پێگە و پایەی ئافرەت لە ئایینی ئیسلامی پیرۆز

پێگە و پایەی ئافرەت  لە ئایینی ئیسلامی پیرۆز

 

ئافرەت ئەمانەتی خودای گەورەیە لە گەردەنی پیاواندا و دیاری و خەڵاتی خودایە بۆ پیاوان.

بۆیە خودای گەورە لە سەرجەم مافەكانیان جەختی لێ دەكاتەوە كە دەبێ پیاوان پارێزگاریی لێ بكەن، نەك بیخۆن و زەوتی بكەن. بە فەرمانی خودا و پێغەمبەر (د.خ) بە یەك وشە لێت حەڵاڵ دەبێت و بە یەك وشەش لێت حەرام دەبێت، ئەویش (نكاح وطلاق)ـن. بۆیە دەبێ پیاوان باش بزانن چۆن بە یەك وشە ئافرەت بۆیان حەڵاڵ و حەرام دەبێ، ئەوهاش بە یەك وشە كوشتن و سووتاندن و ئازاردانیشیان حەرام كراوە، جگە لەوە كۆمەڵێك ئەرك و فەرمانتان بەسەردا فەرز كراوە، هەروەها دەبێ نەرمونیان و لێبوردە بین لەگەڵیاندا، هەر وەكو پێغەمبەر (د.خ) دەفەرمێ: «رفقا بالقواریر» نەرم و هەستیار لەگەڵ شووشەواتە گرانبەهاكان. هەروەها دەفەرموێت: «استوصُوا بالنساءِ خيرا؛ فإنهن عندَكم عَوانٌ» واتە: ئامۆژگاریتان دەكەم بەرامبەر ئافرەتان چاك و باش بن، لەبەر ئەوەی ئەوان (ئافرەتان ) لەلای ئێوە ئەمانەتن.

هەروەها پێغەمبەر (د.خ) دەفەرموێ: «الجنة تحت أقدام الأمهات» واتە: بەهەشت لەژێر پێی دایكانە. مەبەست ڕەزامەندیی بەدەستهێنانی بەهەشت لەژێر پێی دایكانە، هەروەها دەفەرموێ: «أن النبي صلی الله عليه وسلم قال: (حبب إلي من الدنيا النساء والطيب، وجعلت قرة عيني في الصلاة». واتە: ئەوەی لە لای من زۆر خۆشەویستە لە دونیایەكەی ئێوە بۆنخۆشی و ئافرەتە و ڕووناكیی چاویشم لە ناو نوێژدایە.

چەندین دەقی دیكەی جوان لە ئایینەكەی ئێمەدا هەیە و كەسانی چاك و خواناس و لە خوا ترس پەیڕەویان كردووە، بەڵام بەداخەوە لە سەردەمانی پێشووتر و لە ئێستاشدا لە ناو موسڵماناندا و بەتایبەتی خەڵكانێك كە خۆیان بە شوێنكەوتووی ئەم دینە دەزانن و، خۆیان بە كەسێكی پابەند بە یاساكانی شەرع دەزانن، كەچی سەرپێچیی زۆر گەورە دەرحەق بە مافەكانی ئافرەتان دەكەن كە لەسەر شانیاندایە جێبەجێی بكەن. لەو مافانەی پێشێلی دەكەن، بە نموونە: باوك هەر زوو مۆڵەتی شۆفێری بۆ كوڕەكانی دەردەكات و كچەكانی بێبەش دەكات، یان كچ لە خوێندن بێبەش دەكات، یان كوڕ ئازادە كام كچ حەزی لێیە بۆ ژیانی هاوسەری هەڵیبژێرێت، بەڵام كچەكە ناتوانێ هاوسەری ژیانی بە دڵی خۆی هەڵبژێرێت، مەگەر بە دڵی دایك و باوك برا و كەسوكاری بێت، هەروەها لە خواردن و جلوبەرگ و سەفەر و هیتر .. كە ئەمانە پێچەوانەی شەریعەتی پیرۆزی ئیسلامن، لەمانەش كارەساتتر، بێبەشكردنی ئافرەتانە لە بەشە میرات كە فەرز و فەرمانی خودای گەورەی لەسەرە و، ئەوەی بەشە میرات نەدات بە ئافرەت، ئەوە بەزاندنی سنووری خودایە و ستەمی ئەنجام داوە. خودای گەورە دەفەرموێت: «فَرِيضَةً مِّنَ اللَّهِ ۗ إِنَّ اللَّهَ كَانَ عَلِيمًا حَكِيمًا». ئایەتی (11)

