كاریگەرییە نەرێنییەكانی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا
پیادەكردن و ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە شێوەی خولی (دوری) یەكێكە لە پایە بنەڕەتییەكانی سیستەمی دیموكراسی كە بەرجەستە دەبێت لە بوونی پەرلەمانێكی هەڵبژێردراو بۆ وادە و كاتێكی دیاریكراو، كە ئەم پەرلەمانەش بەرگی شەرعییەت دەكات بە بەر دەسەڵاتدا، چونكە سەرچاوەی هەموو دەسەڵاتەكان دەگەڕێتەوە بۆ گەل، گەلیش لە ڕێگای هەڵبژاردانی گشتی گوزارشت لە ئیرادەی خۆی دەكات، هەر ئەمەش هۆكاری ئەوەیە كە زۆربەی ڕێككەوتننامە و دۆكیۆمێنتە نێودەوڵەتییەكان جەخت لە سەر ئەم جۆرە هەڵبژرادنە دەكەنەوە، وەك لە بڕگەی (3) لە ماددە (21)ی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ 1948 هاتووە «ویستی گەل بنچینەی دەسەڵاتە، ئەم ویستە گوزارشتی لێ دەكرێت لە ڕێگای هەڵبژاردنی ئازاد...»، هەروەها لە ماددە (10)ی جاڕنامەی ئەمریكی بۆ مافەكانی مرۆڤ 1948 هاتووە «هەموو كەسێك ئەهلیەی یاسایی هەبێت، مافی بەشداریكردنی هەیە لە بەڕێوەبردنی وڵاتەكەی.. ئەمەش لە ڕێگای هەڵبژاردنی پاك و بێگەرد و ئازاد...» هەروەها لە بڕگەی (ب)ی ماددە (25)ی ڕێككەوتننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافە شارستانی و ڕامیارییەكان 1966 سەبارەت بە مافی ڕامیاریی مرۆڤ هاتووە «دەنگ بدات و هەڵبژێریت لە هەڵبژاردنی ناوبەناو...». لە پێناو پارێزگاریكردن لە هەڵبژاردن بە شێوەی ناوبەناو زۆربەی دەستوور و یاساكانی هەڵبژاردن تەمەنی شەرعیی پەرلەمانیان بە چوار ساڵ دیار كردووە.
گرنگیی هەڵبژاردن
هەڵبژاردن بە ڕەگەزێكی گرنگ لە سیستەمی حوكمڕانیی دیموكراتی دادەنرێت و ئامرازێكە بۆ هەڵسووڕاندن و بەڕێوەبردنی دامەزراوە دەستووری و یاساییەكانی هەر وڵاتێك. لەم ڕوانگەیەشەوە پێویستە هۆشدارییەكانی نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە بارەی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنەكانی كوردستان بە هەند وەربگیرێت و هەڵوەستەی لەسەر بكرێت بۆ ئەوەی هەنگاوی پێویست هەڵبگیرێت لە هەرێمی كوردستاندا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان و هەرچی زووە كار بكرێت لەسەر گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنی پێویست لەم بارەیەوە بۆ ئەوەی بتوانرێت ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانیش بكرێتەوە دەرفەت و دەروازەیەكی دیكە، بۆ ئەوەی پایەی حوكمڕانی لە هەرێمدا توندوتۆڵتر و تۆكمەتر بكرێت و، بەپێی ماددە 2 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان و بە حوكمی ئەوەی پەرلەمان باڵاترین دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێریكردنە، كەواتە ئەوە ڕوون دەبێتەوە كە پەرلەمان نەك تەنیا بەرپرسیاریەتی یاسایی لە ئەستۆیە، بەڵكو لە هەمان كاتدا بەرپرسیاریەتی سیاسیشی هەیە لە ئاست هەلومەرج و بارودۆخە سیاسییەكان كە هەڵبژاردنەكانیش بەشێكن لە بڕیاری سیاسی و نەخشەی سیاسی هەر قەوارە و دەوڵەتێك، بۆیە پەرلەمان بەرپرسیارێتییەكی نیشتمانی و هەستیاری لە ئەستۆیە و لە ڕووی یاساییەوە ئەم ئەركەی دەكەوێتە ئەستۆ كە بوار بڕەخسێنێت بۆ ئەوەی ڕێكارە یاساییەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بگیرێنەبەر و تەواو بكرێن.
