دلبەر جزیری: بە یەكگرتنی كورد خۆشحاڵ دەبم

دلبەر جزیری: بە یەكگرتنی كورد خۆشحاڵ دەبم

دلبەر جزیری یەكێكە لەو كچە گۆرانیبێژانەی كە لە دەرەوەی وڵات دەستی بە كاری هونەری كردووە و، سەرەڕای بچووكیی تەمەنی، توانیویەتی لەو كارانەی پێشكەشی كردوون سەركەوتن بەدەست بهێنێت، دلبەر جزیری بە سەركەوتوویی توانیویەتی فۆلكلۆر و نوێگەرایی لە كارەكانیدا تێكەڵ بكات.
دلبەر باس لە دووركەوتنەوەی لە كاری هونەری و هۆكاری بێدەنگییەكەی دەكات و دەڵێت: «هۆكاری دووركەوتنەكەم زیاتر بۆ ئەوەیە كە من بەبێ پاڵپشتی و هاوكاریی كۆمپانیا هونەرییەكان كار دەكەم، واتە من لەسەر ئەركی خۆم و بە سەربەستی لەسەر پرۆژەكانم كاردەكەم و بڕیاریان لەسەر دەدەم، هەروەها دەمەوێت ئەوەش بڵیم كە لە كوردستانەوە زۆر هاوكاریی من نەكراوە تا بتوانم بە تەواوی كار لەسەر پرۆژەكانم بكەم، بەتایبەتی لە ئەوروپا».
سەبارەت بە ئێستا و بارودۆخی كوردستان، وەك كچە هونەرمەندێك دلبەر دەڵێت: «هەر كاتێك كورد دەست بخەنە نێو دەستی یەكتر، من زۆر خۆشحاڵ دەبم و هەست بە سەربەرزییەكی زۆر دەكەم، روون و ئاشكرایە هەر كاتێك یەكگرتوو بن و پشت و پەنای یەك بن، ئەو كاتە كوردستان وەك قەڵایەكی پۆڵایینی لێدێت و هیچ كاتێك ناكەوێت و دوژمنان ناتوانن ریزەكانمان لاواز بكەن و بە ئاواتی خۆیان ناگەن، پێویستە تاكی كورد خۆی بە كوردستانی بزانێت و ئینتیما و خۆشەویستیی بۆ كوردستان هەبێت و، كوردستان بە ئێمەوە سەربەرز و ئاڵاكەی گەشاوە دەبێت.

Top