نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشیی بازرگانیی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان: ئەمساڵ ئومێد زۆرە كە گەنمی زۆر بەرهەم بێت و هەموو ئامادەكارییەك بۆ ئەمباركردنی كراوە
لەگەڵ هاتنی پێنج ملیار و 623 ملیۆن دیناری بەشی نۆیەمی شایستە داراییەكانی جووتیاران بۆ ساڵی 2021 و ئەگەری زیادبوونی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران، ئومێد زۆرە نرخی ئارد و نان كەم ببێتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی وەزارەتی بارزگانیی عێراق سەرقاڵی پلانێكە بۆ زیادكردنی خستنەڕووی ئارد و دابەزینی نرخ و باشكردنی بەشە خۆراكی هاووڵاتیان، لەسەر ئەم پرسە چەند پرسیارمان ئاراستەی نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی كوردستان كرد، لێرەدا پوختەی وەڵامەكانی بڵاودەكەینەوە.
* سەرەتا با لەو بڕە پارەیەوە دەست پێ بكەین كە وەكو بەشی نۆیەمی پارەی جووتیارانی هەرێم دیاری كراوە و، وا بڕیارە بەسەر جووتیاراندا دابەشی بكەن، ئایا ئەو بڕە پارەیە چەندە و چۆن بە سەر جووتیاراندا دابەشی دەكەن؟
- لە بەردەوامیی هەوڵەكان بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەكانی جووتیاران، بڕێك پارە بۆ ساڵی 2021 وەكو بەشی نۆیەمی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێم دیاری كراوە، دوای گەیشتنی چەكی پارەكە و چەند ڕێكارێكی كارگێڕی و بە پێی ڕۆژی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆكانی كوردستان، ئەو پارەیە دابەش دەكرێت، كە بڕەكەی نزیكەی پێنج ملیار و 623 ملیۆن دینارە، بۆ پارێزگای هەولێر دوو ملیارو 70 ملیۆن دینار و بۆ پارێزگای سلێمانی سێ ملیار و 240 ملیۆن دینار و بۆ پارێزگای دهۆكیش 313 ملیۆن دینارە. بۆ ساڵەكانی 2017 و 2018 و 2019 و 2020 تەواوی شایستە داراییەكانی جووتیاران دراوە و، تەنیا ساڵانی 2014 و 2015 و 2016 دەمێنێت. بە گشتی تا ئێستا بڕی ئەو پارەیەی لای حكومەتی فیدڕاڵ ماوە بۆ ساڵی ٢٠١٤و ٢٠١٥ و ٢٠١٦ بریتییە لە ٣٠٨,٢٦٣,٣٥٦ سێسەد و هەشت ملیار و دوسەد و شەست و سێ ملیۆن و سێ سەدو پەنجاوشەش هەزار دینار.
نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵەكانی چڕكردووەتەوە و سەردانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق و ئەمانەی گشتیی لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی كردووە، ئەوانیش بەڵێنیان پێ داوە ئەو شایستە داراییەی بڕە گەنمی جووتیاران كە ماوە، دەخرێتە ناو بودجەی 2022 بۆ ئەوەی كۆتایی بە دۆسێی جووتیاران بهێنرێت.
* وا چاوەڕوان دەكرێت لە وەرزی دووەمی بارانباریندا كۆتایی بە وشكەساڵی بێت و بەرهەمی ئەمساڵی گەنمی جووتیاران زیاد بێت، ئایا لەسەر وەرگرتنی ئەو بڕە گەنمەی كە بۆ ئەمساڵ پێویستە لە جووتیاران وەربگیرێت، بڕەكە و نرخەكەی زیاد دەكرێت؟
- ساڵانە هەر دوو وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم و وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق كۆدەبنەوە و گفتوگۆكانیان دەست پێ دەكەن، بۆ دیاریكردنی بڕی گەنمی وەرگیراوی جووتیاران، ساڵی ڕابردوو 375 هەزار تەن گەنم بڕیاری لێ درا كە لە جووتیارانی هەرێمی كوردستان وەربگیرێت، بەڵام بڕی گەنمی وەرگیراو بۆ ساڵی 2021 بریتی بوو لە 125.482.630 سەد و بیست و پێنچ هەزار و چوار سەدو هەشتاو دوو تەن و شەش سەدو سی كیلۆ، چونكە كاتێك گەنمەكان بۆ پشكنین دەبرانە تاقیگەكانمان زۆر بەدەگمەن دەرەجە یەكی تێدا بوو، جووتیارانیش ئامادە نەبوون بە دەرەجە دوو و سێ گەنمەكە تەسلیمی كۆگا و ئەمبارەكانی سایلۆكانی حكومەت بكەن و لە بازاڕدا دەیانفرۆشتەوە، پێشبینی دەكەین بۆ ئەمساڵ پشكی گەنمی وەرگیراوی جووتیارانی هەرێمی كوردستان لەو 375 هەزار تۆنەی ساڵی ڕابردوو زیاتر بێت، ئەمەش بەهۆی بارانبارین و كۆتاییهاتنی وشكەساڵی و پێویستیی كارگە و ئاشەكانمان بە گەنمێكی زیاتر، بە خۆشحاڵیشەوە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە هەرێمی كوردستان سەرقاڵی دابەشكردنی دەرمانی قڕكەرەی سن و كیسەڵەن، كە هەموو ساڵێك كێشەیەكی گەورەمان بۆ دروست دەكات و زیان بە جۆری باشی گەنم دەگەیەنێت.
