ستیوارت كۆفمان پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی دیلاوێر بۆ گوڵان: پرسیارەكە ئەوەیە كاردانەوەی پۆتین چی دەبێت، ئەگەر لە بەدیهێنانی ئامانجەكانیدا شكستی هێنا؟
ستیوارت كۆفمان پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانە لە زانكۆی دیلاوێر، شارەزا و تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگە وەك ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتوووەكانی ئەمریكا و كاروباری عێراق و ناكۆكیی فەلەستین و ئیسرائیل، وانەبێژی مێژووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و ستراتیژیەتی ئاسایشی نەتەوەییە، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا، كە تەوەرە سەرەكییەكانی بریتی بوون لە كێشە و تەنگژەكانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی پرسی پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێران، هەروەها شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا.
* هەروەك ئاشكرایە كە لە ئێستادا تێكڕای بارودۆخە نێودەوڵەتییەكە لە بارێكی ناهەموار و نالەباردایە، لەگەڵ ئەوەشدا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچ كاتێك لە كێشە و قەیرانی كەم نەبووە و چەندین پێشهات و پەرەسەندنی نیگەرانكار و مەترسیدار لەم ناوچەیەدا ڕوو دەدەن، ئێوە چۆن شرۆڤەكاری بۆ ئەم دۆخە دەكەن و ئایا لە ئێستادا چ شتێك زیاتر ئێوەی لە بارەی ئەم ناوچەیەوە بە لە بەر چاوگرتنی ئەو هەموو قەیران و تەنگژانە نیگەران كردووە؟
- لە ڕاستیدا ڕەنگە بتوانین بڵێین لە مەودای دووردا گرنگترین و گەورەترین كێشە كە دەبێت بایەخی پێ بدرێت و كار و كۆششی جددی لەبارەوە بكرێت، بریتییە لە پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێران، كە ئەویش پرسی ئەوەیە چۆن ڕاددەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێراندا بە ئاست و ئەندازەیەك بێت كە تەنیا بتوانرێت بۆ ئامانج و مەبەستی ئاشتییانە بەكار بهێنرێت و نەتوانرێت بۆ پەرەپێدان و دروستكردنی چەكی ئەتۆمی بخرێتەگەڕ، واتە بە چەشنێك بێت، ترس و نیگەرانی و گومان لە توانا و نییەتی دروستكردنی ئەم چەكە بڕەوێنرێتەوە. بەڵام بە تێڕوانینی من ئێران بەردەوام دەبێت لەسەر پەرەپێدانی پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی بە چەشنێك كە بتوانرێت لە كۆتاییدا بەكار بهێنرێت بۆ دروستكردنی ئەم چەكە، لەو كاتەشدا قەیرانێكی گەورە سەرهەڵدەدات و تەنگژەیەكی نوێ یەخەی جیهان و ناوچەكەش دەگرێت.
* بەڵام لە وەتەی ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن دەست بە كار بووە، گفتوگۆكان لە بارەی پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێران دەستی پێ كردووەتەوە و لە ماوەی ڕابردووشدا باس لە هەندێ بەرەوپێشچوونی بەرچاو كرا لە پرۆسەی گفتوگۆكاندا، ئایا پێت وایە ئەم هەوڵە دەرئەنجامی خوازراوی لێ دەكەوێتەوە؟ ئایا پێشبینی دەكەیت ڕێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ ئێراندا واژوو بكرێت، یان لە كۆتاییدا هەموو لایەك ڕازی دەبن بەوەی پابەندبوونی خۆیان بە ڕێككەوتنەكەی پێشەوە دووبارە بكەنەوە؟
