هێڤیدار ئەحمەد جێگری سەرۆكی لێژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان بۆ گوڵان:     لە دەروازەكانی سنووری سلێمانی بە ڕۆژی ڕووناك قاچاخچێتی دەكرێت و كەس ناتوانێت ڕێگرییان لێ بكات

هێڤیدار ئەحمەد  جێگری سەرۆكی لێژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان بۆ گوڵان:        لە دەروازەكانی سنووری سلێمانی بە ڕۆژی ڕووناك قاچاخچێتی دەكرێت و كەس ناتوانێت ڕێگرییان لێ بكات

 

 

نەگەڕانەوەی داهاتەكانی ناوخۆ لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی، بووەتە دیاردەیەكی بەردەوام و هەڕەشە لە سەر داهاتی ناوخۆی هەرێم و مووچەی مووچەخۆران دەكات، هەرچی هەوڵەكانیش هەیە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دەروازە سنوورییەكان بێ سوود بووە، ئەمە لە كاتێكدا داهاتی نەوتی كوردستان بە ڕوونی دیارە و، بە داتا و زانیاریی بەردەوام بڵاو دەكرێتەوە، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسانە و چەند تەوەرەیەكی دیكەی پەیوەندیدار، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ هێڤیدار ئەحمەد جێگری سەرۆكی لێژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان ساز دا، لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاو دەكەینەوە.

 

 

 

*  قسە و باسی زۆر لەسەر داهاتی ناوخۆ و بە پلەی یەك لەسەر داهاتی دەروازەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەكرێت، كێشە لە چیدایە و لە كوێ داهاتی ناوخۆ بزر دەبێت؟

- داهاتی ناوخۆ بەیەكێك لەسەرچاوە سەرەكییەكانی مانگانە و گرنگی داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان دادەنرێت، داهاتی دەروازە سنوورییەكانیش بەشێكی گرنگ و سەرەكین لەم داهاتانە پێك دەهێنن، كە چوار دەروازەیان بە دەروازەی نێودەوڵەتی دادەنرێن، دوای ئاشكرابوون و تەنانەت ددانپێدانانی بەرپرسانی حكومیی خۆجێیی بە بوونی دیاردەی قاچاخچێتی و بردن و دزینی داهاتی ئەم دەروازە سەرەكییانە، لێژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان سەردانی دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستانی كرد و، بە ڕۆژی ڕووناك و بە دۆكۆمێنت باری قاچاغ لە نێو پاشماغی و پەروێزخان بینی و تۆماركراوە، تەنانەت بەڕێوەبەری گۆمركی پاشماخ لە بەردەم لێژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستاندا گوتی: بەڵێ قاچاخچێتی لە پاشماخ دەكرێت.

وەك بەدواداچوونی لێژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان، ڕاپۆرتێكی تێر و تەسەل درایە ئەنجوومەنی وەزیران، كە دەبێ هەنگاوی جددی بهاوێژرێت بۆ ڕێگریكردن لەو هەموو قاچاخچییە، كە بە ئاشكرا دەكرێت، ئەوەبوو بە فەرمانی جەنابی سەرۆك وەزیران بڕیاردرا بە پێكهێنانی لێژنەیەك لە هێزی ناوخۆ و پێشمەرگە، بۆ ڕێگریكردن لەو دزی و تاڵانییەی كە لە بەرچاوی خەڵكی بە ئاشكرا دەكرا، بەڵام بە ئاشكرا دەڵێم: یەكێتی بەهەموو شێوەیەك دژی ئەم هەنگاوەبووە و ناهێڵێت ئەو لێژنەیە پێك بهێنرێت و كاری خۆی بكات.

