جێراڵد فێرشتەین جێگری سەرۆكی ئەنستیتوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان: ئیدارەی بایدن دەیەوێت لە ئاست كێشەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕێگاچارەی دیپلۆماسی بگرێتەبەر

جێراڵد فێرشتەین  جێگری سەرۆكی ئەنستیتوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان:     ئیدارەی بایدن دەیەوێت لە ئاست كێشەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕێگاچارەی دیپلۆماسی بگرێتەبەر

 

 

جێراڵد فێرشتەین، جێگری سەرۆك و توێژەری باڵایە لە ئەنستیتوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە بارەگاكەی لە «واشنتۆن دی سی»یە لە ویلایەتە یەكگرتوووەكانی ئەمریكا، پێشتریش لە ساڵەكانی (2010-2013) باڵیۆزی ئەمریكا بووە لە وڵاتی یەمەن و 41 ساڵ خزمەتی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا هەیە. هەروەها جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بووە بۆ كاروبارەكانی ڕۆژهەڵاتی نزیك. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد كە پتر پەیوەست بوون بە هەلومەرجی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.

 

* ئێوە پێشتر باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتوووەكانی ئەمریكا بوون لە وڵاتی یەمەن و لە ئێستاشدا جێگری سەرۆكی یەكێك لە سەنتەرە دیار و بەرچاوەكانی بواری شرۆڤەكاری و توێژینەوەن لە بارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، چۆن لە دۆخی ئەم ناوچەیە دەڕوانن، بە تایبەتی لە بەر ڕۆشنایی ئەو پەرەسەندنانەی بەم دواییە ڕوویان دا لە پەیوەندی بە هەڵكشانی هێرشەكانی حوسییەكان بۆ سەر سعودیە؟

- سەرەتا من دەمەوێت ئەوە بڵێم كاتێك لە كۆتایی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپدا بڕیاری ئەوە درا حوسییەكان بخرێنە لیستی ڕێكخراوە تیرۆریستییەكانەوە، ئەوا بە تێڕوانینی من ئەمە بڕیارێك نەبوو كە بە باشی تاوتوێ كرابێت، چونكە دەرئەنجامێكی ئەوتۆی لێ نەكەوتەوە بە ئاراستەی چارەسەركردنی دۆخەكە لەو وڵاتەدا. بەڵام كاتێك ئیدارەی جۆ بایدن دەست بە كار بوو، ئەوا ویستی هەوڵ و كۆششەكانی لە بواری دیپلۆماتی و برەودان بە دیالۆگ و گرتنەبەری ڕێچكەی دیپلۆماسی و ڕێگاچارەی ئاشتییانە بۆ یەكلاكردنەوە و كۆتاییهێنان و چارەسەركردنی ئەم تەنگژە و قەیرانە بێت، لەم ڕووەوە پێیان وابوو بڕیاری دروست ئەوەیە كە بزووتنەوەی حوسییەكان لە لیستی تیرۆر دەربهێنن و ئەم بڕیارە و ئەم كارەشیان ئەنجام دا، ئومێد و ئامانجەكەش ئەوە بوو كە ئەمە كەشێك دەڕەخسێنێت و دەرفەتێك دروست دەكات بۆ ئەوەی بزووتنەوەی حوسییەكان بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ، ئێستاش ئاشكرایە كە ئەم بڕیارە سەركەوتوو نەبوو و دەرئەنجامی خوازراوی لێ نەكەوتەوە، چونكە ئەوە ساڵێك بە سەر ئەو بڕیارەدا تێ دەپەڕێت، كەچی بزووتنەوەی حوسییەكان پتر بارودۆخەكەیان بەرەو هەڵكشان بردووە، هەم لە ناوخۆی وڵاتەكەدا و هەم لە ئامانجگرتنی عەرەبستانی سعودیە و ئیماراتدا، لەم ڕوانگەیەوە پێم وایە پێویستە ئیدارەی ویلایەتە یەكگرتوووەكانی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی جۆ بایدن بە بڕیارەكەی خۆیدا بچێتەوە و دەرك بەو ڕاستییە بكات كە هێشتا حوسییەكان نەگەیشتوونەتە ئەو قەناعەت و دەرئەنجامەی كە دەبێت پەنا بۆ گفتوگۆ و دیالۆگ ببەن، چونكە هێشتا كەسانێكی زۆر هەن لە نێو بزووتنەوەی حوسییەكاندا كە پێیان وایە دەتوانن سەركەوتن و باڵادەستیی سەربازی بە دەست بهێنن لە یەمەندا، واتە باوەڕیان وایە كە بە بەئامانجگرتنی سعودیە و یەمەن دەتوانن سعودیە و هاوپەیمانێتییەكەی ناچار بكەن كە دەست لە پشتیوانیی هێزەكانی دژ بە حوسییەكان لە یەمەندا هەڵبگرن، ئەمەش دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی لە ڕووی سەربازییەوە بارودۆخەكە بە ئاراستەی بەرژەوەندیی خۆیاندا ببەن. لە بەر ئەوە پێم وایە لەم ڕووەوە ئەولەوییەتەكە ئەوەیە كە دەبێت بە ڕوونی و ڕاشكاوی ئەوە بە حوسییەكان بوترێت، یان بۆیان بسەلمێندرێت كە ئەم ڕێچكەیەی ئەوان گرتوویانەتەبەر سەركەوتن بەدەست ناهێنێت و، ئامانج و ئەنجامی خوازراوی لێ ناكەوێتەوە بۆ ئەوان و باشترە كە زیاتر كار لەگەڵ نەتەوە یەكگرتوووەكان و نێردراوی تایبەتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ یەمەن بكەن.

