نامەیەکی کراوە بۆ حزبە تووڕەکان "دەیانەوێت پارتی بڕوخێنن، یان هەرێم لەناو ببەن؟"

نامەیەکی کراوە بۆ حزبە تووڕەکان

 

 

نامەوێت پێشەکی بۆ ئەم باسە بنووسم، بۆ ئەوەی وەکو زۆر گوتاری دیکە مەبەست و مەسەلە سەرەکییەکەمان لەبیر نەچێتەوە، یان لەبەر پێشگوتنێکی بێ ئامانج، گوتارە ئامانجدارەکەمان لێ نەئاڵۆزێت. تەنیا ئەوە نەبێت "توڕەیی وەکو زاراوەیەکی زمان بریتییە لەدەمارگیریی و هەڵچوون و گرژیی و کوڵان لەناخەوە ئەمەش کاردانەوەیەکی دەروونی سروشتییە، کە مرۆڤ هەستی بەماندووبوون و دڵەڕاوکێ و تووڕەبوون و گیرانی سەردوڵ و بەدی نەهاتنی خواستەکانی کرد، تووشی تووڕەبوون دێت".

مرۆڤ ووکو تاک توڕەش بێت ڕەفتارەکانی خودی دەبێت، بەڵام ئەگەر حزبێک، یان گروپ و دەستە و نەتەوە و نەژادێک و ڕەگەزێک.. تاد تووڕە بوون، مەسەلەکە دەگاتە مریشکە ڕەشە و ڕەوشەکە شێوە و ئامانجێکی دیکە دەبێت، کە کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگا بەگشتی دەبێت.  

بەڕێزان لەلایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان، یان لایەنە بەڕێزە تووڕەکان. دەزانم ئێوە خۆتان توڕە کردووە، یان دەماریان گرتوون و ئەگەر هەمووشتان نەزانن ڕەنگە هەندێکتان بزانن تووڕەییەکەتان پەیوەندیی بەچەند شتێکەوە هەیە، بەکورتی:

یەکەم: ئێوە لەهەڵبژاردنەکانی ئەم دواییە لەپاشەکشەن، یان خۆتان بەدۆڕاو بەرانبەر پارتی دەبینن، ئەم هەستە دەروونییە ئازار بەخشە، هەستێکی نێگەتیڤی لاتان دروست کردووە. لەڕاستیدا هەندێک هەقتان پێ دەدەم هەڵسوکەوتی سروشتیان جۆرێک لەتووڕەیی و دڵتەنگی و قینیشی تێدا بێت. لەهەمان کاتدا بردنەوەش نابێت بەرەو غرورمان ببات، چونکە ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ بەرهەمهێنانی کردەی تووڕەبوون. بەواتایەکی دیکە دەتوانم بڵێم گوتاری سیاسیی هەندێکتان لە هەرێمی کوردستاندا ئاوازەی تۆڵەکردنەوە و کاردانەوە و شکان لەهەڵبژاردنی تێدایە.

دووەم: پارتی لەم دوو هەڵبژاردنەی کۆتایدا ژمارەی کورسییەکانی لەهەموو لایەنەکان پترە، هەمووتان کۆ بکەینەوە سەریەک ناتوانن بگەنە ژمارەی کورسییەکانی پارتی. ئەمە ئەنجامی هەڵبژاردنە. لەکاتێکدا هەموومان دەزانین سەرجەم حزبەکان بەپارتیشەوە ڕێژەی دەنگدەریان لەکەمییە. ئێوە لەمن باشتر دەزانن پارتی دەماریی گرتوون، ئێوەش وەکو کەسێکی بێدەسەڵاتی ڕەتێندراوی خزێنراوە گۆشەیەکی تەنگەبەر هەڵسوکەوت دەکەن. بێگومان حزبی سیاسی نابێت هێندە زوو تەنگەتاو بێت،  سەرکردایەتی نمایشی سەر شاشەی تەلەڤیزیۆن نییە، بەڵکو دۆزینەوە چارەسەرە بۆ شتە بێ چارەسەرییەکان لەکاتێکدا ئێوە ژمارەیەک حزبن و پارتی بەتەنیایە. کەواتە ئێوە بەژمارەی حزبەکان زۆرینەن و پارتیش کەمینە، بەڵام بەڕێژەی کورسی پارتی زۆرینەیە و ئێوەش هەمووتان بەیەکەوە کەمینەن. لەجیاتی تووڕەبوون، پێویستە بیر لەستراتیژێکی عاقڵمـەندانە بکەنەوە.

