سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵوێزی ڕۆمانیا لە عێراق دەكات

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵوێزی ڕۆمانیا لە عێراق دەكات

لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە باڵوێزی نوێی ڕۆمانیا لە عێراق كرد و لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ئاستەنگه‌كانی بەردەم پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا.

ئه‌مڕۆ دووشەممە 6/6/2022، له‌ سه‌ڵاحه‌دین سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، پێشوازی له‌ ڕادۆ دۆبرێ، باڵوێزی نوێی ڕۆمانیا لە عێراق كرد، لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ئاستەنگ و كێشەكانی بەردەم پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا، پەیوەست بە بارودۆخی عێراق سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە هاووڵاتیانی عێراق شایانی ئەوەن دەوڵەتێكی دامەزراوەیی و خەدەمات و سەقامگیرییان هەبێ و، لە دوای 2003 ئەو دەرفەتە هەبوو عێراق بكەوێتە سەر ڕێگەیەكی دروستەوە بەڵام بەداخەوە سوود لەو دەرفەتە وەرنەگیرا.

هەر لەو دیدارەدا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی ڕۆمانیا تاوتوێ كرا باڵیۆزی ڕۆمانیا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و كاری هاوبەش و هەماهەنگیی لە گەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاجیاكان دەربڕی.

لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی لە باڵیۆزی نوێی ڕۆمانیا كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەرك و كاری تازەیدا.

Top