مەلا عەبدولفەتاح مەلا تاهیر سرێشمەیی شارەزا لە شەریعەت و فیقهی ئیسلامی بۆ گوڵان: بارزانی دڵسۆزی گەلەكەیەتی بۆیە هەموو تیرەكانی دوژمن ئاراستەی ئەون

مەلا عەبدولفەتاح مەلا تاهیر سرێشمەیی  شارەزا لە شەریعەت و فیقهی ئیسلامی بۆ گوڵان:     بارزانی دڵسۆزی گەلەكەیەتی بۆیە هەموو تیرەكانی دوژمن ئاراستەی ئەون

مەلا عەبدولفەتاح سێرشمەیی یەكێكە لەو زانایانەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، كە تەمەنێكی زۆری بۆ ئایین و نەتەوەكەی تەرخان كردووە. لەم دیدارەدا گۆڤاری گوڵان چەند پرسیارێكی ئاراستە كرد، سەبارەت بە تێڕوانینیان بۆ بیری نەتەوەیی و سەربەخۆیی كوردستان و ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە خزمەتكردنی خاك و نیشتمان.

 

 

* سەرەتا با لەو باسە مێژووییەوە دەست پێ بكەین كە بیری سەربەخۆیی و ڕزگاری لە فكری مەلا و زانایانی ئیسلامیی كوردستان فكرێكی بەرز و پیرۆز بووە، ئایا وەكو زانایەكی ئایینی پیرۆزی ئیسلام چۆن دەڕوانیتە سەربەخۆیی كوردستان‌؟

- كاتێك باس لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستان دەكرێت، ڕاستەوخۆ دەبێت بگەڕێینەوە بۆ میژووی پڕسەروەریی بارزانی و زانایانی ئیسلامیی كوردستان، بیری سەربەخۆیی و ڕزگاری لە زوڵم و چەوسانەوە هەمووی لە مزگەوت و تەكیە و خانەقاكانەوە سەرچاوەی گرتبوو، منیش وەكو مامۆستایەكی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و، وەكو هەموو كوردێكی نیشتمانپەروەر و دڵسۆز، هەمیشە خەونم بە سەربەخۆییەوە بینیوە و ئومێدم وابووە ڕۆژێك دێت و دەوڵەتی كوردستان بەچاوی خۆم دەیبینم. وەكو زانایەكی ئایینی ئیسلام بەشداری شۆڕشی ئەیلوول بووم و بەردەوام ڕۆڵم لە فێركردنی گەنجەكاندا هەبوو، بەوەی بەرامبەر خاك و گەلەكەیان دڵسۆز و لێبووردە بن و، تۆوی نیشتمانپەروەری و خزمەتكردنی گەلەكەمانم لە ناخی گەنجەكاندا چاندووە، مێژوو شاهێدە كە مزگەوت و تەكیە و خانەقاكانی كوردستان جێگەی پێشمەرگە و پەروەردەكردنی سەركردەكانی كورد بووە، من وا لە كۆتایی هەشتاكانی تەمەندام، ئێستاشی لەگەڵدا بێت خەون بەوەوە دەبینم پێش ئەوەی بگەڕێمەووە لای پەروەردگار، دەوڵەتی كوردستان ببینم.

 * ئاشكرایە هەموو ئەو دەوڵەتانەی كە دژی سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستانن، دەوڵەتانی بەناو «ئیسلامین» و كوردستانیش بە سەر چوار دەوڵەتی بەناو «ئیسلامی» دابەش كراوە، ئایا سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستان دژی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە؟

