ده‌قی وتاری مەسرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:

ده‌قی وتاری مەسرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:

كارمان بۆ هەمەجۆركردنی ئابووری و بایەخدان بە گشت كەرتەكان كرد، بۆ ئەوەی تەنیا پشت بە سەرچاوەیەكی داهات نەبەستین
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
خوشك و برایانی بەڕێز
ئامادەبوانی هێژا
زۆر زۆر بەخێر بێن، زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ لە خزمەتی ئێوەی خۆشەویستدام. خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ لەم كۆڕبەندە پیشەسازییە گرنگەدا بەشدارم كە ئامانج لە بەستنی ئەم كۆڕبەندە گرنگە ڕەخساندنی بازاڕە بۆ بەرهەمە ناوخۆییەكان و هەروەها هێنانە ئارای دەرفەت و هەلی كارە بۆ خەڵكی هەریمی كوردستان. دەستخۆشی لە ڕێكخەرانی ئەم كۆڕبەندە دەكەم و هیوادارم ئەنجامەكانی ببێتە هۆی زیاتر بەرەوپێشچوونی ئابووری و دروستكردنی دەرفەتی زیاتری كار.

ئێمە لە سەرەتای ئەم كابینەیەدا كارمان بۆ هەمەجۆركردنی ئابووری و بایەخدان بە گشت كەرتەكان كرد، بۆ ئەوەی تەنیا پشت بە سەرچاوەیەكی داهات نەبەستین، بەتایبەتی گرنگییەكی زۆرمان بە كەرتەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ داوە، لەم ڕووەوە تا ئێستا چەندین پرۆژەمان ئەنجام داوە کە هەندێكیانتان بینی.

ئامانجی سەرەكیشمان بنیادنانی ژێرخانێكی ئابووریی بەهێز بووە بۆ هەرێمی كوردستان. بەڵام ئاشكرایە پاش ماوەیەكی كەم لە دەستبەكاربوونی ئەم كابینەیە، هەرێمی كوردستان و عێراق و جیهان بە تێكڕایی دووچاری چەند قەیرانێكی سەختی تەندروستی و ئابووری بوونەوە، وەك بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و لێكەوتە نێگەتیڤەكانی، بەتایبەت دابەزینی نرخی نەوت لەو كاتە لە بازاڕەكانی جیهاندا، هەروەها نەناردن و دواكەوتنی خەرجكردنی بەشەبودجەی هەریمی كوردستان لەلایەن حكوومەتی فیدراڵییەوە كە تا ئێستاش بەداخەوە بەردەوامە و كاریگەرییەكی نەرێنیی لەسەر هەموو بوارەكانی ژیاندا دروست كرد.

ئەم قەیرانانە كێشە و گرفت و تەحەدای گەورەیان نەك هەر بۆ ئێمە، بەڵكوو بۆ وڵاتانی زلهێزی خاوەن ئابووری و پیشەسازیی گەورەی جیهانیش دروست كرد و سیستەمی دارایی و ئابووریی ئەو وڵاتانەی دووچاری داڕمان و زیانی گەورە كرد.

بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو قەیرانانەش، ئێمە هەرگیز لە كاركردن و پێشكەشكردنی پرۆژە خزمەتگوزاری و ستراتیژییەكان نەوەستاین و بەپێی توانای دارایی بەردەست بەردەوام بووین و لە ماوەی تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا چەندین پرۆژەی گرنگ و ستراتیژی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەكان ئەنجام دراوە، وەك ڕێگاوبان، پیشەسازی، كارەبا ، كشتوكاڵ، گەشتوگوزار و ...هتد كە هەندێكیان جێبەجێكراون و تەواو بوون، هەندێكیشیان ئێستا لە قۆناغی جێبەجێكردندان.

بێگومان بەشێك لە پرۆژەكان بە هاوبەشی لە نێوان هەردوو كەرتی گشتی و تایبەت ئەنجام دراون كە لێرەدا سوپاسی كەرتی تایبەت دەكەم كە بە هەماهەنگی و هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی ڕابردوودا پرۆژەی گرنگیان ئەنجام داوە، حكوومەتیش هەر ئاسانكارییەكی پێویست بێت، پێشكەش بە وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی دەكات بۆ ئەوەی بەشدار بن لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی كوردستان و بنیادنانی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان.

