شێف ئارەزوو حەمەتەقی: حەز دەكەم چێشتخانە یان كارگەیەكم هەبێت و هەلی كار بۆ چەندین خاتوون بڕەخسێنم
ئافرەتی كورد لە دێر زەمانەوە وێڕای ئەركی دایكایەتی چەندین كاری دیكەی بە جورئەتەوە ئەنجام داوە و، شانبەشانی باوك و برا و هاوسەر لە دەستەبەری بژێوی خێزان بەشدار بووە، ئەمڕۆش خۆشبەختانە خانمان لە مەیدانی كاردا جێ پەنجەی خۆیانیان كردووەتەوە و بوونی خۆیان سەلماندووە. ئارەزوو حەمەتەقی دەرچووی زانكۆیە لە بەشی ژمێریاری و خانمە كابانێكی دانیشتووی دەربەندیخانی باشووری كوردستانە، ئەو لە ماڵەكەی خۆیدا خواردن و شیرینی دروست دەكات، وەك خۆی باسی دەكات لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە بەرهەمەكانی ساغ دەكاتەوە و لەم گفتوگۆیەدا بەمجۆرە باسی كارەكانی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەكات.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
ئارەزوو حەمەتەقی بە هۆی ئەوەی لە كەرتی گشتی و تایبەت دانەمەزراوە، بیرۆكەی ئەوەی بۆ دروست بووە كە لە ناو ماڵەكەی خۆیدا خواردن و شیرینی دروست بكات. ئارەزوو بەمجۆرە باسی تێكەڵبوونی خۆی بە بازاڕی كار دەكات: «هەر كەسێك خواردن و شیرینییەكانمی دەخوارد، زۆر لێی ڕازی بوو. دواتر بیرم كردەوە كە دەست بكەم بە كاری دروستكردنی خواردن و شیرینی لە ماڵەكەی خۆم و بێ كار دانەنیشم و هەر چاوەڕیێ دامەزراندن بم و سوپاس بۆ خوا هیچ ڕێگرییەكم نەبوو، بە پێچەوانەوە هاوسەری ژیانم لەگەڵ خێزانەكەم بە گشتی زۆر پشتگیرم بوون.» لە بارەی داهاتی خۆیشی گوتی: «لە بەر ئەوەی لە دەربەندیخان دەژیم و ئێرەش وەك شارە گەورەكان نییە، بەڵام هەر چۆنێك بێت ئەگەر بڕێكی كەمیش بێت، باشترە لەوەی بێ كار دانیشم و چاوەڕێی دامەزراندن بم، هەر بەوەش تا ڕاددەیەك هاوكاری خێزانەكەمم لە ڕووی داهاتەوە».
كاتێك لە ئارەزوو دەپرسین: وەكو دایكێك چۆن هاوسەنگی لەنێوان كارەكەت و دایكایەتی رادەگریت؟ لە وەڵامدا دەڵێت: «من دایكی دوو كوڕی جوانم و هەرگیز دایكایەتیم پشتگوێ نەخستووە، ئەگەرچی كاركردنەكەشم زۆر قورس بووبێت. واتە بە هۆی خۆشەویستیم بۆ كارەكەم، پەروەردەی منداڵەكانم نەبووەتە ڕێگر و پشتگوێم نەخستووە، لە بەر ئەوەی لە ماڵەوە كار دەكەم، دەتوانم چاودێریی منداڵەكانیشم بكەم و كاری ماڵەوەش بەرێ بكەم». سەبارەت بە ساغكردنەوەی خواردنەكانیشی گوتی: «خواردنەكانم بە شێوەی ئۆنلاین و دیلیڤەری دەفرۆشم و هەندێك جاریش موشتەرییەكانم خۆیان دێن و داواكارییەكانیان دەبەن».
ئارەزوو بەمجۆرە باسی خەونەكانی خۆی بۆ داهاتووی دەكات: «حەز دەكەم چێشتخانەیەكی تایبەت بەخۆم هەبێت، تەنانەت ئەگەر بكرێت كارگەیەكم هەبێت و هەلی كار بۆ چەندین خاتوونی دیكە بڕەخسێنم، ئامۆژگاریشم بۆ ئەو خاتوونانەی كە دەیانەوێت دەست بە كار بكەن، ئەوەیە كە پێش هەموو شت لە شكست نەترسن، بەردەوام هەوڵی خۆیان بدەن، ئەگەر لە كارێكیشدا سەرنەكەوتن، نائومێد نەبن و دەست بەكارێكی دی بكەن و هەرگیز لە هەوڵدان بێزار نەبن. چونكە هەر ڕێگرێك بێتە ڕێت، ئەگەر كەسێكی سەركەوتوو نەبیت و متمانەت بە خۆت نەبێت، ناتوانی بەسەریدا زاڵ بیت. لە كۆتاییدا ڕێز و خۆشەویستیم هەیە بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان و دەستخۆشیم هەیە بۆتان بۆ ڕێكخستنی ئەم جۆرە چاوپێكەوتنانە لەگەڵ ئەو كەسانەی خاوەن كاری خۆیانن، ئەمە خۆی لە خۆیدا پشتگیرییەكە بۆمان سوپاس و پێزانینم هەیە و هەر سەركەوتوو بن».