پەیامەكەی مەسرور بارزانی لە چاتام هاوس جیهانی بەرپرسیار كرد بەرامبەر عێراق
ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی نیسانی 2022 ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆڕبەندی گفتۆگۆی «چاتام هاوس» لە ئینستیۆتی شاهانەی بەریتانیا، پەیامێكی لە بارەی بارودۆخی عێراق ئاراستەی جیهان كرد، كە تیایدا دەستخستنەسەر هەموو برینەكان و دیاریكردنی كێشەكان و دەستتێوەردانەكان و بەربەستەكان، هەموو ئەگەرە مەترسیدارەكانی خستەڕوو، كە ئەگەر بارودۆخی عێراق بەم شێوە بمێنێتەوە. هەر لە نەمانی بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان و كەوتنە ژێر كاریگەریی پارت و سەركردە عێراقییەكان بۆ هێزی دەرەكی و گرفتی پێكنەهاتنی حكومەت و سەرنەگرتن و سەرنەكەوتنی دانوستانەكان و ڕێككەوتنەكان و مەترسی لێیان ئەگەر چاودێری نەكرێن، لەو لاشەوە سەربەخۆنەبوونی دادگای فیدڕاڵی ڕاشكاوانە خستنەڕووی هەبوونی دەست لەپشتی دەركردنی بڕیارەكان و نەمانی نییەتپاكی لە پەیوەندیەكانی نێوان لایەنە عێراقییەكان و متمانە بە یەك نەمان لەگەڵ یەكتر، لە هەمان كاتیشدا نەمانی ئەو نییەتپاكییە لەگەڵ هەرێمی كوردستان، بە هەدەردانی سامانی نیشتمان و نەمانی سەرەوەری و سەربەخۆیی سیاسی بۆ عێراقییەكان و مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش و...هتد. لەگەڵ ئەمەشدا پەیامەكەی هەڵگری ناسنامەی پەیامێكی نیشتمانی و خەمێكی نیشتمانی و ئاماژەكردن بۆ بارودۆخی خراپی هاووڵاتیان و نەمانی یەكسانی و نوقمبوونی وڵات لە گەندەڵی و نادادی. ئەو هەڕەشە و مەترسییانەی ئێستا لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە و، لەو هێرشانەی كە لەم چەند ڕۆژە و بەردەوام لە ڕابردوودا كراونەتە سەر سنوورەكانی هەرێمی كوردستان. هەموو ئەم ئاماژانە بە ڕاشكاوی لە پەیامەكانیدا خستنیەڕوو، لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژە بۆ میكانیزم و چارەسەر و هۆكاری هەریەكە لەم كێشانە درا. ئەوەی بە گوێی جیهاندا دا، ئەگەر هاوكار نەبن بۆ ئەوەی عێراق لەم نوقمبوونە دەرباز بكەن، نەك بەربەست دەبێت لە بەردەم هەموو گەشەسەندنەكان، بەڵكو بە مەترسی باسی كرد بۆ سەقامگیریی سیاسی و ئابووریی هەموو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مەترسیی ئاسایشی ناوچەكە. بابەتێكی تر كە زۆر جەختی لێ كردەوە، مەسەلەی قەیرانی متمانە و نەمانی متمانە بە یەكی لایەن و پێكهاتە عێراقییەكانە بە یەكتر، كە هۆكاری سەرەكیی ڕێكنەكەوتن و لێكتێگەیشتنەكانیانە. ئەم پەیامە بانگی هەموو لایەنە عێراقییەكان و جیهانیشی كرد، كە ئەوەی دەتوانێت هاوكاریمان بكات بۆ ئەوەی لەم بنبەستە سیاسی و بۆشاییە سیاسی و ئیدارییەی وڵاتێكی پڕ مەترسی بۆ سەر جیهان و ناوچەكە با هاوكار بێت. جۆرە ئاماژەیەك بوو بۆ لە لێواربوونی هەڵدێرانی عێراق لەم ساتەوەختەدا، لەگەڵ دەرخستنی ئامادەیی و نییەتی پاكی خۆی و كوردستان بۆ بەهاناهاتنی ئەم گرفت و قەیرانانەی بەرۆكی وڵاتی گرتووە. بۆیە دەتوانین بە پەیامێكی نیشتمانی و خەمێكی نیشتمانی و داوا بۆ هاوكاری و بەهاناواهاتنی جیهان بۆ عێراق وەسفی بكەین، بۆ وەستاندنی ئەم نەهامەتییانە و گەڕانەوەی سەربەخۆیی سیاسی بۆ عێراقییەكان و ئومێد بۆ هاووڵاتیانی عێراق و بۆ تەواوی پێكهاتەكانی. دەتوانین بڵێین: بە كورتی و پوختی لە یەك كاتدا بە جیهانی وت ئەوە عێراقە، چارەسەری بكەین هەموومان لە مەترسی دوور دەكەوینەوە، ئاوا بمێنێتەوە و بەجێی بهێڵین بەم شێوەیە، ئەوە ئەو ئایندەیە چاوەڕوانمان دەكات كە هەموومان لێی دەترسین و هەمووشمان لێی بەرپرسیارین.