى نه‌رێنى خراپی له‌ سه‌ر قوتابی به‌ تایبه‌تى و كۆمه‌ڵگه‌ به‌ گشتى هه‌یه‌. گزی كردن له‌ تاقیكردنه‌وه‌كان بریتییه‌ له‌ ناپاكی و ته‌پڕه‌شى له‌ خودی كه‌سه‌ كه‌ خۆى و مامۆستاكه‌ى كه‌ چاودێری هۆڵى ئه‌زموونه‌كان ده‌كات و له‌ كۆمه‌ڵگه‌ش به‌ گشتیی، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ بریتییه‌ له‌ بردن و دزینى ماندوو بوون و ڕه‌نجی كه‌سى تر و به‌ده‌ست هێنانى ده‌ستكه‌وت به‌ شێوه‌ى ناڕه‌وا و نا په‌سند.
گومانى تێدانییه‌ هه‌ر قوتابییه‌ك كه‌ ڕاهاتبێ له‌ سه‌ر گزی و فێل كردن له‌ تاقیكردنه‌وه‌كان هه‌رده‌م تاكێكى نه‌رێنییه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ و به‌رده‌وام پشت به‌ كه‌سانى تر ده‌به‌ستێ و ناتوانى كه‌سێكى داهێنه‌ر و به‌رهه‌م هێن بێ و، له‌ هه‌مان كاتیشدا متمانه‌ و ڕاپه‌رمونی به‌خودی خۆى نییه‌ و به‌رگه‌ى هیچ به‌رپرسیاریه‌تییه‌ك ناگرێ، له‌ بیرمان نه‌چێت گزی و فێل كردن به‌ هه‌موو جۆره‌كانى ده‌ردو به‌لا و ئافاتێكى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ زیان به‌ كۆمه‌ڵگه‌ ده‌گه‌یه‌نێت و به‌ها و نرخی كۆمه‌ڵگه‌ش ده‌شێوێنێ و ناشیرینی ده‌كات، واى لێ دێت ماف و ڕه‌وایه‌تى خه‌ڵكی تر زه‌وت بكات، چونكه‌ ئه‌وانه‌ى فێل و گزی ده‌كه‌ن، كه‌سانى چاوچنۆك و خۆویست و خۆپه‌رستن و ته‌نها بیر له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ده‌كه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ گرنگه‌ وه‌ پێویسته‌ له‌ قوتابخانه‌وه‌ له‌ قۆناغی بنه‌ڕه‌تى و ئاماده‌یی قوتابییه‌ خۆشه‌ویسته‌كانمان وشیار بكه‌ینه‌وه‌ له‌و دیارده‌ قێزه‌وه‌نه‌ دووربكه‌ونه‌وه‌ هه‌رگیز بیری لێ نه‌كه‌نه‌وه‌و، به‌ڵكو دژی بوه‌ستنه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ى له‌ كۆتاییدا بردن و زه‌وت كردنى ڕه‌نج و ماندوو بوون و شه‌ونخونی هه‌مووانه‌، بۆیه‌ گرنگه‌ هه‌ر كه‌سه‌ و به‌ پێی ماندووبوونى و توانا و زیره‌كی خۆى به‌شى خۆى به‌ده‌ست بهێنێت، له‌وانه‌یه‌ قوتابی كه‌ هه‌ندێ جار بیر له‌ گزی كردن ده‌كاته‌وه‌ هۆكاره‌كه‌ى بگه‌رێنێته‌وه‌ بۆ هه‌ست نه‌كردن به‌ به‌رپرسیاریه‌تى و دڵسۆز نه‌بوونى به‌رامبه‌ر به‌ قوتابخانه‌ و زۆرى ئه‌رك و بێزاری و وه‌ڕس بوون له‌ خوێندن و هه‌ست كردن به‌ ترس و فشار و گوشاری ماڵه‌وه‌ بۆ هێنانى نمره‌ى به‌رز و ئاسان كاری و گوێ نه‌دانى هه‌ندێ له‌ مامۆستا و چاودێرانى هۆڵه‌كانى تاقیكردنه‌وه‌كان و هاوڕێ خراپ و چاولێكه‌ری ..... تا دوایی.
