سیروان محەمەد سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان: سەرژمێری و ئامار پرۆسەیەكی هونەرییە و دەبێت لە مەرام و مەبەستی سیاسی دوور بخرێتەوە
عێراق و هەرێمی كوردستان لە 1987 ـەوە تا ئێستا سەرژمێری تێدا ئەنجام نەدراوە و كۆتا جار لە2020 بە بەرنامەیەكی تایبەت بە خەمڵاندن ئامارێكی دانیشتووان كراوە. بۆ قسەكردن لەسەر گرنگیی ژمارەی دانیشتووان بەپێی ناوچە و پارێزگا و پێكهاتەكان و وردەكارییەكانی دیكەی ئەم پرسە، گۆڤاری گوڵان ئەم چاوپێكەوتنەی لەگەڵ سیروان محەمەد سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان ئەنجام دا.
* وێڕای گرنگیی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان كەچی تا ئێستا ئەم پرۆسە گرنگە ئەنجام نەدراوە، ئایا لە ئێستادا پشت بە چ پێوەرێك بۆ ژمارەی دانیشتووان و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان دەبەستن؟
- سەبارەت بە تەوەری یەكەمی پرسیارە، دیارە لە عێراق لە ساڵی 1987ـەوە سەرژمێری ئەنجام نەداوە، ئەو سەرژمێرییەی لە ساڵی 1997 ئەنجام درا، لە دەرەوەی ئیدارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو، عێراق لە دوای ساڵی 2003وە هەوڵی سەرژمێریی گشتی داوە و لە ساڵی 2009 هەوڵەكان چڕ بوونەوە بۆ خۆئامادەكردن بۆ ئەم سەرژمێرییە، بەداخەوە بابەتی سەرژمێرییەكە نەكرا و تێكەڵ كرا بە بابەتی سیاسی. لە ساڵی 2010 هەوڵێكی دیكە درا، تەنیا پرۆسەی خۆئامادەكردن ئەنجام درا كە پرۆسەی ژمارەدانان و گەمارۆسازی بوو، هەمووشتان دەزانن لە شەڕی داعشدا پرۆسەكە نەدەكرا جێبەجێ بكرێت. ئەم حاڵەتە تا ساڵی 2019 درێژەی كێشا و تا بڕیاری سەرژمێریی گشتی دەرچوو، ئەمەش دوای ئەنجامدانی چەندین كۆبوونەوەی ڕاوێژكاریی نێوان هەردوو وەزارەتی پلاندانانی عێراق و پلاندانانی هەرێمی كوردستان، لە كۆتاجاردا بە هاوبەشی ئێمە لە دەستەی ئاماری هەرێم و ئەوان لە دەزگای ئاماری عێراق ڕاپۆرتێكمان بڵاوكردەوە، بەوەی ژمارەی دانیشتووانی پێشبینیكراوی خەمڵێنراو تا 2020 دەر بكەین لەسەر ئاستی پارێزگاكان، ئەمە پێی دەوترێت ژمارەی خەمڵێنراوی دانیشتووان لەسەر بنەمای پرۆسەی ژمارەدانان و گەمارۆسازی، لە ساڵی 2021 بە باشمان زانی لەبەر ئەوەی سەرژمێری نەكراوە و دواخراوە، ژمارەكە نوێ بكەینەوە، ئێمە لە دەستەی ئامار ڕێككەوتنمان لەگەڵ سندوقی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دانیشتووان كردووە و ڕاپۆرتێكی دیكەمان بەناوی ڕاپۆرتی «داینامیكیەتی دانیشتووان» دەركردووە.
لە 2019 دەستمان بەم پرۆسەیە كرد، كە پشتمان بە داتاكانی پێشووی دوای 2013 بەستبوو، كە دوو ڕووپێوی زۆر گرنگی تێدا بوو لەسەر ڕووپێوی دیمۆگرافیا لە 2017 و هەروەها ڕووپێوی هێشووی فرەنیشاندەر كە لە 2018 ئەنجام درا و تایبەت بوو بە منداڵ و ئافرەتان، بە تایبەتی ئافرەت لە تەمەنی 15 بۆ 49 ساڵ و مردنی منداڵی ساوا و مردنی منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵ و چەندین نیشاندەری دیكەی تێدا بوو، ئەوە بوو لە ڕێوڕەسمێكدا ژمارەی دانیشتووانمان تا ساڵی 2040 ڕاگەیاند و پێشبینی دەكەین ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان بگاتە 8 ملیۆن و 800 هەزار كەس، ئەم ژمارەیەش ئاوارە و پەناهەندەی تێدا نییە.