- هیچ گومان هەڵناگرێت كە ئیدارەی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی جۆ بایدن زۆر جددییە لە بەدیهێنانی ئەم ئامانجە، واتە گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی نوێ و بەهێزتر بۆ چارەسەركردنی ئەم پرس و تەنگژەیەی كە پەیوەستە بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێرانەوە، بەڵام ئەو كێشەیەی من لێرەدا بەدی دەكەم، یان با بڵێین خوێندنەوەی من ئەوەیە كە ئیدارەی ئەمریكا ناتوانێت ئەم ئامانجەی خۆی بەدی بهێنێت، لە بەر ئەوەی بە بۆچوونی من حكومەتی ئێستای ئێران ئامادە نییە و ئامادە نابێت هیچ سازشێكی نوێ بكات بە دەر لەو سازشانە لە ڕێككەوتنەكەی پێشوودا جێگیر كران. لەم ڕوانگەیەوە بە تێڕوانینی من ئەوەی زیاتر مومكینە و كارێكی كردەنییە بریتییە لە گەڕانەوە بۆ ڕێككەوتنەكەی پێشوو، نەك كاركردن و هەوڵدان و پێداگریكردن لەسەر گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی نوێ، بەڵام لێرەدا كێشەكە ئەوەیە هیچ زەمینەسازییەك لە ئارادا نییە، نە لە ویلایەتە یەكگرتوووەكانی ئەمریكا و نە لە وڵاتی ئێراندا، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە بگەڕێنەوە بۆ نێو ئەم ڕێككەوتنە، چونكە تەنانەت هەندێ لە ئەندامانی پارتەكەی جۆ بایدن لە نێو ئەنجومەنی پیراندا بەرهەڵستیی خۆیان دەربڕیوە بۆ هەڵگرتنی هەنگاوێكی لەم چەشنە، بە هەمان شێوە لە ئێرانیشدا چەند لایەن و هێزێك هەن كە نایانەوێت جارێكی دیكە وڵاتەكەیان بگەڕێتەوە بۆ ڕێككەوتنەكەی پێشوو، كە لە سەروەختی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپدا ئەمریكا تاكلایەنە لێی كشایەوە.
* ئایا دەكرێت بڵێین هۆكاری سەرەكی و بنەڕەتی بریتی نییە لە ئاڵۆزیی پرسەكە، بەڵكو زیاتر پەیوەستە بەوەی هەر یەكە لە ویلایەتە یەكگرتوووەكانی ئەمریكا و ئێران بە چاوی گومان و بێ متمانەییەوە لە یەكتری دەڕوانن، ئەمەش ڕەنگی داوەتەوە لە گفتوگۆ و هەوڵەكانیاندا بۆ چارەسەركردنی ئەم پرسە و ئایا پێت وایە دەكرێت هیچ هەنگاوێكی بنیاتنانەوەی متمانە لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا بگیرێتەبەر؟
- بە دڵنییایەوە ئەمە هۆكارێكی سەرەكییە، چونكە هیچ لایەكیان نەیانشاردووتەوە و بە ئاشكرا ڕایانگەیاندووە كە بە گومانەوە لە هەنگاوەكانی یەكتری دەڕوانن. دەكرێت لێرەدا ئاماژە بەوە بكەین كە سەرۆكی پێشووی ئەمریكا (دۆناڵد ترەمپ) بە تەواوەتی میسداقیەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا تێكشكاند، كاتێك تاكلایەنە لە ڕێككەوتنەكە كشایەوە، بە هەمان شێوە بە درێژایی پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێران شەفاف نەبووە و هەنگاوەكانی گومانی ورووژاندوون، كە واتە دەتوانین بڵێین هەردوولایان هۆكار و پاساوی بەهێزیان هەیە بۆ ئەوەی متمانە بە یەكتری نەكەن.
* بەڵام ئەوەی تا ئێستا بەدی كراوە ئەوەیە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پەنای بردووەتە بەر گرتنەبەری گوشار و سزایەكی ئابووری و دارایی لە بەرامبەر ئێراندا بۆ ئەوەی ناچار بە سازشكردنی بكات، بەتایبەتی كە لە سەردەمی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپدا ناونرا هەڵمەتی ئەوپەڕی گوشار، ئایا چۆن لە كاریگەری بەكارهێنانی گوشار و ئامرازە ئابوورییەكان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڕوانیت و ئایا پێت وایە دەرئەنجامی خوازراویان بەدی هێناوە؟