كاتێك میرات دێتە بەرباس، ئەوە خودای گەورە دەفەرموێت فەرزێكە لەلایەن خواوە، هەروەها لەبارەی ستەمكردن لە بێبەشكردنی ژن و كچان لە بەشە میرات ئەوە دەفەرموێت: «سنووری خوا مەبەزێنن و ستەم مەكەن». كەواتە ئەوانەی ئافرەت بێبەش دەكەن لە بەشە میرات، ئەوە فەرزێكی خودای گەورەیان جێبەجێ نەكردووە و سنووری خودای گەورەیان بەزاندووە و، ستەمیان ئەنجام داوە و ماڵی خۆشیان بە حەرام تێكەڵ كردووە.

باسێكی دیكەی زۆر گرنگ هەیە كە لە پێش هاتنی ئیسلامی پیرۆز، وەكو كاڵایەكی بازرگانی جاریە و خزمەتكار ڕەفتاریان لەگەڵ كچ و ژن دەكرد، بەڵام كە ئیسلام هات، هەموو شتێك گۆڕا، ئافرەت بوو بە هاوبەش و هاوسەر و خاوەن ماڵ و لە كاتی مارەبڕین دەبێتە خاوەنی داواكاری كە وەكو مارەیی و مافی خۆیەتی كە وەری بگرێت.

پێغەمبەرمان (د.خ) لە سەرەمەرگی و لە كۆتا ساتەكانی تەمەنی هاوەڵانی وا ئامۆژگاری كرد و فەرمووی: «لەو دونیایەی ئێوە دوو شت لای من خۆشەویست و بەنرخە، بۆنخۆشی و ئافرەت، ڕۆناكی چاویشم لە ناو نوێژدایە».

دەگێڕنەوە لە سەردەمی خەلیفەی موسڵمانان عومەری كوڕی خەتاب (خودا لێی ڕازی بێت)، پیاوێك دەڕوات بۆ لای ئیمام عومەر بۆ ئەوەی سكاڵا لە هاوسەرەكەی بكات، كە نزیكی ماڵیان دەبێت، دەبینێت هاوسەری ئیمام عومەر وا گلەیی دەكات و دەنگی بە سەریەوە بەرز كردووەتەوە، بۆیە پیاوەكە دەگەڕێتەوە، بەڵام ئیمام عومەر پیاوەكە دەبینێت و بانگی دەكات و هۆكاری هاتن و ڕۆیشتنی لێ دەپرسێت، پیاوەكەش باسی خۆی دەكات و دەڵێت كە تۆم بینی بە دەست هاوسەرەكەت زۆر لە من حاڵت خراپترە، گەڕامەوە. ئینجا ئیمام عومەر (خودای لێ ڕازی بێت) فەرموی: «ئەی پیاوی چاك، هاوسەرەكانمان بۆ ماوەی نۆ مانگ منداڵەكانمان لە سكی خۆیاندا هەڵدەگرن و دوو ساڵ شیری پێ دەدەن و هەژدە ساڵ بەخێوی دەكەن و شیومان بۆ ئامادە دەكات و، میوانەكانمان بەڕێ دەكات، جلوبەرگمان دەشوات و ماڵەوە خاوێن دەكاتەوە و هیتر ...»

جا دەبێ ئەوە بزانین، چۆن ژیانی دونیا بێ ئافرەت نابێت، هەر ئەوهاش بەهەشت بێ ئافرەت خۆش نییە، كەواتە ژن یەعنی ژیان.

 

 

مەلا رەعد نووری ئۆمەربلی

كارگێڕ و وتەبێژی لقی هەولێری یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان

 

Top