18ی شوبات پێشوازی گەرم لە ڕۆژی لاوان و قوتابیانی كوردستان دەكرێت

18ی شوبات  پێشوازی گەرم لە ڕۆژی لاوان و قوتابیانی كوردستان دەكرێت

 

 

لە كۆنگرەی سێیەمی پارتی دیموكراتی كوردستاندا، كە لە ٢٦ی كانوونی دووەمی ساڵی ١٩٥٣ لە كەركووك بەسترا، وەك زەروورەتێكی شۆڕش و خەباتی مەدەنی، هەر دوو ڕێكخراوی یەكێتیی قوتابیان و یەكێتیی لاوانی كوردستان، لەسەر دەستی باوكی ڕۆحیی نەتەوەیی كورد بارزانی نەمر دامەزران، كە ئەو كات و تا ئێستاش لە ناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستان و لە ناو قوتابیان و لاوان جۆش و خرۆشێكی بێ وێنە و حەماسەتێكی نەتەوایەتی بەرزی هەیە، ئەو كات پێویست بوو ڕێكخراوێك دابمەزرێت بۆ ئەوەی قوتابیان و لاوان لە چوارچێوەی ئەو ڕێكخراوەدا هێز و توانای خۆیان دەربخەن. لە ساڵی 1999، پەرلەمانی كوردستان ڕۆژی 18ی شوباتی بە ڕۆژی لاوان و قوتابیانی كوردستان دەستنیشان كردووە. بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گوڵان ڕوانگەی خۆیان لەسەر ئەو ڕۆژە پیرۆزە دەخەنەڕوو.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

نێچیرڤان كەلاری، سكرتێری یەكێتیی قوتابیانی كوردستان، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «یەكێتیی قوتابیانی كوردستان هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە و لە سەردەمە جیاوازەكاندا ڕۆڵی كاریگەر و دیاری لە كاری رێكخراوەییدا بینیوە، لە شۆڕش، لە قوربانیدان، لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان، لە خەباتی سیاسی و مەدەنی و پیشەیی، لە ئەركی پیشەیی و نوێنەرایەتیكردن و خزمەتكردنی قوتابیان، پاڵپشتیكردنی زانست و پەرەپێدان بە سیستەمی پەروەردە و خوێندن، لە پێگەیاندنی سەركردە و كادیر، لە بواری هزری و رۆشنبیریی تاك، لە خزمەتكردنی بواری ڕۆژنامەگەری كوردی و بوارەكانی هونەری و وەرزشی، هەمیشە پێشەنگ بووە و، لە ئاست وەسفی جەنابی بارزانیی نەمر بووە، كە دەفەرموێت: «قوتابیان سەری رمن لە گشت شۆڕش و راپەڕینێكدا». هاوكات دەڵێت: «یەكێتیی قوتابیانی كوردستان بە درێژایی مێژوو لە پێشەنگی كاری رێكخراوەییدا بووە، ئەمەش بۆ دوو هۆكاری سەرەكی دەگەڕێتەوە، كە ئەوانیش بریتین لە سەرچاوەگرتنی پەیام و هەڵوێست و هەنگاوەكانی لە كرۆكیی بیروباوەڕی پتەوی ڕێبازی پیرۆزی بارزانی و خەبات و تێكۆشانی سەركردە و كادیرانی لە ڕابردوودا. لە ئێستاشدا و لە دوای كۆنفرانسی شەشەمی (ی.ق.ك) لە ١٨ـی تشرینی دووەمی ٢٠١٧، كە بە دروشمی (نوێبوونەوە و بەردەوامی)، بەڕێوەچوو و تیایدا پەیڕەو و پڕۆگرام هەموار كرایەوە، بە شێوەیەك (ی.ق.ك) هاوتەریب لەگەڵ بەرەوپێشچوونەكانی سەردەم و شێوازی نوێی كاری ڕێكخراوەیی هەنگاو بنێت، لە چوارچێوەی كارنامەیەكی (٢٦) خاڵیدا، كە لە سەر بنەمای پێداویستییەكانی قۆناغەكە و پێویستی و داخوازیی قوتابیان داڕێژراوە، هەوڵ دراوە دونیابینییەكان بكرێن بە كردار و خەونەكان بگۆڕدرێن بۆ واقیع».

