سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان دۆخى عيراق له‌گه‌ڵ باڵيۆزى ئه‌ڵمانيا تاوتوێ ده‌كات

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان دۆخى عيراق له‌گه‌ڵ باڵيۆزى ئه‌ڵمانيا تاوتوێ ده‌كات

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2022/3/28 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز مارتين يێگه‌ر باڵيۆزى ئه‌ڵمانياى فيدرال له‌ عيراق كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى سياسيى عيراق و هه‌وڵه‌كان بۆ ڕاسته‌ڕێكردنى پرۆسه‌ى سياسى كه‌ ببێته‌ مايه‌ى ئارامى و سه‌قامگيرى، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و دۆخى هه‌رێمى كوردستان، تاوتوێ كران.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ خاڵى هه‌ره‌ گرنگ بۆ عيراق و داهاتووى پرۆسه‌ى سياسى له‌ وڵات، سه‌قامگيرى و ده‌رفه‌تى گفتوگۆيه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنى جياوازييه‌كان و گه‌يشتن به‌ خاڵى هاوبه‌ش، بۆ ئه‌وه‌ى پرۆسه‌كه‌ به‌ شێوه‌يه‌كى دروست بچێته‌ پێشه‌وه‌.

هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ ئاماده‌يه بۆ چاره‌سه‌كردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراليى عيراق به‌ گفتوگۆ و له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور به‌ شێوه‌يه‌ك كه‌ هه‌مووان براوه‌ بن و سه‌قامگيرى و په‌يوه‌ندييه‌كى دروست له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدادا بهێنێته‌ دى. ‌

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز باڵيۆزى ئه‌ڵمانيا وێڕاى خستنه‌ڕووى به‌رنامه‌ى سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان، جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌ڵمانيا و وڵاتانى ئه‌ورووپا به‌ بايه‌خه‌وه‌ سه‌يرى پرۆسه‌ى سياسى و سه‌قامگيرى له‌ عيراق ده‌كه‌ن و خوازيارن پرۆسه‌ى سياسى هه‌نگاو به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بنێت.

له‌ ديداره‌كه‌دا به‌ڕێز كونسولى گشتيى ئه‌ڵمانيا به‌ وه‌كاله‌ت له‌ هه‌ولێر و شاندێك، ياوه‌رى به‌ڕێز باڵيۆزى ئه‌ڵمانيا بوون.

Top