واشنتۆن.. فڕۆکەیەکی ڕووسی ئەو دیپلۆماتکارانە دەگوازێتەوە كە بە تۆمەتی سیخوڕی دەرکراون
بە پێی هەواڵێك كە حكومەتی ڕووسیا بڵاوی كردووەتەوە، فڕۆکەیەکی ڕووسی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی لە واشنتۆن نیشتەوە بۆ گواستنەوەی نزیکەی دوانزدە دیپلۆماتکاری نێردەی مۆسکۆ بۆ ئەرکی نەتەوەیەکگرتووەکان، کە واشنتۆن بە سیخوڕیکردن تۆمەتباریان دەکات.
لەم ڕووەوە ڕادیۆی دەنگی ئەمریكا ئەم هەواڵەی پشتڕاست كردەوەو گوتی: ئەمریکا ئاسمانی وڵاتەکەی بە ڕووی هەموو گەشتە ئاسمانییەکانی ڕووسیادا داخستووە، ئەمەش لە دوای هێرشە داگیرکارییەکانی مۆسکۆ بۆ سەر ئۆکرانیا.
لەلای خۆیەوە وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە کە حکومەتی ئەمریکا گەشتێکی ئاسمانی بۆ هاتنی ئەو فڕۆکەیە پەسەندکرد، بۆ ئەوەی کارئاسانی بکرێت بۆ گواستنەوەی ئەو دیپلۆماتکارە ڕووسییانەی بۆ ئەرکی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ئەمریکا بوون و بەهۆی پێشێلکردنی مافی مانەوەیان لە ئەمەریکا دەرکراون.
جێی وەبیرهێنانەوەیە ئەمریکا ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو داوای دەرکردنی 12 ئەندامی ڕووسی هەتا 7 ی ئەم مانگە کرد، کە وەک نێردەی ڕووسی بۆ نەتەوەیەکگرتووەکان کاریان دەکرد.