دكتۆر محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان بۆ گوڵان: بە بڕیاری سەرۆكی حكومەت تەنیا ئەوانەی پێشتر لە هیچ ئۆفەرێكی حكومەت سوودمەند نەبوون، یەكەكانی نیشتەجێبوون دەیانگرێتەوە

دكتۆر محەمەد شوكری  سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان بۆ گوڵان:     بە بڕیاری سەرۆكی حكومەت تەنیا ئەوانەی پێشتر لە هیچ ئۆفەرێكی حكومەت سوودمەند نەبوون، یەكەكانی نیشتەجێبوون دەیانگرێتەوە

بۆ خزمەتكردنی زیاتری خەڵكی كەمدەرامەت و كەمكردنەوەی گرفتی نیشتەجێبوون بەتایبەتی بۆ ئەو كرێچییانەی توانای دەرامەتیان كەمە و پێشتر لە هیچ ئۆفەرێكی حكومەت سوودمەند نەبوون؛ ژمارەیەك یەكەی نیشتەجێبوون لە پارێزگاكانی كوردستان و ئیدارە سەربەخۆكان بە شێوەی قیستی درێژخایەن دروست دەكرێن، ئەم پڕۆژەیەش جێبەجێكردنی یەكێك لە بڕگەكانی كارنامەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە. بۆ قسەكردن لەسەر وردەكارییەكانی ئەم پڕۆژەیە و چەند پرسێكی دیكەی نیشتەجێبوون، گۆڤاری گوڵان ئەم دیمانەیەی لەگەڵ دكتۆر محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان ساز دا.

 

 یەكەكانی نیشتەجێبوونی كەمدەرامەتەكان

بە پارەیەكی كەم و قیستی درێژخایەن دەبێت

سەبارەت بە پڕۆژەی دروستكردنی 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كەمدەرامەتەكان دكتۆر محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان وتی: «لەسەر فەرمانی ڕێزدار سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەپێی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە ئاماژە بە چارەسەركردنی كێشەی نیشتەجێبوون و دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵكی كەمدەرامەت و كرێچی كراوە، وەكو قۆناغی یەكەم بڕیاری دروستكردنی 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لە هەر چوار پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و سۆران و ڕاپەڕین و زاخۆ درا، بۆ ئەو خەڵكە كەمدەرامەتەی كە هیچ سوودمەند نەبوون لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و پێشتر لە هیچ ئۆفەرێكی حكومەت زەوی و شوقە و یەكەی نیشتەجێبوونیان وەرنەگرتووە، یەكەكانیش بە گوژمە و پارەیەكی درێژخایەن و بە قیست بە شێوەی گونجاو دەدرێت كە لەگەڵ داهاتی كەمدەرامەت و كرێچییەكان بگونجێت، هەر لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو ئاسانكاری و هاوكارییەكی وەبەرهێنان پێشكەش بە دروستكردنی ئەو یەكە نیشتەجێبووانە دەكرێت، بۆ ئەوەی پڕۆژەكە سەركەوتوو بێت و خەڵكی شایستە لە هەرێمی كوردستان لێی سوودمەند بێت.» سەبارەت بەوەش كە زۆرجار نیگەرانی هەیە بەوەی ئەم پڕۆژەیە ڕەنگە وا بە زوویی جێبەجێ نەكرێت، وتی «ڕاستە پڕۆژەی نیشتەجێبوون كاتی دەوێت و دەبێت وەزارەت و فەرمانگە پەیوەندیدارەكان پێداویستییەكان و خزمەتگوزارییەكانی وەكو ئاو و كارەبا و ئاوەڕۆ و شەقام و ڕێگاوبان و سەوزایی و هەموو پێداویستییەكانی دیكەی وەكو قوتابخانە و یەكەی تەندروستی بۆ دابین بكەن، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئومێدمان زۆرە بەوەی وەزارەتی شارەوانی زەوی پێویست بۆ پڕۆژەكە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان لە ماوەیەكی كەمدا دابین بكات و وەزارەتی كارەبا پڕۆژەی كارەبای بۆ ڕاكێشێت و وەزارەتەكانی پەروەردە و تەندروستیش قوتابخانە و بنكەی تەندروستی بۆ دابنن، لەبەر ئەوەی ئەم پڕۆژەیە لەسەر فەرمانی ڕێزدار سەرۆكی حكومەتە بۆیە دڵنیاین بەوەی وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و فەرمانگەكان هاوكار دەبن، لەلایەكی دیكەوە ئەم پڕۆژەیە لە ڕێگای وەبەرهێنانەوە جێبەجێ دەكرێت و خەڵكی تێیدا بەشداری دەكات و حكومەت پاڵپشتی دەكات و، خزمەتگوزارییەكانی بۆ دابین دەكات، واتا پڕۆژەكە بە تەواوەتی هەموو بارگرانی و قورساییەكەی ناكەوێتە سەر بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمەش پاڵنەرێكی باشە بۆ خێرا جێبەجێكردنی پڕۆژەكە، لە ڕووی پراكتیكییەوە دەست بەكارەكان كراوە، لە ماوەكانی ڕابردوو كۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرجەم فەرمانگەكانی وەبەرهێنان لە پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان كردو داوامان لێكردن لەگەڵ پارێزگا و یەكە ئیدارەكاندا بە زووترین كات كار بۆ دەستنیشانكردنی زەویی گونجاو و باش بكرێت».

 دابەشكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون

بە سەر پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكاندا بەپێی ژمارەی دانیشتووان دەبێت

سەبارەت بەو پێوەرانەی كە بۆ بەدەستهێنانی ئەم یەكانەی نیشتەجێبوون دادەنرێت، تاوەكو زۆرترین كەسی شایستە لێی سوودمەند بن، ئەمە وێڕای ئەوەی بابەتی چۆنیەتی دابەشكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكاندا كە بە یەكێك لەو خاڵە گرنگانە دادەنرێت كە پێویستە سەرەتا یەكلا بكرێتەوە، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان لەسەر ئەم دوو پرسە وتی: «زۆر پرسیار دەكرێت بەوەی ئێمە چ پێوەرێك بۆ دابەشكردنی ئەم یەكانەی نیشتەجێبوون دادەنێین، پێشتر لە پارێزگاكانی كوردستان چەند نموونە و ئەزموونێكمان هەبووە بۆ دابەشكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كەسانی كەمدەرامەت و كرێچی و داتا و ئامارمان لەسەر كرێچییەكان هەیە، ئێمەش بۆ ئەوەی زۆرترین كەسانی شایستە لەم یەكانە سوودمەند بن، ڕەچاوی ئەوە دەكەین ئەوەی كەمدەرامەتن ناتوانن پێشەكی بدەن، هەر چەندە تا ئێستا لەسەر بڕە پارەیەك ڕێك نەكەوتووین كە بێگومان بە شێوەی مانگانە دەبێت بۆ ئەوەی بتوانن ئەو كەسانەی سوودمەند دەبن، پارەی خۆیان بدەن، هەروەها دابەشكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون بە سەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكاندا بەپێی ڕێژە و ژمارەی دانیشتووان دەبێت، لە قۆناغی یەكەمدا ئەو 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبوونە بەو شێوەیە دابەش دەكرێت و لە ماوەی كەمتر لە 15 ڕۆژدا پرۆپۆزەڵێك و تەندەر ئامادە دەكرێت و دەست بەجێبەجێكردنی دەكەین. لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بەوەش بدەم، ئەم پڕۆژانە دەدرێتە ئەو كۆمپانیا و وەبەرهێنەرانەی كە توانایەكی باشیان هەیە و بەئەزموون و توانان و پێشتر كاری سەركەوتووی باشیان لە بواری نیشتەجێبوون ئەنجام دابێت و لە ئاست و كوالێتیەكی بەرزدا كاریان كردبێت، چونكە ئێمە كوالێتی و ڕێكوپێكی پڕۆژەكەمان لا مەبەستە و لە ڕیزبەندی پێشەوەی كارەكانمان دەبێت. بە خۆشحاڵیشەوە لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی زۆری كۆمپانیای بەتواناو كوالێتی بەرزمان هەیە كە زۆرترین یەكەی نیشتەجێبوونیان دروست كردووە و هیچ كێشەیەكیان نەبووە و وەكو دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان بە وردی و لە نزیكەوە چاودێری و بەدواداچوونی كارەكانمان كردووە، ژمارەیەك پڕۆژەش كە تەواو نەكراوە و كەموكورتی تێدا بووە، چارەسەرمان كردووە و سزای هەر وەبەرهێن و خاوەن پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوونیش دەدەین كە پابەندی ڕێنمایی و ڕاسپاردەكانی حكومەت نەبێت».