* وەك گەورە دیپلۆماتكارێكی پێشووی ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئێستاش وەك توێژەرێكی كاروبارەكانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئایا ڕواڵەت و ڕەهەندەكانی سیاسەتێكی دەرەكیی هاوسەنگ و واقیعبینانە چین كە پێویستە ئیدارەی سەرۆك بایدن بیگرێتەبەر لە ئاست قەیران و تەحەدییەكانی ئەو ناوچەیەدا؟

- سەرەتا دەبێت ئاماژە بەوە بكەین كە لە كاتی گرتنەدەستی دەسەڵاتدا لە لایەن ئیدارەی سەرۆك بایدنەوە، جەخت لەسەر پرسێك، یان پرەنسیپێكی بنەڕەتی كرایەوە لە پەیوەندی بە سیاسەتی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە ئاست ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەو پرەنسیپەش چڕ بووەوە لە كەمكردنەوەی دەستتێوەردان و تێوەگلانە سەربازییەكان و برەودان بە ڕێچكە و ڕێگاچارە دیپلۆماسییەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و برەودان بە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەكە، لە ماوەی یەك ساڵی ڕابردووشدا ئەم ئیدارەیە هەوڵی داوە ئەم ڕێچكەیە بگرێتەبەر. دوو نموونەی زەق و بەرچاویش لەم ڕووەوە بریتین لە دەستپێكردنەوەی هەوڵ و گفتوگۆكان بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن، یان گەڕانەوە بۆ ڕێككەوتنی پێشووی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا، دووەمیان بریتییە لە پشتیوانیكردنی هەوڵەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ یەكلاكردنەوەی شەڕ و قەیرانی یەمەن. بەڵام ئەو دەرئەنجامەی تا ئێستا بە دەست هاتوون، دەرئەنجامێكی تێكەڵن. چونكە لێرەدا كێشەكە ئەوەیە كە وڵاتانی دۆست و هاوپەیمانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا لایان ڕوون نییە، یان بەرچاو ڕوون نین لەوەی پابەندبوونەكانی ئەمریكا چین و ستراتیژیەتەكەی بە دیاریكراوی چییە، لە دەرئەنجامدا وڵاتانی ناوچەكە، بە تایبەتی وڵاتانی ناوچەی كەنداو ویستوویانە لە هێز و وڵاتانی دیكە نزیك ببنەوە، بۆ نموونە چین و ڕووسیا، بۆ ئەوەی بتوانن بە چەشنێك پەیوەندی و هاوبەشییەكانیان لەگەڵدا دابڕێژنەوە كە لە كۆتایی و لە دەرئەنجامدا ببنە هۆی بەدیهێنانی بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەكانیان و پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشیان. من لێرەدا نامەوێت بڵێم كە كێشە و گرفت لە گرتنەبەری ڕێگاچارەی دیپلۆماسیدا هەیە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی جۆ بایدن دەیەوێت پیادەی بكات و بیگرێتەبەر لە ئاست ئەم ناوچەیەدا، بەڵكو دەبێت ئیدارەی بایدن ئەم كارە بە چەشنێك بكات كە ببێتە هۆی دڵنیاكردنەوەی دۆست و هاوبەش و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا، واتە دەبێت ئەم وڵاتانە لەوە دڵنیا بكرێنەوە كە هەوڵە دیپلۆماتییەكانی ئەمریكا نابێتە هەڕەشە و مەترسی لەسەر بەرژەوەندییەكانی ئەوان و پابەندبوونەكانی ئەمریكاش لە ئاست ئەواندا جێگیرە و بەردەوام و درێژخایەنە و ئەمریكاش ئامادەیە لە نزیكەوە كاریان لەگەڵدا بكات بۆ چارەسەركردن و بایەخدان بە نیگەرانییە ڕەواكانیان.

