ڕێزان باڵەك پێویستە خێزان هاوكار و پاڵپشت بن بۆ منداڵەكانیان، بەتایبەت كچەكان، ئەگەرنا سەركەوتوو نابن
بۆ یەكەمجار خانمێك لە سۆران كۆمپانیایەكی خزمەتگوزاری دادەمەزرێنێت، ڕێزان باڵەك، بەڕێوەبەری كۆمپانیای (هۆمی كلینك، سیرڤس نوڤا هاوس) بۆ خزمەتگوزاریی خاوێنكردنەوەی ماڵ و شوێنە گشتی و تایبەتەكان، لە دیمانەیەكدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باس لە بیرۆكەی دامەزراندنی كۆمپانیاكەی و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەست بە كارەكانی دەكات.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
بەڕێوەبەری كۆمپانیای (هۆمی كلینك، سیرڤس نوڤا هاوس) لە دەستپێكی قسەكانیدا هێما بۆ ئەوە دەكات كە «پێویستە لە سەرەتای هەر كارێك، بیرت لای بەرژەوەندیی گشتی بێت، دواتر لای بەرژەوەندییەكانی خودی خۆت»، هاوكات دەڵێت: «پێموایە سەرەتای هەر كارێك تەنیا بۆ ئەوە نییە لە ڕووی ماددییەوە سوودمەند بیت، بەڵكو بۆ ئەوەیە تاوەكو بتوانی هەلی كار بۆ خەڵكی هەژار و كەم دەرامەت دابین بكەیت، واتە سوودمەندبوونی تاكەكانی كۆمەڵگە و خەڵكی هەژار و كەم دەرامەت لای من جێی ئەو پەڕی ڕێز و ستایشە، هەر بەم بۆنەیەوە دەستپێكی كارم لەم كۆمپانیایە لە ڕۆژی جیهانی كرێكاران (١/٥/٢٠٢١) بوو. هەروەها دەستكەوتنی متمانەی خەڵك و خاوێنی و دڵسۆزی لە كار و سوودمەندبوونی خەڵك و دروستكردنی دەرفەتی هەلی كار یەكەم بژاردەی منە و ئەمە پرەنسیپی كاری من دەبێت».
سەبارەت بە بیرۆكەی دامەزراندنی كۆمپانیایەكی لەم شێوەیە، ئەو خاتوونە گوتی: «بیرۆكەی دامەزراندنی ئەم كۆمپانیایە بیرۆكەیەكی نوێ نییە، بەڵكو لە زۆربەی شارەكانی هەرێمی كوردستان بوونی هەیە، بە تایبەت لە هەولێری پایتەخت و هەروەها لە سلێمانی و دهۆك، منیش وەك هەر تاكێك لەبەر فراوانیی سۆران و لە ئێستاشدا بووە بە ئیدارەی سەربەخۆ، هەستم كرد، سۆران پێویستی بە پڕۆژیەكی لەم شێوەیە هەیە، شێوازی پڕۆژەكەشمان گرووپ و تیم نییە، خۆم ڕێكخەر و بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیاری كارەكەمم، بەڵام ئەم پڕۆژەیە بۆ سۆران شتێكی تازە و نوێیە، ئامانج لە كردنەوەی هەر پڕۆژەیەكیش لە هەر شارێك ئاماژەیە بۆ ئەوەی كەوا ئەو شارەش بێبەش نەبێت لەو خزمەتگوزارییانەی كە هەیە، هەروەها ئاماژەدانە بە توانا و لێهاتوویی ئافرەتانی دەڤەرەكەمان كەوا دەتوانن خاوەن كاری خۆیان بن و لەسەر پی خۆیان بوەستن. لەم ڕوانگەیەوە پێشوازیی خەڵك بۆ كاركردن بەتایبەتی خانمان زۆر گەرم و گوڕ بووە و، دەتوانم بڵێم تا ئاستێك ئامانجەكەمان پێكاوە. لە ماوەیەكی كەمدا خەڵكێكی زۆر پەیوەندییان پێمانەوە كردووە و، توانیومانە تا ئاستێكی زۆر متمانەی خەڵك بە دەست بێنین. هەروەها دروشمی كاركردنمان كوالێتی باش و دڵسۆزی لە كار و هەرزانییە لە نرخ، ئامانجیشم ئەوە بووە كە كارەكە ئاشنا بكەم بە خەڵكی خۆشەویستی سۆران و بتوانم زیاتر خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت سوودمەند بكەم، تاوەكو بتوانم لەم ڕێگەیەوە سوودێك بە خەڵكی سۆران بگەیێنم، ستافی كاریشمان لە هەر دوو ڕەگەز پێكهاتووە، مەرجی وەرگرتنمان ئەوەیە كە تەمەنی لە 18 ساڵ كەمتر نەبێت و لە 45 ساڵ زیاتر نەبێت، لە ڕووی تەندروستییەوە سەلامەت بێت، هەرچەندە زۆر جاریش گەورەیی تەمەن لە بەر چاو نەگیراوە، بە هۆی زۆربوونی خەڵكی هەژار و بێكار، ئەو كارمەندانەش كە كارمان لەگەڵ دەكەن، هەموویان كوردن و كارمەندی بیانیمان نییە».