* ئایا هیچ ڕێگرییەك هەیە بۆ ئەوەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان چارەسەری ئەم گرفتە بكات و، كۆنتڕۆڵی دەروازە سنوورییەكان بكات و كۆتاییهاتن بەو مافیا و تاڵانبردنەی سامانی گشتی خەڵكی بهێنێت؟

- ئێستا هەرچی كاڵای گرانبەها و گومرگی زۆرە كە لە كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ هەرێمی كوردستان دێت، لە ڕێگەی پاشماخ و پەروێزخان و سەیران بەندەوە داخیلی دەكەن، بۆ ئەوەی زۆرترین داهاتی گومرگ بۆ سنووری ئیدارەی سلێمانی بێت، هەندێ شتی شكڵی لە حاجی ئۆمرانەوە داخیل دەكرێن و ئیستاشی لەگەڵدا بێت، كاڵا لە ڕێگەی پاشماخ و پەروێزخان بە قاچاخ داخیڵ دەكرێت. ئەمە قسەی من نییە، قسەی بەڕێز كاك ساماڵە بەڕێوەبەری گشتیی گومركەكانی هەرێمی كوردستان كە لە بەردەم لێژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان گوتی: «پڕۆفیشناڵترین دەروازەی سنووری لە هەرێمی كوردستان و هەموو عێراق دەروازەی ئیبراهیم خەلیلە و، كاری خۆیان زۆر بە ڕێكوپێكی دەكەن و كاریان شەفافە». هەر ئەو بەڕێزە باسی لەوەكرد: «لە دەروازەكانی سنووری سلێمانی بە ڕۆژی ڕووناك قاچاخچێتی دەكرێت و كەس ناتوانێت ڕێگرییان لێ بكات.»

جەنابی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان هەموو دەسەڵاتی داوە بە جەنابی كاك قوباد تاڵەبانی، تا ئەو كێشەی دەروازەكان چارەسەر بكات، هیوادارین یەكێتی یارمەتیی كاك قوباد بدات كە خۆم بینیومە كاك قوباد دەیەوێت كێشەكان چارەسەربكات، ئەگەر یەكێتی یارمەتی بەڕێزیان بدەن.

*  زۆر لە پەرلەمانتاران كاتێك باسی گرفتەكان دەكەن، وەكو ئەوەی حزبەكەیان لە حكومەت نەبێت خۆیان لەم ڕاستییانە دەشارنەوە، لە كاتێكدا هاوسەرۆكی پێشووی یەكێتی لەلایەن بافێڵ تاڵەبانییەوە تۆمەتبار كرا بە كاری قاچاخچێتی و مافیایی، پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ڕاستییەكان بە ڕوون و ئاشكرایی دیارە، بۆچی هەندێك لەو پەرلەمانتارانە هەموو تۆمەتەكان ئاراستەی پارتی دەكەن، یان لە ناوهێنانی كەموكورتییەكاندا ناوی پارتیش دەبەن؟

-  بە داخەوە بەشێك لە ئەندامانی بەڕێزی پەرلەمان بەتایبەت هی سنووری سلێمانی، وەك ئەوە وایە بوونەتە پارێزەری دزی و قاچاخچێتی، هەر كاتێ بە بەڵگە ئەو دزیانە دەخەینەڕو، یەكسەر پەلاماری هەموو ئەوانە دەدەن كە باسی قاچاخچێتیی ئەو دەڤەرە دەكەن، عەجاییب!

*  وەكو ئەوەی دزین و قاچاخچێتی و نەمانی پارەی بانكەكان لە داهاتی ناوخۆ بەس نەبێت، دژایەتی نەوتی كوردستانیشیان كرد و، پێش دوژمنانی گەلەكەمان دەهۆڵی زیانگەیاندن بە داهاتی خەڵكی و مووچەخۆران و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان لێ دەدەن، ئایا پەرلەمانتارانی حزبەكانی ناو حكومەت و بەرپرسانیان ئاگاداری مەلەفی نەوت نین و، وەكو پەرلەمانتارێك پێشنیار و بۆچوونت لەسەر بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیی عێراق و پێشوازیكردنی لەلایەن ئەو حزب و لایەنە سیاسییانەی كوردستانەوە چییە؟

