وەبەرهێنانی سەوز لە پێناو ئابوورییەكی بەهێز و فرەجۆردا
ئاشكرایە كە گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا ســــــەرتــــــــاسەری جیهـــــــانی گـــــــــرتووەتــەوەو، ئاسەوارەكانیشی وەك دەركەوتوون جۆراوجۆرن، هەر لە دیاردەی كەمبارانی لە لایەك و لافاو لە لایەكی دیكە و، دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی و دیاردەی بەبیابانبوون و بەرزبوونەوەی گەرمیی گۆی زەوی و فشار خستنە سەر دەرامەتە سرووشتییەكان و دیاردەی پەنابەری ژینگەیی و پیسبوونی هەوا و.. هتد .
جا لەبەر ئەوەی نشینگەی تەواوی مرۆڤەكان تەنیا یەك ژینگەیە و تائێستاش هەر ئەم گۆی زەوییەیە، مەترسییەكانیش كە هەن، مەترسیی هاوبەشن و بۆ هەمووانن، بۆیە بۆ بەڕەنگاربوونەوەی ئەو مەترسییانە، كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەموومانی پابەند كردووە بۆ برەودان بە ژینگە ڕۆشنبیری و كەمكردنەوەی مەترسییە ژینگەییەكان و هاندانی وەزارەت و دەستە جێبەجێكارەكان بۆ دووبارە داڕشتنەوەی سیاسەتی ژینگەیی بە ئاراستەی دەستگرتن بە سەرچاوەكانی وزە و كەمكردنەوەی بەفیڕۆدان و، پاراستنی ئاسایشی ئاو و، بوونی سیستمێكی نوێ بۆ ئاوەڕۆكان، بوونی میكانیزمێكی بێ زیان بۆ ڕزگاربوون لە پاشماوە و پاشەڕۆكان، زیادكردنی ڕووبەری سەوزایی، پاراستنی زیندە جۆرەكان، هەڵگرتنەوەی مینی چێنراو و.. هتد.
هەروەها كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان توانی هەرێمەكەمان بخاتە سەر نەخشەی هەوڵە جیهانییەكان بۆ بەڕەنگاربوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا، كاتێك ڕەزامەندیی نیشان دا، لەسەر كردنەوەی بەشی گۆڕانكاریی كەشوهەوا لە دەستەی ژینگە وەك بەدەمەوەچوونێك بۆ ئەو بایەخپێدانە جیهانییەی كە هەیە بۆ پرسی گۆڕانی كەشوهەوا، لە ڕێگەی یارمەتیدانی دەستەی ژینگە بۆ هەماهەنگیی لەگەڵ ناوەندە سەرەكییەكانی تایبەت بەم پرسە گرنگە.
لەلایەكی دیكەشەوە بەشداربوونی ڕێزدار (سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و نوێنەرانی هەرێمی كوردستان) لە كۆبوونەوە فراوانەكانی ناوچەكە و جیهان لە بارەی پرسی وزە نوێبووەكان و گۆڕانكارییەكانی كەشوهەواوە، وەڵامدانەوە و بەدەمەوەچوونن بۆ ئەو هەنگاوانەی كە ئەمڕۆ زۆرێك لە وڵاتانی پێشكەوتووی جیهان دەینێن بەرەو ئابوورییەكی سەوزی بەردەوام و، وەبەرهێنان لە بواری ژینگەدا، وەك خۆئامادەكردنێك بۆ ئایندەیەك كە زۆر شتی تێدا دەگۆڕێت لە بواری بەرهەمهێنانی وزە و پاراستنیدا، كاتێك وزە و جۆرەكانی دەبنە پارێزەری ڕاستەقینە بۆ پاراستنی وڵاتان و هەرێمەكان.
بۆیە ئەمڕۆ پێویستە هەموومان ئاوڕێكی ژینگەییانە لە جۆرەكانی وەبەرهێنانی سەوز بدەینەوە، وەك جێبەجێكردنی پابەندییەكانی نێو بەڵگەنامەی پشكدارییە نیشتمانییەكان و بەجێهێنانی ژمارەیەك لە ئامانجەكانی گەشەپێدانی بەردەوام و پاڵپشتیكردنی كەرتە زیانلێكەوتووەكان بە هۆی گۆڕانی كەشوهەوا، كە هەندێك لە ئاسەوارەكانی لە عێراق و هەرێمی كوردستانیشدا دەركەوتوون.
هەروەها بۆ داواكردن لە دەستە و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان بۆ پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی تەكنۆلۆژیای هاوڕێی ژینگە و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی پێشكەوتوو لە بواری وەبەرهێنانی ژینگەییدا، بەو پڕۆژانەی كە دەبنە مایەی كەمكردنەوەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا، یان خۆگونجاندن لەگەڵ ئاسەوارەكانیدا، لە ڕێگەی پڕۆژە هاوبەشەكانی نێوان كەرتی گشتی و تایبەت و ئاژانسە پەیوەندیدارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و دۆستانمان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وەبەرهێنەران و بەڵێندەران و ڕێكخراوە ژینگەییە خۆماڵی و نێودەوڵەتییەكانەوە، لە پێناوی بەرجەستەكردنی ئەو دروشمەی كە لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە و دەڵێت: «ژینگەی كوردستان گەورەترین سەرمایەی هەرێمە».