بۆیە دەبێت دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمانی وەك پابەندبوونێكی نیشتمانی سەیر بكات و نابێت لە ئاست ئەم ئەرك و بەرپرسیارییەتیی گەورە و مێژووییەدا ڕێگە بدرێت گوشارەكانی كاریگەرییان هەبێت. چونكە لە دەرئەنجامدا دواخستنەكانی دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان دەبێتە مایەی دروستكردنی كۆسپ و تەگەرە لە بەردەم پرۆسەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دواخستنی كە ئەمەش دژ و پێچەوانەی پرەنسیپەكانی دیموكراتییە، چونكە دەبێتە هۆی پێشێلكردنی مافی هاووڵاتی لە بەر ئەوەی ناتوانێت مومارسەی مافە سیاسی و یاساییەكانی خۆی بكات. ئەوەش ڕوونە كە خەڵك بۆ ماوەیەكی دیاریكراو متمانەی داوە بە پەرلەمان و پێویستە دووبارە ئەو دەرفەتە بە خەڵك بدرێت تاوەكو سەرلەنوێ گوزارشت لە ویست و ئیرادەی خۆی بكاتەوە.
كەواتە لە ئەگەری درێژكردنەوەی ئەم ماوەیە و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا كاریگەریی نەرێنی لەسەر سیستەمی دیموكراسی جێ دێلێت، بە جۆرێك پەرلەمان چیتر ئەم دامەزراوە هەڵبژێردراوە نامێنێت كە گوزارشت لە ڕای گەل بكات، ئەمەش خراپترین دەرئەنجامە، لە بەر ئەوەی هیچ جێگرەوەی دیكە ئەم بۆشاییە پڕناكاتەوە و جێی ناگرێتەوە، هەروەها دەبێتە هۆی لاوازبوونی چاودێریی گەل بە سەر پەرلەمانەوە، لە ئەنجامی نەگەڕانەوە بۆ گەل و نوێنەكردنەوەی بەڵێننامەی نێوانیان، بە جۆرێك خواست و ئارەزووەكانیان پشتگوێ دەخرێت و لایان گرنگ نامێنن. هەر وەك چۆن دەبێتە هۆی لەمپەر دروستكردن لە بەردەم دەستاودەستكردنی ئاشتییانەی دەسەڵات كە زۆربەی ئەنجامە خراپەكانی بە كارهێنانەكانی دەسەڵات لەوێوە سەرچاوە دەگرێت.
بۆیە نابێت ڕێگە بە دواخستنی هەڵبژاردنەكان بدرێت، تەنیا لە حاڵەتی زۆر پێویست نەبێت، وەك بوونی شەڕی ناوەخۆ، كارەساتی سرووشتی بە جۆرێك ژێرخانی ئابووریی وڵات داتەپێنێت، یان بوونی مەترسی تەندروستیی گشتی وەك پەتا گوازراوەكان، لەگەڵ ئەمەشدا دەبێت ئەم دواخستنە بۆ كەمترین ماوە بێت و لە نزیكترین وادەی گونجاو پەرلەمان خۆی نوێ بكاتەوە. بەڵام وەك عورفێكی سیاسیی خراپ لەم وڵاتانەی كە وەك پێویست دیموكراسی گەشەی نەكردووە، زۆر جار پەنا بۆ ئەم دواخستنە دەبردرێت، یان بە هۆی ململانێی سیاسی و چەقبەستوویی پەیوەندیی لایەنەكان ناتوانن ڕێك بكەون لەسەر ئەم هەڵبژاردنە و لە وادەی خۆی دوای دەخەن، لە ئەنجامی ئەمەش زەرەمەندی یەكەم بریتی دەبێت لە گەل.
بۆیە دەتوانین گرنگترین زیانەكانی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆی لە ڕێگەی ئەم خاڵانەوە دەستنیشان بكەین
1. نەمانی متمانەی سیاسی لە نێوان خەڵك و دەسەڵاتی سیاسی.
2. نەمانی متمانەی نێودەوڵەتی و لەدەستدانی شەرعییەتی حكومڕانیی باش.
3. هەبوونی مەترسیی زیاتر لەسەر ئاسایشی نیشتمانی.
4. دەستوەردانی زیاتری هێزی هەرێمی و نانەوەی ئاڵۆزی و پشێویی زیاتر .
5. پێشلكردنی ماف و ئازادییەكانی خەڵك.
6. دووركەوتنەوە لە پرەنسیپەكانی دیموكراتییەت.
7. دروستبوونی ئاژاوەی زیاتری سیاسی.