سێیەم: پارتی بەپێداگریی و شانازییەوە لەگوتارەکانیدا ئاماژە بەهەنگاوی نیشتمانی و کوردستانی دەکات، ئێوەش پارتی تاوانبار دەکەن بەوەی کوردستانی لەسایەی ڕیفراندنۆم و هەڵوێستە سیاسی و ئابوورییەکانی تووشی قەیران کردووە. ئێوە ئەلتەرناتیڤتان بۆ پارتی و هەنگاوەکانی چییە؟ پارتی دەڵێت من پشت بە نیشتمان و سیاسەتی نیشتمانی دەبەستم و لایەنەکانیش دەیانەوێت لەپێناو دژایەتی من پشت بە دوژمن و ناحەزانی کوردستان ببەستن!. ئایا ئێوە بیرتان لەوە نەکردۆتەوە، پێویستیتان بە بەرنامە و سیاسەتێک هەیە، کە گیانی نیشتمانی و نەتەوەیی بەهێز بکات، نەک خۆ بەستنەوە بەهێزە دەرەکییە ناحەزەکان.

چوارەم: ئێوە پارتی بەخاوەنی فکرەی ئابووری سەربەخۆ و نەوت فرۆشتن دەزانن و تاوانباریشی دەکەن بەوەی قەیرانە ئابووریەکان لەبەر ئەم سیاسەتەی پارتی دروستبووە. ئەگەر پارتی بەتەنیا ئەمەی کردووە، یەکێتی و لایەنەکانی دیکە هیچ ئاگاتان لەپڕۆژە و هەنگاو و سیاسەت و داهات و شیرینی و فڕکان فڕکانێی داهات و سەرچاوە ناوەخۆییەکان  لە هەرێمی کوردستان نییە، بۆچی هەڵوێستێکی دیکەتان نابێت و بەدیلێک بۆ ئەم سیاسەتەی پارتی نادۆزنەوە؟ یان بەکردەوە نیشانتان داوە خاوەنی هیچ پڕۆژەیەک نین، تەنیا خەڵک بەگەمەیەکەی منداڵانەی بێزارکەر خەریک دەکەن؟. ڕۆژ بەڕۆژ دۆخی ئابووری سەختر دەبێت، هەمووتان بەدەنگی بەرز هاوار دەکەن، بەڵام هیچ وزەیەک بۆ چارەسەر نیشان نادەن.

پێنجەم: پارتی تاکە حزبە کێشەی ناوەخۆیی تێدا دیار نییە، بەڵام ئێوە لە یەکێتی و گۆڕان و ئیسلامییەکان و ئەوانی دیکەش، لێکدابڕان و هێرشکردنە سەریەکتر لەنێوەخۆ و سڕینەوەی یەکترتان بەئاشکرا پێوە دیارە، بۆچی؟ ئایا بەڕاستی دەتانەوت پارتیش وەکو ئێوەی لێبێت، یان دەتانەوێت ئێوە وەکو پارتیتان لێبێت و یانژی گەرەکتانە کێشەکانی خۆتان لەم ڕێگەیەوە بشارنەوە، لەکاتێکدا هەموو شتێک لای خەڵک ئاشکرا بووە و هیچ شتێکی نهێنی و شاراوە لە کوردستاندا نەماوە.

