كریستۆفەر جەی پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی لە زانكۆی تۆلەین بۆ گوڵان: ئەوەی ڕووسیا دەیكات شەڕێكی گەمژانەیە
كریستۆفەر جەی پڕۆفیسۆری بەشی زانستی سیاسییە لە زانكۆی تۆلەین، وانەبێژی چەند بوارێكی گرنگە، وەك سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئاسایشی نێودەوڵەتی، چەكی كۆمەڵكوژ و سیاسەت و ستراتیژیەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، پێشتریش لە زانكۆی جۆرج واشنتۆن و زانكۆی ویلایەتی ئۆهایۆ وانەبێژ بووە و، خاوەنی شەش كتێبە لە بواری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا، بۆ مەبەستی تیشك خستنەسەر و شرۆڤەكردنی ڕەهەند و ڕایەڵەكانی شەڕی ئۆكرانیا و ڕووسیا و چەند پەرەسەندنێكی دیكەی پەیوەندیدار.
* چۆن لە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا دەڕوانیت و، بە ڕای ئێوە بۆچی نەتوانرا ڕێگری لە هەڵشكانی بارگرژییەكان و بەرپابوونی شەڕ بكرێت، بەتایبەتی كە ڕەنگە بتوانین بڵێین ئەم شەڕەی ئێستا بە چەشنێكە كە ڕەنگە هیچ لایەك نەتوانن بانگەشەی سەركەوتن بكەن و، هەردوولا زیانێكی گەورە و بەرچاویان لێ كەوتووە؟
- لە ڕاستیدا زەحمەتە بۆ من بزانم كە ڕووسیا چۆن بیر دەكاتەوە، من وتارێكم نووسیوە لە بارەی ئەوەی چەند زەحمەتە بتوانین لە سیاسەتی نێودەوڵەتی تێبگەین، لە ڕوانگەی لایەنەكەی دیكەوە، مەبەستم ئەوەیە دوچاری دژواری دەبینەوە لە تێگەیشتن لەوەی هێزەكانی دیكەی دەرەوەی ڕۆژئاوا چۆن بیر دەكەنەوە، لێرەشەوە ئەگەر بێمەوە سەر وەڵامی پرسیارەكەی ئێوە، ئەوا بە ڕاستی زەحمەتە لەوە تێبگەم كە سەرۆكی ڕووسیا ڤلادمیر پوتن ئەنجامی دەدات، چونكە بە تێڕوانینی من ئەمە شەڕێكی گەمژانەیە و ئامانجێكی دیاریكراوی نییە و، تەنیا خراپتربوونی بارودۆخەكەی لێ دەكەوێتەوە، خۆ ئەگەر ئێمە لەو هەموو سزا و ڕێكارانەش بڕوانین كە جیهانی ڕۆژئاوا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەپاندوویانە بە سەر وڵاتی ڕووسیادا، ئەوا هێندەی دیكە بێ مانایی ئەم جەنگە دەردەكەوێت. چونكە پێشتر بەو شێوەیە وەسفی ڤلادمیر پوتن دەكرا كە كەسێكی ژیرە و بیركردنەوەیەكی ئاستبەرزی هەیە لە ڕووی تاكتیك و ستراتیژیەتەوە، بەڵام بەلای منەوە ئەمە گەمژانەترین شەڕە كە تا ئێستا ڕووی دابێت لە دوای شەڕەكەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە دژی عێراق لە ساڵی 2003وە. بۆیە دووپاتی دەكەمەوە من ئامانجێكی دیاریكراوی تێدا بەدی ناكەم، بە پێچەوانەوە لێوانلێوە لە درۆ و چەواشەكاری، لە هەمان كاتدا بە ئەندازەیەكی زۆر مایەی نیگەرانییە.
