سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا، دۆخى عيراق تاوتوێ ده‌كات

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا، دۆخى عيراق تاوتوێ ده‌كات

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2022/2/16 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز ماتيوو توله‌ر باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا و شاندێكى ياوه‌رى كرد.‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا دوايين په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى دۆخى سياسيى عيراق، به‌تايبه‌تيش دواى بڕيارى ‏دادگاى باڵاى فيدرالى ده‌رباره‌ى كه‌رتى نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كرا. ‏

له‌مباره‌يه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى خوێندنه‌وه‌ى خۆى بۆ چۆنيه‌تيى ده‌رچوونى بڕياره‌كه‌ و ‏هه‌نگاونان بۆ چاره‌سه‌رى خسته‌ ڕوو، دووپاتيشى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م قۆناغه‌ى عيراقى پێدا ‏ده‌گوزه‌رێت، وا ده‌خوازێت دادگاى فيدرالى و هه‌موو لايه‌نه‌ عيراقييه‌كانيش به‌ دواى ‏چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كاندا بگه‌ڕێن. ‏

به‌ڕێزيان هه‌روه‌ها ڕوونيكرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌ميشه‌ پابه‌نديى خۆى بۆ ‏چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراليى عيراق له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور نيشان ‏داوه‌ و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م جۆره‌ هه‌نگاوانه‌ خزمه‌تى سه‌قامگيرى له‌ وڵات ناكه‌ن، بۆيه‌ ‏هه‌موومان ده‌بێ بۆ چاره‌سه‌رى و پاراستنى سه‌قامگيرى كار بكه‌ين.‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ دواى هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئۆكتۆبه‌رى ڕابردووى ‏ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، دۆستانى عيراق چاوه‌ڕوانيى پێكهێنانى حكوومه‌ت و سه‌قامگيرى و ‏به‌ره‌وپێشچوونى پرۆسه‌ى ديموكراسين له‌ عيراق، هه‌روه‌ها جه‌ختيان له‌ گرنگيى هاريكارى و ‏هه‌ماهه‌نگيى نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدراليى عيراق كرده‌وه‌ به‌تايبه‌تى بۆ ‏به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر كه‌ هێشتا له‌ عيراق و سوورياش مه‌ترسييه‌كى ڕاسته‌قينه‌يه‌. ‏

هه‌ڵبژاردنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو، تيايدا سه‌رۆك ‏نێچيرڤان بارزانى جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ ‏په‌يوه‌نداره‌كان كار ده‌كات و له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ سياسييه‌كان له‌ په‌يوه‌نديدايه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ‏هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كاتى خۆيدا ئه‌نجام بدرێن. ‏

هه‌ردوولا دۆخى پێشمه‌رگه‌ و هه‌نگاوه‌كانى چاكسازى و پرۆسه‌ى يه‌كخستنه‌وه‌يان و پشتگيريى ‏ئه‌مه‌ريكا و وڵاتانى ديكه‌ى دۆستيان خسته‌ به‌ر باس و هاوڕا بوون كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌نگاوه‌ ‏باشانه‌ى له‌مباره‌يه‌وه‌ نراون، پرۆسه‌كه‌ هێشتا كارى زياترى ده‌وێت و له‌مباره‌يه‌وه‌ به‌رده‌واميى ‏ئه‌مه‌ريكا و دۆستانى هه‌رێمى كوردستان پێويسته‌.‏

كه‌رتى ئابوورى و گرنگيى ئارامى و سه‌قامگيرى بۆ هاندانى سه‌رمايه‌گوزارى و وه‌به‌رهێنانى ‏بيانى له‌ هه‌رێمى كوردستان و عيراق، گرنگيى سه‌ربه‌خۆييى دادگاكان له‌ عيراق و هه‌رێمى ‏كوردستان و به‌رده‌واميى هاريكاريى هاوبه‌شى عيراق و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى، چه‌ند ته‌وه‌رێكى ‏ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.‏

Top