- خودای گەورە و میهرەبان بە ڕوونی لە قورئانی پیرۆزدا پێمان دەڵێت: (يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ ذَكَرٍ وَأُنْثَى وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ)، پێغەمبەرمان (دروودی خوای لەسەر بێت) دەفەرموێت: (تعلموا من أنسابكم ما تصلون به أرحامكم; فإن صلة الرحم محبة في الأهل)، چەندین ئایەتی قورئانی پیرۆز و فەموودەی پێغەمبەرمان (درودی خوای لەسەر بێت) هەیە و، هانمان دەدات بۆ دڵسۆزی و خۆشەویستیی نیشتمان و نەتەوە، خودای گەورە و میهرەبان بە زمانی كوردی خەڵقی كردووین، كاتێ پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) لە مەككە وەدەرنرا و لە ئەشكەوتەكە خۆی حەشار دا، ڕووی لە مەككە كرد و فەرموی: (أنت أحب بلاد الله إلی الله، وأنت أحب بلاد الله الى، ولولا ان المشركین أخرجوني لم أخرج منك)، هەموو ئەم ئایەتە پیرۆز و فەرموودانە دەیسەلمێنن كە دەبێت موسڵمانان خاك و نیشتمانی خۆیان خۆش بوێت و، ئایینی پیرۆزی ئیسلام ئەو مافەی داوە بە هەموو نەتەوەكان كە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان هەبێت. من لە كتێبی سەفەری ژیان باسی مێژووی بەسەرهاتی خۆم و نەتەوەكەمم كردووە، ئەو هەموو دەربەدەری و چەوسانەوە و قاتوقڕییەی بینیوە و هەمووی بەڵگەیە بەوەی هەر نەتەوەیەك خاك و نیشتمانی نەبێت، زوڵمێكی گەورەی لێ كراوە و، زیان بە ئایینەكەشی گەیەندراوە. خۆ ئەگەر لاپەڕەكانی مێژووی ئیسلام هەڵبدەینەوە، دەبینین بە دەیان زانا و بیرمەندی موسڵمانی كورد و سەركردەی گەورەی موسڵمانان خزمەتیان بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام گەیاندووە، كەچی تازە دێن و دەیانەوێت وا لە گەلەكانی خۆیان بگەیەنن كە دینداریی كورد لاوازە و تۆمەتی جۆراوجۆری دەخەنە پاڵ، هەموو وڵاتە عەرەبییەكان و توركیا و ئێران و وڵاتانی دیكەی ئیسلام ئایینەكەیان كردووەتە وەسیلەیەك بۆ گەیشتن بە ئامانج و مەرامی خۆیان و بەكاریشی دەهێنن دژی نەتەوە مەزڵوومەكانی دیكەی وەكو كورد، لەژێر پەردەی بەناو ئاییندا كورد دەچەوسێتەوە و مافەكانی پێشێل دەكرێت و لە هەموو لایەكەوە پیلان و مەرام لە دژی بەكار دەهێنن.

 * لەگەڵ ئەوەی زۆرینەی خەڵكی كوردستان موسڵمانن، بەڵام كوردستان فرەییەكی گەورەی ئایینی هەیە، لە ناو ئەم فرەییەشدا ئاشتی و پێكەوە ژیان و لێبووردەیی هەیە، ئەمەش بووەتە نموونەیەكی زۆر جوان بۆ پێكەوە ژیان و لێبووردەیی، ئەم دیاردە جوانەش بەرهەمی بیركردنەوە و فەتوای زانایانی ئیسلامی كوردستانە، سەبارەت بە پێكەوە ژیانی و ئاشتەوایی نێوان ئایینە جیاوازەكانی كوردستان ڕاتان چییە؟

-خوای گەورە و میهرەبان لەسەر پرسی پێگەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان ئایینە جیاوازەكان پێمان دەڵێت: (لكم دینكم ولي دین)، بەو واتایەی هەموو كەس ئازادە چ ئایینێكی هەیە. ئەگەر باسی دەڤەری سۆران بكەین وەكو نموونەیەكی بچووككراوی هەموو كوردستان، لێرە موسڵمان و مەسیحی و لە سەردەمانێكدا جووشمان لە شاری ڕەواندز هەبووە، من خۆم برادەری جووم هەبووە و هاتوچۆمان لەگەڵی هەبووە، لە هەمان كاتدا لە هاودیان برادەرێكی مەسیحیشم هەبوو. خۆی لە خۆیدا موسڵمانبوون و ئایینی پیرۆزی ئیسلام بۆ خزمەتكردن و ڕێزگرتن لە مرۆڤایەتی دروست بووە، سوپاس بۆ خودای گەورە و میهرەبان وێڕای ئەو هەموو فشارە توانیومانە كولتووری جوانی كوردستان بپارێزین و، ڕێگەشمان بە هیچ فكر و بیروباوەڕێكی توندوتیژی نەداوە، لەمەشدا مامۆستا و زانایانی ئیسلامیی پیرۆز ڕۆڵێكی زۆر گەورە و گرنگیان گێڕاوە، بەوەی ڕێز لە ئایین و ئایینزاكان و نەتەوە جیاجیاكان بگیرێت.

