دكتۆر محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان بۆ گوڵان: ئاستەنگ و هێرشەكان نەیانتوانیوە وەبەرهێنان لەهەرێمی كوردستان ڕاوەستێنن
وەبەرهێنان لەم سێ ساڵەی دواییدا وەرچەرخانێكی گرنگی لە بواری ڕەخساندنی كار بۆ كەرتی تایبەت و فراوانكردنی وەبەرهێنان دەست پێ كردووە، بوارەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری و بونیاتنانی ژێرخان و وزە و كارەبا و خانووبەرە، نموونەیەكی بەرچاوی ئەو بووژانەوەیە دەردەخەن. بۆ قسەكردن لەسەر خۆئامادەكردنی دەستەی وەبەرهێنان بۆ هاتنی ژمارەیەكی دیكەی كۆمپانیاكانی بیانی، بەتایبەتی دوای بانگهێشتنامەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گەورە كۆمپانیاكان لە لوتكەی كۆڕبەندی وزەی جیهانیدا، دیدارێكمان لەگەڵ دكتۆر محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان ساز كرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوێن-ی دایەوە.
* سەرەتا با لە لوتكەی كۆڕبەندی وزەی جیهانییەوە دەست پێ بكەین. سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە یاوەریی شاندی هەرێمی كوردستان لە میرنشینی یەكگرتووی عەرەبی (ئیمارات) بەشداریی كۆڕبەندی وزەی جیهانی و لوتكەی جیهانی حكومەتەكانی كرد و ئێوەش یاوەری ئەو شاندە بوون، دەكرێت بزانین تا چەند ئەم كۆڕبەندە بۆ وەبەرهێنان گرنگ بوو؟
- كۆربەندی وزەی جیهانی و لوتكەی جیهانیی حكومەتەكان لە ئیمارات لە كاتێكی هەستیار و گرنگدا بەڕێوەچوو، بەتایبەتی كە جیهان و ناوچەكەی ئێمە لە سەرەتای دەستپێكی قۆناغێكی گرنگ و ئەگەری وەرچەرخانێكی گەورەدایە، كە لە بواری وزەدا ڕوودەدات. بەشداریی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان چ لە كۆڕبەندەكەدا و چ لە لوتكەی جیهانیی حكومەتەكان، یان لە هەموو ئەو چاوپێكەوتن و دیدار و كۆبوونەوانە كە لە پەراوێزی هەر دوو كۆڕبەند و لوتكەكەدا ئەنجام دران، بۆ ئێمەی كورد گرنگییەكی لە ڕاددەبەدەری هەیە، بەتایبەتی لەگەڵ ئەو گەورە بەرپرسانەی وڵاتەكانیان و كۆمپانیاكانیان ڕۆڵ و پێگەیەكی بەهێزیان هەیە لە دیاریكردنی نەخشەی داهاتووی وزە و ئابووری لە ناوچەكە و جیهاندا، ئەمە دەستپێكی گرنگە بەرەو لێكتێگەیشتنی زیاتری نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵات و كۆمپانییانەی كە لە بواری پێشخستنی كەرتی وزە و پیشەسازی و فرەچەشنكردنی ئابووریدا ناو و ناوبانگێكی گەورەیان هەیە. واژووكردنی یاداشتی لێكتێگەیشتنی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی ئیمارات لەلایەن سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە گرنگییەكی دیكەی ئەم كۆڕبەندە بوو، بۆ برەودان بە توانای مرۆیی و بەرەوپێشبردنی دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر پێویست بوو.