سكرتێری یەكێتیی قوتابیانی كوردستان لە كۆتایی وتەكانیدا وەك پەیامی پیرۆزبایی گوتی: «لەم یادەدا، وێڕای پیرۆزبایی لە سەرجەم قوتابیان و لاوانی كوردستان، هیوادارم لاوان و قوتابیانی كوردستان بەردەوام تێبكۆشن و هەوڵ بدەن لە پێناو خۆپێگەیاندن بە زانست و زانیاری و ئەو كارامەییانەی پێویستن بۆ ئامادەیی و بەشداریی كارایان لە هەموو كایەكانی ناو كۆمەڵگە، لەپێناو دابینكردنی ژیانێكی خۆشگوزەران بۆ خۆیان و كۆمەڵگەیەكی تەندروستتر و كوردستانێكی بەهێزتر بۆ هەمووان».

زەهرا چەتۆ، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی ناوەندی باڵای سۆران، یادی 69هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان و یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان پیرۆز دەكات و دەڵێت: «گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی لاوان و قوتابیانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتن و بەردەوامییان بۆ دەخوازم.» گوتیشی: «قوتابیان و لاوانی كوردستان هەر لە ساتی‌ دامەزراندنی ڕێكخراوەكەیانەوە لە قۆناغی شۆڕشی ئەیلوول هەتا شۆڕشی گوڵان و ڕاپەڕین و قۆناغی دوای ڕاپەڕین، بەشێكی دیار و كاریگەری خەباتی گەلەكەمان بوون و، هەردوو ڕێكخراو قوتابخانەی پێگەیاندنی ڕۆڵەی هۆشیار و بوێر و سەركردەی بەتوانا بوون و، شوێنی وزە و هەناسەی نوێبوونە بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستان بوون و لە ڕێگەی تێكۆشانیاندا شەهید و قوربانییان داوە».

بەرپرسی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان لە ناوەندی باڵای سۆران جەخت لەوە دەكاتەوە كە «لە سەردەمی ئێستادا ئەو چاوەڕوانییە لە قوتابیان و لاوانی ئازیز هەیە كە هاوتەریب لەگەڵ پابەندبوونیان بە بەها بەرزەكانی ڕێبازی كوردایەتی و نیشتمانپەروەری، لە ڕێی زانست و داهێنان كار بۆ پێگەیاندنی گەنج و لاوی هۆشیار و بڕوابەخۆبوو بكەن. قوتابیان و لاوان قوتابخانەیەكی ڕەسەن و پڕ لە شانازین. بە سەدان لاو و قوتابی بۆ خزمەتكردنی گەل ونیشتمان پێ گەیاندووە، هەر بۆیەش دەبێت ئێمەش نموونەی قوتابی و لاوی ئەو كوردستانە بین بۆ خزمەتكردنی نیشتمانەكەمان».

شڤان حاجی كەمال، كارگێڕی لقی گەرمیان (ی.ق.ك) وتەكانی بە «سڵاوی زانست و خەبات» دەست پێ دەكات و دەڵێت: «لەم یادە پیرۆزەدا پیرۆزبایی لە سەرجەم قوتابیانی كوردستان دەكەم بە بۆنەی 18ی شوبات، یەكێتیی قوتابیانی كوردستان لە سەرەتای دامەزراندنی لە 18/2/1953 تاوەكو ئێستا تێدەكۆشێت لەپێناو پاراستنی مافی قوتابیان و دەستەبەركردنی خواستەكانیان و بەرزكردنەوی ئاستیان و پەرەپێدانی ڕەوتی زانست، هەروەها پشتگیریی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان دەكات لە پێناو بەدیهێنانی مافی چارەی خۆنووسین و چەسپاندنی بنەماكانی دیموكراسیەت و ئاشتی و مافی مرۆڤ و پێكەوە ژیان و بونیاتنانی كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتنخوازی مەدەنی».