شەشەم: لە کوردستاندا دوو ئیدارە بەئاشکرا هەیە (سلێمانی بە سەرکردایەتی و بەشداری لایەنەکانی زۆنی ڕەنگاو ڕەنگ) ئەوی دیکەش (پارتی و پێکهاتەکان، سەرباری بەشداری لایەنەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان). پارتی دەیەوێت لە هەولێر و دهۆک و ناوچەکانی دیکەدا ئیدارەیەکی خزمەتگوزاری باش و بێ توڕەکردن  ئیدارە بدات، هانی خەڵک نادات دژی سلێمانی بن، واتا پارتی خەڵک فێری ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و نمایشی سیاسی بەقەوڵی خۆیان (سیاسەتی ساختەکاری ناکات)، بەڵام ئێوە لە سلێمانی چەندین ساڵە کار بۆ خۆپیشاندان و بەرهەڵستکاریی و ئیدارەخوازیی جودا و فراوانبوونی ناڕەزایەتی و هاندان و ڕاهێنانی خەڵک لەسەر دژایەتی حکوومەت و پارتی دەکەن. ئەنجامی ئەم سیاسەتەش ئەوەیە، کە ئێستا لە پارێزگای سلێمانی دەیبینن، ئەرێ بەڕاست بیرتان لێکردۆتەوە ئەم سیاسەتە بۆچی و ئەنجامەکەی چی دەبێت؟ ئایا بیرتان لەوە نەکردۆتەوە لەجیاتی دروستکردنی ڕای گشتی داهێنەرانە و ئۆپۆزسیۆنی تەندروست شتەکان پێچەوانە بوونەوەتەوە؟ هیچ بەدیلێکی دیکەی فکری و سیاسی و جەماوەریتان نییە؟ وازهێنان لەدژایەتی پارتی بەواتای کۆتایی پێهێنانی ڕکابەری سیاسی نایەت، بەڵکو ئارامکردنەوەی دۆخەکەیە. گەشەکردنی سیاسی پێویستە بەئارامی کۆمەڵگا و ڕەوشی سیاسی بببەسترێتەوە، نەک بەبوونی ئاژاوە و ڕکابەری توندڕەوانە.

حەوتەم: پارتی وا سیاسەت دەکات، کە کێشە هەیە، بەڵام لە گوتاری خۆیاندا ئەمەیان نەکردۆتە کاری ڕۆژانەیان. لەم ڕێگەیەشەوە دەیانەوێت کێشەکان بەنج، یان چارەسەر بکەن، بەڵام ئێوە حزبەکانی ئەو بەر بەردەوام بەدوای بچووکردنەوە و گەڕانن بەدوای کاردانەوەی بچووک بچووک. ئایا پێتان وانییە، ئەمە لەلاوازبوونی پتر و خۆ خەریک کردن بەشتی لاوەکی چی دیکەی لێشین نابێت؟

 

هەشتەم: پارتی و دەسەڵات و ناوچە هەقیقییەکانی ژێر فەرمانڕەوایی پارتی لەلایەن هێزی  ملیشیایی ناو عێراق و ده‌وڵه‌تانی ئیقلیمیه‌وه‌   بەردەوام موشەک باران دەکرێت، ئەمە بۆتە خاڵێکی بەهێز لای پارتی و دەڵێن پارتی کراوەتە ئامانجی دوژمنەکانی، چونکە پارتی تاکە لایەنە داکۆکی لەبەرژەوەندی و سیاسەتی نیشتمانی کوردستانی دەکات، ئێوەش وا نیشان دەدەن لەتەک پێخۆشحاڵیتان، کورد گوتەنی ئەگەر بەدەستیشتان نەبێت بەدڵتانە. ئایا پێتان وانییە ئەمە سیاسەتێکی هەڵەیە، نەک خەڵک خۆشتان لەکردەوەدا زۆر بەکارێکی باشی نازانن، بەڵام هێندە خۆتان بێ چارە دێتە بەرچاو، دڵتان بەشتی خراپتریش لەم شتانە خۆشبێت.

نۆیەم:  ئێوە پارتی بە ڕیفراندۆم و نەوت و زۆرینە تاوانبار دەکەن، پارتیش ئێوە بە خیانەت و خۆبەستنەوە بەدوژمن و سازش لەسەر مەسەلە ستراتیژییەکان و دروستکردنی مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێم تاوانبار دەکات. ئایا دەزانن قسەکانی ئێوە زۆر لۆژیکییە، مەسەلەکە پەیوەندیی بە ژمارەیەک زاراوەی سیاسی وەکو تاکڕەویی، خۆسەپێنی، یان سیاسەت و تێڕوانینی هەڵەی پارتییەوە هەیە، بەڵام قسەکانی پارتی بەرانبەر ئێوە هێندە قورسە، مەگەر مێژوو بتوانێت دادپەروەرانە چارەیەکی بۆ بدۆزێتەوە. ئایا بیرتان لەوە نەکردۆتە ئێوە بەئاراستەیەکی مەترسیداردا دەڕۆن، پارتیش بەشێوازێک کار دەکات، کە پێی وایە دەتوانێت بەتەنیا چارەسەری کێشەکان بکات و وەڵامی زۆربەی پرسیارەکانی لایە. پارتی شەرعیەتی دەنگدانی لەپشتە، ئێوەش شەرعیەتی کاردانەوە و بەڕقەوە هەڵسوکەت و تێڕوانین. ئێوە باش دەزانن ئەمە بەرەو کوێمان دەبات!