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە ئایا جۆری ئەو خزمەتگوزارییانە چین كە پێشكەشی خەڵكەكەی دەكەن؟ ڕێزان باڵەك گوتی: «كاری كۆمپانیاكەمان گشتگیرە، چونكە ئەركیان تەنیا ماڵ پاك كردنەوە نییە، بەڵكو بریتییە لە ماڵ خاوێن كردن و منداڵ بەخێوكردن و چاودێریكردنی نەخۆش و منداڵ، هەروەها پاككردنەوەی شوێنە گشتییەكان و خواردن دروست كردن، جگە لەو كارانە دەتوانین وەك كۆمپانیا كارئاسانی بكەین بۆ خزمەتگوزاریی دیكەش وەك مافور شۆردن و هەروەها گواستنەوەی ماڵ و ...هتد.
بە شێوەیەكی گشتی ئێمە بەپێی كار و پیشە و داواكردن و خواستی خەڵكی شارەكەمان كریكارەكانمان ئاراستەی كاركردن دەكەین، بە دڵنیاییەوە قورسی و كوالێتی كاریش بۆ كرێكارەكانمان لەبەر چاو گیراوە».
ڕێزان باڵەك لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژە بە گرفت و كۆسپەكانی بەردەمی كارەكەی دەكات و، ڕایوایە هیچ كارێك بێ كێشە و گرفت نابێت. هەر لەو بارەیەوە گوتی: «سەرەتای هەر كارێك بەتایبەت ئەگەر سەرپەرشتیارەكەی ئافرەت بێت، بێگومان تووشی كێشە و گرفت دبێت، بەڵام من بەش بە حاڵی خۆم سوپاس بۆ خوا توانای چارەسەری كێشەكانم هەبووە و، توانیومە لە سەر پێی خۆم بوەستم، كێشەكانیش شایەنی باسكردن نین، ئەوەش نیشانەی ئەو پەڕی باوەڕ بە خۆ بوونە و من متمانەم بە خۆم و بە كارەكەشم هەیە، هۆكاری بڕوابەخۆبوونیشم بۆ پاڵپشتیی خێزانەكەم دەگەڕێتەوە، بە دڵنیاییەوە پێویستە خێزان هاوكار و پاڵپشت بن بۆ منداڵەكانیان، بە تایبەت كچەكان، ئەگەرنا لە كارەكان سەركەوتوو نابن.» لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە چ پەیامێكت بۆ هاووڵاتیانی خۆت هەیە؟ گوتی: «سەرەتا پەیامم بۆ پیاوەكان ئەوەیە كەوا هاوكار و هەماهەنگ بن لەگەڵ ئافرەتەكان، نەك ڕێگر بن، تاوەكو ئەوانیش بتوانن خاوەن پڕۆژەی خۆیان بن و لەسەر پێی خۆیان بوەستن. پەیامیشم بۆ ئافرەتەن بە گشتی ئەوەیە هەر ئافرەتێك بیەوێت پڕۆژەی هەبێت، دەرفەتێك هەر دەبێت خۆی بسەلمێنێت و سوودبەخش بێت بۆ كۆمەڵە كەسێكی دیكەش هەلی كار دابین بكات.» گوتیشی: «باوەڕی تەواوم بەوە هەیە پەیام كە تەتبیق بێت، لۆژیكتر شوێنی خۆی دەگرێت، چونكە ئەگەر پەیامەكەمان لە دونیای واقیع بەرجستە بوو، ئیدی هیچ كەلێنێك بۆ خۆدزینەوە و پاساو هێنانەوە نامێنێت. هەر بەم بۆنەیەوە جارێك غاندی كە لە سەفەرێك گەڕایەوە لێیان پرسی: پەیامیت چییە؟ لە وەڵامدا گوتی: «كردەوەكانم و ئەتەكێت و چۆنیەتی بیركردنەوە و جێبەجێكردنم لە ئەمری واقیع ئەوە پەیامە و قسەی ناوێت».