ئەنجومەنی وەزیران هەماهەنگیی نێوان حکومەت و پەرلەمان تاووتوێ دەکات و پڕۆژەیاسایەکیش پەسەند دەکات

ئەنجومەنی وەزیران هەماهەنگیی نێوان حکومەت و پەرلەمان تاووتوێ دەکات و پڕۆژەیاسایەکیش پەسەند دەکات


ئەمڕۆ چوارشەممە 7 ی تەمموزی 2021 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا ، سەرۆک وەزیران بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، دەستخۆشی لە تیمی حکومەتی هەرێم کرد کە بەشداری دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بوون و سوپاسی کردن کە وەڵامی پێویست و پڕ زانیاریان بۆ هەموو پرسیار و تێبینی و سەرنجەکانی پەرلەمانتارانی کوردستان هەبوو . سەرۆک وەزیران ئاماژەشی بەوەدا کە کابینەی نۆیەم، هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە ، باشترین هەماهەنگیی لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان هەبووە و بەردەوامیش دەبین و وەزیرانی ئەم کابینەیەش، لە هەموو کابینەکانی دیکە، زیاتر چوونەتە کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان و لیژنە پەرلەمانیەکان و وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانیان داوەتەوە.

سەرۆک وەزیران جەختیشی کردەوە کە پێویستە ، پەیوەندی نێوان حکومەت و پەرلەمان، لە سەر بنەمای ڕێز لە یەکترگرتن و لە چوارچێوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان و یاسا بەرکارەکان بێت، دوور لە هەر دەربڕین وهەڵوێستنواندنێکی نەگونجاو، کە خزمەتی برەودان بەم هەماهەنگیەی نێوان هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان وجێبەجێکردن نەکات.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا ، ڤاڵا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، ڕەشنووسی نوێی هەمواری یاسای وەزارەتی دارایی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو تایبەت بە هێنانەکایەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری تەئمین لە ناو وەزارەتی دارایی کە کاردەکات لە پێناوی چاودێریی و بەدواداچوونی چالاکیی کۆمپانیاکانی دڵنیایی لە هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ، پڕۆژەياساکەی پەسەند کرد وبڕیاردرا ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت بۆ تەشریعکردنی.

لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکەدا ، ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە، ڕاپۆرتێکی شیکاری سەبارەت بە ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای ( پەروەردە و فێرکاریی لە هەرێمی کوردستان ) خستەڕوو کە بەرچاوڕوونی پێویستی دەربارەی ڕەشنووسی ئەو یاسایە و گرنگیی ئەم پڕۆژە یاسایەی بۆ پێشخستنی سێکتەری پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان تێدا بوو، کە وا بڕیارە لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران، گفتوگۆی زیاتری لەسەر بکرێت پێش پەسەندکردنی. سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە کە پڕۆژەیاسای پەروەردە، پێویستە پرۆسەی پەروەردە و فێرکاريی بباتە قۆناغێکی نوێ و پەرە بە توانا و کارامەییە جەستەیی و هزرییەکانی منداڵان و قوتابیان بدات ، هەروەها پێویستە ناوەندەکانی خوێندن دووربن لە توندوتیژیی و ماف و ژیانی مامۆستایان پارێزراو بێت و گرنگی زیاتر بە ڕاهێنانی مامۆستایان بدرێت .

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ، بڕیاری دوایین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ئابووری سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی باج و رسومات لە لایەن سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیرانەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران خرایەڕوو و وەزیرەکان ڕاسپێردران کە لەمبارەیەوە هاوکاری وهەماهەنگيی پێویست بکەن، بە ئاڕاستەی ڕێکخستنەوەی داهاتە گشتیە ناوخۆییەکان و خەرجکردنەوەی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاریی و برەودان بە هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و دوورکەوتنەوە لە پشتبەستن بە تاکە سەرچاوەی داهات کە نەوتە.

هەر لە میانەی ئەم کۆبونەوەیەدا، لە لایەن ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانەوە ،گرنگترین خاڵەکانی هاتوو لە دوا ڕاپۆرتی دیلۆیت بۆ ووردبینی سێکتەری نەوت بۆ ئەنجومەنی وەزیران خرایە ڕوو ، کە تیایدا ئاماژە درا بە زۆریی خەرجییەکانی بواری نەوت کە ڕێژەیەکی گەورەی داهاتەکانی نەوت دەبات و ئاماژەی دا بە گرنگیی بەردەوامیدان و برەودان بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ چاکسازیی لەم سێکتەرە، بە ئاراستەی ڕێکخستنەوەی ئەو خەرجیانەی بۆ کۆمپانیا نەوتیەکان وخەرجیەکانی گواستنەوەی نەوت و نرخی فرۆشتنی دەکرێت، ئەویش لە پێناوی بەدەستهێنانی داهاتی زیاتر بۆ حکومەتی هەرێم بە مەبەستی پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە بەرچاوەی لە نێوان داهاتی بەدەستهاتوو و خەرجیەکان لە هەرێمی کوردستان هەیە.

هەروەها سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی پوختەیەکی لەسەر ڕەوشی ئێستای نەخۆشی کۆڕۆنا و داتا و بنەماکانی هەڵسەنگاندنی ئەو زیادبوونەی لە ڕێژە و ژمارەی تووشبووان و گومان و ئەگەری بڵاوبوونەوەی زنجیرەیەکی نوێی ڤایرۆسی کۆڕۆنا خستەڕوو، بۆ ئەوەی ئامادەکاری بۆ هەر ئەگەرێکی تەشەنەکردن و هەڵکشانی دیکەی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە بکرێت کە پێویست بە چاودێرکردی ڕەوشەکە دەکات، هەروەها هەڵسەنگاندنێک بۆ بەردەوامی و خێراکردنی پڕۆسەی ڤاکسین کرا و جەختکرایەوە لە ڕێکارەکانی خۆپارێزی تاکەکەسی و پابەندبوونی شوێنەگشتیەکان، بە ڕێنماییە تەندروستیەکان.

Top