لە پەراوێزی كۆڕبەندی وزە و لوتكەی حكومەتەكانی جیهان، سەرۆكی حكومەت چەندین دیداری تایبەتی لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی وەكو سعودییە و ئیمارات و وڵاتانی دیكەی كەنداو و ڕۆژئاوا ئەنجام دا، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی كە نییەتیان هەیە وەبەرهێنان لە كوردستاندا ئەنجام بدەن، هەم ژینگەی لەباری هەرێمی كوردستان و نەخشەی وەبەرهێنان و ئەو دەرفەتانەی بۆ خستنەڕوو كە گەورە كۆمپانیاكانیان دەتوانن لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنانی تێدا بكەن، هەم سوود لە ئەزموون و تێڕوانینی ئەوان وەر بگرین لەسەر وەبەرهێنان و بووژانەوەی ژێرخان و گەشەپێدانی ئابووری لە سێكتەرە جیاجیاكاندا. بەشداریی 4000 كەسایەتی لە 190 دەوڵەتی جیاواز و بوونی دەیان ڕێكخراوی نێودەوڵەتی و بەرپرس و خاوەنی سەدان كۆمپانیای نێودەوڵەتی و دانیشتن و دیدار لەگەڵ 50 گەورە كۆمپانیا هەمووی دەرفەتێكی زێڕین بوو. سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشدارییەكی كارای لە كۆڕبەندی جیهانیی وزە كرد و گرنگیەكی زۆر بە گوتار و بیروبۆچوونەكانی درا. هاوكات بانگهێشتكردنی زیاتر لە 50 گەورە كۆمپانیا بۆ سەردانیكردنی كوردستان و ئامادەكردنی ئاسانكاریی بۆ پێشوازیكردنیان خۆی لە خۆیدا وەرچەرخانێكی گرنگی بەرەوپێشچوونی پەیوەندییە ئابووری و دارایی و بازرگانی و نەوتی و گازی و پیشەسازی و كشتوكاڵییەكانە. لەگەڵ زۆربەی گەورە كۆمپانیاكانی بەشداربووی كۆڕبەندەكە قسەمان كردووە، بەتایبەتی لە كەرتەكانی كشتوكاڵ و گەشتیاری و بازرگانی و پیشەسازی و تەندروستی و نیشتەجێبوون و پڕۆژەی بەخێوكردنی ماسی و ڕێگاوبان و بەنداو و پەروەردەیی و پیشەسازیی پترۆكیمیاوی؛ داواشمان لێ كردن، بێن و لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنان ئەنجام بدەن.
لە ئێستادا چەند كۆمپانیای ئیماراتی لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن، لە ماوەكانی ڕابردوودا پاڵپشتی و كارئاسانی زیاترمان پێشكەش كردن، بۆ ئەوەی لە كار و وەبەرهێنانیان بەردەوام بن، نەك هەر لەگەڵ كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتە، بەڵكو دەیان وەبەرهێنەری كۆمپانیای وڵاتانی دیكەی كەنداو و ناوچەكە و جیهان ئاسانكاریی زۆرمان پێشكەش كردوون، ئەمەش هەمووی لەپێناو گەشەكردنی وەبەرهێنان و ڕێگرتن لە سستبوون و لاوازیی جووڵەی ئابوووری بووە.
* ئێوە وەكو دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان تا چەند ئامادەكاریتان تێدایە بۆ پێشوازیكردنی گەورە كۆمپانیا و وەبەرهێنەرە بیانییەكان؟ ئایا گرنگترینی ئەو دەرفەتانەی كە دەتوانن وەبەرهێنانی تێدا بكەن، چین؟
- وەكو دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان توانیومانە گۆڕانكاریی جۆری بۆ چاكسازی لە خزمەتگوزاری و پەیكەری دەستە و ئاراستەكردنی وەبەرهێنان بكەین، ئەمەش هەمووی لەپێناو دروستكردنی هەلی كاری گونجاو و یەكسان بووە بۆ كەرتی تایبەت و وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی. كاتێك بانگهێشتی ئەو ژمارە زۆرە و كۆمپانیا گەورە و بەتوانایانە دەكرێت، تاوەكو سەردانی هەرێم بكەن و وەبەرهێنانی تێدا بكەن، هەڵبەتە ئێمە پێشوەختە ئامادەیی هەموو ئاسانكاری و هاوكارییەكیشمان نیشان داون، هەر خۆی لە خۆیدا بوونی نەخشەی وەبەرهێنان و كردنەوەی سیاسەتی یەك پەنجەرەی پێدانی مۆڵەت و كەمكردنەوەی ڕۆتین و ئاسانكاریی لە تەرخانكردنی زەوی و گەیاندنی خزمەتگوزاری و لێخۆشبوونی گومرگی بۆ هێنانی كەرەستەی خاو بۆ ماوەی پێنج ساڵ و چەندین كارئاسانی دیكەی بانكی و نەختینەیی پاڵپشتییەكی باشی وەبەرهێنەرانی بیانییە تاوەكو ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن و كوردستان زیاتر ببوژێننەوە و هەلی كار بۆ گەنجەكانمان دەستەبەر بكەن و، ئابووری كوردستان بەهێز بكەن. لەو كۆڕبەند و لوتكەیەدا سەرۆكی حكومەت ڕووی جوانی هەرێمی كوردستان و بوونی ژینگەی لەباری سەقامگیری و ئارامی و دەوڵەمەندبوونی هەرێمەكە بە سامانی سرووشتی و مرۆیی خستەڕوو، كە گرنگیی لە ڕاددەبەدەری بۆ وەبەرهێنان و گەشەكردنی ئابووری هەیە.
