ئیدریس بارزانی برووسكەی ناو هەورێكی ڕەش

ئیدریس بارزانی  برووسكەی ناو هەورێكی ڕەش

 

 

 

« بە باشی دەمزانی ئەگەر ئەم نائومێدییە بەردەوام بێت و درێژە بكێشێت، ئیتر كۆتایی بە هەموو خەباتی بنەماڵەكەمان و پارتی دێت. زۆر بیرمان لەوە كردەوە ئاخۆ بۆ ڕەواندنەوەی بێهیوایی دەبێت چی بكەین و چ ڕێگەیەك بگرینەبەر. بە ڕوونی بۆم دەركەوت كە یەكەم هەنگاو و بڕیار ئەوەیە كە لەگەڵ كادیران و هەڤاڵان و خەڵكی دڵسۆز، هەوڵ بدەین تەمی نائومێدی بڕەوێنینەوە، بۆیە لەگەڵ ئیدریسی برام بۆ ئەو مەبەستە كەوتینە ڕاوێژ و مشوورخواردن، ئیتر هەردووكمان چووینە خزمەتی جەنابی بارزانی و بیر و تێڕوانینەكانمان بۆ شی كردەوە، بە موبارەكەی جەنابیان مۆڵەتی دەستپێكردنەوەی خەبات و سەرلەنوێ ڕێكخستنەوەی دەزگا حزبی و سەربازییەكانمان وەرگرت، كە لەسەر بنەما و بەپێی چەمكی نوێی سەردەمییانە و بە گوێرەی بارودۆخ و ئەزموون و شارەزایی ڕابردوو پێك بهێنرێنەوە.»

سەرۆك بارزانی

كتێبی بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان. بەرگی چوارەم

 

 

مستەفا بارزانی كاریزما و ڕابەر فێری كردووین لە قۆناخە سەختەكانی خەباتدا «نە سەركەوتن غروورمان بكات، نە شكست دوچاری نائومێدیمان بكات». لەسەر ئەم بنەمایە سەرۆك مسعود بارزانی لە بەرگی چوارەمی كتێبی بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان، كاتێك باسی بارودۆخی ڕۆژانی دوای نسكۆی ساڵی 1975مان بۆ دەكات، ئەو ساتەمان بۆ وێنا دەكاتەوە كە چۆن دەرهاویشتەكانی نسكۆ ببوونە ئەو هەورە ڕەشەی كە ڕووناكی لە كوردستاندا نەهێشتبوو، بۆیە ڕاشكاوانە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە: «بە باشی دەمزانی ئەگەر ئەم نائومێدییە بەردەوام بێت، هەموو شتێك كۆتایی دێ»، كەواتە لە دوای گەیشتن بەم یەقینە كە «نائومێدبوون كۆتایی بە هەموو شت دەهێنێت»، بڕیار دەدات كە هەموو شتێك بكرێت بۆ ئەوەی تەمی ئەو نائومێدییە بڕەوێتەوە، ئەمەش پێویستی بە هەنگاو و بڕیار بووە، ئەوجا هەر وەك ئاماژەی پێ كردووە، بۆ ئەم هەنگاو و بڕیارە لەگەڵ كاك ئیدریس پێكەوە كەوتوونە ڕاوێژ و مشوورخواردن، یەكەم هەنگاویشیان ئەوە بووە كە مۆڵەت و موبارەكەی جەنابی مستەفا بارزانی بۆ دەستپێكردنەوەی شۆڕش و خەبات وەربگرن، ئەمەش ڕاشكاوانە مانای ئەوەیە هەردووكیان»سەرۆك بارزانی و ئیدریس بارزانی» كە چوونە لای مستەفا بارزانی، بەڵێنی ئەوەیان پێ داوە كە لەسەر هەمان فیكر و میتۆدی ئەو درێژە بە كاروانی خەبات و شۆڕش بدەنەوە.

