دروستكردنی پردی پەیوەندی لە نێوان ڕێكخراوەكانی ئافرەتان و زانكۆكان بە پێویست دەزاندرێت

دروستكردنی پردی پەیوەندی لە نێوان ڕێكخراوەكانی ئافرەتان و زانكۆكان بە پێویست دەزاندرێت

 

لە پێناو دەستەبەری زیاتری مافەكانی ئافرەت و سەرخستنی پرسە هەنووكەییەكانیان لە تێكڕای كایەكان، دروستكردنی پردی پەیوەندی لە نێوان ڕێكخراوەكانی ئافرەتان و ناوەندە مەعریفییەكان بە تایبەت هەر دوو بەشی كۆمەڵناسی و دەروونناسیی زانكۆكان بە پێویست دەزاندرێت، مامۆستایەكی زانكۆش ڕایوایە پەیوەندیی نێوان ڕێكخراوەكانی تایبەت بە داكۆكیكردن لە مافەكانی ئافرەتان و ناوەندە زانستییەكان بە گشتی و زانكۆكان بە تایبەتی پەیوەندییەكی ژیارییە و پێویستە و بە سوود و قازانجی كۆمەڵگە تەواو دەبێت. بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان خوێندنەوەی بابەتییانەی پرسەكە دەكەن.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

سەرەتا د. نادیە تەلعەت مامۆستای زانكۆ لە كۆلیژی یاسا، جەخت لەوە دەكاتەوە كە: «خێزان بە یەكەم قوتابخانەی پەروەردە و پێگەیاندنی تاك دادەندرێت و كاریگەریی ئەرێنی لەسەر بیر و هۆش و هزر و ئایدیای تاكەكان دەبێت، لە هەمان كاتدا دەتوانرێت زانكۆ بە دووەم قوتابخانە دابنرێت كە كاریگەریی زۆری لەسەر بە كۆمەڵایەتی بوونی قوتابیان دەبێت، بە شێوازێك بە ناوەندێكی ڕۆشنبیری فێركاریی خێرا دادەندرێت، كە كاریگەری لەسەر لایەنی كۆمەڵایەتی و دەروونی و دروستبوونی كەسایەتیی خودی قوتابیانی زانكۆ دەبێت.» هاوكات دەڵێت: «بە بڕوای من وەك مامۆستایەكی زانكۆ و نزیك لە قوتابییان هەست بە بوونی بۆشاییەكی گەورە دەكەم لە نێوان قوتابیان (بە تایبەتی قوتابیی كچ لە زانكۆ) و ئەو ڕێكخراوانەی كە كار بۆ بەدەستهێنانی مافی ئافرەتان دەكەن، دەكرێ كار بكەن بۆ دروستكردنی پردی پەیوەندیی كۆمەڵایەتی لە نێوان خۆیاندا و زانكۆ لە ڕێگەی پەیوەندیكردن بە مامۆستایانی زانكۆ و نووسین و ئەنجامدانی توێژینەوە و لێكۆڵینەوە و گێڕانی پانێڵی تایبەت، تاوەكو ئەو پردە ببێتە مینبەرێك بۆ سوودوەرگرتن لە بیروبۆچوونی یەكتر و كار لەسەر ئامادە كردنی كەسایەتیی بەهێزی قوتابیان بكرێت، هەروەها ڕێكخراوەكانیش لە ڕاپەڕاندنی كارەكانیان و دەستەبەری مافەكانی كچان و ژنان سوودمەند دەبن، كەواتە دەبێت هەماهەنگی و پەیوەندیی پتەو دروست بكرێت ».