سەبارەت بەوەی لە كوردستان چ دەرفەتێك هەیە بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی تێدا بكرێت، سەرەتا بە پێویستی دەزانم هێڵە گشتییەكانی بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری وەبەرهێنانتان بۆ باس بكەم. ئێمە نەخشەی وەبەرهێنان و ستراتیژیەتی داهاتووی كاركردنمان لەسەر ئەو بنەمایە داڕشتووە:
1- كار بۆ ئابوورییەكی فرەچەشن و فرەڕەهەند دەكەین، بۆ ئەوەی تەنیا پشت بە داهاتی نەوت و گاز نەبەستین.
2- كشتوكاڵ بوارێكی سەرەكیی گرنگیدانەكانمانە.
3- كار بۆ باشتركردنی كەرتی تەندروستی و خوێندن و پەروەردە دەكەین.
4- كار بۆ چارەسەری بنەڕەتیی كێشەی كارەبا و ئاوی خواردنەوە دەكەین، بەتایبەتی سوودوەرگرتن لە سەرچاوە ئاوییەكانی سەر زەوی لە هەرێم بۆ ئەوەی چیتر بەو ڕاددە زۆرە ئاوی ژێرزەوی بەفیڕۆ نەدرێت.
5- لە بواری كەرتی گەشتوگوزاردا كار بۆ چوار وەرزەی گەشتیاری و بەدامەزراوەییكردنی ئەم بوارە دەكەین. لەم چوارچێوەیەشدا گرنگی بە وەبەرهێنانی گەشتیاریی شوێنەوار و تەندروستی و خوێندن دەدەین.
لە هەموو ئەم بوارانەشدا پێویستمان بە ئەزموونەكانی وڵاتان و حكومەتەكانیان هەیە، بەتایبەتی لە بواری پەرەپێدانی توانای مرۆیی و دامەزراندنی حكومەتی ئەلەكترۆنیدا، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ هەمواركردنەوەی یاسای وەبەرهێنانی ژمارە 4ی ساڵی 2006 كە لەگەڵ واقیع و گۆڕانكارییەكانی سەردەم و پێداویستییەكانی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان بگونجێت.
لەم تێڕوانینەوە ئێمە لە هەرێمی كوردستان وەكو كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتی لەسەر ئاستی وەبەرهێنانی كوردستان كارمان كردووە لە بوارەكانی :
وەبەرهێنان لە بواری دامەزراندنی شار و ناوچە پیشەسازییەكان.
وەبەرهێنان لە بواری پیشەسازیی پێترۆكیمیاویات.
وەبەرهێنان لە بواری پیشەسازیی پزیشكی و دەرمان.
وەبەرهێنان لە بواری پیشەسازیی خۆراك و خواردنەوە.
وەبەرهێنان لە بواری بیناسازی و كانزاسازی.
وەبەرهێنان لە بواری پیشەسازیی ڕستن و چنین و چەرم.
