یۆنان: 5 بەلەم کە زیاتر لە 120 پەنابەری هەڵگرتبوو ڕێگریمان لێ کرد بچنە ناو ئەوروپاوە

یۆنان:  5 بەلەم کە زیاتر لە 120 پەنابەری هەڵگرتبوو ڕێگریمان لێ کرد بچنە ناو ئەوروپاوە

 

پاسەوانی کەناری یۆنان ڕۆژی هەینی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: دەسەڵاتدارانی یۆنان بە هاوکاری ئاژانسی پاراستنی سنووری یەکێتی ئەوروپا (فرونتکس) ڕێگرییان لە پێنج بەلەمی هەڵگری پەنا خوازان لە ئاوی تورکیا کردووە بچنە ناو دەریای ئیجە.

بەپێی راگەیەندراوەکە، هێزەکانی پاسەوانی کەنارەکانی تورکیا هەر وەکو چاوەڕوان دەکرا لە شوێنی ڕووداوەکە دەرکەوتن و پەناخوازانیان کۆکردەوە.

دوورگەکانی ڕۆژهەڵاتی یۆنان لە دەریای ئیجە یەکێکە لە خواستی پێگەیشتنی سەرەکی کۆچبەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەفریقا و ئاسیا، کە بەهۆی شەڕ یان هەژارییەوە ڕوو دەكەنە ئەوروپا بۆ ژیانێکی باشتر. لە ساڵی 2015دا، نزیکەی یەك ملیۆن کەس لەم ڕێگایەوە هاتوونەتە ئەوروپا.

لە ساڵی 2016دا تورکیا لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا و یۆنان گەیشتنە ڕێككەوتن بۆ ڕێگەگرتن لە کۆچکردنی پەناخوازان بۆ ڕۆژئاوا هەرچۆنێك بێت ئەم پابەندبوونە لەم چەند ساڵەی دوواییدا بەشێوەیەكی پراكتیكی بووە پاڵەپەستۆی دەستی ئەنقەرە لە ناکۆکی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا، ساڵانە هەزاران پەناخواز بە بەلەم لە تورکیاوە هەوڵی گەیشتن بە یۆنان دەدەن، هەر چەندە زۆرجار پەناخوازان تووشی  ڕووداوی کوشندە دەبنەوە.

ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی پاسەوانی دەریایی یۆنان و فرونتکس لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بووە هۆی کەمبوونەوەیەکی جدی لە ژمارەی پەناخوازان لە دەریای ئیجە هەرچەندە زۆرێک لەڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ پۆلیسی یۆنان تۆمەتبار دەکەن بە دیپۆرتکردن و ناردنەوەی نایاسایی ئەو کۆچبەرانەی کە چوونەتە ناو خاکی ئەو وڵاتە یۆنان ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە، دەسەڵاتدارانی یۆنانیش ڕۆژی هەینی ڕایانگەیاند: کە چوارهاووڵاتیی سووریا و كەسێكی جەزائیرییان لە نزیک سنوورلەگەڵ تورکیا دەستگیرکردوە، بەوتەی پۆلیسی یۆنان، ئەو پیاوانە تەمەنیان 21 بۆ 32 ساڵ بوو، بەبێ مۆڵەت چوونە ناو وڵات و چەکدار بوون.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

Top