دیندار زێباری: پێشوازی لە راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەكەین سەبارەت بە ئازادییە ئایینییەكان

دیندار زێباری: پێشوازی لە راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەكەین سەبارەت بە ئازادییە ئایینییەكان

=
رۆژی 2ی حوزەیرانی 2022 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا راپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە ئازادییە ئایینییەكان لە ساڵی 2021 بڵاوكردەوە کە باس لە رەوشی پێكهاتە ئاینییەكان دەكات لەسەرتاسەری جیهان و لەم رووەوە هەڵوێستی خۆی دەخاتەروو. راپۆرتەكە ستایشی پێکەوەژیانی نێوان پێكهاتە ئایینییەكانی هەرێمی کوردستان دەكات و ئاماژە بەوەش دەکات لە هەرێم ئازادی ئایینی بەپێی یاسا بۆ پێکهاتە ئایینییەکان فەراهەم کراوە.

لە بارەی راپۆرتەکە د. دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەریمی كوردستان رایگەیاند: حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەكات، ناوەڕۆکی راپۆرتەکە سەبارەت بە هەرێم دەرەنجامی سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ پتەوكردنی پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی هەرێم، چونکە لە کاتی قەیران و ململانێیەکانی عێراق وناوچەکە ھەرێمی کوردستان هەمیشە بۆتە پەناگەی ئارامی و تەناھی بۆ گشت پێکهاتەکان. زێباری ئەوەشی خستە روو كە سەردانی ساڵی رابردووی قەداسەتی پاپای فاتیكان بۆ هەرێمی كوردستان و پێشكەش كردنی قوداسێک لە شاری هەولێر رەنگدانەوەی پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتە ئایینییەكانی هەرێمی كوردستانە.

سەبارەت بە مافە سیاسییەكانی پێكهاتەكان رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان وتی: لە دوای ساڵی 2005 لە كۆی (111) كورسی پەرلەمانی كوردستان (١١) ی بۆ پێكهاتەكان تەرخان كرا، پێنج كورسی بۆ تورکمانەکان و پێنجیان بۆ کلدان، ئاشووری و سریانیەکان و کورسییەک بۆ ئەرمەنییەکان تەرخانکراوە و سكرتێری پەرلەمانیش لە پێكهاتەی توركمانە، هەروەها لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوو لە وەزیرەكان لە پێكهاتەكانی كریستیان و توركمانن .

رێکخەری راسپاردە نێوەوڵەتییەکان ئاماژەی بە پاراستنی مافی پێكهاتەكان بەپێی یاسای کرد و وتی: چەندین یاسای گرنگ لە بەرژەوەندی پێكهاتە ئایینییەكان لە هەرێمی كوردستان دەرچووە كە لە ناوچەكە بێ وێنەن، وەک یاسای پاراستنی پێكهاتەكان ژمارە (5)ی ساڵی 2015، یاسای ژمارە (47)ی ساڵی 1992 تایبەت بە پشووی فەرمی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی هەرێم، یاسای (زمانە فەرمییەکان) ژمارە ٦ لە ساڵی 2014، گۆڕینی ناوی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئیسلامیی بۆ وەزارەتی ئەقاف و کاروباری ئایینی، هەروەها لە ساڵی 2009 وەزارەتی ئەوقاف ئایینی رێنمایی تایبەتی بۆ دروستكردنی كەنیسەی نوێ دەركرد، بەپێی ئەم رێنماییە هەر گروپێكی ئایینی كریستیان مافی خۆیەتی، بەبێ جیاوازی داواكاری بۆ دروستكردنی كەنیسەی نوێ پێشكەش بكات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مەرجانەی لەو ڕێنماییانەدا هاتووە.

زێباری تیشكی خستە سەر ئاسایی كردنەوەی رەوشی شنگال و دەوروبەری و لەم بارەوە وتی: لە دوای هێرشەكانی داعش پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان رووبەڕووی زوڵم و ستەمێكی بێ وێنە بوونەوە، لەم نێوەدەدا خەڵكی شنگال و دەوروبەری پشكی شێریان لەو قوربانیە بەركەوت لە كوشتن و بڕین و تێكدانی ماڵ و موڵك و رفاندن. لە ئازادكردنی ئەو ناوچانە كاتی ئازادكردنی ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەستی داعش، نزیكەی (1800) پێشمەرگە شەهیدبوون و (10369)پێشمەرگە برینداربوون و(47)ش سەروشوێن بوون. بۆ ئاسایی کردنەوەی شنگال رێککەوتننامەی شنگال لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتیحادی بەسەرپەرشتی نەتەوەیەکگرتووەکان واژوو کراوە، بەڵام بە هۆی نەگەڕانەوەی هیزە شەرعییەكان و بوونی هێزی نایاسایی و دەرەكی رەوشی ناوچەکە ئاسایی نەکراوەتەوە، سەرەڕای داواكاری خەڵكی ناوچەكە و نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتننامەكە، بەڵام تا ئێستا وەک خۆی ماوەتەوە.

سەبارەت بە كاریگەرییەكانی ئاسایی نەبوونەوەی رەوشی شنگال و دەوروبەری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان وتی: بوونی هێزی چەكداری دەرەكی لەو ناوچەیە رێگای خۆشكردووە بۆ هێرش ئاسمانی و دەستێوەردانی دەرەكی ، هەروەها بۆشاییە ئەمنی فراوان درووستبوو و بۆتە هۆكاری ئەوەی كە تیرۆرستانی بقۆزنەوەبۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی، لەم رووەوە لە ساڵی ٢٠٢١ تیرۆریستان (٢٥٧) هێرشیان بۆ سەر ناوچە جیاوازە ئازادکراوەکان ئەنجامداوە، و لە ئەنجامدا ٣٨٧ شەهید و ٥١٨ بریندار و ٣٧ بێسەروشوێنووی لێكەوتۆتەوە.

زێباری ئاماژەی بە دیكیۆمێنت كردنی بەڵگەی تاوانەكانی داعش زێباری کردو وتی: بۆ دۆكیۆمێنتكردن تاوانەكانی داعش دژی پێكهاتە جیاوازەكان حكومەتی هه رێم (5,170) دۆسیەی تۆمارکر[ووە، لەوانە زیاتر لە (2324) دۆسیە لە دادگاکان تەواو کراوە و (2000) تا ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدان، هەروەها(2916) دۆسیە بە بێسەروشوێن تۆمارکراوە و زیاتر لە (73,912) لاپەڕەی بۆ ئەو تاوانانە ئەرشیف کراوە. ولیژنەیەکی باڵای وەزاری پێکهێنراوە بۆ پێناسەکردنی تاوانەکانی داعش وەک تاوانی جینۆساید.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزیدی و وتی: حکومەتی هەرێم هەوڵی بێوچانی دا بۆ رزگارکردنی رفێنراون، دوای ئازادکردنیان پێداویستیەکانیان دابین دەکات، لەم رووەوە تا 22/2/2022 لەلایەن حکومەتی هەرێم (3552) رفێندراو رزگار کراون)، لەوانە (1207) ئافرەت، (339) پیاوان، (1050) کچ، (956) کوڕ، هەروەها بەپێی رێككەوتنێكی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی ئەڵمانیا، زیاتر لە (1000) رزگاربوو رەوانەی ئەڵمانیا كران بۆ چارەسەركردن بەتایبەت لەلایەنی دەروونییەوە.

Top