* ئێوە ئەم شەڕە بە شەڕێكی بێمانا و بگرە گەمژانەش وەسف دەكەن، كەوابێ هۆكار و پاڵنەری سەرەكیی ئەم شەڕە، یان وردتر بڵێین بڕیارەكەی سەرۆكی ڕووسیا ڤلادمیر پوتن چی بوو بۆ هەڵگیرساندنی ئەم شەڕە و داگیركردنی ئۆكرانیا؟ ئایا دەكرێت بڵێین ڕووسیا لە حیساب و لێكدانەوە و پێشبینییەكانی خۆیدا بە هەڵەداچوو؟
- ئاشكرایە كە تێڕوانین و پێشبینیی سەرۆك ڤلادمیر پوتن ئەوە بوو كە شەڕەكە زۆر بە خێرایی یەكلا دەكاتەوە و بە ماوەیەكی كەم شەڕەكە دەباتەوە، بە چەشنێك كە جیهان دەرفەتی كاردانەوە و پەرچەكرداری نامێنێت، هەروەها پێی وابوو كە لە كۆتاییدا ئەوروپییەكان نەوت و غازی ڕووسیایان بە لاوە گرنگتر و بایەخدارتر دەبێت لە ئۆكرانیا و ئۆكرانییەكان، هەروەها دەبێت ئاماژە بەوەش بكەین كە ڕووسیا پێی وابو كە توانایەكی سەربازیی گەورە و بەهێزی هەیە، بۆ ئەوەی بتوانێت شەڕەكە بە ماوەیەكی كەم یەكلا بكاتەوە، بەڵام دەركەوت سوپای ئەو وڵاتە بە چەشنی حكومەتەكەی گەندەڵە، چونكە دەبێت ئەوە بزانین كە حكومەتی ڤلادمیر پوتن نوقمی گەندەڵی بووە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی هەبووە لەسەر سوپاكەی. كەواتە دەتوانین لەم ڕووەوە بڵێین كە تەواو هەڵە بوون و ئێستاش نازانن چ بڕیارێك بدەن. دواتر دەبێت ئێمە ئەوەمان لە بەرچاو بێت كە سەركردەكان دووچاری دۆخێكی دژوار دەبنەوە كاتێك هەڵەیەك دەكەن، بە تایبەتی ئەگەر سەركردەیەكی دیكتاتۆر بێت، هەروەها نابێت ئەوەمان لە یاد نەبێت كە زەحمەتە ڤلادمیر پوتن بەرگەی دۆڕانێكی قورس و پڕ لە شەرمەزاری بگرێت، لەبەر ئەوە بۆی هەیە شەڕەكە درێژە بكێشێت، كە لە ئەنجامیشدا خەڵك و گەلی ئۆكرانیا باجەكەی دەدەن و نەهامەتییەكەی دەچێژن.
* ئەوەی تا ئێستا بەدی دەكرێت ئەوەیە كە ئۆكرانییەكان بەرگرییەكی بەهێز و بێ وێنە دەكەن، كە ئاشكرایە بەشێكی سەركەوتنی ئۆكرانییەكانیش بۆ بەرهەڵستیكردن و بەرەنگاربوونەوەی هێرشەكانی ڕووسیا، ئەو چەكانەیە كە لە وڵاتانی ڕۆژئاواوە بۆیان دەستەبەر دەكرێت، لە هەمان كاتدا ڕۆژئاوا سزایەكی زۆری بە سەر ڕووسیادا سەپاندووە، ئایا چۆن لە كاریگەری و كارایی ئەم سزایانە دەڕوانن لەسەر ئەو وڵاتە؟
- بە دڵنیاییەوە ئەم ڕێكار و سزایانە كاریگەری و لێكەوتەیان هەبووە لەسەر ئابووریی ڕووسیا، بە چەشنێك ئابووریی ڕووسیا لە ساڵی داهاتوودا دووچاری پاشەكشە دەبێت. لێرەدا دەبێت ئاماژە بە وڵاتی چین بكەین، كە نەك تا ئێستا پشتیوانی و پاڵپشتیی خۆی ڕانەگەیاندووە بۆ ئەم شەڕە، بەڵام لە هەمان كاتدا ئیدانەشی نەكردووە، لە هەمان كاتدا بینیمان كە ڕووسیاش ئامادە نەبوو نەوتی زیاتر هەناردە بكات، لێرەدا مەبەستم ئەوەیە بڵێم كە ئەم سزا و ڕێكارانەی بە سەر ڕووسیادا سەپێندراون، سیستمێكی سزایی تەواو نین، لە بەر ئەوەی سەرجەم وڵاتانی جیهان لەم پرسەدا بەشداری ناكەن، واتە لە دژی دەستدرێژكاریی ڕووسیا، بەڵكو ئەو وڵاتانەی سزایان بە سەر ڕووسیادا سەپاندووە، بریتین لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا و یابان و كۆریای باشوور، كەواتە ڕووسیاش چەندین هاوبەشی هەیە لە جیهاندا و دەتوانێت تا ڕاددەیەك خۆی لە سزاكان بدزێتەوە، دواتر دەبێت ئەو ڕاستییەمان لە بەرچاو بێت كە سزاكان ئامرازی كورتخایەن نین، بەو واتایەی بە خێرایی و دەستبەجێ كاریگەرییان نابێت. هەرچۆنێك بێت، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بە گشتی بڕیاریان دا كە ئەم ڕێگەچارەیە لەگەڵ ڕووسیادا بگرنەبەر، لە بری ئەوەی پەنا بۆ بەرپاكردنی شەڕ ببەن لەگەڵ ڕووسیادا، كە من خۆشحاڵم ئەم كارەیان كرد. لە لایەكی دیكەوە ئێمە دەزانین كە سەرۆك پوتن و كەسە نزیكەكانی لە دەوڵەمەندترین كەسانی جیهانن و كاریگەر نابن بە سزاكان، لە هەمان كاتدا گرنگ نییە بە لایانەوە كە گەلی ڕووسیا چی بە سەر دێت، كەواتە ئەوەی ڕوو دەدات، تراژیدیا و كارەساتە.
