گەمەکردن بە عەقڵی جیهان

گەمەکردن بە عەقڵی جیهان

 

 

ئەوەی ئێستا لەدونیا ڕوودەدات گەمەکردنە بەعەقڵی جیهان، بۆ؟ مرۆڤ لەم سەردەمەدا لەوە زیرەکترە کە سەرکرە  جیهانییەکان ڕەچاوی دەکەن. بۆ؟  ئەو گوتارەی لەپێناو داگیرکردنی ئۆکرەین لەلایەن ڕوسیا بەکاردەهێنرێت، گەمەکردنە بەعەقڵی جیهان و ئەو گوتارەی لەلایەن ئەوروپا و ئەمەریکا و جیهانی خۆ بەبێلایەن زان و بێ قسە بەڕێوە دەچێت گەمە کردنە بەعەقڵی جیهان، بۆ؟. زۆر بەکورتی و سادەیی چونکە خودی مرۆڤ و ژیان و چارەنووسیان بەهیچ دەزانن!

ئێمە دوو دەستەواژەمان لەم بارەوە هەیە یەکیکیان یاریکردنە بەعەقڵ و ئەوی دیکەشیان گەمەکردنە بەعەقڵ. پێم وایە لەڕووی واتاوە یاریکردن وەکو مانۆر و هێنان و بردن و کات پێکوشتنی ئەو کەسانە دێت، کە یارییان پێ دەکرێت. دەتوانین لەدۆخی یەکەمدا کەسەکان هەندێک پێگە و پلە و بوونیان بۆ دابنرێت، یان وەکو دوو گروپ و لایەن و تیمیش ڕۆڵیان لەکردەکاندا هەبێت، بەڵام لەدۆخی دووەمدا کە گەمە پێکردنە، بەواتای پێ ڕابواردن و جوێن و سوک سەیرکردن و بێ بەهاکردنی خودی خەڵکەکە و جیهان دێت.

ڕوسیا لەسەرەتا هێرشکردنە سەر ئۆکرەین چەکی ئەتۆمیی خستۆتە باری ئامادەباشییەوە و هەڕەشەی بەکارهێنانی وێرانکەری جیهانی کرد، دوای چەندین ڕۆژ ئەم جارە گوتی ئەمەریکا و ئەوانی دیکە هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دەکەن، ئەمە نەک هەر دونیا تووشی دۆخێکی دەروونیی مەترسیدار دەکات، بەڵکو گەمە کردنێکی سەخیفیشە بەعەقڵی جیهان.لەم سەردەمەدا درۆ دوژمنی خوا نییە، بەڵکو درۆزانینین بۆتە هونەری لێهاتوویی و ژیری لەسیاسەتدا.

ئەمەریکا و ئەوروپاس دەڵێن ئێمە هاوکاری بەکارهێنانی هێزی لەشکر بۆ پاڵپستی ئۆکرەین ناکەین، بەڵام هەموو جۆرە هاوکارییەکی دیبلۆماسی و سیاسی و ئابووری و چەکی سەربازیی دەکەین، ئەمە یاریکردن و مانۆر و فشارنییە، بەڵکو گەمەیەکی ئاشکراییە بەعەقڵی مرۆڤ و جیهان، لەم ڕێگەیەوە دەیانەوێت ڕوسیا بخەنە دۆخێکی هیستریایی. لەئاکامدا هەردوو بەرە گەمە بەعەقڵی جیهان دەکەن، کە لەکردەوەدا هەندێک لەبنەڕەتدا بڕوایان بەوە نییە جیهان عەقڵیشی هەبێت و وا هەڵسوکەت دەکەن، کە جیهان و وڵاتەکان و خەڵک و نەتەوە و گروپە جیاکان لەڕیشەدا بێ عەقڵن و هڕە لەبڕەی دەرناکەن و گونی خۆیان و گێزەر لێک ناکەنەوە و نازانن دەستی چەپیان و ڕاستیان کامەنەن.   

ئەوەی ئێستا لەشەڕی دەروونیی و شەڕە گوتار و ڕاگەیاندن، هەروەها لەشەڕی هەقیقی سەربازی لەنێو خاکی ئۆکرەین بەڕێوە دەچێت بەکردەوە گەمەکردن و گاڵەتپێکردنی بەعەقڵی مرۆڤایەتیی و بەکردەوە یاریکردنە بەچارەنووسی مرۆڤ لەسەرتاسەری جیهاندا.

دەوڵەتەکان بەئاشکرا و بە ئەو پەڕی شانازییەوە درۆ دەکەن، درۆیەک بەقەد قەوارەی جیهان گەورە و زەقە، تەنیا هەیانە وابیر دەکاتەوە وەکو چۆن خۆی بڕوای بەدرۆیەکانی خۆی کردووە، پێویستە و ئەرکیشە دەبێت هەموو دونیا بۆچوون و زانیاریی و بۆچوونە درۆینەکانی ئەوان بڕاستێنن و لەدرۆوە وەکو ڕاستی و لەخەیاڵەوە وەکو هەقیقەت و لەفشار و کارێکی ناڕەواوە وەکو شتێکی پێشوازیی لێکراو و کارێکی دادپەروەرانە مامەڵەی لەگەڵ بکەن.

هیچ سەردەمێک دەوڵەتەکان بەقەد گەمەپێکردنەکانی ئێستا لەسوکایەتی بەعەقڵی مرۆڤایەتی ئاشکرا و ڕاشکاوانە نەبوون، هیچ کاتێک هیچ بیروڕاو و ئایدیۆلۆژیا و ئایین و  فکرێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و زانستی بەقەد ئێستا نەیتوانیوە درۆ بڕاستێنێت و قوتدان و سڕینەوەی دەوڵەتێک بەم شێوەیە سوک و ڕەوا ببینن، قەت هیچ سەردەمێک وەکو ئێستا دەوڵەتەکان بێ ئەخلاق نەبوون لەپشتکردنە دۆستەکانیان و بەکارهێنانی دۆستەکانیان وەکو کارت و دۆخێکی گەمەپێکراو.

دەرکەوت سەردەمی دیموکراسی، سەردمی گەمەپێکردنە نەک یاریکردن لەنیوان دوو گروپی جیاواز و ناکۆک، سەردەمی ئایدیۆلۆژیا سەردەمی قوربانییە، نەک گێڕانەوەی ماف بۆ خاوەن مافەکان، دەرکەوت هەمیشە گەورە گەورەیە و بچووکیش بچووک، سەرکەوتوو بێ هیچ لێپێچینەوەیەک و پێداچوونەوە و بنەمایەک خاوەنی هەقە و دۆڕاویش تاوانبار و شایستەی هەموو چەشنە سزایەکە.   

Top