گۆرینی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی، هەنگاوەكی تر لە پرۆسەی چاكسازی حكومەتی هەرێم

گۆرینی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی، هەنگاوەكی تر لە پرۆسەی چاكسازی حكومەتی هەرێم


مافناس سەنار شێرۆكی
زیاتر لە (20) ساڵە ئەنجومەنی شارەوانی لە هەرێمی كوردستان بە هەڵبژاردن دامەزراوە، ئەو ئەنجومەنانە كۆمەڵە كەسێكیان بە هۆی گۆرانكاری و یان وازهێنانیان یان خانە نشین بون گۆرانكارییان بە سەردا هاتووە. بەڵام ئەوەی مایەی دڵخۆشییە ئەو گۆرانكارییانەن كە بە یاسای نوێ ئەنجام دەدرێن مانەوەی ئەو ئەنجومەنە بۆ ماوەیەكی درێژ، یەكەك لە هۆكارەكانی گلەیی خەڵك لە شارەوانییەكان بووە. هەروەها هۆكارێكە بۆ ئەوەی كە گەندەلی روو بدات. ئەو هەنگاوەی حكومەتی هەرێم لە كاتی ئێستادا زۆر گرینگە و زۆر بە ئەرێنی دادەنرێت هەربۆیەش پێویست لەمەودوا بە یاسایەك دەست نیشانی ساڵەكانی مانەوەیان لەو پۆستانە بكرێت و باشترین بژاردەش تەنیا سێ‌ ساڵە بۆ هەر بەرێوەبەر و یان سەرۆكی فەرمانگەیەك لە حالەتی تەندروستدا و ئەوەش لە كاتی ئێستادا، ئەركی بەرێوەبەری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە گشتی زۆر قورس دەكات چون زیاتر لە 35 فەرمانگەو بەرێوەبەرایەتی بە هەموو پلە كانیانەوە لە پەیمانگای تەكنیكی سۆران بگرە تاوەكوو شارەوانییەكان و...هتد زیاتر لە 7 بۆ 19 ساڵە تەنیا لە لایەن یەك كەسەوە بەرێوە دەبردرێن، ئەوەش سەرەرای ئەوەی تەندروست نییە بەڵكوو جۆرەك لە بێزاری لە لایەن كۆمەڵگاوە دروست دەكات.
نوێبونەوە دەرفەتەك دەرەخسینیت بۆ ئەوانەی كە دەتوانن باشتر خزمەت بە وڵات بكەن رێگە لە قۆرخكاری و گەندەلیش دەگریت هەر بۆیەش بە پێی یاسای پارێزگاكان گۆرانكارییەكە بەو شێوەی خوارەوە دەبیت.وەزارەتی شارەوانی‌و گەشتوگوزار لەچوارچێوەی پڕۆسەی چاكسازیی حكومەتی هەرێم‌و بۆ باشتر راییكردنی كاروباری شارەوانییەكان‌و خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتییان، ئەنجومەنی شارەوانییەكان لە پارێزگاو قەزاو ناحیەكان بەشێوەیەكی ترو سەرلەنوێ پێكدەهێنێتەوە، ئەویش بەگوێرەی پەیڕەوی ژمارە (2)ی ساڵی 2019ی تایبەت بە پەیڕەوی پێكهێنانی ئەنجومەنەكانی شارەوانی لە هەرێمی كوردستان‌و بەبڕیاری ژمارە (32) كە لەكۆبوونەوەی ژمارە (12)ی ئەنجومەنی وەزیران لە 30/10/2019 پەسەندكرا، كە تێیدا ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانییەكان دیاریكراون.
بەگوێرەی راگەیەنراوێكی وەزارەتی شارەوانی گەشتوگوزار كە كۆپییەكی دەست كوردستانی نوێ كەوتووە، ئەنجومەنی شارەوانییەكان ماوەی 20 ساڵ بوو گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتبوو، لەكاتێكدا دەبوو هەر چوار ساڵ جارێك لەخولی نوێدا ئەو ئەنجومەنانە بەڕێوەببرێن، ئەمەش ببووە هۆی گلەیی هاووڵاتییان لەسستی كارەكانیان‌و كاریگەری لەسەر ئەدای كاركردنیان دروستكردبوو. ئێستادا، دووبارە پێكهێنانەوەی ئەنجومەنی شارەوانییەكان بەرزترین ئاستی دەسەڵاتییان لە بەڕێوەبردنی شارەكاندا دەبێت‌و كاریگەری لەسەر باشی كاركردنیان‌و لە بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییاندا دەبێت، بۆیە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەژێر رۆشنایی پڕۆسەی چاكسازی حكومەت، ئەو ئەنجومەنانە بەدەسەڵاتی تەواوەوە پێكدەهێنێتەوە.
ئەوەش روونكراوەتەوە، لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان 184 شارەوانی هەن، وەزارەتی شارەوانی ئەنجومەنەكانیان سەرلەنوێ پێكدەهێنێتەوەو بەگوێرەی ماددەی دووەمیش لەپەیڕەوی ژمارە (2)ی ساڵی 2019، ئەنجومەنی پارێزگاكان رادەسپێردرێن بۆ دەنگدان لەسەر كاندیدەكان كە لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە دیاری دەكرێن، سەرۆك‌و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی بەڕێژەی (75 %) لە سەرۆكی فەرمانگە حكومییەكان دەبێت‌و (25 %)یش لەنوێنەری رێكخراوە پیشەیی‌و ناحكومییەكان دەبن.
یەكەمجارە نوێنەریان هەبێت