ئەم میتۆدە هاوبەشەی «سەرۆك بارزانی و ئیدریس بارزانی» بۆ بەڵێندان بە جەنابی مستەفا بارزانی چیمان بیر دێنێتەوە، بێگومان ئەو گوتارەی باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووتری ئەمریكامان بیر دێنێتەوە كە لە ساڵی 2010 و لە 200-ە مین ساڵوەگەڕی لەدایكبوونی ئەبراهام لینكۆڵن پێشكەشی كرد و، ئاماژەی بەوە كرد «كاتێك یادی لەدایكبوونی باوكانی دامەزرێنەر دەكەینەوە، مەبەستمانە لێیانەوە فێر بین، چۆن لە ئاسمانی تاریك و تەمومژاویی ڕۆژگارە سەختەكاندا، ڕووناكییان بۆ گەلەكەمان دەهێنایە خوارەوە..» ئۆباما لەم پەیڤەی دەیەوێت ئەوە بە گەلی ئەمریكا و هەموو جیهان بڵێت كە «ئەوانەی توانای بڕیاردانیان هەیە لە ڕۆژە سەخت و تاریك و تەمومژاوییەكاندا، سەركردەی كاریزما و مرۆڤی باڵان، بەڵام ئەم كاریزما و باڵابوونەی مرۆڤ لەو كاریزمایانەوە دروست دەبێت كە پێش ئێمە لە ڕۆژگارە سەختەكاندا توانای بڕیاردانیان هەبووە».

ئەگەر لەسەر ئەم بنەمایە خوێندنەوەیەك بۆ «ڕەواندنەوەی تەمی نائومێدی» لە هەنگاوە سەرەتاییەكانی بەڕێزان «مسعود بارزانی و ئیدریس بارزانی» بكەین، دەیانەوێت لە سەر ڕێگەیەكی دروست، لە سەر فیكر و میتۆدی ڕابەر و كاریزمایی بارزانی لە ڕۆژگارێكی سەخت و تاریكیدا بڕیاری زۆر قورس بدەن، ئەو بڕیارە قورسەش، وەك نیچە لە زاری زەردەشتەوە پێمان دەڵێت: «ئێستا ئەو ساتە وەختەیە كە مرۆڤ ئامانجی خۆی دیاری بكات، ئێستا كاتی ئەوەیە تۆوی بەرزترین هیوای خۆی بچێنێت، ئەم هەنگاوە لە ساتەوەختی خۆیدا وەك برووسكەی ناو هەورێكی ڕەشە، كە ئەو هەورە ڕەشە دەكاتە باران و وەك خێر و بەرەكەت بە سەرماندا دەیبارێنێ. سەیر بكەن من موژدەهێنەری برووسك و دڵۆپە قورسەكانی ناو ئەو هەورە ڕەشەم و ئەمەم ناو لێ ناوە مرۆڤێ باڵا. ئەوەشی لە مرۆڤی باڵادا مەزنە، ئەوەیە كە ئەو پردێكە، نەك ئامانج.» بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە: ئایا لە زاری زەردەشتەوە ئەوەمان پێ دەڵێت چۆن مرۆڤی باڵا دروست دەبێت؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا نیچە پێمان دەڵێت: «مرۆڤی باڵا وەك «خۆر» وایە، بەردەوام بەرەو لووتكە هەڵدەكشێت، تا ئاوا دەبێت، بەڵام ئاوابوونەكەی ئەوەیە جارێكی دیكە دەگەڕێتەوە بۆ لامان و سەرلەنوێ تیشكەكەی لە باشووردا پەخش دەكاتەوە». ئەگەر لەو پەیڤانەی زەردەشتەوە پرسیارێكی دیكە بورووژێنین كە زەردەشت پێمان ناڵێت، چۆن ئەو بڕیارەی دا، بەرەو لووتكە هەڵبكشێت، یان چۆن ئەو بڕیارە قورسەی دا كە خۆی بكاتە موژدەهێنەری دەركەوتنی مرۆڤی باڵا، ئەوا دەبێت بپرسین: ئەو ساتەوەختە كامەیە كە بڕیاردانی قورس وێنای مرۆڤی باڵا دەكات؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەشدا ئەمانوئیل كانت لە كتێبی «دامەزراندنی میتافیزیكای ئاكار» پێمان دەڵێت: «ئەو كەسانە دەتوانن بڕیاری قورس بدەن، كە دەبنە خاوەنی ئیرادەی خێر، ئەم ئیرادەیەش كاتێك دروست دەبێت كە هەموو بڕیارێك لە پێناوی خێری گشتیدا دەدرێت و هیچ ئامانجێكی كەسی لە پشت ئەو بڕیارەوە نییە»، بەڵام چۆنێتیی دروستكردنی ئەم بڕیارە قورسەش بەو جۆرە دەبێت كە لە كتێبی (ڕەخنە لە مەلەكەی بڕیاردان) دەگرێت پێمان دەڵێت: «بڕیاری دروست ئەو بڕیارەیە كە هیچ غەریزەیەكی كەسی لە پشتەوە نەبێت»، بێجگە لە خێری گشتی، ئەم قسەیەی كانت بە تەواوەتی لەگەڵ ئەو پەیڤە بەرزەی ڕابەر و كاریزما مستەفا بارزانی پراكتیزە دەبێت، كە فێری كردووین «لە سەركەوتن غروور نەبین و لە شكستیشدا نائومێد نەبین».

