هاووڵاتییان بە گەرمی پێشوازی لە مانگی ڕەمەزان دەكەن

هاووڵاتییان بە گەرمی پێشوازی لە مانگی ڕەمەزان دەكەن

 

 

 

ساڵانە لەگەڵ نزیكبوونەوەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان چین و توێژەكانی كۆمەڵگە بە گوڕ و تینەوە خۆیان بۆ پێشوازی لەم مانگە ئامادە دەكەن. كۆمەڵناسێك ڕایوایە ڕۆژووگرتن خۆ گرتنەوەیە لە چێژ و جۆرێك لە ڕەفتاری كۆنتڕۆڵكردنی جەستە و غەریزەكانە لەلایەن ئیرادەی مرۆڤەوە، پسپۆڕێكی بواری تەندروستیش هێما بۆ ئەوە دەكات كە بەڕۆژووبوون سوودی زۆری جەستەیی و دەروونی بۆ مرۆڤ هەیە، هۆكارێكیش دەبێت بۆ دروستكردنی دەوروبەرێكی تەندروست، ئەگەر بە گوێرەی ڕێنمایی ئایینی و پزیشكی بەڕۆژوو بووین. بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان لە دیدی خۆیانەوە گوزارشت لەم مانگە دەكەن.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

كۆمەڵناس ئیبراهیم حاجی زەڵمی، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «ڕەمەزان، مانگێكی تایبەت بە پەرستشە لە ئایینی ئیسلامدا، شوێنكەوتووانی ئایینی ئیسلام هەموو ساڵێك بە گەرموگوڕییەوە پێشوازی لە مانگی ڕەمەزان دەكەن، یەكێك لەو گەل و نەتەوانەی كە ئایینی ئیسلامیان وەرگرتووە و مانگی ڕەمەزان پیرۆزییەكی تایبەتی لایان هەیە، گەلی كوردە.» هاوكات دەڵێت: «ڕۆژوو بۆ خۆی خۆگرتنەوەیە لە چێژ و جۆرێك لە ڕەفتاری كۆنتڕۆڵكردنی جەستە و خواستە جەستەیی و غەریزەییەكانە لەلایەن ئیرادەی مرۆڤەوە.

لە ئیسلامدا مرۆڤ دەبێت خاوەن ئیرادەی كۆنتڕۆڵكەری خواستە نەفسی و چێژە غەریزییەكان بێت، واتە جەستە ملكەچی بڕیار و فەرمانەكانی ڕۆح بێت، ڕۆحێك كە ئیمان و ئیسلام تیایدا سەردارن، هەر لێرەوە، مانگی ڕەمەزان ڕاهێنانیكی پەرستشییانە و لە قاڵبێكی جەستە و خۆگرتنەوەیەكی باوەڕدارانەیە، چونكە ئیسلام پێی وایە كە مرۆڤی باوەڕدار دەبێت ئیرادەو ڕۆحی هەمیشە بەهێز بێت، تا بتوانێت هەر بۆ خۆی و ئەنانیەت كەنارگیر بكات و لەنێو كردەی تەزكییەی نەفس و پاككاریی دەروونیدا سەركەوتوو بێت. بۆیە پێشوازیكردنی باوەڕداران بۆ ئەو مەبەستەیە، بۆ ئەو خۆڕاهێنانەیە تاوەكوو زیاتر جەستە بكەوێتە ژێر كۆنتڕۆڵەوە، هەر لەبەر ئەوەی ئایین لە پاڵ ئەوەی كردەیەكی پەرستشی تاكی و كۆمەڵی و ئاكارییە، لە هەمانكاتدا بە دەزگایەكی كۆنتڕۆڵی ڕەفتای تاكی كۆمەڵایەتی هەژمار دەكرێت».

