شه‌نگه‌ ئه‌سكه‌نده‌ر: حه‌ز ده‌كه‌م بنه‌ماڵه‌كه‌م سه‌ركه‌وتنه‌كانم له‌ ئایینده‌ى نزیكدا ببین

شه‌نگه‌ ئه‌سكه‌نده‌ر: حه‌ز ده‌كه‌م بنه‌ماڵه‌كه‌م سه‌ركه‌وتنه‌كانم له‌ ئایینده‌ى نزیكدا ببین

 

گوڵان – كۆمه‌ڵایه‌تى

شه‌نگه‌ ئه‌سكه‌نده‌ر ساڵى 1997 له‌ شاری هه‌ولێر له‌ دایك بووه‌، وه‌ك خۆی باسی ده‌كات له‌ ته‌مه‌نی 18 مانگی به‌ هۆی نه‌خۆشیی رۆماتیزم بینایی له‌ ده‌ست داوه‌، به‌ڵام كۆڵ نادات و ته‌سلیمی قه‌ده‌ر نابێت، ئه‌و به‌ هاوكاریی خانه‌واده‌كه‌ی ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م خوێندن تێده‌په‌ڕێنێت و ئێستا قوتابیی زانكۆیه‌، له‌م گفتوگۆیه‌شیدا له‌گه‌ڵ گۆڤارى گوڵان پتر باسى ژیانى خۆى ده‌كات.


شه‌نگه‌ ئه‌سكه‌نده‌ر خانمێكى ته‌مه‌ن 25 ساڵه‌ى دانیشتووى هه‌ولێرى پایته‌خته‌ و سه‌ره‌تا باسى ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌ هۆی كێشه‌ى چاوه‌كانیه‌وه‌، یه‌ك دوو ساڵ له‌ خوێندن دواكه‌وتووه‌، دواتر خوێندنى له‌ په‌یمانگه‌ی نابینایان ده‌ست پێ كردووه‌ و تا پۆلی نۆی بنه‌ڕه‌تی به‌ سه‌ركه‌وتوویی ته‌واو كردووه‌. به‌ڵام دواتر قۆناغی ئاماده‌یی له‌گه‌ڵ كه‌سانی ئاسایی خوێندووه‌، كێشه‌ و ئاریشه‌كانیشى له‌ ده‌ستپێكی خوێندنه‌وه‌ به‌رۆكی ئه‌و خاتوونه‌ى گرتووه‌. هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: "له‌ تێپه‌ڕاندنی قۆناغه‌كانی خوێندن زۆر به‌ربه‌ست هاتنه‌ سه‌ر ڕیگه‌م و به‌رده‌وامبوونم له‌ خوێندن هێنده‌ ئاسان نه‌بوو، نه‌هامه‌تی زۆرم بینی، به‌ڵام كۆڵم نه‌دا، چونكه‌ تاكه‌ ئامانجم ئه‌وه‌ بوو پله‌یه‌كی باش له‌ خوێندن به‌ ده‌ست بهێنم." گوتیشى: "له‌ پاڵ خوێندن شیعریش ده‌نووسم، شیعرم بۆ دایك و باوك و بۆ خۆشه‌ویستی نووسیوه‌، هه‌رگیز ناتوانم ده‌ستبه‌رداری شیعر بم، چونكه‌ خۆم له‌ دونیای شیعردا ده‌بینمه‌وه‌، جارجاریش گۆرانی ده‌ڵێم".
له‌ وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌دا كه‌ ئه‌ندامانى خێزانه‌كه‌ت تا چه‌ند پاڵپشت و هاوكارت بوون؟ شه‌نگه‌ ئه‌سكه‌نده‌ر ده‌ڵێت: "تا گه‌یشتوومه‌ته‌ ئێره‌، دایكم زۆر زۆر هاوكارم بووه‌، ئه‌و هه‌رگیز نه‌یهێشتووه‌ هه‌ست به‌وه‌ بكه‌م كه‌ له‌ خوشك و براكانم جیاوازم، ته‌نانه‌ت خوشك و براكانیشم هه‌وڵ و ماندووبوونی زۆریان چێشتووه‌ و یارمه‌تییان داوم، به‌تایبه‌تى بۆ ته‌واوكردنی خوێندنه‌كه‌م، ئێستاش قوتابیم له‌ به‌شی مێژوو له‌ زانكۆی سه‌لاحه‌دین. زۆرم حه‌ز له‌ خوێندنه‌وه‌یه‌ و گرنگیی زۆر به‌ خوێندنه‌وه‌ ده‌ده‌م".
شه‌نگه‌ ئه‌وه‌ش دووپات ده‌كاته‌وه‌: "دایكم ئافره‌تێكی به‌توانا و سه‌ركه‌وتوو بووه‌ له‌ پێگه‌یاندنی ئێمه‌، به‌تایبه‌تی من كه‌ زۆر له‌گه‌ڵم ماندوو بووه‌، بێ ئه‌وه‌ی ڕۆژێك له‌ ڕۆژان گله‌یی ئه‌وه‌ بكات، به‌وه‌ى كه‌ ماندوو، یان بێزار بووه‌". گوتیشى: "دایكم ژنی ماڵه‌وه‌یه‌ و هه‌موو ژیانی بۆ خزمه‌تكردن و په‌روه‌رده‌كردنی ئێمه‌ ته‌رخان كردووه‌، منیش ئاواته‌خوازم له‌ داهاتوودا ببمه‌ دایكێكی سه‌ركه‌وتوو و هاوشێوه‌ی دایكم بم. لێره‌وه‌ ئه‌م كۆپله‌ شیعره‌م ده‌كه‌مه‌ دیاری بۆ دایكی خۆشه‌ویست و ماندوویینه‌ناسم:
خۆشم ده‌وێی ئه‌ی دایه‌ گیان
ساتێ بێ تۆ ناتوانم ئه‌ی هه‌ناسه‌ی ژیان
سۆزت ئه‌وه‌نده‌ زۆره‌ به‌شی هه‌موومان ده‌كات
دڵت هێنده‌ پاكه‌ دڵی گشتمان خۆش ده‌كات
نازانم چیت بۆ بنووسم و چۆن باست بكه‌م
هه‌ر وشه‌یه‌ك ده‌ڵێم له‌ ئاست تۆ هیچ نییه‌
تۆ وه‌كو په‌پووله‌كانی ئاسمان جوان و پاكی
تۆ وه‌كو شه‌پۆلی ده‌ریاكان جوان و بێگه‌ردى.."
شه‌نگه‌ له‌ كۆتایى وته‌كانیدا ده‌ڵێت: "من هه‌رگیز ناتوانم چاكه‌ی خێزانه‌كه‌م بده‌مه‌وه‌، كه‌ به‌ هه‌وڵی ئه‌وان گه‌یشتوومه‌ته‌ ئه‌م قۆناغه‌ی ئێستام و له‌ زانكۆ ده‌خوێنم. حه‌ز ده‌كه‌م بنه‌ماڵه‌كه‌م سه‌ركه‌وتنه‌كانم له‌ ئایینده‌ى نزیكدا ببین، له‌ داهاتووشدا دوای ته‌واوكردنی خوێندن، به‌نیازم شیعره‌كانم له‌ دیوانێكدا كۆبكه‌مه‌وه‌ و چاپیان بكه‌م، هه‌ر له‌ منداڵیشیه‌وه‌ ئاواته‌خوازی ئه‌وه‌ بووم، ببمه‌ راگه‌یاندنكارێكی سه‌ركه‌وتوو."

