ڕووسیا دەیەوێت سەربازانی ناو وێستگەی پۆڵای ئازۆڤستاڵ لە ماریوپۆڵ دەستگیربکات

ڕووسیا دەیەوێت سەربازانی ناو وێستگەی پۆڵای ئازۆڤستاڵ لە ماریوپۆڵ دەستگیربکات

 

 

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە هەواڵێدا ڕایگەیاند كە فەرمانڕەوای هەرێمی دۆنێتسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوە كرد كە ڕووسیا ڕێگە نادات سەربازە بریندارەکانی ئۆکرانیا لە وێستگەی پۆڵای ئازۆڤستاڵ لە شاری ماریوپۆڵی باشووری وڵاتەکە بگوازرێنەوە، چونکە دەیەوێت دەستگیرییان بکات.

 

دەنگی ئەمریكا لە درێژەی ئەم هەواڵە  ڕوونی كردەوە كە فەرمانڕەوای هەرێمی دۆنێتسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا پاڤلۆ کیریلینکۆ گوتوویەتی كە ڕووسیا ڕێگەی لە هەوڵەکان گرتووە بۆ کردنەوەی ڕێڕەوێکی مرۆیی لە دۆنێتسک، بەڵام هێزەکانی ئۆکرانیا توانیویانە هێزەکانی ڕووسیا لە سەرانسەری هەرێمەکە دووربخەنەوە.

 

جێی ئاماژەیە سەدان سەرباز و هەندێک لە هاوڵاتیانی مەدەنی لە وێستگەی پۆڵای ئازۆڤستاڵی شاری ماریوپۆڵ خۆیان حەشارداوە. هێزەکانی ڕووسیا بۆردومانی وێستگەکەیان کردووە، ئەمەش دوای ئەوەی چەند مانگێک گەمارۆی شارەکەیاندا، بەڵام سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن وتی پێویست ناکات هێرش بکرێتە سەر وێستگەکە.

 

 

لەلای خۆشیەوە دەزگای هەواڵی تاس لە زاری وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ بڵاویکردەوە پوتن زۆر ڕوون بووە لەسەر ئەوەی کە هاوڵاتیانی مەدەنی دەتوانن وێستگەکە جێبهێڵن، بەڵام بەرگریکارەکان دەبێت چەکەکانیان دابنێن.

 

 

 

 

 

Top