خوێندنەوەیەك بۆ پشووی هاوین لە نێوان وەبەرهێنان و بەفیڕۆدانی كاتدا

خوێندنەوەیەك بۆ پشووی هاوین لە نێوان وەبەرهێنان و بەفیڕۆدانی كاتدا

 

 

پشووی هاوین بۆ قوتابیان پشوویەكی دڵخۆشكەرە و حەوانەوەیەكی ئاسوودەیی بەخشە، بەتایبەتی بۆ ئەو قوتابیانەی كە لە پرۆسەی خوێندن سەركەوتوو بوون و بە هیوایەكی گەورەترە لە ئاسۆی دواڕۆژیان دەڕوانن. بەڵام زۆر جار ئەم پشووە لە نێوان دووڕێیانی وەبەرهێنان و بەفیڕۆدانی كاتدا دەمێنێتەوە. بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گوڵان زیاتر تاوتوێی ئەو پرسە گرینگە دەكەن.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

عیسا بۆتانی، نووسەری پەروەردەییە و سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «كاتێك قسە لەسەر پشووی هاوینی قوتابیان دەكەین؛ دەبێت واتای وشەكە لەبەرچاو بگرین. ماوەی پشوو خۆشترین كاتە بۆ قوتابیان كە هیچ یەكێك لەوان خوازیاری ئەوە نین لەو ماوەی پشووی هاوینەدا هاوشێوەی قوتابخانە بخرێنەوە بەر خوێندن، ئەوان زیاتر ئارەزووی بەسەربردنی كاتێكی خۆش و گەشت و یاریكردنیان هەیە، ئەمەش مافێكی ڕەوای خۆیانە، لەگەڵ ئەوەشدا ماڵباتەكان دەتوانن لە ڕێگەی ڕەخساندنی هەلێكی گونجاو یارمەتیی منداڵیان بدەن بۆ دەستنیشانكردنی ئەو یاری و خولیایەی كە پەرە بە توانا و بەهرەكانیان بدات». گوتیشی: «هەمووان دەزانن كە منداڵێتی قۆناغی جێگیربوونی یادەوەریی جوان و دڵخۆشكەرە كە بە درێژایی تەمەن لەگەڵیاندا دەمێنێتەوە، جاری وایە كارەكتەری فیلم و كارتۆنێك بە قەدەر مامۆستا و باوانەكانی قوتابی كاریگەری لەسەر دروستبوونی كەسایەتییان دەبێت و دەبێتە بەشێك لە یادەوەرییەكانی تەمەنیان، وەكو چۆن نەوەكانی پێشوو كە تەمەنیان لە ئێستادا لە سەرووی چڵ ساڵە و هیچ یەكێك لەوان كەسایەتیی (ساسۆكی و سندیباد و دۆك فلید و پێپێرۆ و.. هتد)یان لەبیر نەكردووە، ڕاستە لە ئێستادا سەرچاوەكانی پیشاندان و بەرهەمهێنانی هونەری بۆ منداڵان زۆر و جیاوازن، بەڵام هەمیشە مرۆڤەكان بەلایانەوە پەسندترە دەرمان لە دەرمانخانە بكڕن، نەوەك لە ماركێت. لە ڕێگەی ئەو نموونەیە دەمانەوێ بڵێین كە پێویستە كەناڵی پەروەردەیی لە وەزارەتی پەروەردە ئەگەر توانای بەرهەمهێنانیشی نەبێت ئەوا كار بۆ بە كوردیكردنی چەند فیلم كارتۆن و گۆرانی و پرۆگرامێكی سەرنجڕاكێش و زانستی بەتایبەت بۆ وەرزی هاوین بكات. بێجگە لەوە هیچ قوتابییەك نییە خولیا و ئارەزوو و بەهرەیەكی نەبێت، كە ئەو ماوەی پشووە دەرفەتێكە هەم پەرەی پێ بدات و هەم ببێتە ماوەیەكی چێژبەخش بۆی».

ئەو نووسەری پەروەردەییە ڕای وایە «بەشداریكردنی قوتابیان لە خێوەتگە و خولەكانی وێنەكێشان و خۆشنووسی و.. هتد، هەموویان گرینگن و نكۆڵی لە سوودەكانیان ناكرێت، بەڵام لە ئێستادا هیچ دەرفەتێكی بەشداریكردن لەو خولانە بێ بەرامبەر نییە و هەموو لەلایەن كەرتی تایبەت و وەكو لایەنێكی بازرگانی بەڕێوە دەچن و سەیر دەكرێن، لە كاتێكدا هەموو ماڵباتەكان دۆخی ئابوورییان لەو ئاستەدا نییە منداڵەكانیان لەو خولانە ناونووس بكەن، بەڵام دەتوانن لە ماڵ هاوكاری منداڵەكانیان بن، تاكو ئەو ماوەی پشووە بەو شتانە بەسەر ببەن كە كەڵكی بۆیان هەبێت، هەروەها پێویستە بۆ ئەو كاتانەی كە منداڵەكانیان هەست بە بێزاری و بێتاقەتی دەكەن، هانیان بدەن بۆ یارییە هزرییەكانی وەكو شەترەنج و خوێندنەوەی چیرۆك و ئەو گۆڤارانەی لەگەڵ تەمەنیان دەگونجێت».