یەكەم جارە لە مێژووی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رێكخراوەكان راستەوخۆ بەشدارن لە هەموو ئەو بڕیارانەی كە لە بەڕێوەبردنی شارەوانییەكاندا دەدرێن.
هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، دیاریكردنی نوێنەری رێكخراوە پیشەیی‌و ناحكومییەكان وەرچەرخانێكی گرنگە لە بەشداریپێكردنی راستەوخۆی رێكخراوەكان لە بڕیاردان، ئەوەش بۆ یەكەمجارە لە مێژووی حكومەتی هەرێمی كوردستان رێكخراوەكان راستەوخۆ بەشدار دەبن لە بڕیاردان لە هەموو ئەو بڕیارانەی كە لە بەڕێوەبردنی شارەوانییەكاندا دەدرێن. هەروەها بوونی ژمارەیەكی زۆریش لە بەڕێوەبەری گشتی یان بەڕێوەبەری وەزارەتەكانی تر لەو ئەنجومەنە وادەكات كاروباری هاووڵاتییان لەشارەوانی كە پەیوەندییان بە وەزارەتەكانی ترەوە هەیە، خێراتر بەڕێوەبچێت، چونكە زۆربەی دامودەزگەكان بەشێكن لە بڕیارەكانی ئەو ئەنجومەنە، بۆیە وێڕای نوێبوونەوە، ئەو گۆڕانكارییە هاوكار دەبێت بۆ كەمكردنەوەی رۆتین‌و بنبڕكردنی گەندەڵی.
بەگوێرەی پەیڕەوی ژمارە (2)ی ساڵی 2019 ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنەكانی شارەوانی لە هەرێمی كوردستان، بەو شێوەیەی خوارەوە پۆلێن كراون:
یەكەم: بەگوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەكان ژمارە (6) ساڵی (1993)ی هەمواركراو، سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر (پلەی تایبەت) و ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانیی هەولێریش (17) ئەندام دەبن، رێژەی (75 %) بۆ سەرۆكی فەرمانگەكان دەبێت كە دەكاتە 13 كەس‌و (25 %)یش بۆ نوێنەری رێكخراوە پیشەیی‌و ناحكومییەكان دەبێت كە دەكاتە چوار ئەندام. بەمشێوەیە: سەرۆكی شارەوانیی هەولێر سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی شارەوانی دەكات، ئەندامەكانی تر لە سەرۆكی فەرمانگەكان‌و نوێنەری رێكخراوە پیشەیی‌و ناحكومییەكان دەبن.
دووەم: سەرۆكایەتیی شارەوانییەكانی سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە، كەلار، رانیە و چەمچەماڵ (پلەی نایابن) و كۆی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی بە سەرۆكی ئەنجومەنەوە 13 كەس دەبن، بەهەمان شێوە رێژەی (75 %) بۆ سەرۆكی فەرمانگە حكومییەكان كە دەكاتە 10 ئەندام‌و (25 %)یش بۆ نوێنەری رێكخراوە پیشەیی‌و ناحكومییەكانە دەكاتە سێ ئەندام‌و ئەنجومەنەكە، سەرۆكی شارەوانیی پەیوەندیدار دەبێتە سەرۆكی ئەنجومەنەكە.
سێیەم: شارەوانییەكانی (پلە 1) لە قەزاكان لەهەرێمی كوردستان ژمارەیان 14 شارەوانییەو كۆی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانییەكانیش بەسەرۆكی شارەوانییەوە دەكاتە 11 ئەندام. ئەوانیش هەشت ئەندام بۆ سەرۆكی فەرمانگەكان‌و سێ ئەندام لەنوێنەری رێكخراوە پیشەیی‌و ناحكومییەكان دەبێت. بەهەمان شێوە سەرۆكی شارەوانیی پەیوەندیدار دەبێتە سەرۆكی ئەنجومەنەكە.
چوارەم: شارەوانییەكانی (پلە 2) لە ناحیەكان لە سەرتاسەری كوردستان ژمارەیان 33 شارەوانییەو كۆی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانییەكان بە سەرۆكی شارەوانییەوە دەكاتە نۆ ئەندام ، حەوت ئەندام بۆ سەرۆكی فەرمانگەكان‌و دوو ئەندامیش بۆ نوێنەری رێكخراوە پیشەییەكان. بەهەمان شێوە سەرۆكی شارەوانی پەیوەندیدار دەبێتە سەرۆكی ئەنجومەنەكە.
پێنجەم: شارەوانییەكانی (پلە 3) ژمارەیان 35 شارەوانییەو كۆی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانییەكانیش بە سەرۆكی شارەوانییەوە حەوت ئەندامن، لەو حەوت كەسە، پێنج ئەندامیان بۆ سەرۆكی فەرمانگە حكومییەكان‌و دوو ئەندامیش بۆ نوێنەری رێكخراوە پیشەیی‌و ناحكومییەكان دەبێت.
شەشەم: شارەوانییەكانی (پلە 4) ژمارەیان 95 شارەوانییەو كۆی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانییەكانیش بە سەرۆكی شارەوانییەوە پێنج ئەندامن، سێ ئەندام لە سەرۆكی فەرمانگە حكومییەكان‌و دوو ئەندامیش لە نوێنەری رێكخراوەكان دەبێت.*
*بە پێی داتاكانی وەزارەتی شارەوانی

Top