 * لە شۆڕشی ئەیلوولدا كە جەنابی مەلا مستەفا بارزانی ڕێبەرایەتیی دەكرد، یەكێك لە دەستكەوتەكانی ئەو شۆڕشە دامەزراندنی «مەكتەبی تەنفیزیی یەكێتیی زانایانی ئیسلامیی كوردستان»بوو، دامەزراندنی ئەم ڕێكخراوە ئایینیە گرنگە لە دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان وەك ڕێكخراوێكی ئایینی پیرۆز، ئایا ئەمە مانای ئەوە نییە مەلا مستەفا بارزانی نەیویستووە زانایانی ئایینی تیكەڵاوی سیاسەتی حزبە سیاسییەكان ببن؟

- مەلا مستەفا بارزانی ڕێزێكی زۆر گەورەی بۆ مامۆستایان و زانایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام هەبوو، ئەو لە ناو ڕێكخراوێكدا كۆی كردنەوە و دەیوست لە خزمەتی ئایین و نەتەوەكەیاندا بن و، ڕۆڵیان هەبێت لە پێشخستنی بواری كۆمەڵایەتی و ڕێگەگرتن بەوەی ئایین لە دژی بیری نەتەوەیی بەكار بهێنرێت، خزمەتكردنی مەلا و مامۆستای ئایینی بۆ نیشتمان و گەلەكەی لە ڕیزبەندی پێشەوەی كارەكانی مەلا مستەفا بارزانی بوو. من لە ساڵی 1963 بەرپرسی ڕێكخراوی سرێشمە بووم، كە ئەو كات سۆران نەبوو، تەنیا سرێشمە هەبوو، دواتر كاتێك بوومە مەلا هەموو كاتی خۆمم بۆ خزمەتی ئایین و لەو ڕێگەیەشەوە بۆ بڵاوكردنەوەی بیری ڕزگاری و سەربەخۆیی گەلەكەم تەرخان كرد. لەو زەمەنەدا حزبایەتی بەو جۆرەی ئێستا نەبوو، هەموو لە ژێر چەتری مەلا مستەفا بارزانی خەبات و شۆڕشیان دەكرد، بیرم دێت كە ئەو كات من و شێخ محەمەد جارێكیان لە سەفەر بووین، كەسێكمان بینی لە گوندێك لە هەواڵمان پرسی، گوتی: بارزانی منی حەبس كردووە، چونكە وەكو ئەو نەمتوانیوە خزمەت بكەم و بە بارزانیم وتووە: «من ناتوانم وەكو تۆ دۆشەكەم بەرد بێت و لێفم ئاسمان بێت.» ئەو سەردەمە بارزانی بەو شێوەیە ڕابەرایەتیی میللەتی خۆی دەكرد، هەر لەم ڕوانگەیەوە بارزانی هەرگیز ڕێگای نەدەدا مەلا و مامۆستای ئایینی پاشكۆی حزبە سیاسییەكان بن.

 * مەلا مستەفا بارزانی پەیوەندییەكی زۆر نزیكی لەگەڵ كۆی زانایانی ئیسلامیی كوردستان هەبووە، هەر ئەمەش وای كردبوو كە زانایانی ئیسلامی لە كوردستان مەلا مستەفا بارزانی-یان وەك سەرۆكی فەخریی یەكێتیی زانایانی ئیسلامیی كوردستان دانابوو، ئایا چۆن ئەم مامەڵە بەرزەی مەلا مستەفا بارزانی لەگەڵ زانایانی ئیسلامی، بۆ ئیستا سوودی لێ وەربگرین؟

