تاڵیبان: دەرمانسازێکی ئێرانیی ڕفێندراو لە ئەفغانستان ئازاد کرا

تاڵیبان: دەرمانسازێکی ئێرانیی ڕفێندراو لە ئەفغانستان ئازاد کرا

 

 

 

تاڵیبان دەڵێت: هاووڵاتیەکی ئێرانی بە ناوی دکتۆر جەواد قوربانی لە دەستی "ڕفێنەرەکان" لە پارێزگای نیمروز ئازاد کرد.

ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی باختەر كە دەسەڵاتی تاڵیبان  بەڕێوەی دەبات ڕۆژی دووشەممە 7ی شوبات ڕاگەیاند: كە بەوتەی بەرپرسی ئاسایشی پارێزگای نیمروز هێزەکانیان جەواد قوربانییان بە زیندوویی ئازاد کردووە کە ماوەی مانگێکە لە ژێر دەستی ڕفێنەرەکاندابووە.

تاڵیبان ڕایگەیاندووە، کە ئەو هاووڵاتییە ئێرانیە مانگێک پێش ئێستا لە مەشهەد ڕفێندراوە و دواتر براوەتە پارێزگای هەرات، لەو شوێنەش گواسترایەوە بۆ پارێزگای نیمروز.

بە وتەی تاڵیبان سێ "ڕفێنەر" لە پەیوەندی بە ڕفاندنی دەرمانسازەکەی ئێرانی دەستگیرکراون، بەڵام هیچ لێدوانێكیان لەبارەی ناسنامە و نەتەوەکانیان نەداوە.

ئەوهەواڵە تەنیا لەلایەن تاڵیبانەوە بڵاوکراوەتەوە و هیچ سەرچاوەیەكی سەربەخۆ هەواڵیان لەو بارەیەوە بڵاو نەکردووەتەوە.

لە ساڵی 2016دا پێش ئەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان دەسەڵات بگرێتە دەست، هاووڵاتییەکی دیكەی ئێرانی بەناوی محەمەد ڕەزا هاشمی شۆفێری تانکەرێكی نەفت بوو، لە پارێزگای نیمروز لەلایەن ڕفێنەرەکانەوە ڕفێنرا، بەڵام دوای سێ ڕۆژ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئەفغانستان ئازاد كرا و لە سنووری ئەفغانستان و ئێران ڕادەستی پۆلیسی ئێران كرایەوە.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top