شاخەوان فاتیح عەبدولكەریم: خەونم زۆرە بۆ داهاتوو، وەك ئەوەی ببم بە دكتۆر نەشتەرگەری بۆ قاچم بكەم

شاخەوان فاتیح عەبدولكەریم:  خەونم زۆرە بۆ داهاتوو، وەك ئەوەی ببم بە دكتۆر نەشتەرگەری بۆ قاچم بكەم

 

 

 

كەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت، ئاریشە و كێشە و گرفتی تایبەت بە خۆیان هەیە، بەڵام زۆریشن ئەوانەی كە بە سەر گرفتەكانیاندا زاڵ دەبن و تەنانەت خزمەتی دەوروبەر و كۆمەڵگەی خۆشیان دەكەن. شاخەوان فاتیح عەبدولكەریم یەكێكە لەو كەسایەتییانە و لە گفتوگۆیەكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باسی نهێنییەكانی ژیانی خۆی دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

شاخەوان فاتیح عەبدولكەریم، ساڵی 1981 لەدایك بووە و خێزاندارە و لە گەڕەكی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی نیشتەجێیە و وەك خۆی باسی كرد، باوكی دوو كوڕ و كچێكە و خاوەن پێداویستیی تایبەتە و قاچی چەپی هەر لە منداڵییەوە ئیفلیج بووە و هەتا ئێستا هەروا ماوەتەوە.

شاخەوان بڕوانامەی دیپلۆمی لە عەرەبی و پەروەردەی ئیسلامی هەیە و ساڵی 2007 وەك مامۆستای قۆناغی سەرەتایی دامەزراوە و لە ساڵی2015 دەستی كردووە بە خوێندنی ئەكادیمی و ساڵی 2020 بڕوانامەی بكالۆریۆسی لە بەشی پەروەردەی تایبەت بۆ خزمەتی منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت بەدەست هیناوە، ئێستاش ڕاهێنەر و مامۆستایە بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستیی تایبەت، لە قوتابخانەی شاد و لە پۆلەكانی 7 و 8 و 9 وانە دەڵێتەوە.

شاخەوان فاتیح ئەوەش دەخاتەڕوو كە «ڕاهێنەرە بۆ منداڵانی ئۆتیزم و كەم توانای ژیری و فرەجووڵە و كەم بیست و كەم بینا» و وەك ڕێنماییكاری دایك و باوكی منداڵی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە قوتابخانە دەوام دەكات.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ئایا چ هۆكارێك هانی دایت پەروەردەی تایبەت بخوێنیت و خزمەتی خاوەن پێداویستیی تایبەت بكەیت؟ گوتی: «خۆم لە ئازارەكانی خاوەن پێداویستیی تایبەت زۆر باش تێدەگەم، بۆیە ویستم خزمەتیان بكەم. خۆیشم هەمان موعاناتم هەیە و ئەڵێن هەزار حەكیم بە ئەندازەی دەردەدارێك لە شتەكان تێ ناگات. خاوەن پێداویستیی تایبەت

چینە پاكەكەی كۆمەڵگەن و ناخیان هیچ شتێكی خراپی تێدا نییە.» سەبارەت بە ئاستەنگەكانی بەردەمیشی گوتی: «هەمیشە ئیرادەم بەهێز بووە و بەردەوام بووم و نەوەستام، بەڵام هەموو هەوڵەكانم دوای پشتیوانی پەروەردگارم بووە كە یارمەتی داوم. واتە ڕێگرییەكان زۆر بوون، بەڵام سوپاس بۆخوا و پاشان یارمەتیی دایك و باوكم هەموویانم تێكشكاند و بە پلانێكی بەهێز هەموویانم هێنایە دی.»

شاخەوان فاتیح باسی ئەوەی كرد كە «نزیكەی پێنج ساڵ» بەڕێوەبەری قوتابخانە بووە و لە ئێستادا وەك خۆبەخشێك لە «ڕێكخراوی كۆمەڵەی ڕۆژ بۆ كەسانی كەمئەندام» كار دەكات.

سەبارەت بە ژیانی خۆیشی لە قۆناغی منداڵی گوتی: «قۆناغی منداڵیم لە شارۆچكەی بەردە قارەمان لە قەزای بازیان بەسەر بردووە، لە گوندێكی بازیان لەدایك بووم بە ناوی گوندی چۆڵمەك و ساڵی 1986 چووینەتە بەردەقارەمان

و ژیانیشم وەك هەموو منداڵێكی هەژاری وڵاتەكەم بەڕێ كردووە، بەڵام بەڕاستی زۆر جار كەمئەندامی یەكەم ڕێگر بووە لە زۆر شتی ژیان و خۆزگەكان، بۆ نموونە من نەمتوانیوە یاری ساحە بكەم بۆ ڕاكردن، ئەوجا ڕووم كردە یاریی بالە». سەبارەت بە جۆری خوێندنیشی گوتی: «هەر لە تەمەنێكی كەمەوە لە پۆلی هەشتەم خەتمی قورئانی پیرۆزم كردووە و زۆربەی كاتەكانم سەرقاڵی خوێندنەوەی كتێبی ئایینی بووم. ئاستەنگی زۆر هاتە بەردەمم لە منداڵیدا، بەڵام بەرامبەر بە بڕیارەكانی چواردەورم سەركێشیی زۆرم كردووە و، سەركەوتووش بووم بە سەر هەموو لەمپەرەكاندا.»

شاخەوان جەخت لەوە دەكاتەوە كە «پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ چواردەوری هەیە و كەسێكی كۆمەڵایەتییە». هاوكات دەڵێت: «دەمەوێت بە كۆمەڵگە و بە چواردەور و كەسانی ئاسایی و نا كەمئەندام بڵێم ئێمە هیچمان كەمتر نییە لە ئێوە و لە زۆر بواردا تواناكانمان ئەگەر زیاتر نەبێت لە ئێوە، كەمتر نییە».

سەبارەت بە خەون و ئاواتەكانیشی گوتی: «خەونم زۆرە بۆ داهاتوو، وەك ئەوەی ببم بە دكتۆر لە زانكۆدا و زمانی ئینگلیسی بە باشی بزانم و نەشتەرگەری بە سەركەوتوویی بۆ قاچم بكەم، هەروەها بتوانم خزمەتی هەموو كەمئەندامێك بكەم». وەك دواوتەشی گوتی: «ئاواتی گەورەم ئەوەیە كوردستان ببێت بە خاوەنی دەوڵەت و نموونەی دەوڵەتداری بێت.»

 

Top