به‌ڵام گرنگه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ساڵه‌وه‌ به‌ درێژایی ساڵ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ و به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و به‌رێوه‌به‌رى قوتابخانه‌ و مامۆستایان هه‌ڵمه‌تى وشیاركردنه‌وه‌ هه‌بێت بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ى قوتابی له‌و جۆره‌ دیارده‌ ناشیرین و قێزه‌وه‌نه‌ كه‌ زیان به‌ خودی قوتابی و كۆمه‌ڵگه‌ ده‌گه‌یه‌نێت. قوتابیان ئاگادار بكرێنه‌وه‌ و وشیار بكرێنه‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ ماف و ماندووبوونى قوتابییه‌ و جگه‌ له‌وه‌ى لێی دووربكه‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ستیان كرد هاوڕێیه‌كانیان بیر له‌ گزی كردن ده‌كاته‌وه‌ نه‌هێلن ئه‌نجامى بدات و هه‌وڵ بده‌ن پرۆسه‌یه‌كی پاك و دادپه‌روه‌ر به‌رێوه‌ بچێت، له‌ هه‌مان كاتیشدا سزای توند هه‌بێت له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ گزی ده‌كه‌ن و هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ یارمه‌تى ده‌ده‌ن و، هه‌روه‌ها سزاكه‌ به‌ هیچ جۆرێ چاوپۆشى كردن و ئاسانكاری لێ به‌دی نه‌كرێ بۆ هیچ كه‌سێك، لێپرسینه‌وه‌ و جێ به‌جێ كردنی سزاى توند هه‌بێ به‌ سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ى به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان یارمه‌تیده‌ر و هاوكاری ئه‌و كاره‌ ناشیرینه‌ ده‌بن و كه‌مته‌رخه‌می له‌ به‌رپرسیاریه‌تى ده‌كه‌ن و ناپاكی له‌گه‌ڵ پرۆسه‌كه‌ ده‌كه‌ن، چونكه‌ تاقیكردنه‌وه‌كان به‌رپرسیاریه‌تى و ئه‌سپارده‌ى ویژدان و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ به‌ گشتیی.
گرنگه‌ به‌رده‌وام كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ و وشیاركردنه‌وه‌ى هه‌بێت له‌ سه‌ر ڕوون كردنه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌كانى ئه‌و كرداره‌ و ڕۆڵى ئه‌نجومه‌نى دایبابان چاڵاك بكرێت و هاوكاری به‌رده‌وام بۆ نه‌هێشتنى ئه‌و دیارده‌ قێزه‌وه‌نه‌ و ڕۆڵی ڕابه‌ری په‌روه‌رده‌یی به‌رز هه‌ڵبسه‌نگێندرێ بۆ یارمه‌تیدان و وشیاركردنه‌وه‌ى قوتابی و داڕشتنی به‌رنامه‌ى پوخت له‌ سه‌ره‌تاى ساڵه‌وه‌ ده‌رباره‌ى ڕێنماییه‌كانى گزی و دووركه‌وتنه‌وه‌ لێی و دانانى به‌رنامه‌ى پڕ ئامانج و مه‌به‌ستدار بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و دیارده‌یه‌ و، هه‌ماهه‌نگى به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى ناوه‌خۆ و ڕۆشنبیری وئاوقاف و دام و ده‌زگاكانى تر بۆ وشیاركردنه‌وه‌ى زیاتری كۆمه‌ڵگه‌ بۆ ئه‌نجام نه‌دان و رێگری كردن له‌و جۆره‌ دیاردانه‌ كه‌ زیانى ڕاسته‌وخۆ به‌ مرۆڤـــ و كۆمه‌ڵگه‌ و دام و ده‌زگاكان ده‌گه‌یه‌نێت.
به‌رێوه‌به‌رى گشتى/ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌
ماسته‌ر له‌ كارگێڕى په‌روه‌رده‌یی

Top