هەر لەم بارەیەوە د. چەواس حەسەن هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا لە یاسای گشتی، هێما بۆ ئەوە دەكات كە: «ڕێكخراوەكانی ئافرەتان بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانی ئافرەتان دامەزراون و كار و چالاكی دەكەن، مەبەستیانە بە تەنگ داوا و مافەكانی ئافرەتانەوە بێن لە هەموو بوارەكانی ژیانی ئافرەتاندا، لەو میانەشدا پێویستیان بە هەماهەنگی و پەیوەندی دەبێت لەگەڵ ناوەندەكانی بریاردانی سیاسی و حكومی، لەگەڵ خەڵك، لەگەڵ ڕێكخراوەكانی داكۆكیكار لەمافەكانی مرۆڤ، لەگەڵ ناوەندە زانستیەكان و ناوەندەكانی توێژینەوەش. زانكۆش وەك ناوەندێكی زانستی گەلێك گرنگە بۆ ئەو ڕێكخراوانە لەسەر چەند ئاستێك: یەكەم، لەسەر ئاستی ئەوەی كە خودی زانكۆ ناوەندی بەرهەمهێنانی زانست و مەعریفەیە، چالاكی و توێژینەوە و بۆچوونەكانی زانكۆكانیش لەگشت بوارەكانی ژیاندا كاریگەرییان لەسەر ساغكردنەوە و دیاریكردنی چوارچێوەی مافەكانی مرۆڤ هەیە، بە مانای ئەوەی لە ڕووی زانستییەوە دەتوانین پێداویستییە هەرە سەرەكییەكانی مرۆڤ دیاری بكەین. سەرەڕای ئەوەی كە توێژینەوە كۆمەڵایەتییەكان كاتێك تیشك دەخەنە سەر كێشە و گرفتە كۆمەڵایەتییەكانی پەیوەندیدار بە ئافرەتانەوە، بێگومان دەتوانن ڕێكاری ورد و زانستییانەی بەسوود بۆ چارەسەركردنیان بدۆزنەوە و پێشنیار و بڵاو بكەنەوە، لەوەشەوە ڕێكخراوەكانی تایبەت بە ئافرەتان بەرچاویان ڕۆشن دەبێت و دەتوانن پلانی ورد و بەسوود دابنێن بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانی ئافرەتان و چارەسەركردنی كێشەكانیان لەبەر ڕۆشنایی ئەو توێژینەوانەدا، یان كاتێك زانستی یاسا بەرچاوڕوونییەكی تەواو دەدات بەو ڕێكخراوانە بۆ چۆنیەتی ساغكردنەوەی ئەو مافانە و دەقنووسكردنیان لە یاساكاندا و چۆنیەتی گەرەنتیكردنیان بە یاسا و ڕێساكان لە هەر كەمكردنەوە و پێشێلكارییەك. لەسەر ئاستی دووەم، زانكۆ شوێنێكە، سەكۆیەكە بۆ سازدانی گفتوگۆی گشتی لەنێو كۆمەڵگەدا لەبارەی پرسە هەنوكەیی و گرنگەكان، مامۆستایان و قوتابیان و هزرمەندان لە ڕێگەی كۆڕ و كۆبوونەوە و سیمینار و وۆرك شۆپ و كۆنفرانسەكانەوە گفتوگۆ ساز دەدەن، كە لە كۆتاییدا مەعریفە بەرهەم دەهێنێت و دەبێتە ڕێنیشاندەری ناوەندەكانی بڕیاردان و ڕای گشتیی كۆمەڵگە لە بارەی ئەوەی چۆن بڕوانینە كێشە و ئارێشە و گرفتەكانی ناو كۆمەڵگە، چۆن بڕوانینە پەیوەندیی نێوان مرۆڤەكان لە كۆمەڵگەدا، چۆن باڵانس لە نێوان مافە جیاجیاكاندا وەربگرین، چۆن دادپەروەریی كۆمەلایەتی بەرقەرار بكەین. لەسەر ئاستی سێیەم، خودی زانكۆش پێویستی بەوە هەیە لە كەناڵی تایبەت و ناو كۆمەڵگەوە كێشە و گرفت و بابەتەكانی كە پێویستیان بە توێژینەوەی زانستی هەیە، بۆی دیاری بكرێت، چونكە خودی زانكۆ پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ كۆمەڵگەدا لاواز و كەمە، بەڵكو ئەوە ناوەندەكانی بڕیاردان و حكومەت و حزب و ڕێكخراوەكانن كە ڕۆژانە بەركەوتەیان لەگەڵ چین و توێژ و تاكەكانی كۆمەڵگەدا هەیە و دەزانن كێشە و گرفت و داواكارییەكان چین. بۆیە پرسیار ئەوەیە: دەبێت بیر لە چی بكەینەوە و چی چارەسەر بكەین؟ لێرەشدا ڕێكخراوەكانی تایبەت بە ئافرەتان ڕۆڵێكی سەرەكی دەبینن بۆ دیاریكردنی پێداویستی و كێشەكانی تایبەت بە ئافرەتان و خستنەڕوویان بۆ ناوەندەكانی بڕیاردانی دەوڵەت و ناوەندە زانستییەكانیش لە نێویاندا زانكۆكان. هەموو ئەمانە بە یەكەوە وا دەكات و دەمانگەیێنێتە ئەو باوەڕەی كە پەیوەندیی نێوان ڕێكخراوەكانی تایبەت بە داكۆكیكردن لە مافەكانی ئافرەتان و لەگەڵ ناوەندە زانستییەكان بە گشتی و زانكۆكان بە تایبەتی پەیوەندییەكی ژیاریە و پێویستە و بەسوود و قازانجی كۆمەڵگ تەواو دەبێت».