وەبەرهێنان لە كەرتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و سامانی ئاژەڵ و چاندن.
وەبەرهێنان لە كەرتی گەشتوگوزار .
لە كەرتی كارەبا.
وەبەرهێنان لە كەرتی تەندروستی و كاروباری كۆمەڵایەتی.
وەبەرهێنان لە كەرتی نیشتەجێبوون و ڕێگاوبان و گواستنەوە.
وەبەرهێنان لەبواری كەرتی خوێندن و ڕۆشنبیری و لاوان.
* تێبینی ئەوە دەكەین، لە سیاسەت و بەرنامەكانی وەبەرهێنان گرنگییەكی زۆر بەو كەرتانە دەدەن كە بە كەرتی «نا-نەوتی» دادەنرێن، ئایا تا چەند هەرێم لەبارە بۆ پەرەپێدانی ئەم جۆرە كەرتانە و تاچەند ئەگەری وەرچەرخان لە پەیكەری ئابووریی هەرێمی كوردستاندا دەبیندرێت؟
- هەروەكو لە كۆڕبەندی وزە و پەنێڵەكانی ئەو كۆڕبەندەدا ئاماژەی پێ كرابوو، گرنگییەكی زۆر بە ئابووری نا-نەوتی درابوو، تەنانەت لە ڕۆژی یەكەمدا دانیشتنێكی گرنگی ئەنجامدا، لەژێر ناونیشانی «ئایا جیهان ئامادەیە بۆ قۆناغی دوای نەوت؟» لەو دانیشتنەدا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و میر عەبدولعەزیز بن سەلمان ئال سعوود وەزیری وزەی شانشینی عەرەبی سعودییە و سوهێل بن محەمەد وەزیری وزە و ژێرخانی دەوڵەتی ئیمارات دانیشتنێكی گرنگیان ئەنجام دا، كە تێیدا سەرۆكی حكومەت بە بەڵگە و یاسا و دەستوور سەلماندی بە یاسایی و دەستووری هەموو گرێبەستەكانی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان كراون و، ئاماژەی بە ناڕەوایی هەموو ئەو هێرشە مووشەكی و دژایەتییانەش دا كە بۆ مەرام و مەبەستی دیكە دەكرێتە سەر هەرێمی كوردستان و، تەنانەت لە وتاری كۆڕبەندی وزەی جیهانی كە لەلایەن ئەنجومەنی ئەتڵانتیك ڕێكخرابوو، ئامادەیی هەرێمی نیشان دا بۆ چارەسەركردنی هەر قەیرانێك كە وزەی جیهانی دووچاری دەبێت. هەموو ئەمانە ئەوەمان پێ دەڵێت كە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دوو ئاراستەی ستراتیژی و گرنگ كار دەكات، ئەویش: 1 – گەڕان بە دوای سەرچاوەی دیكەی داهات و فرەچەشنكردنی ئابووری. 2- پەرەپێدانی توانای نەوتی و گازی و وەبەرهێنان تێیدا لە بواری پیشەسازیی نەوتی و پترۆكیمیاوی.
بوونی پێنج گەورە كۆمپانیای نەوتی لە پەنێڵێكی وتارەكەی سەرۆكی حكومەت بەڵگەیەكی ڕوونە بەوەی هەرێمی كوردستان بەرەو وەبەرهێنانێكی گەورە دەچێت لە بواری نەوت و گازدا و ئەو ڕێژەیە فراوانتر دەكات، بە ڕاددەیەك چەندین بەرانبەر دەكرێت. هەر ئەمەش نا، بەڵكو لە ئێستادا بە كرداری ڕوومان لە وەبەرهێنان بە كەرتی وزەی پاك كردووە و، لە ڕێگەی وەبەرهێنانەوە چەندین گرێبەستمان بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا بە هایدرۆپاوەر و وزەی خۆر واژوو كردووە، لە چەند بوارێكی دیكەشدا توانیومانە سوود لە گازی بەفیڕۆدراوی كێڵگەی نەوتیی كەلار وەربگرین، بۆ بەرهەمهێنانی 165 مێگاوات كارەبا و تەنانەت وێستگەی كارەبای هەڵمیشمان لە خەبات، لە ئێستادا بە توانای 300 مێگاوات كارەبا لە كاردایە، لە ئەمساڵیشدا وێستگەی دێرەلۆك بە توانای 37 مێگاوات كارەبا بە سوودوەرگرتن لەئاو دەكەوێتە كار.