سەرۆك مسعود بارزانی هەر لەو كتێبەدا كە باسی ڕەواندنەوەی تەمی نائومێدیی دوای نسكۆ دەكات و، ئەم نائومێدییەش بە چەخماخەی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی گوڵان كراوە بە ئومێد، ئەمە مانای ئەوەیە وەك هانا ئارنێت لە كتێبی «شۆڕش» پێمان دەڵێت: «شۆڕش لە ساتەوەختی دەركەوتنی ئیرادەی خێردا دەست پێ دەكات، ئەو ساتەی كە زەوی و ئاسمان بە یەك یاسا هەڵدەسووڕێن، چۆن ئەستێرە لە ئاسماندا بەپێی یاساكانی ئاسمان قبووڵ ناكات، هیچ ئەستێرەیەكی دیكە جووڵەی بۆ دیاری بكات، یان ئاراستەی جووڵەی بگۆڕێت، لە سەر زەویش بە هەمان شێوە ئەو ساتە وەختەیە كە ئیرادەی خێر چیتر ژێردەستەیی بۆ نەتەوەكەی قبووڵ ناكات» .

لەم ڕاستەوە جارێكی دیكە كە باس لە «ڕەواندنەوەی تەمی نائومێدی دەكەین»، ڕاشكاوانە باس لەو ئیرادە خێرە دەكەین كە «دوای مۆڵەت و موبارەكەی جەنابی مستەفا بارزانی بە هاوكاری و خۆنەویستی و ڕاستگۆیی نێوان سەرۆك مسعود بارزانی و ئیدریس بارزانی هاتە ئاراوە»، هەر ئەم ئیرادە خێرە بوو، ئەفسانەی غرووری سەدام حوسێنی بەتاڵ كردەوە، كە دوای نسكۆ ئەوەندە غروور ببوو دەیگوت: «ئەگەر دارخورما لە سەر شاخەكانی كوردستان بڕوێت، ئەوا جارێكی دیكە پێشمەرگە لەو چیایانە دروست نابێتەوە»، بەڵام ئیرادەی خێری سەرۆك مسعود بارزانی و پشتیوانی و هاوكاریی دڵسۆزانەی ئیدریس بارزانی، هەر لەگەڵ دەستپێكردنەوەی پەخشی «ئێزگەی دەنگی كوردستان» ڕایانگەیاند: «دارخورما لە سەر چیاكان نەڕوا و پێشمەرگەش لە چیاكان دروست بووەوە».

هەر بۆیە كاتێك یادی ساڵوەگەڕی 35 ساڵەی كۆچی دوایی كاك ئیدریس بارزانی دەكەینەوە، ئەوەمان لەبەر چاوە كە «مرۆڤی باڵا نە پێویستی بەوەیە كەس سوپاسی بكات و نە سوپاسی كەسیش دەكات بۆ ئەوەی ستایشی بكات.» بەڵام وەك ئەمریكییەكان كردوویانە بە نەریت بۆ یادكردنەوەی سەركردە و مرۆڤە باڵاكانیان و دەڵین: «كاتێك یادی ئەو مرۆڤە باڵایانە دەكەینەوە، مەبەستمانە لێیانەوە فێر بین چۆن بتوانین لە ڕۆژگارە سەختەكاندا بڕیاری قورس بدەین، فێر بین چۆن لە ناو شەوەزەنگی تاریكیدا ڕووناكی بۆ نەتەوەكەمان هەڵكەین». لەم ڕوانگەیەوە ئێمەش ئەمڕۆ كە یادی كاك ئیدریسی هەمیشە زیندوو دەكەینەوە، دەمانەوێت لە میتۆد و فیكری ئەوەوە فێر ببین، چۆن دەتوانین هاوكار و پشتیوانی ڕاستگۆیانەی سەرۆك مسعود بارزانی بین، بۆ ئەوەی ئەو ئیرادە خێرە بێتە ئاراوە، كە وەك برووسكە دڵۆپە قورسەكانی ناو هەوری ڕەش دەكاتە خێر و بەرەكەتی باران و ئایندەی كوردستان ڕووناكتر دەكاتەوە.

 

Top