- بارزانی باش دەیزانی هەرچی ئەو وڵاتانەی سەربەخۆییان بەدەست هێناوە و نەتەوەكانیان فراوان و گەشەیان كردووە، ئایینی پیرۆزی ئیسلامیان بەكار هێناوە بۆ خزمەتی وڵات و میللەتەكەیان، لێرە كەسانێك هەیە ئایین بەكار دەهێنێت بۆ دژایەتی كوردایەتی و فكری نامۆ و توندوتیژی دەهێننە ناو نەتەوەكەمان و، زیانیان بە نەتەوە و خودی ئایینەكەشیان گەیاندووە، ئێمە دوو جۆر سەلەفیی جیهادی و میانڕەومان هەیە، حزبمان هەیە سیاسییە و لە هەمان كاتیشدا ئیسلامییە، ئەمە هەڵەیەكی گەورەیە و زیان بە ئایینەكە و سیاسەتیش دەگەیەنێت، ناكرێت حزب لە ناو چوارچێوەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا بێت و كار بۆ بەدەستهێنانی كورسی و گەیشتن بە دەسەڵات و پۆست بكات، تێكەڵكردنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بە حزبایەتی گەیشتووەتە ڕاددەیەك كە بە ناوی پیرۆزی ئیسلامەوە و لەژێر پەردەی دەیان مەزهەب و بیروبۆچوونی جیاوازدا حزبە ئیسلامییەكانیش دژایەتیی یەكتر دەكەن، ئەمە كەی لەناو ئیسلامەتیدا جێگای دەبێتەوە؟ بارزانی «مەكتەبی تەنفیزیی یەكێتیی زانایانی ئیسلامیی كوردستان‌»ی دامەزراند، بۆ ئەوەی لە ژێر چەتری ئەم مەكتەبەدا بەرزی و پیرۆزیی مەلا و مامۆستای ئایینی بپارێزێت.

 * سەرۆك مسعود بارزانی هەموو خەباتی خۆی تەرخان كردووە بۆ سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان، لە بۆنەیەكدا گوتبووی «هەر مامۆستایەكی ئایینی كوردستان بڕوای بە سەربەخۆیی كوردستان هەبێت، من دەبمە پێشمەرگەی ئەو مامۆستا بەڕێزە و بە ڕابەری خۆمی دەزانم»، لەسەر ئەم وتەیەی سەرۆك مسعود بارزانی چی دەڵێیت؟

- كاك مسعود بارزانی سەركردەیەكی نەتەوەیی و كوردستانپەروەرێكی گەورەیە و، هەرگیز كەسایەتی وا لە ناو كورددا دروست نابێتەوە و بەدیلی نییە، هەموو تەمەنی بۆ خزمەتی كورد و كوردستان تەرخان كردووە و، كەسایەتییەكی زۆر دڵسۆزە بۆ نەتەوەكەی، ڕووبەڕووی داعش و دوژمنەكانی كورد بووەتەوە و، لە پێناو سەربەخۆیی لە ڕیفراندۆمدا خۆی خستە مەترسییەوە و، وێڕای ئاستەنگەكان بەردەوام بوو. لێرەدا وتەیەكی ئیمام عەلی دەهێنمەوە كاتێك پێی دەڵێن: (لە ناو ئەم هەموو ناڕاستی و پشێوی و فیتنەیەدا چۆن ئەهلی ڕاستگۆیی بناسینەوە؟ ئەویش پێیان دەڵێت دوای ئاراستەی تیری دوژمن بكەون، دەزانن ئەهلی ڕاستی لە كوێیە)، لەمەدا ئیمام عەلی پێیان دەڵێت: زۆربەی تیرەكانی دوژمن ئاراستەی ئەو سەركردەیە دەكرێت كە ڕاستگۆیە و بۆ میللەتەكەی هەوڵ دەدات، دەبێت ئێوە دوای ئەو بكەون. من بۆم ڕوون بووەتەوە كە تیرەكانی دوژمنەكانی ئەم میللەتە هەمووی ڕووی لە كاك مەسعود بارزانی-یە، ئەمە لەبەر ئەوەیە بۆ مافی ئەم نەتەوەیە هەوڵ دەدات، سەبارەت بەوەی بارزانی كە خزمەتی مامۆستای ئایینی زۆر كردووە، بۆ ئەوەیە كە ئایینی پیرۆزی ئیسلام وەكو ڕەسەنایەتی و ڕێچكە ئاساییەكەی خۆی بۆ خزمەتی بووژاندنەوەی بیری نەتەوەیی و فكری سەربەخۆیی بەكار بهێنرێت، چ لە ڕووی ڕێكخستنی بواری كۆمەڵایەتی و چاندنی تۆوی ئاشتی و پێكەوەژیان و چاكە بێت، چ لە ڕووی مافی ئەم نەتەوەیە بێت بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی و ئازادی، كە هەرگیز دژی ئاراستەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام نییە.

 

Top