* باسی پیشەسازیی پترۆكیمیاویت كرد؛ پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا لەم بوارەدا هەنگاوی چیتان ناوە، بەتایبەتی كە لە ئێستادا ژینگە لەبارە بۆ پەرەپێدانی ئەم جۆرە پیشەسازییە و لە ڕووی دیراسەی كەڵكی ئابوورییشەوە پێشخستنی كەرتی پیشەسازیی پترۆكیمیاوی تێچوونێكی زۆرمان بۆ دەگەڕێنێتەوە، كە ئێستا لە وڵاتانی دوروبەر و جیهان هاوردەی ئەو كاڵایانە دەكرێت، كە لەم كەرتەدا بەرهەمەم دەهێندرێن؟
- كۆڵەكەكانی دامەزراندنی پیشەسازیی پترۆكیمیاویات لە كەرەستەی خاوی گازی سرووشتی و نەوتی ڕەش و بوونی بازاڕی گەورە و بەكارهێنانی بەرهەمەكانی پیترۆكیمیاویات لە كەرتەكانی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان بوونی هەیە، پێداویستیمان بۆ پەینی یۆریا و گازی ئەمۆنیا و ئەتلین و بەرهەمهێنانی بۆیە و داو و نایلۆن و ڕۆنی مەكینە و دەیان بەرهەمی دیكە، بەڵگەیە بۆ گرنگیی ئەم جۆرە پیشەسازییە. لە دوبەی لەگەڵ ژمارەیەك لە كۆمپانیاكانی ئەم بوارە قسەمان كردووە و ئامادەیی پێشكەشكردنی ئاسانكاریی باشمان پێ داون و، هەماهەنگیی باشیشمان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتیەكان هەیە، بۆ پێدانی كەرەستەی خاو، لەمەش گرنگتر وەكو دەستەی وەبەرهێنان چەندین دەرفەتی دروستكردنی كارگەی جۆراوجۆرمان خستووەتە بەردەست، بۆ ئەوەی كێ ئارەزووی هەیە و بەتوانایە لەم بوارەدا كار بكات لە هەردوو وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی، بەتایبەتی بۆ دروستكردنی كارگەكانی:
1- بەرهەمهێنانی ئامۆنیا و یۆریا.
2- كارگەی بەرهەمهێنانی ئەسیلین و پرۆپیلین لە گازی سرووشتی .
3- كارگەی بەرهەمهێنانی قوماش و نایلۆن و پۆلیستر.
4- كارگەی بەرهەمهێنانی (PVC) .
5- كارگەی بەرهەمهێنانی ڕەنگ و واكس و لكێنەر و سیكۆتین و ..
6- كارگەی بەرهەمهێنانی زەیتی بزوێنەر بە نەوتی ڕەش .
حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو ڕوانگەیەی كە پیشەسازی لە نەوت و گاز زۆر گرنگترە لە ناردنە دەرەوەی بۆ بازاڕە جیهانییەكان، پلان و بەرنامەی داناوە، گرنگیی زۆر بەم جۆرە پیشەسازییە بدات. بە اتایەكی دیكە كەڵكی ئابووری بووژانەوەی كەرتی پیشەسازی بەتایبەتی لەم پیشەسازییەدا زۆر گرنگترە لە ناردنە دەرەوەی كە زۆربەی جار بازاڕە جیهانییەكانی وزە ڕووبەڕووی داشكان و داڕمانی نرخ دەبنەوە و زیانێكی گەورە بە بودجە و داهاتی ناوخۆی وڵات دەگەیەنێت. پەرەپێدانی پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان كە لە ئێستادا پارێزگای هەولێر بووتە ناوەندێكی گرنگی پیشەسازیی هەلی كار بۆ گەنجەكان و كار بۆ سەدان هاونیشتمانی دابین دەكات. لە دیوێكی دیكەوە داهاتی پیشەسازیی پترۆكیمیاویات و سوودەكەی بۆ خەڵك زۆر زیاترە لە ناردنە دەرەوەی نەوت.
