لیزا فەلەكەدین كاكەیی ئەندامی لێژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان بۆ گوڵان: هەموو داهاتەكانی باج و ڕسومات و خاڵە سنوورییەكانی هەر دوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەرین بۆ خەزێنەی حكومەت نەگەڕاونەتەوە
بەو پێیەی كۆكردنەوەی داهات و گەڕانەوەی بۆ خەزێنەی حكومەت مەركەزی نییە و هەر پارێزگایەك بەو ئەركە هەڵدەستێت، كەچی بۆ ماوەی نزیكەی سێ مانگ دەبێت، یەك داهاتی ناوخۆی هەر دوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و هەر دوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ڕاپەڕین بۆ خەزێنەی حكومەت نەگەڕاوەتەوە. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی لیزا فەلەكەدین ئەندامی لێژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان كرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵان-ی دایەوە.
* نەگەڕانەوەی داهاتی ناوخۆی سلێمانی بۆچی بەردەوامی هەیە، لە كاتێكدا لە هەر دوو پارێزگای هەولێر و دهۆك ئەم دیاردەیە بوونی نییە؟
- پێش كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دیاردەی قاچاخچێتی و نەگەڕانەوەی داهاتی ناوخۆی سلێمانی بۆ گەنجینەی حكومەت بوونی هەبووە، هەرخۆی ناوبەناو هاوسەرۆكی یەكێتی ئاماژەی نەك بەو دیاردە مەترسیدارەی قاچاخچێتی دەكرد، بەڵكو باسیان لە بازرگانیی تلیاك و مەوادی ئیكسپایەر و چەندین كاری نایاسایی دیكە دەكرد، كە لە دەروازەكانی سنووری سلێمانی ڕوویان دەدا، ئەوە بوو لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا دەست كرا بە پرۆژەیەكی فراوانی چاكسازی، كە لە چوارچێوەی پڕۆژە یاسای چاكسازیی هاتوو، لە پەرلەمانی كوردستان دەنگمان پێ دا و پەسەندمان كرد، كە لە چوارچێوەی پرۆسەیەكی فراوانی دیكەدا بوو كە داهاتی ناوخۆ زیاد بكرێت و، ڕێگا لە گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی بگیردرێت و، خەرجییە زیادەكان كەم بكرێنەوە، ئەمەش پرۆسەیەكی باش و گرنگ بوو، خواستی هاووڵاتیانی كوردستانی لەسەر بوو، چونكە بەبێ دەستبردن بۆ هەموو ئەو كەلێن و قاچاخچێتی و گەندەڵییانەی ئەنجام دەدرێن، هەرگیز ئەم پرۆسەیەی چاكسازیی جێبەجێ نەدەكرا. پێشتر هەموو ئەم دەستڕۆیشتووانەی ئەو سنوورەی سلێمانی سوودیان لەو واقیعە تاڵە وەرگرتووە، كە بە هۆی دوو ئیدارەیی و دەسەڵاتی پاوانخوازییان لە ناو حزبەوە، كەسانێك لێرەو لەوێ بە شێواز و پاساوی نایاسایی و نابەجێ دەستیان بە سەر كێڵگەی نەوت و دەروازەی سنووری و بازرگانیكردنی كاڵا و شمەكی جۆراوجۆر و خۆدزینەوەی لە باجدان و نەدانی ڕسوماتەكانەوە گرتبوو، لە سایەی ئەم كارە نایاساییەوە ببوونە خاوەنی پارەیەكی گەورەی ناشەرعی و گەندەڵیی گەورە و، نەك پاوانخوازیی داهاتیان دەكرد، بەڵكو دەیان كاری نابەجێ و خراپیان لە ناو حزبەكەشیاندا ئەنجام دەدا، ئەوە بوو ئەم چاكسازییە لە سنووری هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك بە شێوەیەكی باش و ڕێكوپێك بەڕێوە چوو، بەداخەوە لە سنووری سلێمانی ئەوانەی ئیدارەی پارێزگاكە دەكەن، نەك هەر هاوكار نەبوون بۆ جێبەجێكردنی چاكسازیی، بەڵكو دەستیان بۆ داهاتی ناوخۆش برد، لەمەشدا سوودیان لەوە وەرگرت كە كۆكردنەوەی داهات بە شێوەیەكی مەركەزی نییە و لەلایەن ئیدارەی پارێزگاكانەوە داهات كۆدەكرێتەوە.