* ئێوە ئاماژەتان بەوە كرد كە چین پشتیوانیی ئەم شەڕەی نەكردووە، لە هەمان كاتدا دژیشی نییە، ئایا پێت وایە چین سوودمەندی سەرەكییە لەم شەڕە، لەو ڕوانگەیەوە كە ڕۆژئاوا و بەتایبەتی ئەمریكا بە شەڕەكەوە سەرقاڵ بووە؟
- لە ڕاستیدا ڕەنگە نەتوانین بڵێین چین سوودمەندی سەرەكییە لەم شەڕە و لەم دۆخەی هاتووەتە ئاراوە، لەگەڵ ئەوەشدا چین درێژە بە پەیوەندییە ئابوورییەكانی دەدات لەگەڵ ڕووسیا، لە داهاتووشدا بەردەوام دەبێت لەم پەیوەندییانە و، تا ئێستاش (هەروەك پێشتریش ئاماژەمان پێ كرد) ئیدانەی شەڕەكەی نەكردووە. خۆ ئەگەر چین هاوهەڵوێست بووایە لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان و وڵاتانی ڕۆژئاوا بە گشتی لە سەپاندنی سزاكان بە سەر ڕووسیادا، ئەوا كاریگەریی ئەم سزایانە گەورەتر و زیاتر دەبوو، لە هەمان كاتدا بینیمان كە هەندێ لە وڵاتانی كەنداویش ئیدانەی ئەم شەڕەیان نەكرد، كە كارێكی باش دەبوو ئەگەر ئیدانەكردنێكی جیهانی لە ئارادا بووایە بۆ ئەم بڕیارەی ڕووسیا و بۆ ئەم شەڕەی بەرپای كردووە، ئەویش بۆ ئەوەی ببوایەتە وانەیەك بۆ هەر وڵاتێكی دیكە كە بیر لە داگیركاری و دەستدرێژی بكاتەوە.
* ئایا ئەم شەڕە تا چەند دەبێتە هۆی ئەوەی وڵاتانی ئەوروپا پێداچوونەوە بە پرسە ئەمنییەكان و پرسەكانی پەیوەست بە وزە بكەن، بە دەربڕینێكی دیكە ئایا ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی نەخشەی ئەمنی و وزە لە ئەوروپا بگۆڕێت؟
- سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین كە ئەوروپییەكان بەرژەوەندیی نەتەوەیی خۆیان هەیە، بەڵام دەبینین وڵاتێكی وەك ئەڵمانیا بڕیارێكی هەڵەی دا، كاتێك پێش چەند ساڵێك بڕیاری داخستنی دامەزراوەیەكی ئەتۆمیی دا، ئەویش بە هۆكاری لەبەرچاوگرتنی نیگەرانییە ژینگەییەكان، هەروەها سەرباری هۆشدارییەكان لە بارەی پشتبەستنی زیاد لە پێویست بە وزەی ڕووسیا، ئەڵمانیا ئەم كارەی كرد و بایەخی بەو هۆشدارییانە نەدا، ئەگەر ئێستاش بە یەكجاری دەستبەرداری نەوت و غازی ڕووسیا ببن، ئەوا گەلەكەیان باجەكەی دەدات، چونكە ئەوانیش بەرژەوەندیی نەتەوەیی خۆیان هەیە، كە دەبێت بایەخی پێ بدەن و بەدییان بهێنن، هەروەها ئەگەر شەڕەكە زیاتر بەرەو هەڵكشان بچێت و لە كۆتاییدا ڕووسیا چەكی ناوكی تەكتیكی بەكار بهێنێت، ئەوا هەمووان بە حیسابات و لێكدانەوەكانی خۆیاندا دەچنەوە، بە وڵاتی چینیشەوە.
* تا چەند ئەم شەڕە كاریگەریی نەرێنیی لەسەر پێگەی نێودەوڵەتیی ڕووسیا دەبێت؟
- لە ڕاستیدا وڵاتانی جیهان وردە وردە خۆیان بە دوور دەگرن لە پشتبەستن بە نەوت و غازی ڕووسیا، لەلایەكی دیكەوە ئەو وێنا و تێڕوانینەی هەبوو لە بارەی سوپای ڕووسیاوە زیانی پێكەوتووە، چونكە ئێستا سەربازانی ڕووسیا وەك كۆمەڵێك كەسانی دڵڕەق و بێ بەزەیی و بێ توانا لە ڕووی سەربازییەوە دەردەكەون، كەواتە لە زۆر ڕووەوە پێگە و وێنای ڕووسیا زیانی پێ دەكەوێت.