 زیادبوونی یەكەكانی نیشتەجێبوون

رۆڵیان لە كەمكردنەوەی نرخیان هەبووە

یەكێك لە دەستكەوتەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستپێكردنەوەی كاری دروستكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوونە، كە بووەتە هۆی زیادبوونی یەكەكانی نیشتەجێبوون، بەتایبەتی لە ڕووی شوقەوە، هەر لەم بارەیەوە سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان وتی: «لە ماوەی تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا سیاسەت و پلان و ڕێنماییەكانی سەرۆكی حكومەت بنەمایەكی بەهێز بووە بۆ كاركردنمان و زۆرترین یەكەی نیشتەجێبوون دروست كراوە، ئەم یەكانەش ڕۆڵیان لە كەمكردنەوەی گرفتی نیشتەجێبوون هەبووە، زیادبوونی ژمارەی یەكەكانی نیشتەجێبوون لە ڕووی كوالێتی و نرخیشەوە لە خزمەتی كڕیار بووە، بەتایبەتی لەگەڵ زۆربوونی چڕیی دانیشتووان لە شارە گەورەكان و هاتنی ژمارەیەكی زۆری خەڵكی لە شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و لە وڵاتانی دەوروبەرەوە. خۆ ئەگەر ئەو پڕۆژە و كارانەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەبووایە، كە وێڕای پەتای كۆرۆنا و قەیرانی دارایی ئەنجام دراون، ئەو كات گرفتی نیشتەجێبوون زۆر ئاڵۆز و قورس دەبوو».

 چەندین پڕۆژەی نیشتەجێبوون

كێشەكانیان چارەسەر دەكەین و دەكەونەوە كاركردن

هەر سەبارەت بە چارەسەركردن و دەستپێكردنەوەی كارەكان لە ژمارەیەك لە یەكەكانی نیشتەجێبوون، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان وتی: «بۆردێكی تایبەتمان داناوە بۆ ئەو پڕۆژانەی نیشتەجێبوون كە كێشەیان تێدایە، فلۆراسیتی دەستی بە كاركردن كردووە و تەنیا هەندێك كێشەی بەڵێندەر و قەرەبووكردنەوە ماوە، بەداخەوە پێشتر هەندێك وەبەرهێن هەبووە پڕۆژەیان پێ دراوە، شایستەی ئەوە نەبوون كە ئەو پڕۆژانە وەربگرن و بە تەواونەكراوی هێشتوویانەتەوە و زیانیان بە خەڵكی گەیاندووە. لە دەستپێكی كارەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، دەست كراوە بە چارەسەركردنی كێشەی ئەو پڕۆژانە و لێژنەی تایبەتمان پێكهێناوە و بە سەركەوتوویی توانیمان ژمارەیەكی زۆری پڕۆژەی نیشتەجێبوون دەست بە كارەكانیان بكەنەوە، لە ئێستاشدا چەندین پڕۆژەی دیكەی ڕاگیراو دەكەونەوە كاركردن و كێشەكانیان چارەسەر دەبێت. سەبارەت بە دەشتی بەهەشت و چەند پڕۆژەیەكی دیكە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی كار بۆ دروستكردنی لێژنەی هاوبەش دەكەین بۆ ئەوەی چارەسەر بكرێت و بڕیاری هاوبەش بدرێت لە نێوان ئێمە و وەزارەتی شارەوانی، زۆر لەو پڕۆژانەی كێشەیان تێكەوتووە، لەلایەن ئێمەوە مۆڵەتیان وەرنەگرتووە، ئەوانەش بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و پارێزگاكان چارەسەری بنەڕەتی و جددی بۆ دەدۆزرێنەوە و كەس لە یاسا گەورەتر نییە و لێپرسینەوە لە هەر وەبەرهێنێك دەكرێت كە كەمتەرخەم بێت، هەروەكو چۆن كارئاسانی و هاوكاریی و پاڵپشتی وەبەرهێنە باشەكانیش دەكەین و كراوە».

 

Top