- سەبارەت بە تەوەری یەكەمی پرسیارەكەتان، یەكێتی 100٪ ئاگاداری تەواوی مەلەفی نەوتی هەرێمی كوردستانە، ئاگاداری گرێبەستەكانە، ئاگاداری چۆنێتیی فرۆشتنیەتی، ئاگاداری دەرهێنانییەتی. جەنابی كاك نێچیرڤان بارزانی لە ساڵی 2016 سەردانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كرد لە هەولێر، جەنابی كاك كۆسرەت ڕەسول و هێرۆخانیش لەوێ بوون، هەموو وردەكاریی پرۆسەی نەوتی باسكرد، لە هەموو قۆناغ و گرێبەست و سەردانەكان بۆ توركیا جەنابی كاك عیماد ئەحمەد و دواتر كاك قوباد وەك جێگرانی سەرۆك وەزیران حزووریان هەبووە، ئێستا كە پەرلەمانتارێك، یان ئەندامێكی نوێی مەكتەبی سیاسی و ئەو سەركردایەتییەی هەیە لە یەكێتی، ئەو وردەكارییانە نازانن، دێن دەڵێن خەتای پارتییە! بڕۆن لە كاك عیماد و كاك قوباد بپرسن، هەموو تەفاسیلی نەوتی كوردستان لای ئەو دوو بەڕێزە هەیە.

ئەگەر دەڵێن داهاتی نەوت لە هەرێمی كوردستان شەفاف نییە، ئێستا 488 ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوت بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان خەرج دەكرێت، جەنابی سەرۆك وەزیران و وەزیری سامانە سرووشتییەكانیش لەبەردەم پەرلەمانی كوردستان بە وردبینییەكی زۆرەوە باسی دینار بە دیناری یەك بەرمیلی نەوتی كرد، كەچی لێ دێت و یەك بەرمیل بە چەند دەفرۆشێت و چەندی دەمێنێتەوە بۆ خەزینەی حكومەت، یەك پەرلەمانتار، بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و ئەوەی پێیەكی لە نێو دەسەڵاتە و پێیەكی لە نێو ئۆپۆزیسیۆنیشە، نوقەیان لێوە نەهات، كەچی دێنە سەر شاشە دەڵێن پڕۆسەكە شەفاف نییە. داهاتی نەوت و پرۆسەی فرۆشتنی هەر هەمووی لە ڕێگەی كۆمپانیای دیڵۆتەوە وردبینی دەكرێت و ئەو كۆمپانیایە ڕاپۆرتی خۆی دەداتە حكومەت و پەرلەمانی كوردستان، پارەكە دیارە چەندی وەك دەست حەق و خەرجی و قەرزەكان دەڕوات و چەندی دەگاتە خەزێنەی حكومەت، بەمە دەڵێن ناشەفاف، بەڵام كەس نازانێت مانگانە لە سلێمانی 150 بۆ 170 ملیار داهاتی هەیە و چی لێ دێت؟ نە بۆ خەڵكی سلێمانی خەرج دەكەن و نە پڕۆژەی پێ دەكەن و نە دەرمان بۆ ئەو خەڵكە دەكڕن و نە شارەكانی سنووری پارێزگای سلێمانیی پێ خاوێن دەكرێتەوە، دەڵێن كەسیش بۆی نییە باسی بكات.

سێ مانگە یەك دینار لەو 200 ملیار دینارەی پێشتر عێراق بۆ چەند مانگێك دەینارد، نەهاتووەتە هەرێمی كوردستان و، بە بێ بەغدا حكومەتی هەرێمی كوردستان مووچەی ملیۆنێك و 205 هەزارو 273 مووچەخۆری بە تەواوەتی دابەش كردووە.