* داهاتی ناوخۆی سلێمانی بەتایبەتی لە باج و ڕسومات و گومرگ وێڕای دیوە گەندەڵییەكەی، چ كاریگەرییەكی خراپی لەسەر مووچەخۆران و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەر دوو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەرین هەیە؟
- داهات لە پارێزگای سلێمانی قۆرخكراوەو سێ مانگە یەك داهات لە سنووری پارێزگای سلێمانی نەگەڕاوەتەوە بۆ حكومەت، لە ناو ئەمانەشدا دیارنەمانی داهاتی دەروازە سنوورییەكان و بوونی دیاردەی قاچاخچێتی بەتایبەتی لە هەر دوو دەروازەی باشماخ و پەروێزخانەوە یەكێك بوو لەو دیاردە خراپانەی كە تەنانەت چەندین جار حكومەتی ناوەندی عێراقیش بەرپرسانی هەرێمیان لێ ئاگادار كردبوو، بەوەی ئەو دوو دەروازەیە لەژێر كۆنترۆڵدا نییە و مەترسیی هێنانە ژوورەوەی تلیاك و ماددەی بێهۆشكار و دزین و تاڵانییەكی زۆر و مەوادی ئیكسپایەر و خراپی لێ دەكرێت. تەنانەت دوابەدوای بەدواداچوونێكمان بۆمان دەركەوت كە ملیارێك و 400 ملیۆن دیناری نەخۆشخانەی هیوا بۆ چارەسەركردنی نەخۆشی شێربەنجە كە لە یەكێك لە بانكەكان دانرابوو، ئەویش دیار نەماوە و ئێستا ئەو نەخۆشخانەیە ناتوانێت دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكانی دابین بكات. كار گەیشتووەتە ئەوەی پارەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانیش دەستكاری كراوە و كاری پاككردنەوە و خاوێنكردنەوەی شاریان پەكخستووە.
* ئێوە وەكو ئەندامانی لێژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان چ هەنگاوێكدان ناوە بۆ ڕێگرتن لەم پێشێلكاری و كارە نایاساییانە، چ ئەوانەی لە دەروازە سنوورییەكانی سلێمانییەوە ئەنجام دەدرێن، چ ئەوانەی دەست بۆ پارەی بانكەكان براوە؟
- با سەرەتا لەو واژووی 69 ئەندام پەرلەمانەوە دەست پێ بكەین، كە یاداشتێكمان ئاراستەی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كرد، لەسەر ڕاسپاردەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ پێكهێنانی هێزێكی هاوبەش تاوەكو ڕێگە بگیرێت لە هەر پێشێلكاری و سەرپێچی و كارێكی نایاسایی كە لەو دەروازە سنوورییانەوە ڕوودادات، ئەمەش بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە و وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كەچی تا ئێستا هەر جێبەجێ نەكراوە. هەروەها وەك لێژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمان، داوای كۆبوونەوەمان لەگەڵ بەڕێوەبەری بانكەكانی ئەو سنوورە كردووە، تاوەكو بزانین هۆكاری دیارنەمانی ئەو سیولە نەختینەییانە لە بانكەكانی سلێمانی چین، بەڵام وەڵامیان نەبووە. لە ناو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە واژووی 15 ئەندام ئەنجومەنی ئەو پارێزگایە یاداشتێكیان ئاراستەی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كردووە و داوای بانگهێشتكردنی بەڕێوەبەری گشتیی بانكی ناوەندیی هەرێمیان لە سلێمانی و هەر دوو بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ و گەرمیان كردووە، تاوەكو سەبارەت بە