ده‌سكی ته‌وره‌كان له‌خۆمانه‌!

ده‌سكی ته‌وره‌كان له‌خۆمانه‌!

چه‌ند جوان ده‌بوو كه‌ هه‌ركات ناوی (كورد و كوردستان) له‌گه‌ڵ حزبه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بهاتایه‌، ڕاسته‌وخۆ هه‌ستی كورد بوون و نه‌ته‌وه‌یی بوونی هه‌موویان وه‌ك یه‌ك و به‌یه‌ك ئاراسته‌ له‌ هزری میلله‌تدا ڕه‌نگی بدایه‌ته‌وه‌، هه‌موان وه‌ك یه‌ك وه‌فادار بوونایه‌ بۆ ناوی كوردستان.
نه‌ك له‌ ژێر ناوی كوردستاندا یه‌كێك خه‌ریكی په‌رتكردنی خودی كوردستان و بره‌ودان به‌ ناوچه‌گه‌ری بێت و ئه‌ویتر ستراتیژی ببێت به‌ به‌هه‌رێمكردنی شارێك، فڵانه‌ دانه‌یشیان شه‌ونخونی بكات بۆ كاركردن له‌ پێناو له‌باربردنی مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی خودی كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌یدا.
هه‌ندێ سیاسی و ڕوناكبیری سێبه‌ری ئه‌و حیزبانه‌یش كاریان ببێت به‌ لێدان له‌ حكومه‌تی هه‌رێم و قه‌واره‌كه‌ی و ده‌ستكه‌وت و سه‌ركه‌وتنه‌كانی، دڵیان به‌ كه‌موكورتییه‌كانی خۆش بێت ته‌نها له‌ پێناو ڕازیكردن و ئافه‌رینێكی دوژمنان ونه‌یارانی كورد.
ئاخر حیزبێك ناوی كوردستانی هه‌ڵگرتبێت چۆن ده‌بێ ڕازیبێت به‌ سوكایه‌تیكردن به‌ سروودی نیشتمانی و په‌ره‌دان به‌ ناته‌بایی و جوانكردنی هه‌ڕاجكردنی خاك؟ به‌كام پێوه‌ر ده‌بێ حیزبی كوردستانی كه‌ فه‌رمانڕه‌وای لایه‌كی كوردساتن و شه‌ریكی لایه‌كه‌ی تریشی بێت كه‌چی له‌ دژی به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمان بێت و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیی لا گرنگتر بێ؟

له‌م ساڵانه‌ی ڕابووردوودا هه‌ر كاتێك هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتبێته‌ ئاستی وه‌ده‌ستهێنانی مافێكی خۆی یان ده‌ستكه‌وتێكی نیشتمانی، ئیتر به‌چه‌ندین شێوه‌ ده‌ستی ناحه‌زی بۆ دروستكراوه‌ و دراوه‌ به‌گژیا، جا خراپترینیان ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی دنه‌ ده‌درێن، به‌زانین یان نه‌زانین ده‌بنه‌ پێشڕه‌وی دوژمنی ده‌ره‌كی و خزمه‌تكردنی ئامانجه‌كانی دوژمن بۆ خستنی هه‌رێمه‌كه‌ و ته‌نگ پێ هه‌ڵچنینی، ئه‌م خزمه‌ت به‌دوژمن كردنه‌ وایكردووه‌ زۆر جار دوژمن زۆر ئاسووده‌ و ئه‌رخه‌یان بێت و هه‌ركاتیش ویستی بێ هیلاك بوون بگاته‌ خاك و ئاومان و په‌لاماری ڕه‌مز و ئاڵامان بدات و ناومان بزڕێنێت، چونكه‌ چاو ڕاست و ده‌لیله‌كه‌یان له‌ ناو خودی خۆماندایه‌!

ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ میدیایی و سۆشیالمیدیایه‌ی ئێستا هه‌یه‌ له‌ دژی حكومه‌ت و هه‌وڵه‌كانی، به‌شێكن له‌ كاری ئه‌و حیزبه‌ سه‌یر و سه‌مه‌رانه‌، ئاخر نابێ هه‌روا ڕوكه‌شانه‌ له‌و هه‌مووه‌ وروژاندن و هه‌ڵایه‌ بڕوانین كه‌ ڕۆژانه‌ ساز ده‌كرێن، ئه‌وه‌تا ده‌یانه‌وێ هه‌ر ڕۆژه‌ و به‌ بابه‌تێك سه‌رقاڵمان بكه‌ن و چاوه‌ڕوانیشن هه‌موومان بڕوایان پێ بكه‌ین!

ئه‌وه‌ی ئێستا كراوه‌ به‌ بابه‌ت و خه‌ڵك و شه‌قامی پێوه‌ سه‌رقاڵكراوه‌ گوایه‌ دڵسۆزی ئاڵاو ڕه‌مزه‌كانن و داخی بۆ ده‌ڕێژن، دیسان بۆ په‌رده‌پۆشكردن و له‌ بیر بردنه‌وه‌ی نه‌نگییه‌كی تری حیزبه‌ شلۆقه‌كانه‌، ئاخر خه‌ڵك بیریان لای تاڵانكردنی بانكه‌كانی سلێمانییه‌ وده‌زانن كه‌ له‌ ده‌رگایه‌كه‌وه‌ داهات و پاره‌ دێت و له‌وی تریانه‌وه‌ ده‌برێت، هه‌ر ڕاگه‌یاندنه‌كانی خۆیان ده‌ڵێن ئه‌م پاره‌یه‌ ده‌برێت له‌به‌غدا كه‌مپینی سیاسی پێ ده‌كرێ بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنا دۆڕاندویانه‌!