لە بەغداش هەندێك لەو پەرلەمانتارانەی لەلایەن حزبەكانیان و بە ئەجێندەی دژ بە كورد هاندەدرێن، هەر ئەوان هاندەر و پاڵپشتی بڕیارە زاڵمانە و نادەستووری و نایاساییەكەی دادگای فیدراڵیی عێراق بوون، كە لەدژی نەوتی كوردستان درا، ئەوان وەكو چۆن لە 16 ئۆكتۆبەر ویستیان هەموو كوردستان تەسلیمی بەغدا بكەن و نەیانتوانی، پێشتریش هانی مالیكییان دا كە بودجەو مووچەی خەڵكی كوردستان ببڕێت و، هێزی سەربازی ڕەوانەی كوردستان بكات، هەر بەهەمان شێوە لە ئێستاشدا خوازیارن بودجەو مووچەی خەڵك ببڕێت و كوردستان بسوتێنرێت، تەنیا لە پێناوی ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو حزبی یەكەم و پڕ جەماوەرترین حزب لە كوردستاندا نەمێنێتەوە، بەڵام نەك ئەمجارە، بەڵكو تا پارتی مابێت ئەوان ناتوانن زیان بە خەڵكی كوردستان و هەرێمەكەمان بگەیەنن، هەموو هەوڵەكانیان شكست دەهێنێت و تەنیا جەماوەری خۆیان لەدەست دەدەن، چونكە لە ئێستادا خەڵكی بەرچاوڕوونیی باشی هەیە و دەزانن كێ پارێزەری كوردستان و سەقامگیریی ئەوان و خەمخۆری مووچە و باشكردنی دۆخەكەیانە و، كێش موزایەدە دەكات و لەسەر شاشەی تیڤییەكان درۆیان لەگەڵ دەكەن و، تەنیا لە پێناو مانەوە و بەرژەوەندیی تەسكی شەخسی و حزبەكەیان فریویان دەدەن.

* ئایا لە بەرامبەر ئەو هەموو دژایەتیكردن و فشارانەدا كاتی ئەوە نەهاتووە كوردیش وەكو هەموو گەلانی جیهان خاوەنی خۆبژێوی و ئابووریی سەربەخۆی خۆی بێت، یان ئایا هیچ نەتەوەیەك ئاسایشی نەتەوەیی و ئاسایشی خۆراكی خۆی تەسلیمی قەدەر و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و جیهان دەكات، كە ئەوەتا بەهۆی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیاوە گرانبوونی نرخەكانی لێ كەوتەوە؟

-  ئێستا هەندێ پڕۆژەی ستراتیژیی زۆر گرنگ لە هەرێمی كوردستان دروست كراون و، لە پلان و بەرنامەدایە كە چەندین پڕۆژەی گرنگی دیكەی پەیوەنددار بە كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازیی خۆراكی دروست بكرێن، لە وانە سایلۆ و كارگەكانی بەرهەمەكانی گەنم وەك ئارد و ساوار و ...هتد، تا چیدیكە بۆ دابینكردنی بەرهەمەكانی گەنم پشت بە دەرەوە نەبەستین، بەڵكو هەرێمی كوردستان بەشەكی سەرەكیی پێداویستیی عێراقیش لەو بەرهەمانە دابین بكات. لە نێوان دهۆك و زاخۆ ئێستا پڕۆژەیەكی ستراتیژیی گەورەی بەرهەمەكانی گەنم لە هەولێر تەواو بووە، لە پیرەمەگروونیش لە دروستكردندایە و لەماوەیەكی كەم تەواو دەبێت.

بڕیار وایە گەورەترین ناوچەی پیشەسازی لە هەموو عێراق لە سنووری پارێزگای دهۆك دروست بكرێت، بەڵام شەڕی ڕووسیا و ئۆكراینا كاریگەریی لەسەر هەموو بازاڕەكانی جیهان دروست كردووە، قسەیەك هەیە دەڵێت، هەر شەڕێك شەڕێكی دیكە دروست دەكات، لە ئوكڕاینا شەڕی چەك هەیە و لە چەندین دەوڵەتی دیكە بە هەرێمی كوردستانەوەش شەڕی گرانبوونی بازاڕ هەیە.

 

Top