دیارنەمانی داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەكان و نەمانی پارە لە بانكەكاندا لە بەردەم ئەنجومەنەكە ئامادە بن، تا ئێستا ئەمەش پەك خراوە. وەزیری دارایی دەوام ناكات و، ئامادەش نییە بێتە لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەوەی ڕوونكردنەوە لەسەر نەمانی پارەی سیولەی بانكەكان و نەگەڕانەوەی داهاتی ناوخۆی سلێمانی بدات و، هەر هیچ نەبێت لە بارەی هۆكاری دەوامنەكردنی ڕوونكردنەوە بدات، ئەویش لەسەر ئەوەی كاتی خۆی بڕیاری گۆڕانكاری هەندێك پۆستی دابوو لە سلێمانی، بۆ ئەوەی قۆرخكاری لە داهاتی سلێمانی نەكرێت، كەچی جێبەجێ نەكراوە، هەر خۆی لە خۆیدا دەوامنەكردنی زیانی بۆ دۆزینەوەی ڕێگا چارەسەر و لێكۆڵینەوەكانی دیارنەمانی داهاتی ناوخۆی سلێمانی و زیادبوونی كاری قاچاخچێتی هەیە. ئەوەتا بەردەوام حكومەتی ناوەندیی عێراق بە پاساوی ئەو كارە قێزەونەی قاچاخچێتی و هێنانی كەرەستە و كەلوپەل و خۆراكی خراپ و قەدەغەكرا و گەمارۆ لەسەر هەناردەی بەرهەمی جووتیاران و بازرگانەكانیش دادەنێت، هەروەكو چۆن لە كۆتایی هەفتەی ڕابردوودا وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق گەمارۆی لەسەر لیستێكی زۆری ئەو خۆراكە كشتوكاڵییانە دەركرد، كە لە هەرێمی كوردستانەوە ڕەوانەی بازاڕەكانی دیكەی شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەكرا.
* كەواتە یەكێك لە هۆكارەكانی دواكەوتنی مووچە بۆ ئەم دیاردەیەی قۆرخكاری و دزینی پارەی داهاتی ناوخۆی سلێمانی دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی لە سنووری پارێزگاكانی ئەو زۆنەی كە یەكێتی نیشتمانی تێیدا باڵا دەستە؟
- سەرەتا نەگەڕاندنەوەی داهاتی ناوخۆی سلێمانی لە مانگی (یەك)ی ئەمساڵدا و دواخستنی ناردنی 200 ملیارەكەی بەغدا كورتهێنانی بەبڕی 320 ملیار دینار بۆ مووچەی مانگی یەك دروست كرد، ئەوە بوو ئەم كورتهێنانە بە داهاتی مانگی دوو پڕكرایەوە، لە مانگی (دوو)شدا بە هەمان شێوە داهاتی ناوخۆی سلێمانی نەگەڕاوەتەوە و كورتهێنانەكە زیاتر بوو، واتا نزیكەی 430 ملیار دینار كورتهێنان بۆ مووچەی مانگی دوو دروست بوو، بۆ ئەمەش و تاوەكو لێبڕینی مووچە دروست نەبێت، دەست براوە بۆ داهاتی نەوتی مانگی سێ، بۆیە بە ناچاری 200 ملیارەكەی بەغدا بۆ پڕكردنەوەی ئەم كورتهێنانە خەرج كرا، واتا لە ئەنجامی نەناردنی داهاتی دوو مانگی سلێمانی و دواكەوتنی 200 ملیارەكەی بەغدا ئەم دواكەوتنی مووچەیە دروست بوو، بەوەش ئۆباڵی ئەم دۆخە داراییە لە ئەستۆی ئەو كەس و لایەنەیە كە مافی دارایی هاووڵاتیانی زەوت كردووە و هەمان سیاسەتی عێراق بەرامبەر خەڵكی شارەكەیان لە بڕینی قوتی خەڵك پیادە دەكەن، بەمەش بە بەرنامە بۆ داڕێژدرا بووە و وردە وردە پارەی داهاتی ناوخۆ نەگەڕاوەتەوە بۆ حكومەت و بگرە دەستكاریی پارەی بانكەكانیش كرا و، كاریگەریی خراپی لەسەر پارەی بانكەكانی سلێمانی كرد و، پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی سلێمانیش پەك خران و دەرمان و پێداویستیی پزیشكی دابین ناكرێت.