* هێرشی مووشەكی بالیستی و كاتیوشا و درۆنی تەقەمەنی ڕێگر نەبووە لە ئاستی وەبەرهێنانی بیانی و ناوخۆیی بەتایبەتی لە هەولێر، بەڵام وەكو ئاشكرایە بووژانەوەی كەرتی نەوت و گازی سرووشتی و چەندین پیشەسازی و كشتوكاڵی بە دڵی زۆر لایەنی سیاسی و وڵاتان نەبووە، ئایا لە بەر ئەوە بووە پەلاماری هەولێریان داوە؟
- سەقامگیریی سیاسی و بوونی ئەمنیەت لە هەرێمی كوردستاندا هەرگیز بەراورد ناكرێت بە ناوچەكانی دیكەی عێراق، لێرە هەموو هاووڵاتییەك پارێزراوە و خەڵكەكەی كوردستان ئەوەندە نیشتمانپەروەر و دۆستن كە توانیویانە وێڕای هێرشەكان مانای پێكەوەژیان و كار و كاسبی و ژیانی ئارامتر و خۆشگوزەرانتر بكەن. سەیری شاری هەولێر بكەن، بە هەموو مووشەك و هێرشەكان زەڕەیەك كار و وەبەرهێنانی ڕانەگرتووە، پڕۆژە گەورەكانی پیشەسازی و بیناسازی و كشتوكاڵ و بازرگانی بەردەوامن. لە بواری خانووبەرە جووڵەیەكی ئەوەندە بەهێز هەیە، كە زۆرجار جێگای سەرسوڕمانی بیانییەكانە، ڕاستە هەندێك جار گلەییمان لێ دەكرێت و دەڵێن ئەو هەموو پڕۆژەی نیشتەجێبوون و تاوەرە بەرزانە چییە، لە كاتێكدا دروستكردنی یەك تاوەر بە سەدان گەنج بەكار دەخات و بە سەدان شیش و چیمەنتۆ و كەرەستەی خاوی دیكە و بەنجەرە و دەرگا و گەچ و كەلوپەلی كارەبا و بۆری دابین دەكات و، بە دەیان كاسبكار و پیشە هەڵدەسووڕێنێت، لە هەر وڵات و شارێكدا پرۆژەكانی نیشتەجێبوون زۆر بوو، بە مانای كار و كاسبی دێت و واتا شارێكی ئارام و ئومێدێكی زۆری لەسەرە، بۆیە وێڕای ئەو ژمارە زۆرەی پڕۆژەی نیشتەجێبوون هێشتا خواست لەسەری هەر زۆرتر دەبێت، ئومێدەوارم بەم سیاسەت و بەرنامەیەی ئێستا لە بواری وەبەرهێنان پەیڕەوی دەكەین، پارێزگاری لەو جموجووڵ و بازاڕ و ئابوورییە بكەین و، ئەمەش بە واتای ئەوە دێت، هەنگاوی داهاتوومان زۆر گەورەتر دەبێت، بەتایبەتی دوای تەواوبوونی شارە پیشەسازییەكان و هەنگاونان بەرەو پاراستنی ئاسایشی خۆراكی، لە سیاسەتی ئابووری و پیشەسازی و كشتوكاڵ و بازرگانیدا ئێمە خۆمان بە بەدیلی كەس نازانین، بەڵكو بە هێزی ئابوورییەكەمان دەرگایەك دەكەینەوە بۆ پەیوەندیی هاوبەش و پەرەپێدانی پەیوەندییەكان و لێكتێگەیشتنی زیاتر بەرەو بەرژەوەندیی هاوبەش و خێر و خۆشی بۆ هەمووان.