ئاهی هەژار موکریانی و ئیبنو سینا بتانگرێ .. چۆن دەستتان چووە زیندانی کردنی زارای محەممەدی ..؟

ئاهی هەژار موکریانی و ئیبنو سینا بتانگرێ .. چۆن دەستتان چووە زیندانی کردنی زارای محەممەدی ..؟


رۆژی 8-1-2022 بە زیندانکردنی زارای محەمەدی مامۆستای زمانی کوردی و ئافرەتی چالاکوان ، سیستەمی حوکمڕانی ئێران بە ئاشکرا لەرێگای دادگای شاری سنەوە دژایەتی خۆی بۆ زمانی کوردی نیشاندا .
ئەو دیمەنانەی بەردەم زیندانی ئەو شارە بینران لە هەڵوێستی زارا و هاو زمان و هاوشارییانییەوە وەڵامێکی شارستانی ئەدەبی سەردەمیانەی بوێرو
ئازای زارا بوو بۆئەو جۆرە دەسەڵاتداریەتیەی کە لەسەردەمی دیجیتەڵیش دا باوەڕی بەزیندانیکردنی پەیڤ وئاخاوتن وزمانی دایکەوە هەیە .
لە سەردەمی ئەمڕۆدا لەسەر هەربستە خاکێکی گۆی زەویدا بگەرێیت تاکە زیندانیکردنێکی مرۆڤ لەسەر زمانی دایک لەسەر گۆی زەوی نادۆزیتەوە و ، کەیسێک نابینیت هاوشێوەی کەسیی زارا بێ ، چونکە ئەو جۆرە پرسە نەک هەر باوی نەبووە وگەر لە هەندێ شوێنی حوکمڕانی داگیرکاریشداهەبووبێ ،لەمێژە باوی نەماوە بۆتە بابەتێکی سەردەمی هزری تاریکی و بەزۆر خۆسەپاندن و زمان سەپاندن وتواندنەوەی گەلان .
بەکارهێنانی زمانی دایک بۆ نەتەوە ژێر دەستەکان هیچ کاتێ پاساو و یانوو ناداتە دەست دادگای دەوڵەتی وڵاتانی حوکمدار بۆ دادگایکردنی هاوڵاتیانی لەسەر ئاخاوتن و نووسین و خوێندن و خوێندنەوە بە زمانی دایک ، مەگەر لە نێو رژێمە تۆتالیتاریزمەکان نەبێ کە بەزەبری ئاگرو ئاسن ، پەت و سێدارە و کونجی زیندان وڵات بەرێوەدەبەن .
ئەو دیمەنە تراژیدیایەی زارا محەممەدی لە بەردەم زیندانی شاری سنە بینرا دیمەنی خوێندنەوەی زوڵم و چەوسانەوەی مێژوویی سەدان ساڵەی هەرسێ دراوسێی کورد( فارس و تورک وعەرەب )ی بیر هێناینەوە کە دەرهەق بەکورد کراوە لە هەمان کاتیش دا ترس لە کورد و فۆبیای زمانی کوردی لای ئەو سێ نەتەوەیە دەسەلمێنێ کە وێرای دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی و ئابووریان کەچی زراو رژاو زەندەق چوو و فۆبیای گرتووی دەستی ئاخاوتن و نووسین وخوێندنەوە و داهێنان و ئەفراندننی زمانی کوردی .
لە کاتێکدا هەرسێ نەتەوە ( فارس وتورک وعەرەب ) بەدەیان جاروجار قەرزاری بەرهەمی هزری و ئەفرێنەری و نووسینی نووسەران و ئەدیب وهزرمەندان و شاعیران و مێژوونووسانی بەڕەسەن و ڕەچەلەک کوردن وئەوانی کورد ئەدبیات و کەلتووری هزری و نووسین و مێژوو و شیعرو ئەفراندنی ئەوانیان دەوڵەمەند کردووە .
لەو بوارەدا بەدەها ناوی مەزنی ئەو بوارەمان هەیە ئێمەی کورد شانازیان
پێوە دەکەین ،کەچی ئەوانی ( فارس وعەرەب وتورک) ی نەتەوەی باڵادەست و لەخۆبای بوو حیسابی کەلە پووشێکیشمان بۆ ناکەن ..
جێی خۆیەتی بەبیر دەسەڵاتدارانی تاران وحکوومەتی ئێران بێنینەوە و بڵێین :
تاران ، حکوومەتی ئێران بەو هەموو زاناو مامۆستاو پسپۆرانەی زانکۆکانتان و بەو هەموو زمانزان و مێژوونووسە مەزنانەی هەتان بوو