* لە ڕووپێوێكی وادا بۆچی ئاوارە و پەناهەندەی تێدا نییە، لە كاتێكدا ژمارەی ئاوارە و پەناهەندە زۆر زۆرە و كاریگەریی لەسەر زۆر فاكتەر و پشكی بودجە و خزمەتگوزاریی و بواری پرۆژە و ئابووری هەیە، بە تایبەتی لە پارێزگای دهۆكدا كە لە 2013 تاوەكو 2017 بە ڕێژەی 25% بە ژمارەی دانیشتووانی ئەو پارێزگایە زیاد بوو؟
- ئێمە لە 2013 كاتێك ڕاپۆرتی یەكەممان بڵاوكردەوە تا ساڵی 2020 ئەو كاتە بەپێی ژمارەدانان و گەمارۆسازی بوو كە تەنیا ژمارەی دانیشتووانی ڕاستەقینەی تێدا بوو لە هەرێمی كوردستان، چونكە ئەو دەمە پەناهەندە و ئاوارە لە هەرێمی كوردستان وەكو ئێستا نەبوو، ژمارەی ئاوارەو پەناهەندە لە دوای 2013وە دەستی پێ كرد. لەم خەمڵاندنەدا كە سندوقی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ دانیشتووان هاوكارمان بووە، 8.8 ملیۆن دانیشتووان لەسەر گریمانی ئەو بارودۆخە بووە كە هەرێمی كوردستان لە ساڵانی ڕابردوو تا 2021 پێیدا تێپەڕ بووە، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2020 بەپێی ئەو سنوورەی لە بەردەستماندایە 6 ملیۆن و 171 هەزار كەسە، بە بێ ئاوارە و پەناهەندە بە قەزای مەخموور و ناحیەی فایدە و ناوەندی قەزای شێخان و ناحیەی زیلكانی تێدایە.
لە ئێستادا ئاماری ئاوارەو پەناهەندە هەیە و لەلایەن دوو ڕێكخراو كۆدەكرێتەوە، یەكێكیان ڕێكخراوی كۆچی جیهانییە ئەوی دیكە كۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكانە بۆ پەنابەران، لە دوایین ژمارەدا كە بڵاومان كردووەتەوە، ژمارەی ئاوارە و پەنابەران كە لە هەرێمی كوردستان ماون، نزیكەی 700 هەزار كەسن ئەمە دوای ئەوەی لە 2015دا ئەم ژمارەیە گەیشتبووە 1.2 ملیۆن ئاوارە كە دواتر ژمارەیەكیان بۆ ناوچەكانی خۆیان گەڕانەوە، ئەم ژمارەیەش زیاد دەكات پەیوەندی بە بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و سەربازیی عێراقەوە هەیە، بەڵام ڕەنگە ئەم ژمارەیە كەم نەكات چونكە زۆربەیان تێكەڵ بە كۆمەڵگەی كوردستانی بوون و خاوەنی یەكەی نیشتەجێبوون و كار و بژێوی ژیان بوون، ژمارەی پەنابەرانیش نزیكەی 265 هەزار كەسن كە زۆربەیان كوردی ڕۆژئاوا و سوورین . بەمەش ژمارەی ئاوارە و پەنابەران نزیكەی 950 هەزار كەسن و بەراورد بە ژمارەی دانیشتووانی كوردستان ژمارەیەكی زۆرە، ژمارەكەش بەم شێوەیە دابەش بووە: پارێزگای هەولێر زۆرینەی ئاوارە و پەنابەری بەركەوتووە و دواتر پارێزگای دهۆك دێت و سلێمانی و هەڵەبجە بە دوایاندا دێن.
* بەڵام بۆ ئاماری دانیشتووانی پارێزگای كەركووك و ناوچە جێناكۆكەكان كە یەكلانەكراوەتەوە بەپێی ماددەی 140ی دەستوور، چۆن مامەڵە دەكەن؟
- لە 17%ی پشكی هەرێمی كوردستان هیچ پەیوەندی بە سەرژمێری و ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستانەوە نییە، ئەوە ڕێككەوتنێكی سیاسی بوو، ڕێككەوتنەكە لەسەر ئەو بنەمایە كرا، تا ئەنجامدانی سەرژمێری ئەو ڕێژەیە بمێنێتەوە، لەمەشدا وەكو هەموو بابەتەكانی دیكە پاشگەز بوونەتەوە. سەرژمێری بابەتێكی هونەری و زانستییە و دەڵێت سەرژمێریی دانیشتووان لە ڕۆژ و كاتێكی دیاریكراودا، واتە ئەگەر ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان هەژمار بكرێت، دەبێت ئەو 950 هەزار ئاوارە و پەنابەرەش هەژمار بكرێن، ئەمە مانای ئەوە نییە ئەمانە خەڵكی ئەو ناوچەیەن، بەڵام ژمارەی دانیشتووانن.
