فیلمی (گاد فازەر) لە فیستیڤاڵی ساڵانەی كان نمایش كرا
لە فەرەنسا خولی 75مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی كان بۆ فیلم و سینەما بەڕێوەچوو و دوای تێپەڕبوونی 50 ساڵ بەسەر بڵاوكردنەوەی, فیلمی(گاد فازەر) بۆ ئامادەبووان و میوانانی ئەم فیستسڤاڵە نمایشكرا, كە یەكەم نمایشی ساڵی 1972 بوو و ئەم فیلمە لە 45مین خولی دابەشكردنی خەڵاتەكانی ئۆسكار بووە براوەی 3 خەڵاتی ئۆسكار, هەروەها 5خەڵاتی گۆڵدن گڵۆپ .
فیلمی(The Godfather) كە لە 3 بەش پێكدێت, باس لە خێزانی كۆرلیۆنی و چەندین تاوانی مافیایی ئیتاڵی لە نیویۆركی ئەمریكا دەكات, كە چیرۆكەكەی لە ساڵانی 1945 بۆ 1950 وەرگیراوەو دەركەوتنی مایكڵ كۆرلیۆنی نیشان دەدات كە چۆن لە كەسێكی ئاساییەوە دەبێتە گەورەترین مافیا كە ئەستێرەی هۆڵیۆد(ئاڵ پاچینۆ)ڕۆڵی دەبینێت,هەروەها ئەستێرەی جیهانی (مارلۆن براندۆ-جێمس كان-ڕۆبەرت دۆڤاڵ-دیان كیتۆن-جۆن كیزل-تالیا شێری-ریچارد كۆنت-ئاندی گارسیا-ریچارد كاستیلانۆ و ژمارەیەك ئەستێرەو ئەكتەری سینەمایی دیكە لەم فیلمەدا بەشدارن .
چیرۆكی ئەم فیلمە لە كتێبێك وەرگیراوە كە لەلایەن (ماریۆ پوزۆ) ساڵی 1969نووسراوە, بەپێی لیستی نیویۆرك تایمز بۆ پڕ فرۆشترین كتێب بۆماوەی 67 هەفتە لە ڕێزبەندی یەكەمدا مایەوە, و لەماوەی دوو ساڵدا 9ملیۆن كۆپی لێ فرۆشرا .
بۆ یەكەمجار (رۆبەرت ئیڤانز) كە بەرهەمهێنەر و جێبەجێكاری ئەم فیلمەیە هەوڵێكی زۆریدا تاوەكو چیرۆكەكە بكاتە فیلم بەڵام كارەكە ئاسان نەبوو,چونكە لەو سەردەمەدا بیرۆكەی درووستكردنی ئەم چیرۆكە بۆ فیلم كارێكی قورسبوو, هۆكارەكەش ئەوەبوو كە چەند فیلمێكی چیرۆكی مافیایی لە سینەماكاندا شكستیان تۆماركرد و چەند ستۆدیۆیەك زیانیان بەركەوت, دوای رەتكردنەوەی 12 دەرهێنەرئەم پڕۆژە سینەماییە لەلای دەرهێنەر(فرانسیس فۆرد كۆپۆلا)دەوەستێت و ئەویش كار لەسەر درووستكردنی دەكات, ئەگەرچی كۆپۆلا كارەكەی بە نرخێكی كەم وەسف كرد و بە كارێكی سەرنەكەوتووی دەیبینی تەنانەت ڕازی نەبوو كاری دەرهێنانی ئەنجام بدات, بەڵام سەختی باری دارایی ستۆدیۆكەی و بەهۆی كەڵەكەبوونی قەرزەكانیەوە كە گەیشتبووە 400هەزار دۆلار ناچاربوو كارەكە تاقیبكاتەوە, كە ساڵی 1970 كۆپۆلا وەك دەرهێنەری فیلمەكە ڕاگەیەندرا و گرێبەستەكەش بە جۆرێك بوو كە لەبەرامبەر كارەكەدا كۆپۆلا 125 هەزار دۆلار وەربگرێت و %6 لە داهاتی فیلمەكە بەدەستبهێنێت .
كۆپۆلا توانی لە ساڵی 1972 فیلمەكە بخاتە سینەماكانەوەو سەركەوتنێكی مێژوویی تۆمار بكات, لەدواییدا ساڵی 1974 تەواوكەری بەشی یەكەمی فیلمەكە بڵاوكرایەوەو لەم بەشە نوێیەدا ئەستێرەی هۆڵیوود (رۆبەرت دی نیرۆ) لەگەڵ پاڵەوانی بەشی یەكەم بەشداربوو و فیلمەكە 6خەڵاتی ئۆسكاری بەدەستهێنا, هەروەها لەساڵی 1990 بەشی سێهەم لە هۆڵی سینەماكاندا نمایش كراو كۆپۆلا كۆتایی بە چیرۆكی كتێبەكەی (ماریۆ پوزۆ) هێنا .
ئاسۆ كاكەیی