كورد و سوننە لە ناو ئەم نەخشە سیاسییە تازەیەی عێراقدا
پێكهاتەی عەرەبی سوننە لە عێراقدا بە گشتی و هەر دوو لایەنی هاوپەیمان «عەزم و تەقدوم» دەیانەوێت سوود لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان و لۆژیكی سەرۆك بارزانی وەربگرن، ئەمەش بەو مانایەی «بۆ ئایندە بڕوانن، نەك بۆ ڕابردوو بگرین». لەسەر ئەم بنەمایە لەگەڵ ئەو بۆچوونە لۆژیكییەی سەرۆك بارزانی یەك دەگرنەوە كە هەر لە سەرەتای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراقەوە لە دوای ساڵی 2003 جەختی لە سەر دەكاتەوە، بەوەی دەبێت هەرسێ پێكهاتە سەرەكییەكەی عێراق (كورد و سوننە و شیعە» هەر یەكەیان بەپێی دەستووری عێراق لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی فیدڕاڵیدا خۆیان حوكمڕانیی ناوچە و هەرێمەكانی خۆیان بكەن، عەرەبی سوننە كە دوای شەڕی دژی داعش هاتوونەتە سەر واقیعی چەند پارێزگایەكی كاول، ئەوا گەیشتوونەتە قەناعەت، ئەگەر خۆیان هەوڵ نەدەن شارەكانی خۆیان ئاوەدان بكەنەوە، ئەوا كەس بۆیان ئاوەدان ناكاتەوە، لەمەش زیاتر لە كاتێكدا كە پاشاگەردانییە سیاسییەكە كەوتووەتە نێوماڵی شیعە، ئەوا كارێكی باشە لەگەڵ ئەو واقیعە تازەیە مامەڵە بكەن، كە عەرەبی شیعە بە ناچاری بوار دەدات، خۆیان ئەو ڕۆڵە بۆ خۆیان بگێڕن.
سەبارەت بە هەرێمی كوردستان و ئاستی بەشداری لە حكومەتی داهاتووی عێراقدا، شتێكی تازە لە ناو هاوكێشەكە بۆ ئاراستەی سیاسەتی هەرێمی كوردستان نەگۆڕاوە و، زۆر لە مێژە سەرۆك بارزانی پێی ڕاگەیاندوون: «نابێت عەرەبی سوننە بۆ ڕابردوو بگریێت و شیعەش خەون بەوەوە ببینێت كە بە تەنیا حوكمڕانیی عێراق بكات»، ڕووداوەكانی 18 ساڵی ڕابردوو گەواهیدەری ئەو ڕاستییەن كە هەموو ئەو كێشانەی ڕووبەڕووی عێراق بوونەوە و ئێستا كەڵەكە بوون، چارەسەریان زەحمەت بووە، ئەوە ئاكامی جێبەجێنەكردنی ئەو گوتارە سیاسییە بوو كە سەرۆك بارزانی ئاراستەی دەكردن، بۆیە لە ئێستادا كە بە شێوەیەكی گشتی و ناچاری ئەو قەناعەتە دروست بووە كە دەبێت هەر پێكهاتەیەك بە قەوارەی خۆی بیر لە ئایندەی عێراق بكاتەوە و، بە قەوارەی خۆی ماف و بەشداری لە پرۆسە سیاسییەكەدا هەبێت، ئەوا بۆ لایەنی كوردی جێگەی خۆشحاڵییە كە پرۆسەكە بەرەو ڕاستكردنەوەیەكی ئەرێنی دەڕوات و، مەرجی سەركەوتنی لایەنی كوردیش لەم هاوكێشە تازەیەدا یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی لایەنە كوردستانییەكانە بە گشتی و پارتی و یەكێتی بەتایبەتی، ئەمەش ئەرك و بەرپرسیاریەتییەكە دەكەوێتە سەر شانی هەمووان و گرنگیشە هەموو لایەك لە ئاستی ئەو بەرپرسیاریەتییەدا بن و، چیتر هیچ لایەك بە تیۆری دۆمینە مامەڵە نەكات و هەموو پێكەوە لەسەر ئەو تەختەی شەترەنجە كۆببنەوە كە سەرۆك بارزانی جووڵەی لۆژیكانەی لەسەر دەكات.