- سەرەتا ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ، ئەوا ئەو ئیدارەیە جۆرێك لە گرەوی كرد كە پێی وابوو دەتوانێت لە ڕێی ئەوەی پێی دەوترێت هەڵمەتی ئەوپەڕی گوشار (هەروەك ئێوەش لە پرسیارەكەتاندا ئاماژەتان پێ كردووە) سازشی گەورە بە ئێران بكات، بەڵام ئاشكرایە ئەم ڕێچكەیە بە تەواوەتی شكستی هێنا لە بەدیهێنانی ئامانجەكانیدا و نەیتوانی دەرئەنجامی خوازراو بەدەست بهێنێت، بە تەواوەتی پێشبینییش كرابوو كە سەركەوتوو نابێت و چارەنووسی شكست دەبێت. لەم ڕووەوە دەتوانین بڵێین سەپاندنی سزای ئابووری بە ئامانجی ناچاركردنی بەرامبەرەكەت بۆ ئەوەی سازشی گەورە بكات، ڕێگا و ڕێگاچارەیەكی ناكارایە، بەتایبەتی لە مەودای نزیكدا، ئەگەرچی ڕەنگە لە مەودای دووردا كارا بێت، هەرچەندە ئەمریكا بۆ نزیكەی 60 ساڵە سزای بە سەر كوبادا سەپاندووە، بە بێ ئەوەی دەرئەنجامێكی ئەوتۆ بەدەست بهێنێت. بەڵام دەكرێت سزا ئابوورییەكانی باجی گرتنەبەری سیاسەتێكی دیاریكراو لەسەر ئەو وڵاتانەی دەكرێنە ئامانج زیاد بكەن. بۆ نموونە ئێران لەسەر سیاسەت و هەڵسوكەوتەكانی خۆی بەردەوام دەبێت، بەڵام سزا ئابوورییەكان دەبنە هۆی ئەوەی سەرچاوەیەكی كەمتری بۆ پیادەكردنی سیاسەتەكەی بە شێوەیەكی بەرفراوان و كاراتر بەردەستدا بێت.
* ئەی چۆن لە شەڕی ئێستای ڕووسیا و ئۆكرانیا دەڕوانیت؟ ئایا پێت وایە ئەم شەڕە بە چ ئاراستەیەكدا دەڕوات؟ ئایا پێت وایە درێژە دەكێشێت یان دەتوانرێت لە ڕێی گفتوگۆوە جۆرێك لە ڕێككەوتن بێتەئاراوە؟
- ڕووسیا لە حیساباتی خۆیدا ئەو چاوەڕوانی و پێشبینییەی كردبوو كە دەتوانێت گوشار دروست بكات و لە دەرئەنجامدا سازشی گەورە بە ئۆكرانیا و بە وڵاتانی ڕۆژئاوا بكات، بەڵام ئەوەی لە ئێستادا بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە ئەم ئامانجەی ڕووسیا دەرئەنجامی پێچەوانەی لێكەوتووەتەوە، ئەوەش لە بەر ئەوەی داخوازییەكانی ڕووسیا ڕەهەندێكی واقیعبینانەیان نییە و لەگەڵ هەلومەرجە نێودەوڵەتییەكەدا ناگونجێن و لە هەمان كاتدا كارێكی كردەنی نین بۆ ئەوەی بتوانرێت جێبەجێ بكرێن. ئەوەتا لە ئێستادا ئەوە بەدی دەكەین، ئەوەیە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە پابەندبوونەكانی خۆی بەرامبەر ناتۆ پاشگەز نەبووەتەوە، لە نێویاندا وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، بەڵكو پتر پێداگری و سووربوونی زیاتری لێ بەدی دەكرێت لەم ڕووەوە. ئەوەی پەیوەست بێت بە بە گفتوگۆكانەوە بۆ ڕاوەستاندنی شەڕەكە كە تەوەری داخوازییەكانیش بریتییە لە بیرۆكەی ئەوەی ئۆكرانیا هەڵوێستی بێلایەنی بگرێتەبەر، ئەوا پێشبینی ئەوە ناكرێت پرۆسەی گفتوگۆكردنەكە بە ئاسانی بە ئاراستەیەكی ئەرێنیدا بڕوات، بەتایبەتی كە ڕووسیا داخوازییەكی بەهێزی هەیە لەم ڕووەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی كە زەحمەت بێت وێنای ئەوە بكرێت ئایا چۆن دەتوانرێت ئەم گفتوگۆیانە دەرئەنجامێكی ئەرێنی و خوازراویان لێ بكەوێتەوە لە پێناو كۆتاییهێنان بە شەڕ و بەرپاكردنی ئاشتیدا. لێرەدا پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئایا كاردانەوە و پەرچەكرداری سەرۆكی ڕووسیا (ڤلادمیر پۆتین) چی دەبێت ئەگەر بەو قەناعەت و دەرئەنجامە بگات كە پلان و هەوڵەكانی هیچ ئەنجامێكی خوازراوی ئەوتۆیان لێ ناكەوێتەوە كە خۆیان پێشبینی و چاوەڕوانییان دەكرد.