و هەتانە ، هەموو قەرزاری نووسەری ناوداری قەڵەم بە برشتی ئەفرێنەری کورد (عەبدورەحمان شەرەفکەدی – هەژار موکریان ) ین .
ئەوە قسەی بەرپرسانی باڵای ئێوەیە :
تا هەژارموکریانی ( قانون درطب )ی ئیبنوسینای لەزمانی عەرەبی وەرنەگێرایە سەرزمانی فارسی، ئەدەبیاتی فارسی لە بەرامبەر ئەم کتێبە پزیشکییە گیادەرمانە گرنگە کۆلەوارو دەستەو پاچە وەستابوون و دەرقەتی وەرگێرانی نەدەهاتن لەکاتێکدا ئیبنوسینا کتێبەکەی هەزاران ساڵ بەر وەرگێرانەکەی هەژاری موکریانی کە لە کۆتاییەکانی هەشتاکانی سەدەی پێشوو وەریگێرایە سەر زمانی فارسی ، کتێبەکەی دایناوەو دانەریەتی و ساڵی 1284 قانون لەزمانی عەرەبیەوە وەرگێردراوەتە سەر زمانی لاتینی و ئەوروپی لە کاتێکدا فارسەکان ئیبنو سینایان بەهی خۆیان دەزانی گەر (هەژاری کورد ) نەبوایە دوای ( 704 ) ساڵ زمانزان وشارەزاو زیرەک و بەهرەدارێکی( فارسی ) نەبوو وەرگیگێرێتە سەرزمانەکەیان .
سەیرە دادگاو دەسەلاتی ئێرانی و رێزیان لەو کارە مەزنەی نووسەری مەزنی کورد هەژار نەگرت کە گەورەترین و پیرۆترین خزمەتی زانستی و زمانەوانی پێشکەش کردوون و پاداشتی نەتەوەی کوردو زمانە زیندووە دەوڵەمەندەکەی بەزیندانی کردنی مامۆستای زمانی دایک زارا محممەدی بدەنەوە ..؟ هەی ئاهی زارا بتانگرێ .. هەی ئاهی ئیبنوسیا بتانگرێ ..
دادگای سنە .. دادوەرانی ئێران ئایا ئێوە دەزانن زمانی کوردی لەنێو (100) زمانە زیندووەکەی جیهاندا لە رێزبەندی ( 58 ) زمانی جیهاندایە
ئەوەیان لەکاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی کورد لەچاو عەرەب و فارس و تورک کەمترەو خاوەن کیانی سەربەخۆی خۆی نییە و بەسەر وڵاتانی دەوروبەری دابەش کراوە ، ئەوەیان راستیەکی زانستی حاشا هەڵنەگرە لەدوا چاپی ( ئینسکۆپیدیای نیشتیمانی سویدی) چاپی یەکەم ساڵی 2007 و چاپی دووەم ساڵی 2010 بە روون و ڕەوانی تۆمارکراوەو ئاماژەش بەوە دەکا کە زمانی کوردی یەکێکە لەزمانە زیندوەکانی جیهان و نەتەوەی کوردی دابەش بوو بەسەر وڵاتانی ( ئێران ، عێراق ، تورکیا و سوریا ) زیاتر لە 21 ملیۆن کەس قسەی پێ دەکات ،لە کاتێکدا ئەو ژمارەیە (21) ملیۆن بێ هیچ سەرژمێرییەکی ئازاد و راستەقینە لەو چوار وڵاتەدا کورد تێدا ژێردەستە و یەخسیرە ، دەنا ژمارەکەی لە(40) ملیۆن زیاترە ..
هەی ئاهی زمانی کوردی .. ئاهی هەژارو ئیبنوسینا و (قانون در طب ) بتانگرێ چۆن دەستتان چووە زیندانکردنی زارای محەممەدی .. !!
ئێوە خۆتان زیندانی هزرو ئەفراندن و پێشکەوتنن .
زارا بەکوردی لەدایک بووە
زارا بەکوردی گۆشکراوە
زارا بەکوردی وەڵامی دادگای دایەوە .
ئێوە دادگای تاران ، دادگای سنە
لەو هاوکێشەیە تێدەگەن ..؟
زارا زیندانی نییە
زارا فریشەتەی بەهەشتە .
سەیرکەن ، زارا هەردەم
پڕ بەدەم ، ،پێدەکەنێ ،
پێ دەکەنێ و زەردەخەنە،
لانەی لەسەر لێوانیەتی .
ئێوە لەو هاوکێشەیە تێ دەگەن ..؟

Top