چــی نـیـشـتـمان دابــەش دەکـــات؟
کاتێک باس لەدابەش بوونی نیشتمان دەکرێت خەیاڵمان بەلای فرە ئیدارەیی و یان دووئیدارەیی یان دوو حکومەتی یان دوو بەڕێوەبردن و یان سنور جیاکردنەوەدەچێت. نازانین کە ئەو رەگەز و بەستەرانەی وڵات دەبەستن بەیەکەوە رەنگە هیچ کام لەمانە نەبێت، ساڵی ٢٠١٠ بەشداری کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیم کرد لەوڵاتی بەریتانیا لە ناوچەی'وێڵز' خۆمان دەزانین کەبەریتانیا چوار بەشە و هەریەکەیان حکومەت و پەرلەمان و پایتەختی خۆی هەیە کە بریتین لە 'ئینگلاندو وێڵزو سکۆتلاندو ئیرلەندای باکور' خاوەنی چوار پایتەختی وەک' لەندەن، ئەدنبرە، کاردیف وبێڵفاست'ن، هەریەکە لەمانەش خاوەنی حکومەتی خۆیەتی و کابینەی وزاری خۆی هەیە تەنها سەرۆک و ەزیران ناوی سەرۆک وەزیران نیە بەڵکو سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانەکەیان پێی دەڵێن 'وەزیری یەکەم' کەرۆڵی سەرۆک وەزیران دەگێڕێت. کۆنفرانسەکە باسی'کاریگەری میدیای گڵۆباڵی بوو لەسەر کەلتورو ناسنامەی وڵاتە بچوکەکان'کە ١٤ وڵاتی بچووکی جیهانی بەشداربوون. ئەوەی پەیوەستە بەم باسەوە لە دەستپێکی کۆنفرانسەکە بە وتەی 'وەزیری یەکەم'ی وێڵز دەستی پێکرد کە وەک وتمان رۆڵی سەرۆک وەزیرانی ئەو ناوچەیە دەبینێت، لەوتەکانی ئەو و توێژینەوەکانی مامۆستاکانی تری ناوچەی'وێڵز' نیگەرانیان لە حکومەتی بەریتانیا دەردەخست، کە لەگەڵ ئەوەی بەریتانیا ئاوا چوار پارچەیە ولەرووی ئیدارییەوە سەربەخۆیەکیان هەیە بەڵام هێشتا 'راگەیاندن'مەرکەزیهو له لهندهنهوه لەرووی سیاسەت و ستراتیژەوە ئیدارە دەکرێت ، لەهەمان کاتدا ئاماژەیان بۆ دوو شتی تر کرد کەئەوانیش مەرکەزین لەوڵاتدا وبەهەمان شێوە لەلەندەنەوە ئیدارەدەکرێت کەئەوانیش' سوپاو دارایی' بوون. لەگەڵ ئەوەی هەریەکە لەم چوارپارچەیە هێندە جیاوازن لەیەک کەدەچینە ناویانەوە واهەست ناکەیت هەر لەبەریتانیای، بەتایبەتی ناوچەی سکۆتلەندو وێڵزو ئیرلەندای باکور، زمان جیاوازە شێوەی عوملە جیاوازە، هیچ تابلۆیەکی ناوچەی وێڵز نابینیت بە زمانی ئینگلیزی ستاندهر نوسرابێت و، هەرنزیکی ئەوناوچەیە بویتەوە تابلۆکانی سەرشەقامەکانیش زمانەکان دەگۆرین بۆ زمانی 'وێڵزی'. ئەمە ئەوەمان پێ دەڵێت کەنیشتمان بەم سێ رەگەزە دەبەسترێت بەیەکەوە، کە راگەیاندن و دارایی و سوپایە، مەرکەزیەتی ئەمانە هەبوو ئیتر شتەکانی تر نابنە هۆی دابەش بوونی نیشتمان. راگەیاندن ئایدیاو فیکرو ئینتیما وناسنامە یەک دەخات، بۆیە لەهەرپارچەیەکی ئەووڵاتە دەبینیت هەمان ئینتیماو خۆشەویستی بۆ نیشتمان هەیە، لەدەوری بەرژەوەندی هاوڵاتی و نیشتمانیەکان یەکن وکۆکن. بەتایبەتی کە راگەیاندنی نیشتمانی هەبوو مەرکەزی کۆدە پیشەیی و ئیتیکیەکان یەک دەخرێن وبڕیاری لەسەر دەدرێت ، یەک سیاسەت و یەک گوتار و یەک ستراتیژ بۆ راگەیاندن هەبوو گرنگ نیە ئیتر هەریەکەیان کامە بابەت دادەبەزینێت و بەچ دیالێکت دەبێت، هیچ راگەیاندنێک نەبوو لە ناوچەی 'وێڵز' بەزمانی وێڵزی نەبێت، بچۆ بۆ سکۆتلەندیش راگەیاندنی زمانی سکۆتلەندیە بەڵام لەگەڵ ئینگلاند یەک سیاسەت ویەک کۆدی ئیش کردن هەیە. نەک لەچوارپارچەکە بەڵکو لەناویەک پارچەشی یاساکانی شارەوانی شارێک لەزۆرشت جیاوازە لەشارێکی تر بەڵام یەک بوونی ئەو سێ شتە بەردەوام پیکەوەی بەستوون ولەدابەش بوون پاراستونی. دارایی وداهات یەک نەبوو سەردەکێشێ بۆ گەندەڵی، نادادی کۆمەڵایەتی تێکچوونی سەنتەری هێز لەوڵاتدا وبەهەدەردان وجیاوازی خزمەتگوزاری ونەمانی هەستی هاوڵاتی بوون . سوپاش بەهەمان شێوە، گەر سوپاش دابەش بوو بەسەر پارت و کەسەکان هەموو دەقەیەک وڵات ئەگەری رووبەڕووبونەوەی مەترسی هەیە، وفرە بڕیاری و فرە دەسەڵاتی لەوڵاتدا پەیدا دەبێت. ئەمانە رەگەزە پێک هێنەری پاراستنی نیشتمانن لەدابەش بوون،کەبەداخەوە لەم هەرێمە ئەمانە دەمێکە دابەش بوون وسەرچاوەی نەهامەتیەکانی ئەم وڵاتەش بریتین لەمانە. نەیەک مەرکەزی ئیدارەی راگەیاندن و یەک کۆدی ئیتیکی و پیشەیی و یەک ستراتیژو سیاسەتی راگەیاندنمان هەیە، نەیەک هێزو سوپای نیشتمانیمان هەیە و، له ئێستاشدا داراییش وابەرەوە دابەش بوون دەڕوات، ئێستاش بەداخەوە خەریکە دابەش بوونەکە دەگاتە قوتی خەڵک. بۆیە دەکرێت هەرچی زووترە رێک کەوینەوە لەسەر یەک خستنی ئەم سێ شتە.