لە هەولێر ئامادەكاری دەكرێت بۆ دابەشكردنی هاوكاری بەسەر خێزانە كەمدەرامەتییەكان
بەپێی پلانێكی تۆكمەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە هەولێر، خەریكی ئامادەکارین بۆ رووپێویکردن و نووسینی ناوی خێزانە هەژارەکان، تاكو بتوانن لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا هاوکارییان بۆ دابین بكەن.
لە ڕاگەیاندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی ناوبراودا هاتووە كە بەسەرپەرشتیی یوسف چاوشین تا ئێستا دوو کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرانی کۆمپانیای کار و ڕێکخراوی GIZ ئەنجام دراون. بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ کاری هاوبەش لە ڕووپێوکردنی خێزانە هەژار و کەمدەرامەتەکان، هەروەها چۆنیەتی دابەشكردنی هاوکاری لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا.
شایانی باسە هەموو ساڵێك لەو مانگە پیرۆزەدا بەشێک لە سەنتەرو رێکخراوە خێرخوازی و کۆمپانیاکانەوە هاوکاری بۆ خێزانە هەژارەکان و كەمدەرامەتەكان دابین دەكەن، بۆ سەركەوتنی ئەم پرۆسەیەش پێویستە داتای دروست لەبەر دەستدا بێت، هاوكات ناوی ئەو خێزانانە تۆماربكرێت تاكو بەشێوەیەكی ڕێك و پێك ئەو هاوكارییانەیان پێ بگات.