* لە هەرێمی كوردستان ئامادەكاری كراوە بۆ وەرگرتنی ئەو بڕە گەنمەی جووتیاران، ئایا لە ڕووی بووژانەوەی ژێرخانی هەرێمەوە تا چەند پڕۆژەی نوێی سایلۆ جێبەجێ كراوە؟
- لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هەنگاوی باش نراوە بۆ دروستكردنی سایلۆ، كە بە بێ سایلۆی مەخموور توانای ئەمباركردنی 650 هەزار تەن گەنم هەیە، هەر سێ سایلۆی سەرەكی (كەلار و ڕۆڤیا و قوشتەپە) ئەو سێ سایلۆیەی كە تەواو بوون، هەر یەكێكیان توانای هەڵگرتنی 40 هەزار تەن گەنمیان هەیە، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ كۆگا و ئەمبارەكانی هەر دوو سایلۆی خۆشناو و قەیوان، كە توانای هەڵگرتنی 500 هەزار تەن گەنمیان هەیە و، سایلۆی كۆمپانیای خۆشناو تەواو بووە و ساڵی ڕابردوو بڕە گەنمێكی زۆری تێدا ئەمبار كرا، بۆ ئەمساڵ پڕۆژەیەكی دیكەی سایلۆمان بۆ پارێزگای هەڵەبجە لە بەردەستدایە و، لە پڕۆپۆزەڵدایە و دەست بە جێبەجێكردنی دەكرێت و، توانای ئەمباركردنی 40 هەزار تەن گەنمی دەبێت، بەمەش لە هەرێمی كوردستان شتێك نامێنێت بە ناوی كێشەی وەرگرتن و ئەمباركردنی گەنمی جووتیاران.
* لەگەڵ ئەوەی بڕە گەنمێكی باش لە هەرێمی كوردستان و عێراق بەرهەم دەهێندرێت، كەچی كێشەی گرانبوونی نرخی ئارد و نان بەردەوامیی هەیە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا هیچ هەنگاوێك نراوە بۆ چارەسەركردنی گرانیی نرخی ئارد؟
- هەمووان دەزانن كە نرخی گەنم و ئارد لە سەرچاوەی سەرەكیی بەرهەمهێنانیەوە گران بووە، عێراقیش بەو نرخە جیهانییانە ئارد دەهێنێت، چونكە ئەو گەنم و ئاردەی لە نێوخۆدا بەرهەم دەهێنرێت، بەشی پێداویستییەكانی بازاڕ ناكات، لە ساڵی ڕابردوو لە هەموو عێراقدا بە هەرێمی كوردستانیشەوە سێ ملیۆن و نیو تەن گەنم بەرهەم هاتووە، لە كاتێكدا بازاڕەكانی عێراق پێویستیان بە پێنج ملیۆن تەن گەنم هەیە، بەرزبوونەوەی نرخی گەنم و ئارد بۆ كۆمەڵێك هۆكار دەگەڕێتەوە، هەر بە هۆكاری وشكەساڵی و شوێنەوارەكانی كۆرۆناوە، تا بەرزیی تێچوونی گواستنەوەی ئاردەكە، ئەمانە هەمووی وای كردووە ئەو گەنمەی دەكڕدرێت و تا دەگاتە بازاڕەكانی عێراق، نرخەكەی زۆر زیاتر بەرز ببێتەوە، لە نێوخۆشدا بە هۆی بارودۆخی بژێویی خەڵك و باشیی ئەو گەنمەی لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەهێنرێت و لە ئاشەكانمان دەیهاڕین و، لە بەشە خۆراكی هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێت، ئەمە وای كردووە زۆر كەس بەشە ئاردەكەیان نەفرۆشنەوە و بەكاری دەهێنن بۆ دروستكردنی نان، ئەمەش وای كردووە ئارد لە بازاڕەكاندا كەم بێتەوەو نرخی فەردەیەك ئاردی بایعی لە 13-14 هەزار دینارەوە بۆ 24-28 هەزار دینار بەرز ببێتەوە، هەرچەندە لە بازاڕەكانی كوردستان و عێراقیشدا دیاردەی كێشەی ئارد نییە، بەڵكو تەنیا بەرزبوونەوەیەكی كەمی نرخی ئارد هەیە، لەگەڵ ئەمەشدا وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە ڕێگەی زیادكردنی هێنانی ئاردەوە و هاوسەنگبوونی خواست و خستنەڕووی ئارد لە بازاڕەكاندا، سەرقاڵی كاركردنن بۆ داشكانی نرخی ئارد، وا چاوەڕوانیش دەكرێت لەگەڵ زیادبوونی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ و دابەشكردنی بەشە خۆراكی ئاردی هاووڵاتیان بە سەر بریكارەكانی ئارددا، نرخی گەنم و ئارد لە بازاڕەكاندا دابەزێت .
* لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێكی گرانبوونی نرخی ئارد و گەمەكردن بە نرخەكەیەوە، بەڕێوەبەرایەتییەكەتان چ هەنگاوێكی ناوە؟
- لەگەڵ ئەوەی نرخی ئارد لە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی گەنمەوە گران بووە و تەنی ئارد لە 430 دۆلارەوە بۆ 500 دۆلار زیاد بووە، بەڵام عێراق و هەرێمی كوردستانیش سەرچاوەی بەرهەمهێنانی گەنمە، بۆیە واچاوەڕوان دەكرێت بۆ ئەمساڵ كێشەی وشكەساڵی كۆتایی بێت و بەرهەمی گەنمی جووتیاران زیاد بێت، لەگەڵ ئەمەشدا لە ڕێگەی لێژنەكانی ئاسایشی ئابووری و قایمقامیەتەوە ڕێگە لە چوونە دەرەوەی ئارد دەگیرێت و چاودێرە بازرگانییەكانمان ئاگادار كردوونەتەوە زیاتر بچنە ناو بازاڕ و ڕێگری لە زیادبوونی نرخ و گەمەكردن و قۆرخكاری بەو بەرهەمە گرنك و پێویستییە سەرەكییەی هاووڵاتیانەوە بكەن، لە ئێستادا ئێمە لە وەزارەتی بازرگانی لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە هەماهەنگیداین بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئاردی سفر، بۆ ئەمەش كۆمپانیای خۆشناو كە بەشێكی گەنمی جووتیارانی وەرگرتووە و ئاردی سفر بەرهەم دەهێنێت و نرخەكەی لە ئاردی سفری توركی كەمترە، ئامادەكاریی تەوەوی كردووە، ئێمە لە هەرێمی كوردستان ئاردی سفر زیاتر لە حەوت سەد هەزار تەن لە دەروازەكانەوە هاوردە دەكەین، مەرج نییە هەمووی لە هەرێم ساغ بێتەوە، لە دەروازە سنوورییەكان هەموو ئاسانكارییەك بۆ بازرگانەكان كراوە بۆ هێنانی ئارد.
* ئایا بۆ ئەمساڵ ئامادەكاری بۆ دەستپێكردنی بەشە خۆراكی هاووڵاتیان كراوە و، لە ناویشیدا دابەشكردنی ئارد؟
- لە ساڵی ڕابردوو شەش بەشە خۆراك و 10 بەشە ئاردمان بە سەر بریكارەكانی خۆراك و ئارددا دابەش كردووە، بۆ ئەمساڵیش بۆ كۆگاكان بەشە خۆراك و ئاردی مانگی یەك هاتووە، لە ئێستادا ناردوومانە بۆ تاقیگەكان بۆ پشكنین، دوای تەواوبوونی پشكنینەكە دەست بە دابەشكردنی دەكەین، حكومەتی عێراق بڕیاری داوە بۆ ئەمساڵ بە شێوەیەكی ڕێكوپێك هەموو بەشە خۆراكەكان دابەش بكات، ئەمەش كاریگەریی لەسەر دابەزینی نرخی هەموو ئەو خۆراكانە دەكات كە دابەش دەكرێت، لەگەڵ نرخی ئارد لە بازاڕەكاندا، لە ئێستادا عێراق لە نەجەف سەرقاڵی پرۆسەیەكە وەكو تاقیكردنەوەیەك بەوەی پسوولەی خۆراك بكاتە كارتی ئەلەكترۆنی و دەبێت هەموو ئەندامانی خێزانەكە تەواجودیان هەبێت و لە ڕێگەی تەواجودی كەسەكان و وێنەگرتنی ئەلەكترۆنییەوە دەردەكەوێت كە ئەو كەسە مردووە، یان ناوی دووبارەیە، یانیش چووەتە دەرەوەی عێراق، ئەو كات دەبینە خاوەنی لیستێكی پوخت و ڕێكوپێك و وەزارەتی بازرگانیی عێراقیش بەڵێنی داوە ئەگەر پسووڵەی خۆراك پاك بكرێتەوە و ئەو ژمارەیەی ئێستا كەم بكرێتەوە، ئەوا لە ڕووی جۆر و چەندایەتییەوە ئەو مادە خۆراكییانەی دابەش دەكرێت، باشتری دەكات.