دەروونناس خەندە كەمال جەخت لەوە دەكاتەوە كە «مانگی ڕەمەزان یەكێكە لە مانگە زۆر پیرۆزەكان و مانگی لێخۆشبوون و پاكبوونەوەیە لە گوناه و تاوان و مسوڵمانان بە دڵخۆشییەوە خۆیان بۆ ئەم مانگە ئامادە دەكەن». هەر لەو بارەیەوە گوتی: «ئێمەی خانمانی موسڵمان پێویستە بە باشی خۆمان ئامادە بكەین، لەبەر ئەوەی لەم مانگەدا ئەركەكانمان قورستر دەبن، چونكە زۆربەی ماڵەكان منداڵی تێدایە كە فەرز نییە لە سەریان ڕوژوو بگرن، پێویستە دایكان لە خواردن دروستكردن بۆیان ئیهمالی نەكەن. پێویستە بە تەواوی كاتەكانمان دابەش بكەین و بە فیڕۆی نەدەین، لە قورئان خوێندن و زیكر و نوێژ و نزا و پاڕانەوە و زیندووكردنەوەی شەوانی پیرۆزی قەدر و دەستگرتنی هەژاران، چونكە ئەو مانگە مانگی خێر و بەرەكەتە بۆ هەموو لایەك. پاشان ئامادەكردن و دروستكردنی خواردن و شیرینی بو بەربانگ.

پێویستە لە مانگی پیروزی ڕەمەزان ڕووژووگرتن لە كارو كردەوەكانمان ڕەنگ بداتەوە، بە جۆرێك بەسەبرتر و ڕووخوشتر بین، نەك لە بەر ئەوەی بەڕووژووین تووڕە و عەسەبی بین.» گوتیشی: «ئینشائەڵڵا خوای گەورە بیكاتە نەسیبی هەموومان و لەو مانگە پیرۆزەدا قەڵەمی عەفوو بە سەر تاوان و هەلەكانماندا بهێنێت و دوای مانگی پیرۆزی ڕەمەزان هیدایەتی دابین لە سەر كارو كردەوەی چاكە».

د. ئازاد مەنتك پسپۆڕی نەخۆشییەكانی دڵ و هەناو، بەمجۆرە باس لە تەندروستیی بەڕۆژووان دەكات و دەڵێت: «بەڕۆژووبوون سوودی زۆری جەستەیی و دەروونی بۆ مرۆڤ هەیە، هۆكارێكیش دەبێت بۆ دروستكردنی دەوروبەرێكی تەندروست، ئەگەر بە گوێرەی ڕێنمایی ئایینی و پزیشكی بەڕۆژوو بووین. هەروەها بەڕۆژووبوون ئامرازێكی گرنگی بەدەستهێنانی دەوروبەرێكی تەندروستە، كە؛ هەموو وڵاتان یەكەم ئامانجی تەندروستییان دروستكردن و فەراهەمكردنی دەوروبەرێكی تەندروستە بۆ تاك و كۆمەڵگە، بەمە ژیانی ئێستا خۆش دەبێت و ئایندە زامن دەبێت».

ڕێكارەكانی پێش بەڕۆژووبوونیشی بەمجۆە دەستنیشان كرد: «هەر كاتێك مانگی ڕەمەزان دێت، مرۆڤەكان خۆیان ئامادە دەكەن بۆ ئەوەی مانگی ڕەمەزان بە تەواوی بەڕۆژوو بن. بۆ پزیشكان لە ژێر ڕێنمایی قورئانی پیرۆز، ئەوەیە؛ كە ئەو كەسانە بەیان بكەن كە عوزریان هەیە و دەتوانن بەڕۆژوو نەبن. بەم شێوەیە؛

١.ئەوانەی بە هۆكارێكی فەسلەجی ناتوانن بەڕۆژوو بن، هەروەك پیر و پەككەوتە و منداڵ و ئافرەت لە سووڕی مانگانە و ئەو كەسانەی لە سەفەرن.

٢. نەخۆش: لێرەش بە هۆی پیرۆزیی مانگی ڕەمەزان ئەركی سەر شانی پزیشكان دەبێت، كە؛ ڕوونكردنەوە بدەن كە كێ لە نەخۆشان دەتوانن بەڕۆژوو نەبن. ئەوجا بۆی هەیە ڕووخسەتەكە كاتی بێت و بۆ چەند ڕۆژێك، یان چەند مانگێك بێت، یان هەتا هەتایە كەسەكە توانای نەبێت.

زۆر جار خەڵكانێك هەن، كە؛ لەگەڵ ئەوەی پزیشكان ڕێنمایی كردوون، كە؛ بەڕۆژوو نەبن، دەچن بەڕۆژوو دەبن. ئا لێرە پزیشك ڕێنمایی بە خۆی و خانەوادەكەی دەدات، كە: كاتی ڕۆژووەكە زۆری بۆ دێنێت چۆن هەڵسوكەوت بكەن.

 

Top