دەیەم: ئایا بیرتان لەوە کردۆتەوە دۆزەخی هەرێمێکی لاواز لەبەهەشتێکی بەهێز و ئاو لەدەمهێنی بەغدا باشترە؟

یانزدەم: پارتی بەپارەی نەوت مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دابێن ده‌كات و خزمه‌تگوزاری  بەڕێوە دەبات، ئیدارەی خۆی دەدات، ئەی ئێوە بەپارەی کێ و چۆن سەرچاوە بۆ ئیدارەی ڕاگەیاندنەکانی خۆتان و خەڵکتان پەیدا دەکەن؟. دەزانن ئەوەی پارتی دیارە، بەڵام ئەوەی ئێوە پڕە لەگومان؟. تکایە بیرێکی قووڵی لێ بکەنەوە کە گوتار ئەگەر بەدروستی بەکارنەهێنرێت، ئەنجامی خراپی دەبێت.

دوانزدەم: پارتی بۆ دەسەڵات کار دەکات، لەپێناو بەهێزکردنی دەسەڵات و پێگە و بوونی خۆی هەموو شتێک دەکات، بەڵام دیار نییە ئێوە بۆ دەسەڵات کار دەکەن، یان بۆ بنکۆڵکردن و هەڵوەشاندنەوە و لەناوبردنی دەسەڵات و پێگەی هەرێم کاردەکەن؟ ئایا بیرتان لەوە کردۆتەوە بەرەو کوێ هەنگاو دەنێن و دەتانەوێت لەڕێگەی دژایەتی پارتی شەرعیەت بەهەموو شتێکی خراپیش بدەن؟ کە هیچ کاتێک ڕق شەرعیەتی ڕەوای نییە، بەڵکو جۆرێکە لەکاردانەوەی شۆڕشگێڕیی، یان خۆ بەلاواز بین و دۆخی دەروونی تووڕە.

سێنزدەم: هەموو حزبەکان پەیوەندییان لەگەڵ لایەنە دەرەکیی و دەوڵەتەکان هەیە، ئەم پەیوەندیانە هەندێکیان نەک گومان بەڵکو بۆنی خیانەت و خۆبەدەستەوەدانیشی لێدێت، ئایا بیرتان لەوە کردۆتەوە، شەڕتان لەدژی پارتی ئەوە نییە، پارتی ڕاست بکەنەوە و پەیوەندییەکان لەچوارچێوەی دەوڵەت و دامەزراوەکان بەڕێوەببەن، بەڵکو دەتانەوێت برابەش، لەهەر سەردانێکدا لەتەک وەفدی حکوومەت، هەموو حزبەکان نوێنەرێکیان هەبێت و لەوێ نوێنەرایەتی حزبەکانتان بکەن، نەک هەرێم و کیانی کوردی. دەزانن ئەمە گۆڕ لێدانە بۆ هەموو عورفێکی دەوڵەتداریی و دیپلۆماسیی و  سیاسی؟

چواردەم: ئایا دەزانن لەڕقی پارتی کەلتووری ڕقلێبوونەتان لەناخی خۆشتان چاندووە؟ هیچ سیاسەتێک بەڕق سەرکەوتوو نابێت. هەمووتان دەمێکە دەتانەوێت لەڕێگەی هێرشکردنە سەر پارتی، بەکارهێنانی زمانی شڕ، دەنگی دەنگدەرەکانتان کۆ بکەنەوە، لەکاتێکدا ئەمە خودی دەنگدەرەکانی ئێوەشی تووشی ڕقکردووە، دەرکەوت لەجیاتی سزادانی پارتی، خۆتان سزا دەدەن و وای لێهاتووە دەنگدەرەکانتان بەهیچ ڕازی نەبن و تەنیا بەخودی خۆشتان ڕازی نەبن؟.

