ڕۆژی ژینگەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان لە هەرێمی كوردستان

ڕۆژی ژینگەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان لە هەرێمی كوردستان

 

هاوینی ئەمساڵ 50 ساڵ تێپەڕ دەبێت بە سەر كۆنگرەی ستۆكهۆڵم كە لە (5)ی حوزەیرانی ساڵی 1972 بەسترا، لەو ساوە تا ئەمڕۆ، جیهان بەگشتی و ژینگەدۆستان بەتایبەتی، یادی بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژینگە بەرز ڕا دەگرن، هەر لەو ڕۆژەشدا (بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ژینگە) (UNEP) دامەزرا.

نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ زیاتر فراوانكردنی بازنەی بایەخدان بە ژینگە داوای لە وڵاتانی جیهان ئەوەیە كە ڕۆژی تایبەت بە ژینگە تا ئاستی بچووكترین یەكەی ئیداری و پەروەردەیی و كۆمەڵگەیی شۆڕ بكرێتەوە.

كاركردن بۆ ژینگەیەكی سەلامەت، لە پێش هەموو شتێكدا هەوڵدانە بۆ پاراستنی باڵانس و هاوسەنگیی ژینگەیی، كە لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمەوە تا ئەمڕۆ بە شێوازێكی زۆر توند ئەو هاوسەنگییە ڕوو لە تێكچوونە.

بۆیە ئەم ڕۆژە بۆنەیەكی یارمەتیدەرە بۆ هۆشیاریی زیاتر لە بواری ژینگەدا و، بۆ سەرنجڕاكێشانی سیاسەتمەدار و بڕیاربەدەستانی جیهان بەلای ژینگەدا و، دروستكردنی بایەخپێدانێكی جیهانی بە ژینگە و پێكهێنەرەكانی. هەروەها جۆرێك لە خۆئامادەكردنی دەروونییشە بۆ گۆڕینی ڕەفتارەكانی تاك و، باشتركردنی هەڵوێستەكانی كۆمەڵگە، بە ئاراستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە و، دروستكردنی هەستێكی جیهانی لای دانیشتووانی گۆی زەوی، بەو ڕاستییەی كە چارەنووسی هەموویان پێكەوە گرێ دراوە.

ڕۆژی جیهانیی ژینگە هۆكارێكیشە كە بە هۆیەوە گەلان ڕۆژی تایبەتیان بۆ ژینگەی لۆكاڵیی خۆیان هەبێت، بۆیە عێڕاق ڕۆژی ژینگەی تایبەت بە خۆی هەیە و، هەرێمی كوردستانیش ڕۆژێكی ژینگەی تایبەت بە خۆی هەیە، كە دەكەوێتە ڕۆژی 16ی نیسانی هەموو ساڵێك. دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستانیش وەك دەستەیەكی چاودێری و بەدواچوون، داوای لە فەرمانگەی ژینگەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان كرد، كە ڕۆژێكی تایبەت بە ژینگەی هەر پارێزگا و ئیدارەیەكی سەربەخۆ دیار بكەن، بۆ ئەوەی ساڵانە لە پاڵ ڕۆژی جیهانیی ژینگە و، ڕۆژی ژینگەی كوردستاندا، ئەوانیش ڕۆژێكی لۆكاڵیی تایبەت بە ژینگەی خۆیان هەبێت، بۆ زیاتر پاراستن و چاككردنی ژینگەی دەڤەر و ناوچەكانیان.

بۆیە فەرمانگەكانی ژینگە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكاندا، بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ لایەنە فەرمییە پەیوەندیدارەكان، ڕۆژی ژینگەی تایبەت بە خۆیان دیار كردووە، بەم شێوەیەی لای خوارەوە:

 ڕۆژی 4ی نیسانی هەموو ساڵێك ڕۆژی ژینگەی پارێزگای هەولێرە.

ڕۆژی 22ی ئەیلول، ڕۆژی ژینگەی ئیدارەی گەرمیانە.

ڕۆژی 23ی تشرینی یەكەم، ڕۆژی ژینگەی ئیدارەی ڕاپەڕینە.

ڕۆژی 1ی تشرینی دووەم، ڕۆژی ژینگەی پارێزگای دهۆكە.

ڕۆژی 8ی تشرینی دووەم، ڕۆژی ژینگەی پارێزگای سلێمانییە.

پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی هەر یەك لە سۆران و زاخۆش لەگەڵ كردنەوەی فەرمانگەی ژینگە تیایاندا، ڕۆژی ژینگەی تایبەت بە خۆیان دیاری دەكەن.

لێرەوە دەستەی ژینگە سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی بۆردی ڕێكخراوە ژینگەییەكانی هەرێمی كوردستانیش دەكات، كە بە هاوسەنگی و بەرپرسیارانە چ وەك ڕێكخراو و چ وەك بۆرد، دەستیان هەبووە لە بەرزڕاگرتن و بایەخدان بە ڕۆژی ژینگەی سنووری پارێزگا و ئیدارەكانیان، بە كار و چالاكییەكانیان.

ساڵی ڕابردوو (2021) دەستەی ژینگە لە ڕۆژی ژینگەی تایبەت بە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكاندا، بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارەكاندا، سەرپەرشتیی دەیان پڕۆژە و چالاكیی جۆراجۆری كردووە، كە جێگەی خۆشحاڵیی دام ودەزگا و ڕێكخراوە ژینگەییەكان و دانیشتووانەكان بووە بەگشتی. ئەمساڵیش لە بەرنامەدایە بە پڕۆژە و چالاكیی دیكەوە، ڕۆژی ژینگەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان یاد بكرێنەوە، بە مەبەستی پاراستنی ژینگەی كوردستان كە گەورەترین سەرمایەی هەموومانە.

 

Top