پابه‌ندبوون به‌ بڕیاری سیاسی به‌ ناو "دادگای ئیتیحادی"، واته‌ نه‌مانی سیستمی فیدراڵی له‌ عێراقدا

پابه‌ندبوون به‌ بڕیاری سیاسی به‌ ناو

 

له‌ عێراقی دوای رۆخانی ڕژیمی به‌عسی فاشی دا، ده‌ستووری عێراقیش گۆڕانكاری به‌ سه‌رداهات، بۆ یه‌كه‌مین جار ده‌ستوورێكی هه‌میشه‌یی نووسرایه‌وه‌ و تێیدا مافی كورد و گشت پێكهاته‌كانی عێراق جێگیركرا.

ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا تاكو ئێستا زورێك له‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی پێشێل كردووه‌، له‌ سه‌روی هه‌مووشیانه‌وه‌ ماده‌ی 140ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی كه‌ ده‌بوایه‌ پێش كوتایی هاتنی ساڵی 2007 یه‌كلایی كرابوایه‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستاش وه‌ك مه‌ره‌كه‌بی سه‌ر كاغه‌ر ماوه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها ده‌یان ماده‌ی تری ده‌ستوور به‌ هه‌مان شێوه‌ نه‌ك هه‌ر جێبه‌جێ نه‌كراون به‌ڵكو به‌دواداچوونیشیان بۆ نه‌كراوه‌.

له‌ عێراقدا سه‌روه‌ری یاسا بوونی نییه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ فه‌رمانی زاڵی ئه‌جندای سیاسی ده‌وڵه‌تێكی هه‌رێمییه‌ كه‌ له‌ رێگه‌ی كۆمه‌ڵێك گروپ و میلیشیاوه‌ له‌ عێراقدا جێبه‌جێی ده‌كات.

بۆیه‌ بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراقیش سه‌باره‌ت به‌ نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان بڕیارێكی سیاسییه‌، نه‌ك یاسایی و ده‌ستووری. چونكه‌ له‌ كاتێكدا ئه‌م بڕیاره‌ ده‌ركرا كه‌ به‌ ته‌واوه‌تی دیار بوو كه‌ بڕیاره‌كه‌ له‌ ژێر گوشاری ئه‌جندای سیاسی ده‌ره‌كییه‌وه‌ ده‌رچووه‌.

له‌به‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مافی ڕه‌وای خۆیه‌تی بڕیاره‌كه‌ ڕه‌ت بكاته‌وه‌ و پێوه‌ی پابه‌ند نه‌بێت.

عێراق ده‌وڵه‌تێكه‌ حوكمی میلیشیاكان به‌ پاڵپشتی ده‌وڵه‌تێكی داگیركاری هه‌رێمی زاڵه‌ به‌ سه‌ر زوربه‌ی هه‌ره‌ زۆری جومگه‌كانی ده‌وڵه‌تدا، دادگای ئیتیحادی فیدراڵیش شتێك نییه‌ بێجگه‌ له‌ جێبه‌جێكاری فه‌رمانی ده‌ره‌كی و فه‌رمانی هه‌ندێك له‌ میلیشیكانی سه‌ر به‌و ده‌وڵه‌ته‌.

له‌ به‌رامبه‌ردا زۆر كه‌س و لایه‌نی نێوخۆیی هه‌رێمی كوردستان هه‌ن به‌داخه‌وه‌ هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن سه‌ربه‌خۆیی ئابووری و سیاسی هه‌رێم بخرێته‌ ژێر ڕكێفی لایه‌نه‌ شوڤێنییه‌كانی عێراق.

له‌ كاتێكدا كورد هه‌م ئه‌زموونێكی تاڵی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا و هه‌میش به‌غدا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك جێگه‌ی متمانه‌ پێكردن نییه‌، چونكه‌ هه‌میشه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی كورد و ناسنامه‌كه‌یان داوه‌ و ئامانجی سه‌ره‌كییان لاوازكردن و دواتر له‌ نێوبردنی ئه‌م ئه‌زموونه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌.

گه‌لی كوردستان به‌ درێژایی قۆناغه‌كان تاكو ئه‌مڕۆ باجێكی زۆر گه‌وره‌ی داوه‌ له‌ هه‌موو قۆناغه‌كاندا، واته‌ سه‌رده‌می پاشایه‌تی، كۆماری كه‌ به‌ پاره‌ی نه‌وت و كانزاكانی هه‌رێم له‌ ڕووی سه‌ربازی بۆ ماوه‌ی 83 ساڵ په‌لاماری كوردیان داوه‌ .


ئێستاش هه‌مان بیری شوڤێنی زاڵ له‌ ئارادایه‌ به‌ڵام ئه‌مڕۆ به‌ شێوازێكی تر و ده‌یانه‌وێت ڕه‌وایه‌تی یاسایی پێ بده‌ن كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا بێجگه‌ له‌ دژایه‌تی كردنێكی سیاسی هیچی تر نییه‌.

 

Top