لەڕێگەی ئەم نامەیەوە، دەمەوێت گفتوگۆیەکی ژیرانە لەگەڵ حزبەکانتان و نووسەران و ڕۆشنبیران و ڕاگەیاندکارانی هەموو لایەنە سیاسییەکان بکەم، پێش هەموویان پارتی و یەکێتی ئایا دەزانن ئەوەی ڕوو دەدات، هەرێمی کوردستان بەرەو کوێ دەبات؟ ئایا دەزانن هەندێک لایەن و لایەنۆکە لەسەر حیسابی لەژێرپێنانی بنەماکانی ڕێککەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەکێتی دەنگ دەچننەوە و بانگی دەستێوەردانی دەرەکی دەکەن؟  ڕووی قسەم لەئیسلامییەکانە، کە هەمیشە دەڵێن خوا ڕقی لە درۆیە و درۆ دوژمنی خوایە. دەڵێن خوا ڕقی لەفیتنە و ئاژاوەیە، ئایا دەزانن پێش ئەوەی ئێوە سەرکەوتن بەسەر پارتیدا بەدەستبهێننن، پێشێلی بنەماکانی ئایین دەکەن و یەکەمی بێ ڕکابەری درۆزاندنی شتەکانن. گۆڕان ویستی کوردستان بگۆڕێت، کەچی خۆشیان پێ نەگۆڕا.  یەکێتی لەجیاتی تەقڵەلێدان بەفیل، خەریکە دەبێتە لایەنێکی سیاسی قێزەوەن لە (ژەهرخواردن) و مەلا بەختیار گوتەنی (سەرکردایەتی منداڵ) و (دەستبردن بۆ پارەی بانکەکان) و هەروەها لەحیزبێکی ژمارە یەکی ڕکابەری پارتی خەریکە دەبێتە حزبی پلە سێ و چوار.

پارتی نابێت بەزۆرینەی خۆی بنازێت، چونکە ئیدارەی وڵات و برا گەورەیی کارێکی زێدە قورس و ئاڵۆزە، بەتایبەتی لەوڵاتێکدا هەموو جەستەی بۆتە قەیران، قەیرانیش نەبێت، ڕاگەیاندن و لایەنە بێ ئیشەکان هێندەی بنکۆڵ دەکەن، لەقەیرانیش خراپتر دەربکەوێت.

پارتی بە بێ دەنگی و بێ ئیعلانکردنی سیاسەتەکانی، لایەنەکانی تۆقاندووە، ئەم تۆقاندنە ڕەنگە هەندێک هەق بەلایەنەکان بدات بیر لەچارەنووس و پێگە و هێز و بوونی خۆیان و کۆکردنەوەی دەنگ لەهەڵبژاردنەکانی دادێت بکەنەوە و ترسیشیان هەبێت، بەتایبەتی یەکێتی کە پێیان وایە "ئەگەر یەک کورسیش لەدەنگدان بهێنن، ئەوان هەر یەکێتین و خاوەنی هێز و زەویی و دەسەڵات و پێشمەرگە و هێزی هەواڵگریی و جەماوەرن). واتە لەم جۆرە حیساباتانەدا ڕێژەی دەنگدەر و ژمارەی کورسی هیچ بایەخێکی نییە، پەنجا بەپەنجا و (برابەش) و هێز یەکلاکەرەوەیە و پشتگوێخستنی دیموکراسیەت و مافی دەنگدەر هیچ بەهایەکی نییە. بەڕێزان ئێمە کەشتیمان نییە تاکو بیر لەکون بوونی بکەینەوە، ئێمە دەریامان نییە، تاکو بیر لە خنکانی بەکۆمەڵی هەموومان بکەینەوە. تکایە بیر لەوە بکەنەوە بیرەوەری و گێڕانەوەی کارەساتەکان دوای کەوتن و مردن هیچ سوودێکی نابێت.  

داوا لەلایەنەکان دەکەم هەر هەموویان بۆ ساتێک بیر لەچارەنووسی هەرێمی کوردستان بکەنەوە، بیر لەوە بکەنەوە، کە ناتوانن پارتی بەم چەشنە ململانێیە پاشەکشە پێ بکەن، پێویستە بیر لەڕێگەیەکی دیکە بکەنەوە ئەویش ڕێگەی (گفتوگۆ) و (دانوستان) و (لەیەکترگەیشتنە) یان هەر ڕێگەیەکی دیکەی دیموکراسی و مەدەنی و سیاسی، کە شەرعیەت بە دیموکراسیەت و بەهێزکردنی پێگەی هەرێم و دادپەروەریی دەدات. بیر لەوە بکەنەوە، بێ یەکدەنگی و بێ یەکڕیزیی نەدەتوانن ململانێیەکی شارستانی بۆ بە‌هێزکردنەوەی خۆتان ئەنجام بدەن، نە دەتوانن هەرێمتان هەبێت. واتە ئەگەر هەرێم نەبوو ململانێی کۆکردنەوەی هێز و دەنگ و زیادکردنی کورسی لەکوێ ئەنجام دەدەن.