به‌شێكی تری ئه‌م سه‌رقاڵكردنه‌ی خه‌ڵك بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌س بیری نه‌مێنێ بپرسێ كوا ده‌رمانی ناو نه‌خۆشخانه‌كان؟ ئه‌ی ئێوه‌ نه‌تان ده‌وت ئه‌گه‌ر خۆمان ده‌سه‌ڵاتی كڕینی ده‌رمانمان هه‌بێ ئیتر نه‌خۆشخانه‌كانی سلێمانی ده‌بنه‌ پێنج ئه‌ستێره‌؟ ئێ خۆ ئه‌وه‌تا ده‌سه‌ڵاتی كڕینی ده‌رمان دراوه‌ به‌ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و داهاتی شاریشی له‌به‌رده‌سته‌، ئه‌ی بۆ ده‌رمان نییه‌؟

ده‌تانه‌وێ به‌م هه‌ڵاو هه‌رایه‌ی سۆشیال میدیا بیر و هزرمان لاده‌دن له‌سه‌ر كه‌ڵه‌كه‌ بوونی خاشاكی گه‌ڕه‌كه‌كان؟ یان بۆ ئه‌وه‌یه‌ شه‌قام و كۆڵانه‌ وێران و قیرتاونه‌كراوه‌كانی سه‌نته‌ری شار و شارۆچكه‌كان نه‌بینین؟

ئێستا هه‌مووتان به‌یه‌ك ئاواز بوونه‌ته‌ خه‌مخۆری ئاڵا و پێتان ناخۆشه‌ له‌ پرۆتۆكۆڵ هه‌ڵنه‌كراوه‌، ئه‌مه‌ باشه‌ به‌ڵام له‌ بیرمان ناچێت هه‌مووتان به‌یه‌ك ئاواز دژایه‌تی هه‌وڵی سه‌رخۆبوون و ڕیفراندۆمتان كرد كه‌ هه‌وڵی هه‌ڵكردنی هه‌مان ئاڵاتان ده‌كرد له‌ ڕیزی ئاڵای وڵاتانی جیهان!
ئه‌وه‌ش له‌ بیری خه‌ڵك تۆماره‌ و ناسڕێته‌وه‌ كه‌ ئێوه‌ هه‌ر ڕۆژه‌ و ناوێك له‌ ئاڵای ڕه‌مزی نیشتمان ده‌نێن، جارێك ناوی ده‌نێن پارچه‌ په‌ڕۆی بێ ئه‌رزش و جارێك پێی ده‌ڵێن هی فڵان حیزبه‌ و زۆر جاریش به‌شه‌رمه‌وه‌ ده‌ڵێن هی ڕیفراندۆمچییه‌كانه‌!

بۆیه‌ سه‌رپه‌رشتیارانی ئه‌م هه‌ڵایه‌ی ئێستا كه‌ سه‌ركه‌وتن و ده‌ستكه‌وت و پێگه‌ی دیبلۆماسی هه‌رێم نابینن و ده‌یشیانه‌وێت كه‌سی تر نه‌یبینێت، هیچیان پێ نابڕێت جگه‌ له‌ ته‌ریقبوونه‌وه‌ و خۆخواردنه‌وه‌، ئاخر سه‌ركه‌وتنی هه‌ر هه‌نگاوێك به‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی ده‌پێورێ نه‌ك به‌وه‌ی له‌ باره‌یه‌وه‌ نه‌یار ده‌یڵێت و نه‌زانی ناوخۆییش بۆی ده‌ڕازێنێته‌وه‌.

له‌ ئێستاوه‌ خۆتان بۆ هه‌ڵایه‌كی تر و گه‌رمكردنی تۆڕه‌كان حازركه‌ن، چونكه‌ حكومه‌ت و ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌خاوه‌نی ده‌زانن بڕیاریانداوه‌ به‌كردار بیسه‌لمێنن پێگه‌ی هه‌رێم و حوكمڕانییه‌كه‌ی چه‌نده‌ و هاكا به‌ سه‌ركه‌وتنێكی تر و له‌ وێستگه‌یه‌كی تردا تووشی شۆكی كردنه‌وه‌، خۆتان سازده‌ن بۆ كه‌مپینێكی تری دژایه‌تی چونكه‌ هه‌ر ئه‌وه‌تان لێ ڕاده‌بینرێت، ڕه‌حمه‌ت له‌ پیره‌مێردی نه‌مر كه‌ فه‌رمویه‌تی:
"ئـێمه‌ هه‌ر بـۆیه‌ مـاڵمان وێـرانه‌
كلكی ته‌وره‌كه‌ لقی خۆمانه‌!

 

نووسینی// شێنه‌ فه‌همی

 

Top