* چڕیی دانیشتووان لە هەرێمی كوردستاندا چۆنە؟ ئایا پێوەر و داتا و ئامارێك لەم بوارەوە هەیە؟
- چڕیی دانیشتووان لەسەر یەك كیلۆمەتر چوارگۆشە لە پارێزگای هەولێر زیاترە لە سەرجەم پارێزگاكانی دیكە، بۆ نموونە پارێزگای هەولێر 152 كەسە/ كیلۆمەتر2، بەڵام ئەم ژمارەیە لە پارێزگاكانی سلێمانی و دهۆك كەمترە. بۆ تەرخانكردنی پرۆژە و پشكی بودجە دەبێت ڕەچاوی ژمارەی دانیشتووان و چڕیی دانیشتووان بكرێت، وەزارەتی پلاندانان لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و پارێزگاكان گفتوگۆ لەسەر ئەم واقیعەی ژمارەی دانیشتووان دەكات، خۆ ئەگەر وەزارەتی پلاندانان دوای ئەو ژمارە و داتایانە بكات، دەتوانین بەپێی قەزاش پێشكەشیان بكەین و دەبێت لەسەر ئەم بنەما زانستییە كار بكرێت، ڕەنگە لە ئێستادا بە هۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجە و كێشە و گرفتە داراییەكان كەمێك ئەم بابەتە دواخرابێت.
* ئایا مەترسی لەوەدا نییە ئەگەر سەرژمێری لە عێراقدا بكرێت بە دەردی هەموو سەرژمێرییەكانی دیكە ببرێت و، وەكو پرۆسەیەكی مەزهەبی و قەومی بەكار بهێنرێت، یان كەموكورتیی گەورەی تێ بكەوێت؟
- هەر خۆی لە خۆیدا هۆكاری ئەنجامنەدانی سەرژمێری لە 2009 و 2010 هۆكارە سیاسییەكە بووە، ئەو دەمە پارێزگاری نەینەوا و دوو لایەنی سیاسی عەرەبی و بەشێكی لایەنی توركمانی لە پارێزگای كەركووك فشارە سیاسییەكانیان كرد و ڕێگایان نەدا ئەو كات لە ژێر سایەی پارێزگارێكی كورددا سەرژمێری ئەنجام بدرێت، ئەو سەردەمە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیران و وەزیری پلاندانانی هەرێمی كوردستان زۆر هەوڵمان دا و تەنانەت بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دەرچوو، كەچی متمانەیان بە دادگای فیدڕاڵی نەبوو، سیاسەتی دووفاقیان بەكارهێناوە لەگەڵ ئەو دادگایەدا، ئێستا لە هەوڵی نوێی سەرژمێریی گشتی كە حكومەتی عێراق لە 2019 بڕیارێكی دەركرد، هەوڵ درا ئەو لایەنە و مۆركە سیاسییەی لێ دوور بخرێتەوە، بەڵام مۆركەكەی هەر ماوە، بەتایبەتی لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم. لە ئێستادا لەخۆئامادەكردنین بۆ ئەوەی ئەگەر سەرژمێریی گشتی ئەنجام درا لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ڕێگا نەدەین لە ڕووی سیاسییەوە زیان بە هەرێمی كوردستان و خەڵكی كوردستان و پێكهاتە ڕەسەنەكەی ئەو ناوچەیە بگات و دەبێت ژمارەی ڕاستەقینەی خەڵكە ڕەسەنەكە دیاری بكرێت، نەوەكو ئەوانەی هاتوونەتە ئەو ناوچەیە لە دوای 2017 و2018، ئەوە بوو لە دوای كۆبوونەوەی لێژنەكە پێشنیار و بۆچوونەكانمان خستووەتەڕوو، تەنانەت پێشكەشی دەزگای ئاماری عێراقیمان كردووە. بەڵام ئێمە لە كۆبوونەوەی لێژنەی باڵا و لەگەڵ وەزیری پلاندانانیشدا باسمان لەوە كرد كە هەر خاڵێكی سیاسی لە فۆڕمەكە هەبێت و مەترسی هەبێت لەسەر سەرژمێری پێویستە لاببرێت، هەروەها پێویستە لایەنە سیاسییەكان پابەند بن بە دەستتێوەرنەدانیان لە بابەتی سەرژمێری، چونكە ئەمە پرسێكی هونەرییە و بۆ وڵاتە و پەیوەندیی بە ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم بۆ نموونە نییە، یان بەركەوتەیەكی دیكەی یاسایی پەیوەست بە خاوەندارێتێ، چونكە ماددەی ١٤٠ی دەستوور هەیە و ئەو پرسانە لەوێ چارەسەر دەكرێت. لە ئێستادا لەسەر فەرمانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لێژنەیەك بە سەرۆكایەتیی وەزیری پلاندانان و ئەندامێتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی و دەستەی ئامار كار بۆ دیاریكردنی ژمارەی كرێكارانی بیانی و ڕێكخستنی هەلی كار بۆ دانیشتووانی هەرێمی كوردستان دەكات، نەوەك كرێكارانی بیانی.