لەم نامەیدا داوا لەلایەنە سیاسییەکان و ڕۆشنبیران بەتایبەتی ئەوانەی ئەو بەر دەکەم، چی دیکە گۆڕی سیاسیی بۆ هەرێمی کوردستان لێ نەدەن، بڕوا بکەن لەڕێگەی سیاسەتی سزادان و دژایەتی پارتی ناتوانن پێگەی خۆتان بە‌هێز بکەنەوە، وەکو چۆن پارتیش بێ بوونی حزب و لایەنەکانی دیکە ناتوانێت براوەی یەکەم بێت، چونکە بردنەوە پێویستی بەبوونی دوو لایەن، یان پترە. دەزانم ئێوە لەبەر تووڕەیی تووشی نەخۆشی دەروونی بوون، پێتان وایە هەر لایەنێک دۆستایەتی پارتی بکات، تووشی لاوازیی و ناکۆکی ناوەخۆیی و لێکترازان دێت و دەنگدەرەکانی لێی دەتۆرێت. بڕوا بکەن ئەم نەخۆشییە پەیوەندیی بەشێوازی بیرکردنەوە و کارکردن و نمایشی سیاسی و چۆنیەتی پەروەردە و ڕاهێنانی لەوەپێشی نێوەخۆی خۆتانەوە هەیە، نەک پارتی.

 ئێوە ڕقتان چاند و بە دەنگدەرەکانی خۆتان گوت، دژایەتی پارتی بە‌هێزمان دەکات، واتە خۆتان گوتتان دۆستایەتی پارتی لەناومان دەبات. ئەمە بیرکردنەوە و شێوازی کارکردنی خۆتانە، ئەمە گوتاری ئەم دەیە و لەوە پێشترتانە. دەزانم حەز دەکەن لەگەڵ پارتی ببنەوە برابەش، بەمەرجێک پارتی بە دەنگدەرەکانتان بڵێ، تکایە لەبەر خاتری (ڕیفراندۆم و پاراستنی هەرێمی کوردستان و خوێنی شەهیدان) دەنگ بەحزبەکانی خۆتان بدەن، ئەمەش جۆرێکە لەخەیاڵ.

ئەم نامەیەم بۆ پارتی و لایەنەکانە، بەتایبەتی ئەو لایەنانەی خەریکە کۆنترۆل لەدەست دەدەن. تکایە لەڕقی پارتی کوردستان مەکەنە قوربانی. تکایە هەرچیەکتان لەدژی پارتی پێ دەکرێت بیکەن، بەڵام دەست بۆ قەوارەی هەرێمی کوردستان مەبەن. لەبیری نەکەن دژایەتی حزب جیابکەنەوە لەدژایەتی قەوارەی هەرێم.

 دەزانم ئیسلامییەکان دەتوانن لەهەرشوێنێک بێت فکری خۆیان پیادە بکەن، بەڵام یەکێتی بێ کوردستان و سلێمانی چی دەکات؟ پارتی بێ هەرێم و دەستەکەوتەکانی چی دەکات؟ دەزانم لایه‌ن هه‌یه‌ هیچ ناوونیشانێکی نییە، نە کوردستانییە و نە عێراقیی و نەجیهانی، لەهەر کوێیەک بنیشێتەوە موڵکی ئەو نییە. واتە پارتی و یەکێتی ناوونیشان و پێناسەی سیاسی و مێژوو، فکر و بوونیان لە کوردستانە، ئەمەش ئەرک و بەرپرسیاریەتی ئەم دوو لایەنەی قورستر کردووە.

داوا دەکەم لەڕقی پارتی هەرێمی کوردستان بە  جەنجەرێکی کولی ژەنگاوی سەر مەبڕن!! تکایە.

Top