 سپۆت:
 له‌ تێپه‌ڕاندنی قۆناغه‌كانی خوێندن زۆر به‌ربه‌ست هاتنه‌ سه‌ر ڕیگه‌م و به‌رده‌وامبوونم له‌ خوێندن هێنده‌ ئاسان نه‌بوو، نه‌هامه‌تی زۆرم بینی، به‌ڵام كۆڵم نه‌دا
 شیعرم بۆ دایك و باوك و بۆ خۆشه‌ویستی نووسیوه‌، هه‌رگیز ناتوانم ده‌ستبه‌رداری شیعر بم
 دایكم زۆر زۆر هاوكارم بووه‌، ئه‌و هه‌رگیز نه‌یهێشتووه‌ هه‌ست به‌وه‌ بكه‌م كه‌ له‌ خوشك و براكانم جیاوازم
 خوشك و براكانیشم هه‌وڵ و ماندووبوونی زۆریان چێشتووه‌ و یارمه‌تییان داوم، به‌تایبه‌تى بۆ ته‌واوكردنی خوێندنه‌كه‌م
 دایكم ژنی ماڵه‌وه‌یه‌ و هه‌موو ژیانی بۆ خزمه‌تكردن و په‌روه‌رده‌كردنی ئێمه‌ ته‌رخان كردووه‌
 به‌نیازم شیعره‌كانم له‌ دیوانێكدا كۆبكه‌مه‌وه‌ و چاپیان بكه‌م، هه‌ر له‌ منداڵیشیه‌وه‌ ئاواته‌خوازی ئه‌وه‌ بووم، ببمه‌ راگه‌یاندنكارێكی سه‌ركه‌وتوو

Top