هاوارێك لە دڵی گڕگرتوییەكەوە بۆ پاراستنی شكۆی ئاییندەی نەوەكانی سلێمانی

هاوارێك لە دڵی گڕگرتوییەكەوە بۆ پاراستنی شكۆی ئاییندەی نەوەكانی سلێمانی




شاری سلێمانی جگە لەوەی لانكەی ڕۆشنبیران و تێكۆشەران بووە، هاوكات لە مێژووی كوردستانیشدا مەڵبەندی ھەڵگیرسانی چەندان شۆڕش و ڕاپەڕین بووە. ئەوەی مێژووی سلێمانی لە ناو ڕێڕەوی شۆڕش و بەرخودانی كورددا نەخوێندبێتەوە نازانێت ئەم شارە، یەكێك بووە لەو شارانەی كە خەڵكەكەی وێڕای بیر و باوەڕی جیاواز و بوونی گەلێك پێكهاتەی ئایینی، مەڵبەندی شۆڕش و تێكۆشان بووە و هیچ كات چۆكیان بۆ داگیركەران و دەوڵەتانی دراوسێ دانەداوە، هاوكات پێگەی خەباتی سیاسی زۆرێك لە بزوتنەوە سیاسییەكان بووە. زۆرینەی بیری داهێنەرانە و شاعیرانەش لەم شارەوە چرۆی كردوە و خاوەنی خەرمانێك كەڵە شاعیرە لە نموونەی (نالی، سالم، كوردی، بێكەس، حەمدی، گۆران، كەمالی، بێخود و مەحوی) .
بەداخەوە لە سایەی ئەزموونەكانی حكومڕانی خۆماڵی و دەسەڵاتداری شاری سلێمانی بێناز كراوە، ماوەیەكە لەبەر كۆمەڵێك هۆكار بە دەست كێشمەكێش و پەراوێز بوونەوە دەناڵێنێت، وەك چۆن هاوڵاتی مافی هەیە لە وڵاتەكەیدا، هەر بەو شێوەیەش ئەم شارە جوان و سەنگینە داوای مافی خۆی و ڕۆڵەكانی لە دەسەڵاتدارەكان و حكومەتەكەی ئەكات؟ .سلێمانی، حكومڕانییەكی عادیلانە و ئاسایشی كۆمەڵایەتی و ئاسایشی تەندروستی و كار و بازاڕی ئەوێ، خۆشگوزەرانی ڕۆڵەكانی و ژینگەیەكی پاك و ئاسایشی خۆراكی ئەوێت! سنوورەكانی بپارێزن، دەستی مافیاكانی ببڕن، زەوییەكانی تەخشان مەكەن، سامانە سروشتییەكانی هەڕاج و تاڵان مەكەن، هیچی تری لێتان ناوێ!!
سنووردار و كەنارگیر و هیلاك و بچووكی مەكەنەوە! سلێمانی بەقەد سارا بەرز و بەقەد گۆیژە جوان و بەقەد گڵەزەردە ڕەنگینە! شوناسی ئەم شارە شوناسێكی جیهانییە، شارێكی داهێنەری جیهانییە مەیسوتێنن ! مەیڕەنجێنن ! مەیفەوتێنن ! مەیفرۆشن ! سلێمانی دانسقەیە !!.
ژیان هەمووی دەرس وەرگرتنە، جێێ هیوا و ئومێدی هەموو تاكی میللەتی كوردە كە ڕووداوەكان ببێتە هۆی بیركردنەوە و بە ئەقلانی مامەڵە‌كردن لەگەڵ واقیعی شار و تاكەكانی كۆمەڵگە بكەن هەموو لایەك پێكەوە دابنیشن، پلان دابنێن بۆ ئاییندەی میللەت و ئامادەكردنی ئاییندەیەكی رۆشنتر، عە‌دالەت تر، ئازادتر، هاوبەشتكردنی تاك لە دەسەڵاتی شارو، دابینكردنی گوزەرانی خەڵكی. وەك دەبێژن میللەت پێویستی بە هەموو رۆڵەكانی هەیە.
لە ماوەی رابردوودا و بە ئێستاشەوە بەهۆی نادادپەروەری و گەندەڵی حكومڕانی ئەم شارەوە، تائێستا زۆرینەی هاووڵاتیان لە شار و شارۆچكەكانی خۆیاندا خاوەن بستێك زەوی نین و توانای كڕینی موڵكێكیان نییە، قووتی میللەت لە دەستی كۆمەڵێك سەرمایەداری سیاسییە، كە تەنها كاریان پڕكردنی بانكەكانی ئەوروپایە و بەرزكردنەوەی بینایە لە شارەكاندا كە ئەمەیان ناوناوە گەشەپێدان و بوژاندنەوەی ئابووری. كە تەنها دەسەڵاتدارانی شار سوودمەند بوون لەو بوژاندنەوە ئابوورییە.
ئێستا دەست بردن بۆ قووتی ژیانی تاكەكانی كۆمەڵگە و ئەو پێشمەرگە ئازا و بەجەرگانەی كە هەموو ژیانی خۆیان بەخت كرد لە پێناو ئازادی كوردستان، ئینجا نۆرەی دەست بردنە بۆ مافە شایستەكانیان وبڕین و نەدانی مووچەی مانگانەیان كە لە لای هەموان ئاشكرایە بژێوی ژیانی خێزانەكانی لەسەرە، بێ دەنگی دەسەڵاتی حكومڕانی شار و بە ناو ڕۆشنبیر و خامە بەدەستەكانی شار لە ئاست ئەو زوڵم و زۆردارییەی بەرامبەر مووچەخۆران دەكرێت، ڕۆژانە دەبینین ودەبیستین لە ڕێگای ڕاگەیاندنەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كە چەند ماندوونەناس لە ڕیزەكانی وەرگرتنی مووچە گیان لەدەست دەدەن؟ هەموویان بێدەنگ و لە ئاست ئەو ناهەقیەی بەرامبەری خەڵكی شارەكەیان دەكرێت، چونكە دەزانن دەسەڵاتداری سیاسی ئەم شارە دەستگیریان دەكەن و دەیانخەنە كونجی زیندانەوە، بێدەنگییەكانیان ناخ و ویژدانیان دەسوتێنێت و دەزانن داهاتی سلێمانی چەن زۆرە وڕێژەی %43 داهاتی هەرێمی كوردستانی بەر دەكەوێت. ئەم شارەی پایتەختی ڕۆشنبیری وجوانی كوردستانە بو ئێستا بۆتە گوندێكی بچووك كە كەس خاوەنی نییە.
گەر توانای حكومڕانی و خزمەت كردنتان نییە، ڕێگە بدەن ڕۆڵە نیشتمانپەروەرەكان لە دەروازەی شارەوە خزمەتی ڕیش سپی و گەورە پیاوانی شار و لادێ وگەنج و لاو و فەرمانبەران و پێشمەرگە قارەمانەكان بكەن، هەوڵ و ماندوبون و شەونخونیان بە پاداشتێكی شایستەی خۆیان بدەنەوە. ئەو شارەی سمبولی پێكەوە ژیان و قوربانیدان بوو، ئێستا بۆتە لانكەیەكی وێرانە.

 

 

ته‌رزه‌ حوسێن

كۆمه‌ڵايه‌تي

Top