شڤان حاجی كەمال ڕای وایە: «ئینتیما پرۆسەیەكی ئاڵۆز و درێژخایەنە، زۆر هۆكار و فاكتەر ڕۆڵ لە دروستكردن و ئاراستەكردن و نەشونماكردنی دەبینن، گرنگترینیان بریتییە لە خێزان، قوتابخانە و دامەزراوەكانی خوێندن، دامەزراوە سیاسی و ئیداری و ئایینییەكان و ڕاگەیاندن، ئینتیما بەرامبەر نیشتمان و كۆمەڵگە، یەكێكە لەو پێوەرانەی كە ئاستی بەرپرسیارێتی تاكەكانی كۆمەڵگە دیاری دەكات، ئەم بەرپرسیارێتییەش دەبێتە دەرخەری ئینتیما بۆ كۆمەڵگە و نیشتمان و پرسەكانی». گوتیشی:«گەنجان وەك كۆڵەگەی نیشتمان و بزوێنەرەكانی ڕابوون و هێڵی یەكەم و دواهێڵی بەرگری لە وڵات، پرۆسەی دروستبوونی ئینتیمای خۆڕسك و دروستكردنی ئینتیما تێیاندا، كارێكی هەرەگرنگی خێزان و دامەزراوەكانە كە دەبێت بەپێی بەرنامەی هەمەلایەن و فرە ئاست، كاری لەسەر بكەن. « جەحتی لەوەش كردەوە كە «ئەو كۆمەڵگەیانەی كە لاوەكانی خاوەنی پرسن و ئینتیمایان بەرزە بۆ وڵات و نیشتمان، بواری بەدەستهێنانی مافەكانیان و گەیشتن بە ئاواتەكانیان زۆرترە و دەتوانن دواڕۆژێكی باشتر بەدی بێنن.» گوتیشی: «زۆرجار كۆمەڵگەیەكی بە ئامانجكراو لەلایەن دوژمنانەوە، بە جۆرەها ڕێگە و بەرنامەی ئاراستەكراو و داڕێژدراو، هەوڵی دروستكردن و بڵاوكردنەوەی بێ متمانەیی دەدەن و كار لەسەر لاوازكردنی هەستی بەرپرسیارێتی و ئینتیما و خۆشەویستیی گەنجان دەكەن بەرامبەر نیشتمان و كۆمەڵگەكەیان، بۆ ئەم مەبەستەش بە شێوەیەكی سیستماتیك و نەخشەكێشراو، كار لەسەر بێ هیواكردن و بڕوانەمان بە دواڕۆژ و چارەنووسیان دەكرێت. ئەگەر كوردستان بكەینە نموونە، دەبینین ئەم بەرنامەیە زۆر بە چڕی پیادە دەكرێت و كاری لە سەر دەكرێت. بەداخەوە لەم بوارەدا، لایەنی سیاسی و هەندێ كەناڵی ڕاگەیاندنی كوردستانی، بە زمانی شیرینی كوردی ئەو ئەجێندا ترسناكەی دوژمنان بە كەرەسەی خۆماڵی جێبەجێ دەكەن .بەڵام سەرەڕای ئەم هەوڵانە، ئاراستە ڕاستەكە هەر لە برەودایە. زۆربەی گەنجانی كوردستان لە ئاستە بەرزەكەی ئینتیما و هۆشیاریی نیشتمانی و نەتەوەییدان. گیانبازیی گەنجانی كوردستان بۆ بەرگریكردن لە خاك و سەروەریی كوردستان و تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش و دوژمنانی دی، ئاستی بەرزی ئینتیمای لاوانی كوردستانی دەرخست بە پرسە ڕەواكان و بە خاك و نیشتمان».

 

18ی شوبات  پێشوازی گەرم لە ڕۆژی لاوان و قوتابیانی كوردستان دەكرێت
18ی شوبات  پێشوازی گەرم لە ڕۆژی لاوان و قوتابیانی كوردستان دەكرێت
18ی شوبات  پێشوازی گەرم لە ڕۆژی لاوان و قوتابیانی كوردستان دەكرێت
18ی شوبات  پێشوازی گەرم لە ڕۆژی لاوان و قوتابیانی كوردستان دەكرێت
Top