* لە بەر ڕۆشنایی ئەو پەرەسەندن و ڕووداوانەی لەم ناوچەیەدا لە ئارادان و ڕوودەدەن و بە لەبەرچاوگرتنی دەستتێوەردانە دەرەكییەكان لە وڵاتانی ئەم ناوچەیەدا، ئایا پێت وایە ئەم ناوچەیە بە چ ئاقارێكدا دەڕوات و پێشبینیتان بۆ ئایندەی ئەم ناوچەیە چییە؟

- لە ڕاستیدا لەم ساتەوەختەدا ئایندەی ئەم ناوچەیە ناڕوونە، لەگەڵ ئەوەشدا چەند تەوژم و پێشهاتێك هەن كە دەكرێت كاریگەر بن لەسەر پەرەسەندنەكانی داهاتوو، یەكێكیان بریتییە لە دەرئەنجامی گفتوگۆكانی تایبەت بە پرسی پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێران، لێرەشدا پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەگەر گفتوگۆكان بە گەیشتن بە ڕێككەوتن كۆتاییان هات، ئیدی ئێران ئامادە دەبێت بۆ ئەوەی مامەڵەیەكی بنیاتنەرانە بكات لەگەڵ بارودۆخی ناوچەكەدا و هاوكار بێت بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە ناوچەكەدا، نەك تەنیا لە یەمەن، بەڵكو لە سووریاش، ئایا ئێران ئامادە دەبێت ڕۆڵی ئەرێنی ببینێت بۆ كۆتاییهێنان بەم تەنگژانە، هەروەها ئایا گفتوگۆی نێوان ئێران و سعودیە، لە هەمان كاتدا ئێران و ئیمارات دەبنە دەرفەتێك بۆ خاوكردنەوەی گرژییەكان و برەودان بە دیالۆگ، ئەمانە پرسی جددین، ئەمانە ئەگەرن، مەبەستم ئەوەیە بۆی هەیە ئەم هەوڵانە دەرئەنجامی ئەرێنییان لێ بكەوێتەوە، لە هەمان كاتدا ئەگەری ئەوەش هەیە هیچ دەرئەنجامێكی خوازراو و بنیاتنەریان لێ نەكەوێتەوە. مەسەلەیەكی دیكەی پەیوەست بە درێژەكێشانی هاوبەشێتی و پەیوەندی نوێی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا و ئەگەری ئەوەی دووبارە تێهەڵچوونەوەی ئیدارەی ویلایەتە یەكگرتووەكان بۆ سەرلەنوێ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكانی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستیندا، كە پێم وایە ئەمە كاریگەریی باش و خوازراوی لێ دەكەوێتەوە ئەگەر ڕوو بدات. مەسەلەیەكی دیكەی جددی پەیوەندیدارە بەوەی ئایا وڵاتانی ناوچەكە بە چەشنێك كار دەكەن كە ببنە هۆی لاوازكردنی زەمینەی سەرهەڵدان و تەشەنەكردنی توندڕەوی و توندوتیژی؟ چونكە ئەگەر كار بكرێت بۆ لاوازكردنی ڕێكخراوە تیرۆریستییەكانی وەك داعش و ئەلقاعیدە، ئەمە لە كۆتاییدا دەرئەنجام و كاریگەریی ئەرێنی لێ دەكەوێتەوە لەسەر ئارامی و ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە. بە گشتی هەندێ تەحەددی و دژواری هەن كە یەخەی ناوچەكە و وڵاتانەی ئەو ناوچەیەیان گرتووە كە دەبێت ببنە هۆی ئەوەی ئەم وڵاتانە هاوكاری و هەماهەنگیی زیاتر لەگەڵ یەكتردا بكەن، كێشەكانی پەیوەست بە ژینگەش، ئەمە نیگەرانی و هەڕەشە و مەترسییەكی هاوبەشە كە دەبێت سەرجەم وڵاتان هاوكاریی یەكتر بكەن. كە ئەگەر ئەم وڵاتانە لە پرسێكەوە دەست بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ یەكتردا بكەن، ئەوا ئەمە هەنگاوێك دەبێت بە ئاراستەی ڕاست و دروستدا.

Top