ڕۆڤیا خالید قوتابی زانكۆیە و پشووی هاویــنـە بە هـەلـێكی زێڕیـن دەزانێت بۆ هەموو قوتابـییەك لـە قۆناغەكانـی خـوێندن تـاكوو بـتوانن زەمەنێكی پڕ ئەزموونی تێدا دەستەبـەر بـكەن، بـابـەتی پـڕكردنەوەی كـاتی بەتاڵی قـوتابیان لـە كاتی پـشووی هاویـنیـدا یـەكـێك لـەو بـابەتە هەرە گـریـنگانـەیـە كـە زەمیـنەسازی بـۆ كراوە و بـەردەوام مشـتومـڕی لـە سەر دەكرێت و، لەلایـەن كـارنـاسانـی بـواری پـەروەردەیـی و كـۆمـەڵایـەتییەوە خـوێـندنـەوەی جـیاوازی بـۆ دەكـرێت».

ئەو قوتابیی زانكۆیە ڕای وایە: «بەشێكی زۆر لە قوتابیان پشووی هاوین بــە دەرفـەتـێـك بــۆ كـاركـردن و یـارمـەتـیـدانـی بـنـەمـاڵـەكـەیان بـۆ پـەیـداكـردن و پـاشـەكـەوتكــردنی بـژێوی خـێزان دەزانن، بەڵام حەق وایە لە بواری هــونـەری و وەرزش و فـێركـاریــیـەكـان زیاتر خۆیان پەروەردە بكەن».

  خەلیل پاڵانی مامۆستایە لە پەروەردەی مەخموور و هێما بۆ ئەوە دەكات كە «دوای كۆتایی ساڵی خوێندن، پشووی هاوینە دەست پێ دەكات، ئەم پشووەش گرنگیی خۆی هەیە لە ژیانی قوتابیان و بۆ ئەم مەبەستە پێویستە دایك و بابان پلانێكی تۆكمە بۆ منداڵەكانیان دابنێن و كاتیان بۆ ڕێك بخەن، بۆ ئەوەی لەم پشووەدا هەم چێژ وەرگرن و هەمیش سوود ببینن «. هاوكات دەڵێت: «پێویستە قوتابیان لە پشووی هاویندا هەوڵی ئەوە بدەن كە ڕۆژانە كاتێكیان هەبێت بۆ خوێندنەوەی پەرتووك و گۆڤار و ڕۆژنامە و چیرۆكی منداڵان، هەروەها سەیركردنی بەرنامە فێركاری و زانستییەكانی كەناڵەكانی تیڤی و ئەنتەرنێت، هەروەها بەشداریكردن لە كۆڕ و سیمینارە ڕۆشنبیری و هونەرییەكان و سەردانی شوێنە گەشتوگوزارییەكان و ئاشنابوون بە شوێنەوارە دێرینەكانی وڵات زۆر گرینگن، هەروەها دەكرێت لەم ماوەی پشووەدا بۆ فێربوونی زمانەكانی عەرەبی و ئینگلیزی، زیاتر سەیری فیلم و كارتۆن فو زنجیرە فیلمی منداڵان بكەن، كە بە زمانەكانی عەرەبی و ئینگلیزی بڵاو دەكرێنەوە»، گوتیشی: «زۆر گرنگە كاتەكانی خەوتنی قوتابیان ڕێك بخرێن و زیادەڕەوی نەكەن لە خەوتن، هەروەها ڕۆژانە وەرزش بكەن و چالاكییە جەستەییەكانیان زیاتر بكەن، چونكە منداڵ وزەی زۆرە و پێویستە ئەو وزەیە بەكار بهێنین، بە شێوەیەك كە سوودی بۆ گەشەی جەستەیی منداڵ هەبێت».

 ئەو مامۆستایە بە پێویستی دەزاندێت «باوان هانی منداڵەكانیان بدەن و پشتگیرییان بكەن بۆ دەرخستنی ئارەزووەكانیان، چ لە وێنەكێشان، یان جۆرێك لە جۆرەكانی وەرزش، یان ژەنینی ئامێرێك لە ئامێرەكانی مۆسیقا، یان هەر ئارەزوویێكی دی كە حەزی پێ بكەن»، گوتیشی: «پێویستە منداڵان رابهێندرێن لە پشتبەستن بە خۆیان لە پاككردنەوەی ژوور و ماڵ بەشدار بن، فێری چاندنی دار بكرێن و خواردن بدەن بە پەلەوەر و ئاژەڵان، بۆ ئەوەی گیانی هاوكاری و بەزەیی و بەخشین و چاكەكاری لە ناخیاندا بڕوێنرێت، بۆ ئەوەی لە دواڕۆژدا سوود بە خۆیان و كۆمەڵگەكەیان بگەیەنن».

 

Top