لە هەمان كاتدا حكوومەتی هەرێم بە هەموو شێوەیەك پاڵپشت و هاوكاریی گەنجان و پرۆژە بچووكەكان لە بوارەكانی پیشەسازی و بازرگانی و داهێنان لە هەموو ڕوویەكەوە دەبێت.

هەر لێرەشەوە لایەنە پەیوەندیدارەكان ڕادەسپێرم بۆ لابردنی ئەو بەربەست و لەمپەرانە و ئاسانكاریی زیاتر بۆ پێشخستنی كەرتی پیشەسازی.

ئێمە هەمیشە لە سەردانەكانمان بۆ دەرەوە و دیدارەكانمان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتان، یەكێك لە تەوەرەكانی گفتوگۆكانمان، ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پێشخستنی ئابووری و دۆزینەوەی بازاڕ بووە بۆ بەروبووم و بەرهەمە ناوخۆییەكان و ڕەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجەكانمان لە ڕێگەی هاندان و ڕاكێشانی سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنانی بیانی بۆ هەرێمی كوردستان، هەروەها سوودوەرگرتن لە ئەزموون و شارەزایی وڵاتە پێشكەوتووەكان لەپێناو بنیادنانەوە و گەشەپێدانی ئابووریی هەرێمی كوردستان.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان پلان و بەرنامەی گرنگ و تۆكمەی هەیە، بۆ بایەخدان بە كەرتی پیشەسازی، بەتایبەتیش لە بوارەكانی پیشەسازیی خۆراك و پیترۆكیمیایی و پیشەسازیی كانزاكان و دابینكردنی ماددەی خاو بۆ پیشەسازیی بچووك و مامناوەند، لەگەڵ دروستكردنی چەند ناوچەیەكی پیشەسازی لە شارەكانی هەرێمی كوردستاندا. بەڵام بێگومان بەدیهێنان و جێبەجێكردنی هەموو ئەو پرۆژانە بە پلەی یەكەم بەندە بە هەبوونی سەقامگیریی سیاسی لە عێراق بەگشتی و بە هەبوونی پەیوەندییەكی باش و دۆستانە لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵیدا كە ئێمە پێمان وایە پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان لە بەرژەوەندیی هەموو عێراق و هەموو هاووڵاتییانی عێراقدایە، پێویستیشە بەو چاوەوە خوشك و برایانمان لە عێراق سەیری پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان بكەن، نەك بە پێچەوانەوە هەوڵی ئاستەنگ و كێشە دروستكردن بۆ هەرێمی كوردستان بدەن. ئێمە بەو داهات و توانا داراییە سنووردارەی لە بەردەستمانە ئەو پێشكەوتنانەمان لە كوردستان دروست كردووە كە لە هەموو بوارەكاندا جیاوازییەكی زۆری لەگەڵ ناوچەكانی تری عێراقدا هەیە، بەڵام بەداخەوە لە جیاتی پشتیوانیكردن و دەستخۆشیكردن، هەندێك لایەن هەوڵی وەستاندن و سزادانی هەرێمی كوردستان دەدەن، بۆیە هیوادارم ئەوانەی بیر لە تێكدانی پێشكەوتنی كوردستان دەكەنەوە، كەمێك بیر لەوەش بكەنەوە ئەو هەموو شەڕ و وێرانكارییەی لە ساڵانی ڕابردوودا ڕوویان دا، چ قازانجێكی بە خەڵكی عێراق گەیاند؟ ئەگەر ئەو هەموو توانا و داهاتەی عێراق لەجیاتی شەڕ و وێرانكاری و ململانێی سیاسی، لە خزمەتكردن و ئاوەدانكردنەوە و پێشكەوتنی عێراق بەكار بهێندرابایە، ئێستا دڵنیاین عێراق یەكێك لەو وڵاتە پیشەسازییە پێشكەوتووەكانی ناوچە و جیهان دەبوو.

لێرەدا دووپاتی دەكەینەوە كە خوازیاری باشترین پەیوەندین لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی و بە هەموو شێوەیەكیش داكۆكی لە مافە دەستوورییەكانمان دەكەین لەپێناو زیاتر پێشخستنی هەرێمی كوردستان و سەقامگیربوونی ئاشتی و ئارامی لە هەموو عێراق.

جارێكی دیكە دەستخۆشی لە ئامادەكارانی ئەم كۆڕبەندە دەكەم، هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم.

Top