شیلان جەمال: منداڵی پەككەوتوو باری سەرشانی دایكان زۆر قورستر دەكات

شیلان جەمال:  منداڵی پەككەوتوو باری سەرشانی دایكان زۆر قورستر دەكات

 

 

دایكان نموونەی فیداكاری و لەخۆبوردن و خۆتەرخانكردنن بۆ پەروەردەی منداڵەكانیان و زۆر ئەركی قورسیان لەسەر شانە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی كە كاروباری ناوماڵ و خزمەتكردنی خێزان گەلێك ماندووبوونی لەگەڵە، بەتایبەتی ئەو دایكانەی كە فەرمانبەرن، یان لە دەرەوەی ماڵیش كار دەكەن. شیلان جەمال ئەحمەد، یەكێكە لەو دایكانە و تەنیا كچێكی هەیە كە بە ڕووداوی هاتوچۆ ئیفلیج بووە، ئەوەش وەك خۆی جەختی لێ دەكاتەوە، باری سەرشانی زۆر قورستر كردووە. لەم دیدارەیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، باسی ئاریشەكانی ژیانی خۆی و كیژەكەی دەكات.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

شیلان جەمال ئەحمەد ئافرەتێكی تەمەن 41 ساڵە و وەك خۆی باسی كرد لە سلێمانی لەدایكبووە، دایكی منداڵێكە و ئێستا خۆی و كیژەكەی دانیشتووی هەولێرن و لە ماڵی براكەی دەژین. ئەوەی كە پتر لە هەر شتێك شیلانی نیگەران كردووە، داهاتووی نادیاری كچەكەیەتی، چونكە وەك خۆی باسی كرد، لە تەمەنی دوو ساڵان بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ، هەر دوو دەست و قاچێكی بە تەواوی تووشی شەلەل بووە. ئەو دایكە ئەرك گرانە بەمجۆرە باسی ژیانی خۆی و كۆسپەكانی بەردەمی كرد: «تەنیا كچێكم هەیە، ناوی (ئێلیسا)یە، تەمەنی نۆ ساڵە و لە تەمەنی دوو ساڵان لە ڕووداوی هاتوچۆ تووشی شەلەل (ئیفلیج) لە دوو دەست و قاچێكی بووە. باوكی كچەكەم دوای ئەو ڕووداوە ڕێگەی هەندەرانی گرتەبەر بۆ ئەوەی بە هەر شێوەیەك بووە، كچە نازدارەكەمان چارەسەر بكرێت، بەڵام ماوەی حەوت ساڵە هاوسەرەكەم بێ سەروشوێنە و ئێمەش لە ماڵی براكەم دەژین، بەڵام زۆر بەداخەوە براكەشم هەر دوو چاوی لە شەڕی دژی داعش بە ڕێژەی 100%لە دەست داوە، براژنیشم زۆر لەگەڵ ئێمە تەبایە و زۆر ڕێزمان دەگرێت. برام بووەتە نازكێشی كچەكەم و هەست بە نەبوونی باوكی ناكات. هەمیشە لە خوای گەورە دەپاڕێمەوە ئەو برا و براژنە دڵسۆزەمان بۆ خۆش بكات».

كاتێك پرسیارمان كرد، كە ڕای پزیشكان سەبارەت بە كچەكەی چۆن بووە. شیلان جەمال گلێنەكانی چاوی تەڕ دەبن و دەنك دەنك مرواریی فرمێسك بە سەر گۆنایدا خلار دەبنەوە و، داوی سڕینی فرمێسكەكانی لە وەڵامدا گوتی: «سەرەتا ملیشی شەلەل ببوو، زۆرمان ئەم دكتۆر و ئەو دكتۆر برد، شوكر بۆ خوای گەورە ملی باش بووە، زینی زۆر تیژە، لە مرۆڤی ئاسایی جوانتر بیر دەكاتەوە و قسە دەكات، بەڵام هەر دوو دەستی و قاچێكی تەواو شەلەل بووە. دكتۆرەكان دەڵێن لە دەرەوەی وڵات چارەسەر دەكرێت، بەڵام ئێمە توانای ئەوەمان نییە. حەوت ساڵی تەواوە، دایبی بۆ دەبەستم. زۆر بەغیرەتە، بەڵام بە هۆی ئەوەی هیچ جووڵەی نییە، ساڵ بە ساڵ گەورەتر دەبێت و كێشی قورستر دەبێت. ئەوەندەم كچەكەم بە باوەش و كۆڵ گیراوە خەریكە تووشی فەقەرات دەبم. هەمیشە نزا دەكەم خوای گەورە قوەتم بدات، چونكە هەتا گەورەتر دەبێت، خۆی و ئەركەكانی قورستر دەبن».

لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە ئایا كچەكەی ناردووەتە بەر خوێندن؟ گوتی: «بەڵی، ناردمە قوتابخانەی حكوومی، زۆریش زیرەك بوو، بەڵام منداڵان گاڵتەیان پێ دەكرد، ئەویش بێزار بوو، توانای قوتابخانەی ئەهلیشمان نییە». گوتیشی «دایك ئەركی سەرشانیەتی خۆی بە قوربانی منداڵی بكات، بەڵام منداڵی نەخۆش و پەككەوتوو باری سەرشانی دایكان زۆر قورستر دەكات. كچەكەم بیركردنەوەی زۆر باشە و ئەگەر پشتیوانی هەبێت، لە خوێندن هیچ گرفتی نابێت و بە چارەسەری پزیشكی ڕزگار دەكرێت».

Top