ئایا دروستكردنی پردی پەیوەندی لە نێوان بە شەكانی زانكۆ بە تایبەتی بە شی كۆمەلناسی و دەروونناسی و ڕێكخراوەكانی ئافرەتان تا چەند گرنگ و پێویستە؟

چیمەن فەیزوڵا سەرۆكی ڕێكخراوی ئەفرا بۆ هاوكاری و پەرەپێدانی مرۆیی، لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەڵێت: «تەواوی كارو چالاكییەكانی ڕێكخراوەكانی ئافرەتان وەكو گەشەساندن و پەرەپێدان، گەیاندنی هۆشیاریی دەروونی و كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی پێویستی بە كۆمەڵێك زانیاریی زانستی هەیە، چ لە بواری كۆمەڵناسی، چ لە بواری دەروونناسی و گشت زانستەكانی كە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پردی نێوان كۆمەڵگە و ژنانن، بۆیە بۆ دڵنیابوونەوە لە سەرچاوەی زانیارییەكان، كە ئایا سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراوە، یا نە؟ دەبێت لە جۆری زانیاری، ئەو كەسەی زانیارییەكەی بڵاو كردووەتەوە و ئەو شوێنە كە زانیارییەكەی لێ بڵاو كراوەتەوە، دڵنیا بین، دەنا نادڵنیایی لە نێوان ڕاستی و ناڕاستیی زانیارییەكان دەتوانرێ ببێتە هۆكاری بڵاوكردنەوەی هەندێك زانیاری كە كاردانەوەی ئەو زانیارییانە لە سەر كۆمەڵگە نادیار دەبێت و نازانرێت كە ئایا لایەنە ئیجابی و سلبییەكانی ئەو زانیارییانە چی دەبێت؟ هەر بەو هۆكارە دروستكردنی پردێك لە نێوان زانكۆكان و ڕێكخراوەكان وەكو سەرچاوەیەكی زانستی و باوەڕپێكراو بۆ ڕێكخراوەكان بە پێویست دەزانرێت، چونكە دڵنیایی لە دروستبوونی زانیارییەكانی زانكۆكان تا ڕاددەیەكی زۆر پشتڕاست دەكرێتەوە و تەواوكەری پرۆسەی هۆشیاریی ژنان و كچانە لە بوارە جیاجیاكاكان.» گوتیشی: «لایەنێكی ئەرێنیی دیكەی ئەو پەیوەندییە سوودوەرگرتنی زانكۆكانی زانستە مرۆییەكانی وەكو دەروونناسی و كۆمەڵناسییە لە زانیارییەكانی كۆمەڵەی ڕێكخراوەكانی ژنان، وەكوو سەرچاوەی سەرەكی لە بابەت و نووسینەكانیان، چونكە ڕێكخراوەكان زۆرتر بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ كۆمەڵگە پەیوەندییان هەیە و نزیكترن لە سەرچاوەی سەرەكیی نووسینەكانی زانستی لە زانكۆكان، كە مرۆڤە، هەر بۆیە ڕێكخراوەكان بە شێوەی كەتبی و شەفاهی دەكرێت سەرچاوەی باش بن بۆ زانكۆكان لە بوارە جیاجیاكان.

بە شێوەیەكی گشتی دەتوانین بڵێین ڕێكخراوەكانی ژنان و زانكۆكان هەر دووكیان تەواوكەری یەكترن بۆ ئاگاكردنەوەی كچان و ژنان و پەرەپێدان بە تواناكانیان لە ناو كۆمەڵگە، هەروەها هێنانی ژنان بۆ ناو كۆمەڵگە و دروستكردنی ژنانی سەركردە، ناشتوانین بڵێین ڕۆڵی كامیان لە سەرووی ئەوی دیكەیە .

 

Top