* بۆ ئەم كارە بە بەرنامە داڕێژدراوە، چەندین بەرپرسی حكومەت و بەرپرسانی بانكەكان و لێپرسراوانی گومرگی لە خاڵە سنوورییەكانەوە تێوەگلاون، پرسیار لێرەدا ئەوەیە جگە لە دزین و گەندەڵی ئەم كارە نایاساییانە بۆ چ مەبەست و مەرامێكی دیكە بەكاردەهێندرێت ؟
- هەموو ئەم كارە بۆ دزینی پارە و بەكارهێنانێتی بۆ مەبەست و مەرامی شەخسی و خراپ، بۆ ئەوەیە بە خەڵكی كوردستان و بەتایبەتی شاری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەرین بڵێن حكومەت كەمتەرخەمە و ناتوانێت پارەتان بۆ دابین بكات و، ئەو خەڵكە نیشتمانپەروەر و دڵسۆزەی سلێمانی بخەنە ژێر ڕكێڤی عێراقەوە، هاوكات فشارێكیشە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق و بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆمارە لەلایەن حزبی دەسەڵاتداری ئەو زۆنەوە، دژی هەموو پرۆسەیەكی چاكسازی و هەنگاوێكیشن كە بۆ شەفافییەت لە داهاتی ناوخۆ دەگیرێتەبەر، ئەوان دەیانگوت، پارەی نەوت شەفاف نییە، ئێستا مانگانە پارەی نەوت ئاشكرا دەكرێت و بۆ مووچە و بەردەوامیی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان دابین دەكرێت، ئەوەی دیار نەماوە و بە سوودوەرگرتن بەو نامەركەزییەتەی لە دارایی و ئیدارەدا ئەنجام دراوە و دەسەڵاتەكان شۆڕكراونەتەوە بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان، كەچی بەمشێوەیە لە دژی مووچەخۆران و خەڵكی كوردستان بەكارهێنرا، ئەمەش هەمووی لە چوارچێوەی شەڕێكی حزبی و ئیعلامی بۆ لەخشتەبردنی ڕای گشتی و بە لاڕێدانەبردنی ڕاستییەكانە بۆ ئەوەی ئیرادەی پۆڵایینی ئەم گەلە لاواز بكەن.
* چارەسەری ئەم كێشەیە چۆن دەبێت بۆ ئەوەی چیتر مووچەخۆرانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەرین بە لاڕێدا نەبرێن و سزا نەدرێن و بە پاساوی نابەجێ بە هەڵەدا نەبرێن؟
- كێشەكە هەر تەنیا لەوەدا نییە كە داهاتی ناوخۆی سنووری سلێمانی دزراوە، بەڵكو لەوەشدایە كە ئەوهێزە سیاسییەی یەكێتی كە ئەو سنوورەی لەژێر دەسەڵاتدایە، ئامادە نییە تەنیا داهاتەكەش بگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت و دەیانەوێت هەر قسەش نەكەین لەسەری و دیانەوێت لە ماكینە ئیعلامییەكەیانەوە بە خەڵكی بڵێن ئەوە حكومەتی هەرێمی كوردستانە ناتوانێت مووچە دابین بكات، لە كاتێكدا ئەوان شەرم نایانگرێت و سزای خەڵكەكەی خۆیان دەدەن و پارەی گەندەڵی و دزراو بۆ خۆیان ئاودیوی دەرەوەی دەكەن. بەداخیشەوە حزبەكانی دیكەی ناو حكومەت و دەرەوەی حكومەتیش بۆ هەندێك بەرژەوەندیی خۆیان لە سنووری سلێمانی و بەشداربوونیان لە حكومەتی خۆجێیی ڕاستییەكان دەشارنەوە، یان لە ڕێگەی تاوانباركردنی هەر دوو حزب درۆ لەگەڵ ئەندام و لایەنگرانیان دەكەن. سەیری لێدوان و قسەكانیان بكەن، لە بری ئەوەی دەست لەسەر بڕین و كەموكورتی و گەندەڵییەكان دابنێن، خەڵكەكەیان سەرقاڵی باس و خواسێكی سواوی گشتی كردووە، كە هیچی لێ سەوز نابێت، لە كاتێكدا دەبێت هەر كێشە و كەموكورتی و گەندەڵییەك بە جیا باس بكرێت، بۆ ئەوەی ڕێگری لە بەردەوامبوونی بكرێت و ڕێگا چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە. ئێستا لە هەموو كات زیاتر خەڵكی سلێمانی دەزانن كێ دەسەڵاتداری ئەو زۆنەیە و مەینەتی و ئازارەكانیان كێ لێی بەرپرسیارە.